ئاگات له‌ ئاگری نێو چیرۆکه‌که‌ت بێت.. سوهێلا باتاگلیا

سوهێلا باتاگلیا
بۆ کوردی: چیرۆک نێت

ستراتیژی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵ لە هەر دەقێک پرسیارکردنە. ئەگەر چەند زنجیرەپرسیارێک لە خۆت بکەیت بەر لە خوێندنەوە و لە کاتی خوێندنەوەی کورتەچیرۆكێکدا، دەتوانیت تێگەیشتنەکانت قووڵ بکەیتەوە و هەر دەقێک شی بکەیتەوە. وەڵامدانەوە بۆ ئەو پرسیارانە ئەو زانیارییانەت دەداتێ کە دەتوانیت پەڕەیەک بنووسی یاخود پڕۆژەیەک بونیاد بنێیت. پرسیارەکانت با جەختکردنەوە بێت لەسەر ناونیشان، بناغەی چیرۆکەکە، کەسایەتییەکان، پلان، هه‌روەها باسی چیرۆکەکە.

ناونیشان

ناونیشان دەکرێت ببێتە یاریدەدەرێکی ڕازاندنەوە بۆ دەق، دەشتوانێت شتێک دەربارەی چیرۆکەکە دەربخات. لە کاتی خوێندنەوەدا، پرسیار لە خۆت بکە ئایا ناونیشانەکە چیت پێ دەڵێت دەربارەی چیرۆکەکە. ئایا نیشانەی ڕووداوێکە یاخود ناوی کەسایەتییەکی دیاریکراو؟ ئایا ئاماژەیە بۆ ناوهێنانێکی ناڕاستەوخۆی دیاریکراو لە دەرەوەی چیرۆکەکە، وەکو چیرۆکێکی دی، ڕووداوێک یاخود کەسایەتییەکی ئەفسانەیی؟ ناونیشانی کورتەچیرۆک دەتوانێت بە گشتی هەموو خوێندنەوەی دەقەکەت پێ ببەخشێت.

ناوەڕۆک و دیمەن

زانینی ناوەڕۆک و دیمەنەکان دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پێشبینیی چیرۆکەکە. کات تەرخان بکە بۆ خوێندنەوە دەربارەی ژیاننامەی نووسەرەکە، هه‌روەها چاوپێداخشاندنێک بە بەرهەمەکانی تریدا. بزانە کەی و لە کوێ چیرۆکەکە نووسراوە، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو دەمەی تیایدا نووسراوە دەتوانێت مانا و ئاماژەی دیکەی هەبێت کە بە ئاشکرا دیار نەبێت. بۆ نموونە، زانینی ئەوەی چیرۆکێک لە سەردەمی کۆیلایەتیدا نووسرابێت دەکرێت ئاماژە بێت بۆ چیرۆکێکی تایبەتی بەکارهێنانی زمان و بابەتی دیار.

کاره‌کتەرەکان

کارەکتەرەکان ئەو کەسانەی نێو چیرۆکەکەن، هەردوو کەسایەتیی سەرەکی و ناسەرەکی، ئەوەی لە چیرۆکەکەدا ڕوو دەدات. که‌سایەتیی سەرەکیی چیرۆک قارەمانەکەیە کە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە بەڕێوە دەبات. بزانە قارەمانەکە چی دەوێت؟ بۆ چ شتێک دەجەنگێت؟ ئایا کەسایەتییەکان دەگۆڕێن یاخود گەشە دەکەن لە بواری چیرۆکەکەدا؟

پلاندانان

پلان بە شێوەیەکی سەرەکیی ئەوەیە کە چی بەسەر کاره‌کتەرەکاندا دێت لە چیرۆکەکەدا. بزانە هیچ پلانێکی باو و نەریتیی دەخرێتە ڕوو، گۆڕانی ڕووداوەکان، گەیشتنە لوتکە، شکستی کارەکان و بڕیارەکان؟ سەرەکیترین بەشی پلانگێڕان کێشە و دووبەرەکی و نەگونجانە. ئایا کێشەیەک یاخود ململانێیەک هەیە لە نێوان کەسایەتییەکان یاخود لە نێوان دوو هێزدا وەکو باشە و خراپە؟ ئایا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت؟ ئەگەر دەکرێت چۆن؟

بابەتەکان

بابەت سەرەکیترین و ئاشکراترینی ئەزموونی مرۆڤایەتییە. هەموو هونەرەکان، ئەدەب کە بەرجەستەکردنی بابەتە جیهانییەکانە وەکو خۆشەویستی، مردن، بەخشین و بەرگەگرتن. زۆرینەی هونەرەکان لە هەر بەشێکیدا لەم بابەتانە پێک دێت. بۆ نموونە، کورتەچیرۆکی بەرمیلی ئەمۆنتیلادۆی ئێدگار ئالان پۆ پێک دێت لە بابەتەکانی تۆڵەسەندنەوە، ڕقلێهەڵگرتن و شێتی.

شوێنی ڕووداوەکان

شوێن ئەو ژینگەیەیە کە چیرۆکەکە تیایدا ڕوو دەدات و دەکرێت زانیاری بێت دەربارەی شوێنێکی جوگرافیایی، چەرخێکی مێژوویی، یاخود مەرجێکی سیاسی، کەشوهەوا و کاتی ڕۆژ. شوێن دەکرێت کاریگەریی گەورەی لەسەر گۆڕانی کەسایەتییەکان هەبێت، ململانێ و پلانەکان. بۆ نموونە، لە کورتەچیرۆکی «بۆ ئاگرکردنەوەیەک»ـی جاک له‌ندەن، نووسەر دەتوانێت بەڵگەی ئەوە بهێنێتەوە کە چارەنووسی قارەمانەکە دیاری کراوە بە ژینگەوە، ڕەقبوونەوەی یوکۆن لە هەرێمی کەنەدا و کاردانەوەی بۆ ئەوە.

ململانێکان

ململانێ کێشمەکێشی نێوان دوو کەسایەتییە، یاخود کەسایەتییەک لەگەڵ خۆی، دوو هێز، یاخود کەسایەتییەک و هێزێک. بۆ نموونە، لە «بۆ ئاگرکردنەوەیەک»دا ململانێ هەیە لە نێوان قارەمانی چیرۆکەکە (کەسایەتی) و سرووشت (هێز). لەم کورتەچیرۆکەدا کارەکتەرە سەرەکییەکە بێسوود هەوڵ دەدات بەرگری بکات دژی سرووشت. ململانێ لەنێو کورتەچیرۆکدا دەتوانێت خاڵی لاواز و بەهێزی کەسەکە دەربخات و نرخی خۆی بداتێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *