کارگه‌ی چیرۆک‌نووسی: عه‌باس مه‌عرووفی
بۆ کوردی : ئه‌فراسیاب گرامی
بەشی دووەم
مه‌شقی نووسین:
له یه‌که‌مین بیره‌وه‌رییه خۆشه‌کانی من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاته‌ی که ده‌مهه‌ویست چیرۆک بنووسم، به‌ڵام نه‌مده‌زانی. چیرۆکه‌کانی چیخۆفم ده‌خوێنده‌وه و چونکه ئه‌م چیرۆکانه ساده و دڵ‌بزوێن بوون، به باشی ده‌متوانی کۆپییان لێ هه‌ڵبگرم.
سه‌ره‌تام وه‌ک مه‌شقی نووسین بوو.
دواتر ده‌متوانی فێر ببم که ناوی شه‌قامه‌کان، شار و ئاده‌میزاده رووسییه‌کان بگۆڕم به ئێرانی.
پێم وایه له چوارده‌ساڵییه‌وه تا حه‌فده ساڵی شتێک له نێوان سێ ساڵدا، به‌رهه‌مه‌کانی چێخۆفم خوێنده‌وه و نووسیم.
ئه‌وڕۆکه که ساڵانێکه تێپه‌ڕیوه، بیره‌وه‌ریی ئه‌و رۆژانه و هه‌رکات ناوی ئانتوان چێخۆف ده‌بیستم ئه‌بێته بزه‌یه‌ک و ده‌که‌وێته سه‌ر لێوم. یادکردنه‌وه‌ی مرۆڤێکی دڵنه‌وا و مێهره‌بان که عاشقی مرۆڤه‌کان بوو و ئه‌م عه‌شقه له ته‌واوی نووسینه‌کانیدا شه‌پۆل ده‌دات.
یه‌كێ له چیرۆکه‌کانی چیخۆف که له‌بیر ناچێته‌وه “تاوانبار”ی ناوه. وێنه‌یه‌کی روون و زوڵاڵ له ژیان و سیمای پیره‌مێردێکی هه‌ژاره که له سه‌رده‌می تێزاره‌کاندا قوربانی و چاره‌ڕه‌ش بووه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وه بارودۆخی ژیان، پێوه‌ندیی مرۆڤه‌کان، ره‌نگی جل و به‌رگی پۆلیس، قسه‌ی سه‌ر زاری دادوه‌ره‌کانی “باڵاخانه‌ی داد”، داڕمانی وهرشکستهکان، و به گشتی بۆن و به‌رامه‌ی ژیان له رووسیه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا بناسین، له رێگای کتێبه مێژووییه‌کان و جوغرافیاوه سه‌رکه‌وتوو نابین.
ته‌نیا له ریگای چیرۆکه‌کان و شانۆنامه‌کانی نووسه‌رانێک وه‌ک ئانتوان چێخۆف، فئۆدۆر داستایووفسکییهوه ده‌توانین ژێر و ژووری ژیانی به‌شێک له خه‌ڵکی دنیا بناسین.
هه‌روه‌ها که ئیمل زۆلا له هه‌مان سه‌رده‌می فه‌ڕانسه‌دا ده‌چێته قووڵانی کرێکاره‌کانی کانگاکانه‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی له سه‌ر زه‌ویدا وێنا کردوه و له تاریکایی مه‌یخانه‌کاندا به‌سه‌ر سه‌ره‌نجامی دڵته‌زێن و خه‌مناکی مرۆڤدا فرمێسکی هه‌ڵڕشتوه هه‌تا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر براکوژی و هه‌راوهوریا کردن بۆ ماڵی دنیایی بهێنێته سه‌ر کاغه‌ز، و به خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی بڵێت: رۆژێک مرۆڤێ له‌دایک ده‌بێت و دێت که به حوکمی نائینسانی وه‌ک حوکمی ئێعدام ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رز ده‌کاته‌وه.
چاوخشاندنێک به‌سه‌ر “تاوانبار”ی ئانتوان چێخۆف دا
کورته چیرۆکی “تاوانبار” نووسینی ئانتوانی چیخۆف یه‌کێ له نموونه پاقژ و نه‌مره‌کانی ئه‌ده‌بیاتی چیرۆک‌نووسی جیهانه.
چیرۆکێ که په‌له‌قاژه‌ی بێ سه‌ره‌نجامی دڵسووتاوانی هه‌ژار له باڵاخانه‌ی کوێر و که‌ڕی “دادوه‌ریی” دایه. وێده‌چێ دادپه‌روه‌ریی مردبێت.
