ئێوارەی پڕشکۆی “بالتازار”… گابریێل گارسیا ماركیز

دروستکردنی قەفەسەکە تەواو ببوو. “بالتازار” وەکوو هەمیشە قەفەسەکەی لە دەرگای کۆگاکەیەوە هەڵواستبوو. کە چێشتی نیوەڕۆکەی تەواو کردبوو، ئیتر لە هەموو شوێنێکەوه دەم‌بەدەم بڵاو ببووەوە کە بالتازار جوانترین قەفەسی دونیای دروست کردووە. ئەوەندە مرۆڤ بۆ سەیرکردنی قەفەسەکە هاتبوون کە حەشیمەتێکی زۆر لە بەردەم خانووەکەیدا کۆ ببووەنەوە و بالتازار ناچار ببوو قەفەسەکە دابگرێت و دەرگای کۆگاکەی دابخات.

ژنەکەی، “ئورسولا” گوتی: “ڕیشت بتاشە، وەکوو مەیموونت لێهاتووە”.

بالتازار گوتی: “ڕیشتاشین دوای چێشتی نیوەڕۆ ماراوی نییە”.

دوو حەوتوویەک دەبوو کە ڕیشی نەتاشیبوو، بۆیە وەکوو یاڵی قاترەکان، زبر و سیخ‌سیخ ببوو و شێوازی کوڕێژگەیەکی گرتبووەخۆی کە لە شتێک ترسابێت. بەڵام بەپێچەوانەی ڕواڵەتی، بە گەیشتنی مانگی فێڤرییە، تازە ئیتر سی ساڵی تەواو دەکرد؛ چوار ساڵ بوو لەگەڵ ئورسولا دەژیا، بێ ئەوەی کە لەگەڵی هاوسەرگیریی کردبێت و منداڵی هەبێت. ژیان هۆکارگەلێکی زۆری لەسەر ڕێگەیدا دانابوو تاکوو زۆر شت بە جیددی وەرنەگرێت، بەڵام بەباشی ئاگاداری هەموو شتێک ببێت و لە هەمان کاتدا نەهێڵێت ترس بچێتە دڵیەوە. بۆیە تەنانەت نەکەوتبووە تیاڕامان، قەفەسێک کە هەر ئێستا دروستکردنەکەی تەواو کردبوو، بە بۆچوونی زۆرێک لە خەڵک، جوانترین قەفەسی دونیایە. بۆ ئەو کە هەر لە منداڵییەوە کاری دروستکردنی قەفەس بوو، دروستکردنی ئەو قەفەسە گەورەیە، ئەوەندە ئەستەمتر لە قەفەسەکانی تر نەبوو.

ژنەکەی گوتی: “نەختێک ڕاکشە. بەم ڕیشەوە کە نابێ بۆ شوێنێک بڕۆیت”.

لە کاتێکدا کە دەحەسایەوە، چەند جارێک ناچار ببوو لە جۆلانەکەی بێتە خوارەوە و قەفەسەکەی پیشانی دراوسێکانی بدات. بەڵام ئورسولا تا ئەوکات هیچ سەرنجێکی بە قەفەسەکە نەدابوو؛ تەنانەت لووتەلا بوو کە بۆچی هاوسەرەکەی کارەکانی کۆگای دارتاشینی بەرەڵا کردووە و هەموو کاتێکی خۆی بۆ دروستکردنی ئەو قەفەسە تەرخان کردووە. چونکە دوو حەوتەی تەواو، خەو و خواردنی لە خۆی حەرام کردبوو، تەواو ڕووخساری گۆڕابوو و وڕاوەی دەکرد و تەنانەت دەرفەتی نەبوو ڕیشی بتاشێت. بەڵام بە دیتنی قەفەسەکە، لووتەلاکەی نەمابوو. کاتێک بالتازار چۆرتێکی دابوو و خەبەری بووەوە، ئورسولا پانتۆڵ و کراسەکەی ئووتوو کردبوو و خستبوویانیە سەر کورسیی تەنیشت جۆلانەکە و قەفەسەکەی خستبووەسەر مێزی چێشتخۆرییەکە. لە بێدەنگیدا مەفحی تماشای قەفەسەکە ببوو.

