ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس
لە ئینگلیزییەوە: کانی عومەر
لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی پەردەکانی پەنجەرەکە لارکردبوو، کونی لووتەکانی بۆنی سیپاڵی کریتۆن[1]ی خۆڵاوی دەکرد. هیلاک بوو. ژمارەیەکی کەم خەڵك تێپەڕین. پیاوەکە لە ماڵەکەی ئاخر هاتەدەرەوە بەرەو ڕێگای ماڵەکەی تێپەڕی؛ ئەو گوێی لە تەپەی جێ پێیەکانی بوو بە درێژایی شۆستە کۆنکرێتییەکە وە پاشان خرموهوڕ لەسەر پشکۆی توولەڕێیەکە پێش خانووە نوێیە سوورەکان. جاران ئەوێ مەزرایەکی لێبوو کە ئەوان هەموو ئێوارەیەك لەگەڵ مناڵی خەڵکانی تردا یارییان دەکرد. پاشان پیاوێك لە بالفاستەوە[2] هات و کێڵگەکەی کڕی و خانووی تیادا بینا کرد_وەك خانووە بچووکە قاوەییەکانی ئەوان نا بەڵکو خانووی ڕۆشنی خشت بە ساپیتە پرشنگدارەکانییەوە. مناڵەکانی شەقامەکە پێکەوە لە مەزراکە یارییان دەکرد_ دیڤینسەکان، واتەرسەکان، دونەکان[3]، کیۆی بچووکی شەل، ئەو و خوشک و براکانی. ئێرنست، هەرچەندە هەرگیز یاری نەکردبوو ، ئەو زۆر پێگەیشتوو بوو زۆربەی جار باوکی بە شووڵە وشکەڵە دڕکاوییەکەی لە مەزراکە ڕاوی دەنان؛ بەڵام هەمیشە کیۆی بچووک هیچی نەدەهێشتەوە و هاواری دەکرد کە باوکی ئەوی دەبینی دەهات. هێشتا وا دیاربوو ئەوان بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو دەمانە دڵخۆشبوون. کاتی خۆی باوکی بەو ڕادەیەش خراپ نەبوو؛ سەرباری ئەوەش، ئەوکات دایکی هێشتا لە ژیاندا بوو. ئەمە ماوەیەکی زۆر لەمەو پێش بوو: ئەو و خوشک و براکانی گەورەبوون دایکیشی مرد. تیزی دونـیش مرد، واتەرسەکانیش گەڕانەوە بۆ ئینگلتەرا. هەموو شتەکان دەگۆڕان. ئیتر ئەویش نیازی بوو وەک ئەوانیتر بڕوات. ژیوارگەکەی جێبهێڵێت.
ماڵ! ئەو چاوی بە چواردەوری ژوورەکەدا گێڕا، لە هەموو کەلوپەلە ئاشناکانیی دەڕوانی کە چەندین ساڵ بوو هەفتەی جارێك دەیسڕینەوە. واقی وڕمابوو، ئەو هەموو خۆڵە لە کوێی زەوییەوە دێتەدەر. لەوانەیە جارێکی تر ئەو کەلوپەلانەی لەگەڵیان ڕاهاتبوو، نەبینێتەوە و هەرگیز خەیاڵی نەکردبوو ڕۆژێك بێت لێیان جیا ببێتەوە. تا ئەو کاتەش بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە ئەو هەرگیز ناوی ئەو قەشەیەی نەزانی کە وێنە زەردهەڵگەڕاوەکەی بەژوور هارمۆنیۆمە[4] شکاوەکەوە هەڵواسرابوو لەپاڵ چاپکراوە ڕەنگینەکە بۆ بەستنی پەیمان لە پیرۆزکردنی مارگارێت ماری ئالەکۆی[5]. قەشەکە هاوڕێی قوتابخانەی باوکی بووبوو. هەرکاتێک باوکی وێنەکەی پیشانی میوانێك بدایە بە وشەیێکی سادە دەیبڕاندەوە “ئێستا ئەو لە میلبۆرنە.”