پیرێکی به‌ساڵاچووی هه‌ژار دڵپاکانه باس له هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و بژێوی و، خه‌می نان ده‌کات. ئه‌و هیچ کات درۆی نه‌کردوه. له به‌رامبه‌ردا، دادوه‌ریش داکۆکی نه‌زم و سیستمی شار ده‌کات. دادوه‌ر، پیره پیاو به درۆ، دزی و ههڵهشهکاری و شێواندنی نه‌زمی گشتی و ته‌نانه‌ت هه‌وڵ بۆ کوشتاری به کۆمه‌ڵ تاوانبار ده‌کات.
ههردوانیان راست ئه‌ڵێن، به‌ڵام ئایا تاوانبار کێ یه؟
“تاوانبار”
تاوانبار گوندییه‌کی باریکهڵهیهکی له‌ڕو لاواز و هه‌ر ئێسک بوو، به پانتۆڵکی پینه‌کراو و کراسێکی دهستچنراو، به‌رامبه‌ر سه‌رۆکی دادگا وه‌ستا. ردێنی نه‌تاشراو و پڕ له ئاوڵه، چاوی به ئه‌سته‌م له ژێڕ برۆ گرژ‌و پڕه شۆڕه‌وه بووهکانیهوه دیار بوو … رواڵه‌تێکی ناشیرین و داهێزاروی هه‌یه. سه‌رو قژی تێکئاڵاوی که ماوه‌یه‌کی درێژه شانه‌ی تێنه‌که‌وتوه، شێوه‌ی جاڵجاڵۆکه‌یی ده‌نوێنێ و زۆرتر ناشیرین و داماوی ده‌کات، پێی په‌تییه.
سه‌رۆکی دادگا ده‌ست پێ ده‌کات: “دنیس گریگۆریف! وه‌ره پێشتر و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی من بده‌وه. به‌یانی رۆژی حه‌وتی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، نیگابانی رێی ئاسن، له کاتی گه‌شتی خۆیدا تۆ له نزیک ویستگه‌ی سه‌د و چل و یه‌که‌م له کاتی کردنه‌وه‌ی کڵانه(مهره)ی یه‌کێ له پێچه‌کانی هێڵه ئاسنینه بووی که نیرگه(آلوار)ی هێڵه‌کان پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌ش کڵانهکانه! … تۆیان به‌م کڵانانهوه گرتوه. ئایا ئه‌مه راسته؟
“چیه؟”
“هه‌موو ئه‌مانه‌ی که ئینکۆف باسی کردوه، حه‌قیقه‌تی هه‌یه؟”
“به‌ڵێ، وایه”.
“زۆرباشه، ئێستا پێم بڵێ به چ مه‌به‌ستێ ئه‌م کڵانانهت کردۆته‌وه؟”
“چیه؟”
“ئه‌وه‌نده چیه چیه مه‌که، وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌م بدههوه، بۆچی ئه‌م کڵانانهت کردۆته‌وه؟”
دنیس له ژێره‌وه ته‌ماشایه‌کی بنمیچه‌که داکات قرخه قرخێ ده‌کات: “ئه‌گه‌ر پێویستم نه‌بوایه نهمدهکردهوه!”
“ئه‌م کڵانانهت بۆ چی پێویسته؟”
“کڵانه؟ ئێمه ئه‌مانه ده‌که‌ین به قورسایی (وزنه) به‌سه‌ر قولاپی ماسیگرهکانمانهوه”.
“ئه‌م “ئێمه” که ده‌ڵێی کێ و کێن؟”
“ئێمه ئیتر! ئه‌م خه‌ڵکه … یانی هه‌موو گوندنشینه‌کانی کلیموفۆ.”
“گوێ بگره برا! گاڵته‌م پێ مه‌که. راستیه‌که‌ی بڵێ. ئه‌م درۆ‌و ده‌له‌سه‌یه‌ی که له باره‌ی وه‌زنه و قولاپی ماسیگرتنه‌وه هه‌ڵده‌به‌ستی، هیچ که‌ڵکێکی نیه.”
دنیس چاو ئهترووکێنێ و له ژێر لچه‌وه ئه‌ڵێ: “من به حه‌یاتم درۆم نه‌کردوه، ئمجا بێم و لێره درۆ بڵێم؟ ئێستا خۆمانین قوربان، به سیمی بێ وه‌زنه و قورسایی ئه‌کرێ ماسی بگرین؟ ئه‌گه‌ر تامک (طعمه)ی زیندوو و کرم نه‌که‌ین به‌سه‌ری قولاپهکانهوه، بێ قورساییش که ناچنه ژێر ئاوه‌که‌وه، ده‌ڕۆن؟ …”
“باشه، که‌واته ده‌تهه‌وێ بڵێی ئه‌م کڵانهت کردۆته‌وه تا قورسایی قولاپهکهتی پی درووست بکه‌ی؟ ها؟!”