ژنەکە پرسیاری کرد: “چ نرخێکی لەسەر دادەنێیت؟”

بالتازار وەڵامی دایەوە: “نازانم. دەڵێم سی ‘پێزوو’، تاکوو بیست پێزوو بێتە دەستم”.

ئورسولا گوتی: “بڵێ پەنجا پێزوو. لەم دوو حەوتوویەدا زۆر بێخەویت کێشاوە. تازە، گەورەیشە. من کە پێم وایە لە تەمەنمدا قەفەسێکی بەم گەورەییەم نەدیوە”.

بالتازار سەرقاڵی ڕیشتاشین بوو.

“پێت وایە پەنجا پێزوو پارە بەمە بدەن؟”

ئورسولا گوتی: “بۆ بەڕێز ‘مونتی‌یێل’ کە ئەمە پارەیەک نییە. قەفەسەکەیش ئەوەندە بایەخی هەیە. تۆ بڵێ شەست پێزوو”.

هەوای گەرم تەنانەت لە سێبەری خانووەکەدا خەفەکەر بوو. حەوتووی یەکەمی مانگی ئاڤرییەل بوو و گەرمای هەوا و دەنگی سیسرکەکان تاقەتی مرۆڤی نەدەهێڵایەوە. بالتازار جلەکانی لەبەر کرد و دەرگای خانووەکەی کردەوە تا هەوای ماڵەکە فێنک ببێتەوە. لە ناکاو کۆمەڵێک منداڵ ڕژانە ژووری چێشتخۆرییەکەوە.

هەواڵ لە هەموو شوێنێک بڵاو ببووەوە. دکتۆر “خیرالدو”، پزیشکی بەتەمەن و بەکەیف کە تاقەتی پیشەکەی نەمابوو، لەگەڵ ژنە پیر و پەککەوتووەکەی سەرقاڵی خواردنی چێشتی نیوەڕۆ بوو؛ بەڵام لە بیرکردنەوە بە قەفەسەکەی بالتازار ڕزگاری نەدەبوو. لە ئەیوانی خانووەکەیدا کە لە ڕۆژانی گەرمدا مێزەکەیان لەوێ دادەچنی، لە تەنیشت ڕێژەیەکی زۆر گوڵدان و دوو قەفەسی قەناری، دانیشتبوون. ژنەکەی ئاشقی باڵدارەکان بوو و ئەوەندە حەزی لێیان بوو کە حەزی دەکرد سەر بە لەشی پشیلەکانەوە نەبێت وا هەمیشە لە بۆسەی ئەواندا بوون. دکتۆر خیرالدو، ئەو ڕۆژە دوانیوەڕۆکەی لە حاڵێکدا کە بەردەوام بیری لە ژنەکەی دەکردەوە، سەردانی نەخۆشێکی کردبوو. لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بەرەو ماڵی بالتازار چوو تاکوو سەیرێکی قەفەسەکە بکات.

کۆمەڵێکی زۆر لە ژووری چێشتخۆرییەکەدا کۆ ببوونەوە. قەفەسەکەیان بۆ تماشاکردن لەسەر مێزەکەدا دانابوو. قەفەس، گومبەزێکی تێیلی گەورەی هەبوو و لەنێوەوە بە سێ بەش دابەش ‌کرابوو: “ڕێڕەوەکان، ژوورەگلێکی چکۆلەی تایبەت بۆ خواردن و خەوتن و حەوشێکی تایبەت لەگەڵ هێلەکانێگەلێک بۆ لاقرتیی باڵدار”. شێوازەکەی زۆرتر لە کارخانەیەکی گەورەی سەهۆڵسازی دەچوو تا قەفەسێک. دکتۆر بێ ئەوەی دەست لە قەفەسەکە بدات، بە تەواوی سەرنجی پێ دا و گەیشتە ئەم ئاکامەی کە بەڕاستی قەفەسەکە لەوەی کە تەنانەت بیستبووی، باشترە و لە هەموو ئەو قەفەسانەی کە لە خەیاڵیدا بۆ ژنەکەی بیری لێ کردبووەوە، جوانتر بوو.

گوتی: “بەمە دەڵێن فڕینی خەیاڵ”.

لەنێوان حەشیمەتەکەدا بە دوای بالتازاردا دەگەڕا؛ بە چاوانی دایکانەی سەیری کرد و گوتی: “تۆ دەبا  بیناسازێکی بەل دەبوویت”.