ئەو بە دوورکەوتنەوە قایل ببوو، دوورکەوتنەوە لە ماڵەکەی. ئایا ئەمە ژیرانە بوو؟ هەوڵی دا هەموو لایەنەکانی پرسیارەکە هەڵبسەنگێنێت. هەرچۆنێك بێت لە ماڵەکەیدا پەنا و خواردنی هەبوو، ئەوانەی لەگەڵ بوو کە لە ژیانیدا ناسیبوونی هەموو شتێکیان دەربارەی دەزانی. بە دڵنیاییەوە دەبوو بە دژواری، هەم لە ماڵ هەم لە شوێنی پیشەکەی کاری بکردایە. دەبێت ئەوانەی کۆگاکە چی بە ئەو بڵێن کاتێک دەزانن لەگەڵ دۆستەکەی ڕایکردووە؟ دەڵێن ئەو گەمژەیێک بوو، ڕەنگە، جێگاکەی بە بڵاونامەکان پڕبکرێتەوە. خاتوو گاڤان خەنی دەبێت. ئەو هەمیشە سەنگەری لێ گرتبوو، بەتایبەت لەو دەمانەدا کە خەڵک گوێی لێ دەبوو. ” خاتوو هیڵ، ئەم خانمانە نابینیت چاوەڕێن؟” “گورجوگۆڵ بە، خاتوو هیڵ، تکایە.” ئەو زۆر دڵتەنگ نابێت کاتێک کۆگاکە جێ دەهێڵێت. بەڵام لە ژیوارگە نوێیەکەی، لە وڵاتێکی دووری نەناسراودا، شتەکان وا نابن، ئەو هاوسەرگیری دەکات_ئەو، ئێڤەلاین. ئیتر خەڵک بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت کە لەگەڵ دایکی کرابوو. تا ئێستاش، سەرباری ئەوەی لە سەروو نۆزدە ساڵیشەوە بوو، هەندێکجار لەژێر زەبروزەنگەکانی باوکیدا هەستی بە مەترسی کردبوو. ئەو زانی ئەوە ئەوەبوو کە تووشی دڵگوشینی کردبوو. کاتێک ئەوان گەورە دەبوون ئەو بەو جۆرەی بەدەم ئێرنست و هارییەوە دەهات هەرگیز بەدەم ئەمەوە نەهاتبوو، لەبەرئەوەی ئەم کچ بوو؛ بەڵام لەو ئاخروئۆخرەدا دەستی بە هەڕەشەلێکردنی کردبوو پێی دەوت هەرشتێکی بۆ دەکات تەنها بۆ خاتری دایکە مردووەکەیەتی. ئیدی ئەو کەسی نەبوو بیپارێزێت. ئێرنست مردبوو و هاریـش، کە لە کارداری نەخشاندنی کەنیسەدا بوو، بە نزیکەی هەموو کاتێک لە جێگایەکی بەشی خوارەوەی شارەکەدا بوو. دەمەقاڵێ نەگۆڕەکەی هەموو شەوانێکی شەممان بۆ پارە ئەوی بەرەو وەڕەسی و لە قسەکەوتن بردبوو. هەمیشە تەواوی مووچەکەی پێ دەدا_ حەوت شیلینگ_ هاریش هەمیشە چەنی بتوانییایە دەینارد بەڵام گێرەوکێشەکە لە پارە وەرگرتن لە باوکی بوو. ئەو دەیووت ئێڤەلاین فێری پارە-بەفیڕۆدان بووە، ئەو مێشکی نییە، ئەو ناچێت ئەو پارەیەی بداتێ کە بە کولەمەرگی پەیدای کردووە تا ئەویش بەسەر جادەکاندا بیئاڤێتنێ، لەمانەش زیاتر، باوکی لە شەوانی شەممەدا زۆربەی جار لەمەش خراپتریش دەبوو. لە کۆتاییدا ئەو پارەکەی پێ دەدا و لێی دەپرسی هیچ بڕیارێکی داوە بۆ کڕینی خوانی ئێوارەی یەکشەممە. ئیدی ئەو دەبوو چەن لە توانایدایە بە خێرایی دەرچێت و بازاڕی بکات، جزدانە چەرمە ڕەشەکەی بە تووندی لە