“ده‌ی که چی؟ بۆ ده‌مویست یاری (سهقاپ) پێ بکه‌م!”
“ئه‌توانی له له‌تێ سورب (قورقووشم)، یان گولـله‌یه‌ک که‌ڵک وه‌ربگری … یان له بزمارێک.”
“سورب هه‌روا له کۆڵانا نه‌که‌وتووه و هه‌ڵی بگری، ده‌بێ پاره‌ی پێ بده‌ی. بزماریش که به‌کاری ئه‌م فرمانه نایه‌ت. باوه‌ڕ بکه‌ن باشترین شت کڵانهیه. هه‌م قورسه و هه‌میش کونی تێدایه”.
“خۆی ئه‌دا له گێلی، ئه‌نه‌هوو دوێنێ له دایک بووه یان له ئاسمان باریوه! ئاخر سه‌لکه که‌ر! تۆ نازانی کردنه‌وه‌ی ئه‌م کڵانهیه چ ئاسه‌وارێکی خراپی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر نیگابان له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی نه‌بوایه، شه‌مه‌نده‌فه‌رێ له هێڵه‌که ده‌ترازا و خه‌ڵکێکی زۆر ده‌کوژران. تۆ ده‌بوویته هۆکاری کوشتاری ئه‌و خه‌ڵکه.”
“خوا نه‌کا قوربان! کوشتنی خه‌ڵک؟ بۆ مه‌گه‌ر ئێمه کافرین یان جینایه‌تکار؟ شوکری خوا، قوربان، ئێمه ساڵانێکه بێده‌نگ ده‌ژین و هیچ کاتێ خه‌ومان به شتی واوه نه‌بینوه تا به خه‌ڵک کوشتن ده‌گات … له گوناحمان خۆش بن ئه‌ی فریشته ئاسمانه‌کان و به‌زه‌ییتان به ئێمه بێته‌وه … ئێوه چی ئه‌ڵێن قوربان؟!”
“ئه‌ی تۆ پێت وایه شه‌مه‌نده‌فه‌رێ چۆن له هێڵ ده‌ترازێ؟ ئه‌وه‌نده به‌سه چه‌ند دانه له‌م کڵانانه بکه‌نه‌وه تا شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که له هێڵ بترازێ.”
دنیس چزهبزهیهک ئه‌یگرێت و نیگای به بێ بڕوایی سه‌رۆکی دادگاوه گرێ ئه‌دا: “عه‌جایه‌ب! ساڵه‌های ساڵه که ئێمه خه‌ڵکی ئه‌م ئاواییه، کڵانه‌کان ده‌که‌ینه‌وه و خودا‌ش ئاگای له هه‌موومان بوه، ئه‌وکاته ئێوه باس له ترازانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و کوشتاری خه‌ڵک ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر هێڵێکمان له جێ‌دا هه‌ڵکه‌ندایه، یان نیرگهیهکمان له به‌رده‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌دا دانابایه ئه‌وکاته ئیتر شه‌مه‌نده‌فه‌ر له هێڵه‌که ده‌ترازا … به‌ڵام … هه‌ی هه‌ی .. به کڵانهیهک!”
“هه‌وڵ بده تێبگه‌ی هه‌ر ئه‌م کڵانانه هێڵه‌کان به ستوونه‌کانه‌وه گرێ ئه‌دات”.
“ئێمه ئه‌مه ئه‌زانین قوربان! … بۆیه هه‌موویان ناکه‌ینه‌وه .. چهندانهیهک ئه‌هێڵینه‌وه … ئێمه به گۆتره و بێ فکر ئه‌م ئیشه ناکه‌ین … ئێمه ده‌زانین چی ده‌که‌ین.”
(درێژه‌ی ئه‌م چیرۆکه له کتێبی “مه‌رگ له دارستان” له وه‌رگێڕانی صفدر تقی زاده، به‌دواداچوونی بکه‌ن).
دووهه‌مین به‌شی به‌رنامه‌ی :ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی ده‌ق” به وته‌یه‌کی جوان له “کوندهبووی کوێر” شاکاری مه‌زنی سادق ههدایهتهوه کۆتایی پێ ده‌هێنم:
“چیرۆک رێگایه‌کی ده‌ربازبوونه له ئاواته جوانهمهرگبووهکان”