بالتازار سوورەوە بوو.

گوتی: “تکاتان لێ دەکەم”.

دکتۆر گوتی: “بە جیددیمە”.

ئەو وەکوو ژنێک کە لە گەنجیەتیدا جوانخاس بووە، چاخییەکی ناسک و ڕاکێشەری هەبوو. دەنگی وەکوو قەشەیەک بوو کە بە زمانی لاتین قسان بکات. قەفەسەکەی بە دەستەوە گرت و وەکوو ئەوەی بییەوێت هەڕاجی بکات، لە پێش چاوی بینەراندا نمایشی کرد و گوتی: “تەنانەت پێویست نییە مرۆڤ باڵدارێکی تێ بخات. ئەگەر لە دارێک هەڵیواسیت، خۆی گۆرانی دەڵێت”.

پاشان قەفەسەکەی خستەوە جێگەکەی خۆی، ساتێک بیری کردەوە، سەیرێکی قەفەسەی کرد و گوتی: “زۆر باشە، ئەمە بۆ من”.

ئورسولا گوتی: “فرۆشراوە”.

بالتازار گوتی: “ئەمە هی کوڕەکەی بەڕێز مونتی‌یێلە. ئەو پێی ئەسپاردووم”.

دکتۆر ڕواڵەتێکی ڕێزدارانەی گرتە خۆی.

“خۆی پلانەکەی داوە؟”

بالتازار گوتی: “نا. تەنیا گوتی قەفەسێکی گەورە وەک ئەمەی دەوێت. بۆ جووتێک مراویی هەنجیرخۆر”.

دکتۆر سەیرێکی قەفەسەکەی کرد.

“بەڵام ئەمە خۆ بە کەڵکی مراویی هەنجیرخۆر نایەت”.

بالتازار نزیکی مێزەکە بووەوە و گوتی: “دکتۆر گیان، بە باشیش بە کەڵک دێت”.

منداڵەکان بە دەوریدا بازنەیەکیان دروست کرد. بە قامک ئاماژەی بە ژوورە چکۆلە جیاوازەکانی کرد و گوتی: “ئەندازەکان ڕێککراون”.

پاشان بە قامک لە گومبەزەکەی دا و قەفەسەکە پڕی بوو لە دەنگێکی خۆش.

گوتی: “لەم تێیلانە پتەوتر نادۆزرێتەوە، هەم لەنێوەوە لەحیم کراوە، هەم لە دەرەوە”.

یەکێک لە منداڵەکان پەڕییە نێو قسەکەی: “تەنانەت ئەوەندە جێگەی هەیە کە تووتییەکیشی تێ بخەیت”.

دکتۆر لای کردەوە و گوتی: “زۆر باشە، ئەمان نە پلانێکیان پێت داوە نە گەوشینێک. تەنیا گوتوویەتی قەفەسێک دروست بکەن کە لەنێویدا دوو دانه مراویی هەنجیرخۆر، جێیان ببێتەوە. ڕاست ناڵێم؟”

بالتازار گوتی: “ڕاست دەڵێن”.

دکتۆر گوتی: “بۆیە کێشەیەک نییە. کەسێک قەفەسێکی ویستووە کە دوو دانە مراویی هەنجیرخۆر تێیدا جێیان ببێتەوە و تۆ ئەم قەفەسەت دروست کردووە. چ هۆکارێک هەیە کە ئەمه ئەو قەفەسەیە کە لە تۆ ویستوویانە دروستی بکەیت؟”

بالتازار گێژ و تەواسا گوتی: “دەی ئەو لە منی ویستووە ئیتر. بۆیە منیش ئەمەم دروست کردووە”.

دکتۆر لە بێتاقەتیدا بزاوێکی کرد.

ئورسولا سەیری هاوسەرەکەی کرد و گوتی: “یەکێکی تر دروست ‌بکە”.

پاشان ڕوو بە دکتۆر گوتی: “ئێوە خۆ پەلەیەکتان نییە”.

دکتۆر گوتی: “من بەڵێنیم بە ژنەکەم داوە کە تا ئێوارە ئەم قەفەسەی بۆ ببەمەوە”.