دەستیدا هەڵدەگرت و لە قەرەباڵغییە کەلەکەبڕەکەدا بە ئانیشکەی ڕێگەی بۆ خۆی دەکردەوە بە کۆڵبارێ ئازووخەوە لە درەنگ وەختدا دەگەیشتەوە. ئەو بە سەختی هەوڵی بۆ هێشتنەوەی ماڵەکە پێکەوە دەدا و چاودێری ئەو دوو منداڵە بچووکەی دەکرد کە لەژێر بەرپرسیارییەتی ئەودا جێهێڵرابوون؛ بەڕێکخراوی بۆ مەکتەب چوون و بەڕێکخراوی ژەمەکانییان خوارد. کارێکی دژوار بوو_ژیانێکی سەخت_بەڵام ئیدی ئەو خەریک بوو جێیدەهێشت و هێشتاش بە تەواوی وەك ژیانێکی نەخوازراو لێی نەڕوانی. ئەو خەریك بوو ژیانێکی تر لەگەڵ فرانك بدۆزێتەوە. فرانك زۆر میهرەبان بوو، پیاوانە بوو، قسەلەڕوو بوو. ئەو دەبوو بە سواری بەلەمی شەوانە لەگەڵی بڕوات تا ببێتە خێزانی وە لە بۆینس-ئایرس لەگەڵی بژی، لەوێ خانوویەکی هەبوو چاوەڕێی هاتنی دەکرد. چەند بەباشی بیری کەوتەوە کە بۆ یەکەمجار ئەوی تیا بینیبوو. ئەو خانوویەکی کرێی لەسەر ڕێگە سەرەکییەکە گرت کە ئەم عادەتەن سەردانی دەکرد. چەن هەفتەیەکی کەم لەمەو پێش دەستی پێ کرد. ئەو لای دەروازەکە وەستابوو، شەپقە قوچکەدارەکەی لەسەر سەری بەرەو دواوە پاڵ نابوو قژە پشێوەکەی بەرەو پێشەوە بەسەر ڕووخسارە بڕۆنزیییەکەیدا هاتبووە خوار. دواتر یەکترییان ناسی. هەموو ئێوارەیەک لە دەرەوەی کۆگاکە یەکیان دەبینی و سەیری ماڵەکەی دەکرد. بردی بۆ بینینی کچە بۆهیمییەکان و هەستی بە شادمانی کرد چونکە لە شوێنێکی نائاسایی شانۆکەدا لەگەڵی دانیشت. فرانک هێجگار شەیدای مۆسیقا و کەمێکیش گۆرانی گوتن بوو. خەڵك زانیبوویان ئەوان دڵدارن، کاتێک فرانک گۆرانی لەبارەی ئەو کیژۆڵەیە گوت کە دەریاوانێکی خۆشویست، ئەو هەردەم هەستی بە دڵخۆشییەکی سەرکوێرانە دەکرد. فرانک هەر بۆ خۆشی پێی دەوت بووکەشووشە. لەسەرەتادا زۆر خۆشبوو بۆی کە هاوەڵێکی هەبوو و پاشان وردە وردە بەدڵی ببوو. فرانک حەکایەتی شارە دوورەکانی لابوو. وەک غوڵام مانگی بە پاوەندێک لەسەر پشتی کەشتییەک لە هێڵی ئالن کە بەرەو کەنەدا دەڕۆیشت دەستیپێکردبوو. گەشتە دەریاییەکەی بەرەو تەنگەبەری ماجیلان ببوو و چیرۆکە تۆقێنەرەکانی پاتاگۆنییەکان[6]ی بۆ ئیڤەلاین گێڕابوویەوە. لە بۆینس-ئایرس گیرسایەوە و لەسەر قاچەکانی وەستا، ئەو وتی، هاتنی بۆ شارە کۆنەکە تەنها بۆ پشوویەک بووە. بە دڵنیایییەوە، باوکی بەم کەینوبەینەی ئەوانی زانیبوو و هەموو جۆرە قسەکردنێکی لەگەڵی یاساغ کردبوو.
” ئەم گەنجە چاپس لەبەرە دەریاوانانە دەناسم” ئەو وتی.
لەو جارەوەی باوکی و فرانک دەمەقڕەیان بوو ئیتر دەبوو بە نهێنی دڵبەرەکەی ببینێت.
