سڵاو…
وەکو ئیماندارێکی قەدیمی ئێستا دەتوانم خوێندنەوەم بۆ دوایین کتێبت بخەمەڕوو، دەڵێی بۆچوونەکانم لەسەر شتانێکی وەکو حوزن و عاشقبوون ساویلکانە نین و بیرۆکەی کلاسیکییانە و بێتامیش نین.
نەمردم و خودا هێشتی چێژی خەوتن لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشمئەوێت بچێژم، هەر ئەو خوایەش فڕێی نەدامە نێو کەسانێکی ڕۆح کوژاوەی جەستە خەمبار، ئەوانەی کە لافی خۆشبەختی و قەناعەتی هەتا هەتایی لێدەدەن…
لەکۆتاییەکەیدا لەقورسایی جلەکانم ڕزگارم بوو، ئێستا بە جۆرێک جل دەپۆشم کە دیارنەبێ سەر بەکامە چینی کۆمەڵگام، ماکسییەکی سادەی گوڵگوڵیم کڕیوە و لەژێر کۆتێکی ڕەشی درێژ لەبەری دەکەم، خۆ ئێستا لای هیچ کەسیش کارناکەم، دوایین خانمە بەڕێوەبەڕ کە کارم لای دەکرد دەتگوت ژنە جادوگەرەکانی ناو حیکایەتەکانی داپیرەمە کە بۆ باوکمی دەگێڕایەوە.
هەرچەندە شتگەلی زۆرم نین، بەڵام هەر هەموویم کۆکردنەوە و لە بازاڕی وەکالە بە نرخەکەی هەندێ لیمۆ و نەعنای سەوزم لێکڕی، ئا… وەکالە شوێنێکە ئێمە میوە و سەوزەی بەجوملە لێدەکرێن.
ئەو کۆتە ڕەشەی بەرم هیچ گومانێکی ئەوتۆی لای خەڵکی کۆڵان درووست نەکردووە کە من ئیدی وازم لەم بۆرجوازیەتە هێناوە. من لیمۆ و نەعناکەی خۆم هەڵدەگرم و دەچمە بازاڕی دەربالە، ئەوێش بازاڕێکە سەر بەناوچەی ڤیکتۆریا و دەورووبەرییەتی. ئای کە چەندە ئەم بازاڕەم خۆشدەوێ، بۆن و بەرامەی سەوزە و میوەی تازە تێکەڵ بە بۆنی تەپاڵەی ئەو ئەسپانە دەبن، کە عەرەبانەی کارۆ ڕادەکێشن. هەر دەڵێی کەرنەڤاڵی ڕەنگە سرووشتیەکانە، ئەو هێمنییەی ئەوێش هیچ لەگەڵ قەڕەباڵخییەکەیدا ناگونجێ.
نزیک بە ژنە مریشک فرۆشەکە دانیشتم، ئێستا وەکو جاران لە مریشکی زیندوو ناترسم، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم هەستی تووڕەییم بشارمەوە و دڵم پێیان نەسووتێ، بۆیە چیتر ناتوانم بە کوڵاویی بیانخۆم.
دایکی سەیید بێ هیچ سەرئێشەیەک ڕێگەی دام بەخۆم و شتەکانمەوە لەنزیک قەفەسی مریشکەکانی دانیشم، وتیشی من بە هۆی زەردەخەنەکەمەوە چوومەتە دڵی ئەوەوە.
بە نەغمەیەکی خۆکرد بانگم لە لیمۆ و نەعناکانم کرد، دایکی سەید لەخۆشیا خۆی بۆم لارکردەوە و داوای لێکردم مەوالێکی بۆ بخوێنم، من پێکەنیم کەچی ئەو پێداگیرتربوو لەسەر داواکەی، منیش مەوالێکی کۆنی ئەسکەندەرانیم بۆی خوێند کە چیرۆکی باڵندەیەکی دڵشکاوبوو، لە سەرتاپای بازاڕەکەدا سەدای دەنگم دەهات.
ئیدی هەنییەی پەنیر فرۆش، ئەو بێوەژنەی کە شەش کوڕ و سێ کچی لە ئەستۆبوو، بە هەلهەلەیەکی قایمی نەپچراوە فەزای بازارەکەی دوولەت کرد و بێدەنگییەکەی شکاند، دەتگوت لەپڕێک هەژاری لەکۆڵ بۆتەوە. تۆ دەزانی گابریێل هەلهەلە لای ئێمە چییە؟ چریکەی خۆشییەکی لەناکاوە.
دوای پێنج کاتژمێر بەهێمنی و سووکی ئەوێ جێدەهێلم، وەک سووکی ئەو پەڕەمووچەیەی هەرگیز نەکەوتە سەر هیچ یەکێ لە شانەکانم. ئێستا ڕوودەکەمە ناوەڕاستی شار، ئەسکەندرەیە کۆنەکەم. بەم کۆتە ڕەشەمەوە لەدەرگای یەکێ لە ڕێستوورانتە زۆرەکانی فاست فوودەوە کە لەسەرتاپای شاردا بڵابوونەتەوە، تێکەڵ بەم خەڵکە دەبم کە دەیانەوێ بچنە ژوورەوە.