بالتازار گوتی: “دکتۆر، زۆر بەداخەوەم. ناتوانم شتێک کە پێشتر فرۆشتوومە بە کەسێکی تر بفرۆشم”.

دکتۆر شانی بەرز کردەوە. بە دەستماڵێک ئارەقی ملی وشک‌ کردەوە و بە نیگایەکی پاوەجێ و گێژ و تەواسای کەسێک کە دووربوونەوەی پاپۆڕێک تەماشا دەکات، لە بێدەنگیدا کەوتە سەرقوتانی قەفەسەکە.

“بۆ ئەم قەفەسە چەندێک پارەیان داوە؟”

بالتازار بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە بە دوای چاوەکانی ئورسولادا دەگەڕا.

ئورسولا گوتی: “شەست پێزوو”.

دکتۆر چاوی لە قەفەسەکە هەڵنەدەگرت.

گوتی: “زۆر جوانە”. هەناسەیەکی هەڵکێشا.

“لەڕادەبەر جوانە”.

پاشان لە حاڵێکدا توندتوند باوەشێنی خۆی دەکرد، بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت؛ پێکەنینێک لەسەر لێوانی نیشتەوە و یادی ئەم بەسەرهاتە بۆ هەمیشە لە خاتری فڕی.

گوتی: “مونتی‌یێل زۆر دەوڵەمەندە”.

لە ڕاستیدا مونتی‌یێل ئەوەندەی کە ئەو بیری ‌دەکردەوە دەوڵەمەند نەبوو، بەڵام ئەم گەوشینەی هەبوو کە بۆ دەوڵەمەندبوون هەر کارێک بکات. ئەو چەند کۆڵان لەولاترەوە لە خانووەیەکی پڕ لە کەلوپەل کە هیچ شتێکی لێ نەبوو کە نەتوانرێت بە پارە نزیکی بکەیتەوە، گرینگیی بە هەواڵگەلێک کە لەبارەی قەفەسەکەوە پێی دەگەیشت، نەدەدا. مونتی‌یێل لە خەوی دوانیوەڕۆدا بوو و ژنەکەی سەودای مەرگ ئازاری دەدا، دوای چێشتی نیوەڕۆ، دەرگا و پەنجەرەکانی بەستبوو و دوو کاتژمێرێک بە چاوانی کراوە لە تاریکایی ژوورەکەدا ڕاکشابوو. لە ناکاو قاڵمەقاڵی کۆمەڵێکی زۆر دایچەڵەکاند. دەرگای ژووری میوانی کردەوە و کۆمەڵێکی دی کە لەبەر ماڵدا ڕیز ببوون و لەنێوانیاندا بالتازار، قەفەس لە دەست، بە جلی سپییەوە وەستابوو و ڕواڵەتی ئەو سواڵکەرانەی هەبوو کە کاتی نزیکبوونەوە بە خانووی دەوڵەمەندان لە ڕووخساریاندا دەردەکەوت. ژنەکەی مونتی‌یێل بالتازاری میوان‌ کردە ژوورەوە و بە دەنگی بەرز و ڕووخسارێکی خەنۆل گوتی: “چ شتێکی سەرسووڕهێنەر! لە هەموو تەمەنمدا شتی وەهام نەدیوە”.

پاشان ناڕاحەت لە بوونی حەشیمەتێکی کە لە سەر و کۆڵی یەکەوە هەڵدەزنان، زیادی کرد: “تاکوو ژووری میوان نەبووەتە جێگای بینەران، قەفەسەکە بێنە ژوورەوە”.

بالتازار بۆ بنەماڵەی مونتی‌یێل کەسێکی بێگانە نەبوو. بەهۆی کارامەیی لە پیشەدا و سادەیی و ڕاستبوونی لە سەوادا، چەندین جار لە دەرفەتگەلێکی جیاوازدا بۆ کارگەلێکی چکۆلەی دارتاشین میوان کرابووە خانووەکەیانەوە. بەڵام ئەو هیچکات لەنێوانی مرۆڤە دەوڵەمەندەکاندا هەستی بە ئاسایش نەدەکرد. بیری لەوان دەکردەوە، بە ژنە بۆڵەکەر و ناشیرینەکانیان و ڕەفتارێک کە لەگەڵ هاوسەرانیان هەیانبوو، دڵی بۆیان دەسووتا. کاتێک چووە خانووەکەیانەوە، قاچەکانی ئاسان نەدەچووە پێشەوە.