ئێوارەکە لە قوڵایی شەقامەکەدا بوو. سپێتی جووت نامەکەی کۆشی لێڵی کردەوە. یەکێکیان بۆ هاری بوو؛ ئەوی دیکەش بۆ باوکی. هەرچەند ئێرنست دڵخوازەکەی بوو بەڵام هاریـشی خۆشدەویست. باوکی ئیتر پیر دەبوو، درکی پێ دەکرد؛ باوکی بیری دەکات. هەندێکجار ئەو زۆرباش دەبوو، زۆر تێنەپەڕیووە، بەسەر ئەو جارەی کە ڕۆژێک لە جێگەدا کەوت، باوکی لای ئاگردانەکەوە چیرۆکی تارماییەکانی بۆ گێڕایەوە و پەلەپڤە[7]ی بۆ دروست کرد. جارێکی تر، ئەوکاتەی دایکییان زیندوو بوو، پێکەوە چوونە تەپۆلکەی هاوس بۆ سەیران. ئەو بیری کەوتەوە باوکی کڵاوەکەی دایکی دەکردە سەر تا مناڵەکانی بخاتە پێکەنین. کات تێدەپەڕی بەڵام هێشتا بێوچان لای پەنجەرەکە دادەنیشت. سەری بە پێچەوانەی پەردەی پەنجەرەکە لار دەکردەوە، بۆنی کریتۆنە خۆڵاوییەکەی هەڵدەمژی. لە خوارەوەی دووری شەقامەکەدا گوێی لە ژەنینی ئۆرگان[8]ی سەرجادە دەبوو، هەواکەی دەناسی. هەموو ڕۆژێک دەبوو هەڵ بکات تا ئەو گفتەی بیربخاتەوە کە بە دایکی دابوو، سۆزی پاراستنی خێزانەکە چەند لە توانایدا بێت. کۆتا شەوی دەردەداری دایکی بیرکەوتەوە؛ هەر وەک پێشوو لە ژوورە داخراوە ڕەشەکە بوو لە ئەولای هۆڵەکە، لە دەرەوەش گوێی لە ماخولیای هەوای ئیتاڵیا بوو. فرمانیان بە ئۆرگژەنەکە کردبوو لە بەرامبەر شەش پێنس لەو ناوە دووربکەوێتەوە. باوکی بیردێتەوە کە بە فیز و تووڕەییەوە خۆی کرد بە ژووری نەخۆشییەکە و دەیوت: ” ئیتاڵییەکان بەنەفرەت بن! ئینجا سەرەی ئێرەیە!”
سروشی لە دیمەنی ژیانی دایکە هەناسەساردەکەی وەرگرت کە ڕاکشاو سروودەکەی[9] خێراتر لە وجودی خۆی حونجە دەکرد_ کە ژیان بە قوربانیدانە وەڕسکەرەکانییەوە لە دوایین شێتی نزیک دەبێتەوە. لەرزی، کاتێک جارێکی تر گوێی لە چرپەی دایکی بوو کە بێپچڕان و بە هەتەرییەکی گەمژانەوە دەیوت “دیریڤاوم سیراون! دیریڤاوم سیراوم[10]“.
بە تەزوویەکی کتوپڕ لە ترس هەستایە سەرپێ. هەڵهاتن! دەبێت ڕا بکات! فرانک ڕزگاری دەکات. هەموو ژیانی خۆی دەداتێ، هەروەها، دەشێ خۆشەویستییش. بەڵام دەیویست بژی. بۆ دەبێت ناشاد بێت؟ مافی خۆشبەختی هەبوو. فرانک دەیخاتە قۆڵەکانییەوە، لە باسکەکانی دەئاڵێنێت. ئەو دەیپارێزێت.