کۆلایەک داوادەکەم و نایخۆمەوە، ڕوودەکەمە ئاودەست و لەوێ ماکسییە گوڵگوڵینەکەم دادەکەنم، لەجانتاکەمدا ئەو پانتۆڵە کاوبۆیە فراوانەی کە حەزم پێیەتی لەگەڵ چاکەتێکی سووفی شین لەبەردەکەم، ئیتر وەکو هەر بۆهیمییەکی ڕەسەن ڕوودەکەمە چایخانە و کوچە وکۆڵانەکانی شار…
ئۆی گابریێل، خۆ لەوانەیە هەموو ئەو شتانەم کردبێ و لەوانەشە هیچیانم نەکردبێ، هەموو کات لەبەر کۆمەڵی هۆکاری پەنهان ئێمە درۆدەکەین…
زستانی ئەسکەندەرییە هەمیشە جوانە، بەڵام هەست دەکەم زستانی ئەمساڵ تۆزێک دڵرەقە، چەند مانگێک دەبێ ناتوانم نزیکی دەریا ببمەوە، دەتگوت بەدرێژایی کۆرنیش لەوحێکی شوشەی ئەستوور بەینی من و ڕووباری گرتووە.
وەک ئەوەی لە بنی دەریایەکی مەنگی خۆڵەمێشی بۆن ناخۆشدا پەنگم خواردبێتەوە و سییەکانیشم پڕبووبێتن لەئاوە قورس و بۆنە ناخۆشەکەی، بەهەمووشیان پاڵەپەستۆیان خستبێتە سەر قەفەسەی سنگم، نەهیچ ئازارێکم پێوەدیار بوو و نەدەشمتوانی ئەو ئازارە بدرکێنم، هەر بەچەشنی ئاوەکەش خۆڵەمێشی و مەنگ بووم. هەروەکو قوڵاییە مەنگەکەشی خاڵی بووم لە ژیان، بەڵام بە دەستم هێنایەوە… زۆر بەسەختی… بەڵام توانیم بەدەستی بێنمەوە، دوایین سەردانیم بۆ پایتەخت یارمەتیدام تا جارێکی تر ژیان بەدەست بێنمەوە.
نازانم ئەم شارەت بینیوە یان نا بەڵام ئەوێ شارێکی تۆزاوی و شپڕێوە، نە بۆنی دەریای لێدێ و نە هیچ بۆن و بەرامەیەکی خۆش. ئەوێ شاری کۆبرییەکانە، بۆیەش لەوێ تووشی فۆبیای ڕێکردن لەژێر کۆبری دەبیت، خۆ لەوانەشە تۆش وەکو کۆبرییەکەی ئەسمەنتیت لێ بێت و ئەوانەش کە بەژێرت تێدەپەرن تووشی فۆبیاکەی خۆتیان بکەیت.
لەنزیک چایخانەی تەکعیبە، کە تەنانەت درەختێکیشی لێ نابینرێ خواردنگەیەکی بچووکی کۆن هەیە کە فول و فەلافل و خواردنی میللی دەفرۆشێت، لەبەردەمی خواردنگەکە وەستام چونکی لەبرسان خەریک بوو سەرم دەئێشا. بۆ چرکەیە لەبەردەمی تابلۆیەکی بازنەییدا کە بەدیوارەوە هەڵواسرابوو هەڵوێستەیەکم کرد، تابلۆکە وێنەی بەشێک لە لق و پۆپی درەختێکی زل و کۆشکێکی کۆن بوو، لە خاوەنی خواردنگەکە نزیک بوومەوە و داوای چەند ساندوێچکم کرد و دەفرەکەم لێی وەرگرت، کاتێ لە لێوارە ڕووخامییەکەی ژێر تابلۆکەش نزیک بوومەوە، بینیم دیمەنەکە دەگۆڕێ و دارەکە بەجۆرێکی تر و چەند بەشێکی زیاتری کۆشکەکە دەردەکەوێ، بزیەکەم کرد و ئەوکات تێگەیشتم کە ئەمە ئاوێنەکەیەکی خڕە و کۆشکە پەمەییە کۆن و فەرامۆشكراوەکەی شامپلیۆن نیشان دەدات.