پرسی: “پێپێ لە ماڵەوەیە؟”

قەفەسەکەی خستبووە سەر مێزی چێشتخۆرییەکەوە.

ژنەکەی مونتی‌یێل گوتی: “لە قوتابخانەیە. ئێستا ئیتر دەبێ دەربکەوێت. مونتی‌یێلیش لە حەمامدایە”.

هەڵبەت مونتی‌یێل کەیفی بە حەمامکردن نەدەهات. بەپەلە بە “ئەلکول” خۆی لەپماڵ دابوو تا بێتە دەرەوە و بزانێت چ باسە! ئەوەندە بەئیحتیات بوو کە تەنانەت لە کاتی خەودا ئامێری فێنککەرەوەکەی دەکوژاندەوە تاکوو لە خەویشدا بچووکترین دەنگی خانووی لەژێر چاوەدێریدا بێت.

مونتی‌یێل قیڕاندی: “ئادلاید، چ بووە؟”

ژنەکەیشی بە دەنگی بەرزەوە گوتی: “وەرە ببینە چ شتێکی سەرسووڕهێنەر لێرەدایە”.

مونتی‌یێل خاولی پێچایە دەور ملیەوە و بەو لەشە قەڵەو و پڕتووکەی، لە پشت پەنجەرەی ژووری خەوەکەی، دەر کەوت.

“چییە؟”

بالتازار گوتی: “قەفەسی پێپێیە”.

ژنەکەی مونتی‌یێل بە سەرسووڕمانەوە سەیری بالتازاری کرد.

“قەفەسی کێ؟”

بالتازار گوتی: “قەفەسی پێپێ”. پاشان ڕووی کردە مونتی‌یێل و درێژەی دایەوە: “پێپێ، پێی ڕاسپاردووم”.

لەو کاتەدا هیچ ڕووی‌ نەدا، بەڵام بالتازار هەستی کرد کە دەڵێیت کەسێک دەرگای حەمامی بەرەو ڕووی کردووەتەوە. مونتی‌یێل، بە جلی ژێرەوە پێی خستە دەرەوەی ژووری خەوەکە و قیڕاندی: “پێپێ”.

ژنەکەی بێ ئەوەی کە بزاوێک بکات، لەژێر لێوەوە گوتی: “هێشتا نەهاتووەتەوە”.

پێپێ لەلای دەرگاکەوە دەر کەوت. دە دوازدە ساڵان بوو و هەمان بڕژانگە هەڵگەڕاو و ڕواڵەتە هەستاوییەکەی دایکی هەبوو.

مونتی‌یێل ڕووی تێکرد و گوتی: “وەرە بۆ ئێرە بزانم. تۆ ئەمەت ویستووە؟”

کوڕەکە سەری داخست. مونتی‌یێل بە چنگی قژی گرت و ناچاری کرد سەیری چاوانی بکات.

“وەڵامم بدەوە”.

کوڕەکە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە لێوی گەزی و دایکی بە هێوری گوتی: “مونتی‌یێل”. مونتی‌یێل کوڕەکەی بەرەڵا کرد و بە هەڵچوویی بەرەو بالتازار هەڵگەڕایەوە.

گوتی: “بالتازار، زۆر داوای لێبووردنت لێ دەکەم ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام باشتر وابوو پێش لە دەستبەکاربوون دەهاتیت و لە من پرسیارت دەکرد. من تێناگەم تۆ بۆچی تەنیا لەگەڵ منداڵاندا سەوا دەکەیت”.

لە کاتی قسەکردندا، ڕووخساری دووبارە هێور بووەوە. بێ ئەوەی سەیری قەفەسەکە بکات، هەڵیگرت و بە بالتازاری دا.

گوتی: “هەر ئێستا ئەمە هەڵبگرە و لێرە بیبە و بە هەر کەس دەتەوێت، بیفرۆشە. ئەمەیشە بڵێم کە بە هیچ جۆرێک تاقەتی قسەکردنم نییە”.

دەستی هێنایە پشتی ئەودا و گوتی: “دکتۆر قەدەغەی لێکردووم کە تووڕە ببم”.