لەنێوان ڕاژانی ئاپۆڕاکەدا لە وێستگەی نۆرز واڵ ڕاوەستا. فرانک دەستەکانی گرت وە ئیڤەلاین هەستی کرد قسەی بۆ دەکرد، شتێکی دەربارەی ڕێگەکە بەردەوام و بەردەوام پێ دەوتەوە. وێستگەکە تەژی بوو لە سەرباز بە بارگە قاوەییەکەیانەوە. بە درێژایی دەرگا فراوانەکانی حەسارەکان ئەو چاوێکی بە بارستەی ڕەشی بەلەمەکەدا خشاند. کە لە تەنیشت دیواری شۆستەی بەندەرەکە کەناریان گرتبوو بە دەلاقە ڕۆشنەکانییەوە. وەڵامی هیچی نەدەدایەوە. هەستی بە گۆنا زەردهەڵگەڕاو و سڕەکەی دەکرد ، لە پەرێشانی و سەرلێشێواویدا، نزای کرد خوا ڕێنمایی بکات، تا نیشانی بدات کە ئەرکی چییە. بەلەمەکە دەنگی فیکەیێکی درێژی ماتەمباری ژەند بەرەو تەمەکە. سبەی، ئەگەر ڕۆیشت؛ لەسەر دەریا دەبێت لەگەڵ فرانک، ملی ڕێگە دەگرن بەرەو بۆینس-ئایرس. گەشتەکەیان پێشپارێز کرابوو. هێشتا دەتوانێت بکشێتەوە پاش ئەوی ئەو هەموو شتەی بۆ کردبوو؟ پەرێشانییەکەی سەری کێشا بۆ ڕشانەوەیەک لە جەستەییدا و بەردەوام بوو لە جوڵاندنی لێوەکانی لە نزا بێدەنگە بەتاوەکانیدا.
زەنگێک لەسەر دڵی لێی دەدا. هەستی بە گرتنی دەستەکانی کرد: “وەرە!” هەموو دەریاکانی جیهان بە دەوری دڵیدا کەوت. ئەو دەریایانەی فرانک وێنەی بۆ کێشا، ئەو دەیخنکێنێت.
لە ڕێگا ئاسنینەکە، بە توندی هەردوو دەستەکانی گرتبوو.”وەرە!” نا! نا! نا! مەحاڵ بوو. لە هەژینیدا چنگی لە ئاسنەکە گیرکردبوو. لە ناوەڕاستی دەریاکەدا هاوارێکی لە دەرد و ژان نارد.
ئێڤەلاین! ئیڤڤی!”
لەودیو بەربەستەکەوە تاوی دا بانگی کرد تا دوای بکەوێت. بەسەریدا نەڕاندیان تا بجوڵێت بەڵام ئەو هێشتاش هەر گازی کرد. ڕووخسارە ڕەنگپەڕیووەکەی بەرەو ئەو سوڕاند، سست، وەک ئاژەڵێکی زەبوون. چاوەکانی نە ئاماژەی خۆشەویستی یان ماڵئاوایی یان ناسینەوەی تیا نەبوو.
[1] کوتاڵێکی لۆکەیی قورسە، کە لە ڕوویەک یان هەردوو ڕووەکەی نەخشی گوڵئاسا هەیە. بۆ پەردە و بەرگ تێگرتنی کەلوپەلەکان بەکاردێت.
[2] پایتەختی باکووری ئێرلەندا
[3] ناوی خێزانەکانی ئەو ناوچەیەیە واتە (مناڵەکانی ئەو خێزانانە).
[4]ا ئامێرێ کە شێوەی ئۆرگێکی چکۆلانە دەد
[5] ژنەڕەبەنێکی کۆچەری فەڕەنسی-ڕۆمانیی بوو
[6] ڕەگەزێکی جیاوازی مرۆڤن، کە گوایە مرۆڤی زەبەلاحن و لە پاتاگۆن دەژین کە دەکەوێتە باشووری ئەمریکا. بۆ یەکەم جار فێردیناند ماجەلان و دەستە دەریاوانییەکەی باسییان کردووە، کە گوایە لە گەشتێکی دەریاییاندا بینیوویانە. لەو مێژووەوە چەندین چیرۆکی ترسئامێز لەسەر پاتاگۆنییەکان هەڵبەستراوە.
[7] تۆست=toast
[8] ئامێرێکە لە شێوەی پیانۆ، کیبۆردێک و لوولەیەک یان زیاتری هەیە بۆ بەرجەستەکردنی تۆنە جیاوازەکان
[9] دوعا
[10] دوعاکانی دایکی کە دەیخوێند
ههموو شتێك لهپڕ ڕووی دا… ئیسماعیل سابیر
باران دەباری، دونیا کەمێک تاریک، جادەش تەڕ. گڵۆپی بەشێک لە شەقامەکان دانەگیرساو و خامۆش،…