هەر لەوە وەختەدا لە ناوەڕاستی شار خەڵک خەریکی خۆپیشاندان بوون، دڵنیام تۆ هۆکاری ئەم خۆپیشاندانانە دەزانیت چونکە تۆ لەوانە نیت ئاگات لە ڕووداوەکانی جیهان نەبێ، خۆپیشاندانەکە گەرم و گوڕ و ڕێک دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا من پێم وایە دووفاقیانە و بێ بنەمایە. من نازانم ئەم وەسفەی من چەندە درووستە لە ڕووی زمانەوانییەوە بەڵام ئەمە هەستی منە، لێت نەپرسیم بۆچی وام هەستکرد؟ ئایا گەلێک نەتوانێ کاریگەری هەبێ لەسەر حکومەتی وڵاتەکەی خۆ دەتوانێ کاریگەری هەبێ لەسەر حکومەتی وڵاتانی تر؟
من درێژە بە سەرنجە نائەکادیمییەکەی خۆم نادەم لەسەر سیاسەت، چونکە بەلامەوە جێگەی بایەخ نەماوە، شتەکان چیتر بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، تەنانەت کاتێ بەڕۆژی ڕووناک و لەناوەڕاستی شەقام دەبینم، چۆن پیاوەکان وەک ئەوەی کەس چاوی لێیان نەبێ، لەگەڵ بینینی هەر کچێکدا بە بیانووی خوران دەست بۆ زەکەریان ئەبەن!
هەموو جار بەخۆم دەڵێم، باشە گەر ئەوەندە لە پانتۆڵ بێزارن بۆچی دشداشەی بەرینی مسری یان تەنوورەی یۆنانی لەبەرناکەن. بەڵام وادیارە ئەوان حەزیان بە عەزیەتدانی خۆیانە.
پێم وابێ هەموومان جاروبار وادەکەین، ئەی وانییە؟ تەنها بۆ ئەوەی شتێک هەبێ گازاندەی لێبکەین.
گابریێل…
من هێشتاش هەست بە تەنیایی دەکەم، بەڵام ئەم تەنیایەی ئێستام تەواو تامێکی جیاوازی هەیە. بەهەر چوار لای خۆمدا ڕادەکەم، بەردەوام دەمەوێ فێرببم، تێنویەتیم بۆ فێربوون هیچ عیلاجێکی نییە، وەکو قوتابییەکی نەجیبی ژیان کاتی خۆم بەشتی بەچێژ و بەسوود بەسەردەبەم. ئیدی بەردەوام دەبم و دوای چەند مانگێک هیلاک دەبم و چەند هەفتەکیش نەخۆش دەکەوم.
ئای… چەندە حەزدەکەم دەریایەکی تر ببینم جگە لەم دەریایە، خەڵکانێکی ترم خۆشبویت لە گوزەر و شەقامی نوێ کە نامناسن و نایان ناسم، گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ.
ئەم بەیانییە لەبەردەم دەرگای ماڵەوەمان تاکێکی پێڵاوەکەم لەسەر ئەوی تریان بوو، کاتێ دایە گەورەم هاتە دەرەوە ئاماژەی بۆ کردن…
تۆ دەزانی ئەمە یانی چی.
کەواتە دیسان سەفەرە، ئاخۆ ئەمجارەیان بۆ کوێ بێ؟
چەندە حەزدەکەم بە کەشتی سەفەر بکەم چونکە لە فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان تەواو بێزارم، کەشتییەک وەک یەکێ لەوانەی لەچیرۆکەکانتدا باسی دەکەیت، کەشتییەکی گەورەی چارۆکەداری سپی خێرا، لە بەندەری وا لەنگەربگرێ وەک ئەو بەندەرانەی لە حیکایەتەکانتدا باسیان لێوەدەکەیت، تا ئەمجارەیان بەڕاستی نەک بە خەیاڵ بۆنیان بکەم. بۆنی بەندەرەکان، دەروازەی شارەکان، جا ئەوکاتە قژم لولتردەبێ لە ئێستا و تۆزێکیش کورتتر دەبێتەوە. لەوانەشە تۆزێ ئەسمەربم و ببمە خاوەنی کۆمەڵی حیکایەت…
ئێستا من نەعنا فرۆشم، لە ڕۆژە درێژ و شەوە پرشنگدارەکاندا موناجات لەگەڵ کەشتییەوانێکدا دەکەم کە نەدەیناسم و نەدەمناسێ.
دەزانم ئەم قسانەی من ساویلکانە نین بەلای تۆوە، تۆ بزەیەکت دێتی و منیش بزەی سمێڵە پرەکەتم بەسە کە خۆشمدەوێ…
هیوای تەمەنێکی درێژ و موحیبەت و تەندرووستیەکی باشت بۆ دەخوازم.
*مەبەستی نووسەر ڕۆماننووسی کۆلۆمبی گابرێیل گارسیا مارکیزە.
الشیماء حامد: خانمە نووسەرێکی میسرییە، لەدایکبووی شاری ئەسکەندرییە ساڵی ١٩٨١، یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بەناوی ״ صباحا مع فنجان قهوة״ لەساڵی 2008 بە چاپ گەیاندووە و دواتر چەندین کۆمەڵە چیرۆکێکی تری چاپ بووە بەناوی ״ لافندر، الأشباح أيضا يحلمون، حفلة في كازينو الشاطبي״ هەروەها لە کورتە فیلمێکیشدا بەشداربووە بەناوی ״ هكذا كانت الوحدة״.