کوڕەکە وشک وەستابوو؛ تەنانەت چاوی نەدەپرووکاند، تا ئەوەی کە بالتازار، قەفەس لە دەست و گوماناوی، تماشای دەکرد. پاشان کوڕەکە هەناسەیەکی هەڵکێشا و هاواری هەستا و خۆی دا بە عەرزدا. دایکی ویستی ئارامی بکاتەوە بەڵام مونتی‌یێل کە بە خوێنساردی سەیری دەکرد، گوتی:

“بەرزی مەکەوە. بهێڵە ئەوەندە سەری بکوتێتە عەرزدا تا دەشکێت، پاشان خوێ و ئاولیمۆ بەسەر برینەکەیدا بکە تا گیانی دەربچێت”.

کوڕەکە لە حاڵێکدا کە دایکی مووچی دەستەکانی گرتبوو، بێ ئەوەی کە فرمێسک بڕێژێت، دەیقیڕاند.

مونتی‌یێل دووپاتی کردەوە: “گوتم، بەرەڵای بکە”.

بالتازار وەکوو کەسێک کە سەیری گیاندانی ئاژەڵێکی هار بکات، سەیری ناڵە و گریانی کوڕەکەی دەکرد. نزیک کاتژمێر چوار بوو. لەو کاتەدا ئورسولا لە ماڵەوە پیوازی دەجنی و لەگەڵ خۆی گۆرانییەکی کۆنی دەچرپاند.

بالتازار گوتی: “پێپێ”.

بە پێکەنینەوە نزیکی کوڕەکە بووەوە و قەفەسەکەی بەرەو ڕووی گرت. کوڕەکە هەستایەوە، قەفەسەکە کە بە ئەندازەی خۆی دەبوو، لە باوەش گرت. لە پشتی تێیلەکانی قەفەسەکەوە، سەیری بالتازاری دەکرد و نەیدەزانی دەبێ چی بڵێت. تەنانەت فرمێسکێکیش بەسەر گۆنایەوە نەبوو.

مونتی‌یێل بە ئارامی گوتی: “بالتازار، جارێک گوتم قەفەسەکە هەڵبگرە و بیبە”.

ژنەکە بە کوڕەکەی گوت: “قەفەسەکەی پێ بدەوە”.

بالتازار گوتی: “باشە، ئەمە بۆ تۆ”. پاشان ڕوو بە مونتی‌یێل گوتی: “ئاخر ئەمەم بۆ پێپێ دروست کردووە”.

مونتی‌یێل بە دوای بالتازاردا پێی خستە ژووری میوانەکەوە. بەر بالتازاری گرت و گوتی: “بالتازار، ئەم کارە گەمژانەیەت چ واتایەکی هەیە؟ قەفەسەکەت هەڵبگرە و بیبەرەوە بۆ خانووەکەت و بێئەقڵی مەکە. من کە خەیاڵم نییە یەک سێنت پارەت پێ بدەم”.

بالتازار گوتی: “گرینگ نییە. من ئەم قەفەسەم بۆ پێپێ دروست کردووە. ئێستایش پێشکەشی دەکەم؛ بە دوای پارەکەیشی نیم”.

بالتازار لەنێوان خەڵکەکەدا کە لە بەردەم دەرگاکەدا کۆ ببوونەوە، ڕێگاکەی کردەوە و مونتی‌یێل لە ناوەڕاستی ژووری دانیشتنەکە وەستابوو و دەیبۆڵاند. ڕەنگی سپی ببووەوە و چاوی خەریکبوو سوور دەبووەوە.

قیڕاندی: “خوێڕییەی گەمژە، وەرە کەلوپەلەکەت کۆ بکەوە و لێرە بیبە. هەر ئەمەم مابوو کە بێسەروپێیەک بێتە خانووەکەمەوە و پێم بڵێت چی بکەم و چی نەکەم. بەچکەزۆڵ!”

بالتازار لە هۆڵی بیلیاردەکەدا بەرەوڕووی پێشوازییەکی گەرم بووەوە. تا ئەو کاتە تەنیا خەیاڵی دەکرد قەفەسێک کە دروستی ‌کردووە لە قەفەسەکانی تر باشترە و ئەوی بە کوڕەکەی مونتی‌یێل بەخشیوە تا فرمێسک نەڕێژێت، ئەمە و تەواو. بەڵام لەوێ بوو کە بیری‌ کردەوە کە ئەم کارە بۆ هەندێک کەس گرینگییەکی زۆری هەیە و لەم بوارەوە هەندێک تووشی زیچ بوو.

“پەنجا پێزووت لەباتیی ئەو قەفەسە وەرگرت!”

باڵتازار گوتی: “شەست پێزوو”.

کەسێک گوتی: “ئەی بژیت. تۆ تەنیا مرۆڤێکیت کە توانیویە وەها پارەیەک لە چنگی مونتی‌یێل دەربهێنێت. دەبێ شایی بگێڕین”.

ئاوجۆیان بۆ کڕی و بالتازار لەهەمبەردا هەمووانی بۆ ئاوجۆخواردنەوە میوان کرد. چونکە جاری یەکەم بوو کە لە دەرۆی ماڵەوە شەرابی دەخواردەوە، کاتی خۆرئاوا ئیتر بە پێوە خۆی نەدەگرت و لەگەڵ هەمووان قسەی لەو پلانەی کە لە مێشکیدا بوو، دەکرد. خەیاڵی بوو هەزار قەفەس بە نرخی دانەیەک شەست پێزوو دروست بکات و پاشان قەفەسەکان بگەیەنێتە هەزار دانە و شەست ملیۆن پێزوو بەدەست بێنێت.

دەیگوت: “تا سەرمایەدارەکان نەمردوون دەبێ زۆر شتیان پێ بفرۆشین. حاڵی هەموویان زوێنە و پێیان لە لێوی گۆڕدایە. ئەوەندە حاڵیان زوێنە کە تەنانەت بڕستیان نییە زۆر تووڕە ببن”.

دوو کاتژمێری تەواو پارەی دەخستە نێو ئامێری پەخشی گۆرانی و ئامێرەکە بێ ڕاوەستان کاری دەکرد. هەمووان بۆ تەندروستیی بالتازار دەیانخواردەوە، بۆ خۆشی، سڵامەتی و بەختەوەریی ئەو و مەرگی سەرمایەدارەکان. بەڵام کاتی چێشتی شێو کە گەیشت، ئەویان لە هۆڵەکەدا بەتەنیا جێهێشت و ڕۆیشتن. ئورسولا بە مەنجەڵێک گۆشتی برژاو، داپۆشراو لە لەتە پیواز، تا کاتژمێری هەشت چاوەڕێی بوو. کەسێک هەواڵی بۆ هێنا کە هاوسەرەکەی لە هۆڵی بیلیارددا لە خۆشیدا یەک لە دوو ناکاتەوە و هەمووانی بۆ ئاوجۆخواردنەوە میوان کردووە. بەڵام ژنەکەی بڕوای نەدەکرد؛ چونکە بالتازار لە تەمەنیدا مەستی نەکردبوو. کاتێک ژنەکەی لەسەر تەخت ڕاکشا، ئیتر نیوەکانی شەو بوو بەڵام بالتازار لەو حاڵەدا لە هۆڵە پڕ لە ڕووناکاییەکەدا جێی خۆش کردبوو کە چەند دانەیەک مێزی لێ بوو و لە دەور هەر کامدا چوار کورسی چنرابوو. ڕووخساری بالتازار پڕ بوو لە جێی ماچ و ماتیک. چونکە بڕستی نەبوو هەنگاو بنێت، پێی ناخۆش نەبوو لەگەڵ دوو دانەیان لەسەر تەخت ڕاکشێت. ئەوەندەی خەرج‌ کردبوو کە ناچار کاتژمێرەکەی دانا و بەڵێنیی دا ڕۆژی دوایی پارەکەیان بۆ بهێنێتەوە. پاشان لەنێو شەقامدا درێژ درێژ کەوتبوو و هەستی دەکرد کە دەیانەوێت پێڵاوەکانی لە پێی دەربێنن، بەڵام دڵی نەدەهات خۆشترین ئاواتەکانی ژیانی بەم بیرانە تێک بدات. سۆزانیگەلێک کە کاتژمێر پێنجی بەیانی لە تەنیشتی تێدەپەڕین، نەیاندەوێرا سەیری بکەن، چونکە خەیاڵیان دەکرد مردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *