ئەو ژوورەی هاوڕێكەم خۆی تیا كوشت.. سیامەند هادی

كاتێك جانتاكەم بە شانمدا شۆڕكردبووەوە، بە ئاستەمیش نەمدەوێرا ئاوڕ لەو ژوورە بدەمەوە كە بە بڕوای خۆم فوارەی خوێنی بەرەو ئاسمان هەڵدەچوو. هاوڕێكەم هەموو جارێك دەیگوت (لە كاتی سەفەردا ئاوڕ لەو شوێنە مەدەرەوە كە جێیدێڵی، نەبادا یادەوەرییەكانت فراوانیی خۆیان لەدەست بدەن و لە خاڵێكدا چڕببنەوە!).

لە دواهەمین بینینی ئەو ژوورەدا، كە پاش سێ ڕۆژ دوای مردنی هاوڕێكەم بۆ ماوەی نیو سەعات بە مەبەستی كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانم تێیدا مامەوە، یادەوەری و حەسرەتی نیو سەدەی لا جێهێشتم. بە چوار سەعات دوای مردنی هاوڕێكەم، لەگەڵ چەند كەسێك و لە ئێوارەیەكی درەنگدا تەرمەكەیمان بەڕێكرد بۆ گۆڕستانەكەی دەروازەی شار.

(ئەم شارە سەرەتا بە مردنت ئاشنا دەكات!). ئەمە قسەی هەموو جارێكی هاوڕێكەم بوو، لە كاتی هاتنەوەماندا بۆ نێو شارەكە.

ئێوارەی ناشتنی هاوڕێكەم، هەمان جۆری ئەو ئێوارانە بوو كە خۆی حەزی دەكرد هەموو ئێوارەیەكی ڕۆژانی ساڵ لەو جۆرە بێت. ئێوارانێك كاتێك تەمێكی چڵكن بەری ئاسمان دەگرێت. هاوڕێكەم دەیگوت (لەو ئێوارانەدا مرۆڤ تووشی ڕامان دەبێت و لە ئێستای خۆیدا دەتوێتەوە. هیچ یادەوەرییەكی ڕابردوو، هیچ ئومێدێكی ئایندە بە دەزووی خەیاڵیدا تێناپەڕن!).

لە بولێڵی ئەو ئێوارەیەدا كاتێك خۆڵیان بەسەر تەرمەكەدا دەكرد، ئەو پیاوە كورتەباڵایەی نانەواخانەكەی سەروو ژوورەكەمان، كە ڕۆژی چوار جار سڵاومان لێ دەكرد، گوێم لێبوو دەربارەی هاوڕێكەم لەسەرخۆ بە پیاوێكی تەنیشتی دەگوت (دوێنێ ئێوارە بە تەنها لەبەردەم نانەواخانەكەوە تێپەڕی و دەستی سڵاوی بۆ هەڵبڕین، زۆر خەمبار دەهاتە بەرچاو، بە تەواوی ڕەنگی مردووی لێنیشتبوو!).

لەو ئێوارەیەدا هەرچەندمكرد خەڵكەكە بەوە ڕازی بكەم ئەو شەوە تا بەیانی بەدیار تەرمی هاوڕێكەمەوە دانیشم، بەڵام كەس ڕێگەی بەوە نەدا و هەموویان دەیانگوت (مردوو تا زووتر بنێژرێت خێرترە!).

پاش تەواوبوونی پرسەكە، بەتەواوی بۆم ئاشكرابوو كە بۆچی ئەو خەڵكە هێندە پەلەیان بوو لە ناشتنی هاوڕێكەمدا، چونكە مردنی ئەو جگە لەو پێكهێنانی مەراسیمی ناشتنە، هیچی دیكەی لە ژیانی ئەواندا نەگۆڕی.

ئەگەرچی من گەلێك جاری دی لە كاتی ناشتنی مردووی دیكەدا ئامادە بووبووم، بەڵام هیچ جارێك ئەوەندە لەو ئاسمان و خەڵك و گۆڕە ورد نەبووبوومەوە. هەستمكرد ئەو ئێوارە تەماوییە دەبێتە یادەوەرییەك و هەموو ئێوارەیەكی دیكەی لەو جۆرە لە داهاتوودا دەبێتە بەبیرهێنانەوەی مردنی هاوڕێكەم. لە ئاپوورەی ناشتنی مردووی دیكەدا گەلێك خەڵكم بینیوە، بەڵام هیچیان لەو كەسانە نەدەچوون كە لە ئاپوورەی ناشتنی هاوڕێكەمدا دەوریان دابووم. وام بە خەیاڵدا دەهات ئیدی ئەو كەسانە لەبەرچاوی من ڕەنگی مردوویان لێدەنیشێت و لە بینینیاندا دووبارە مردنی هاوڕێكەم بەبیردەهێننەوە. لە كۆبوونەوەی خەڵكدا بۆ ناشتنی مردوو، زۆر گۆڕم بینیوە، بەڵام هیچ گۆڕێكیان وەك گۆڕی هاوڕێكەم نەیجوڵاندم. لەوكاتەدا هەستمكرد شوێنی گۆڕستانەكە بڵندتر بووە و چیدی لەهەر شەقامێكی ئەم شارەدا ڕابوەستم، گۆڕستانەكەم لێوە دیاردەبێت.

لەساتی ناشتنی هاوڕێكەمدا بیرم لە جۆری ناشتنی مردوو دەكردەوە. هەندێجار مردوو بەشێوەیەكی فراوانتر دەنێژرێت و بە دانانی لەسەر شاخێك، یان فڕێدانی بۆ نێو دەریا، یان سوتاندنی تەرمەكە، هەستێكی فراوان و بڵاو لە هەموو جارێكی یادەوەرییدا بەدووی تەرمەكەدا دەڕوات، بەڵام لێرە بە شێوەیەكی جێگیر یادەوەریی بۆ مردوو لە چاڵێكی تەسكدا هەڵدەگیرێت!

سێ شەوی دوای مردنی هاوڕێكەم لە ماڵی مامۆستایەكی هاوڕێماندا مامەوە. من هیچم نەدەخوارد، كاتێك چاوم بە چەقۆیەك كەوت كە لەسەر سینییەك بە تەنیشت قاپێك خەیارەوە دانرابوو، ئەو چەقۆیەی بەبیرهێنامەوە كە سێ‌ شەو بەر لە مردنی، هاوڕێكەم شەوانە تیژی دەكرد. ئەو چەقۆ گەورەیەی دایكی هاوڕێكەم لەكاتی هاتنماندا بۆ ئەم شارە خستبوویە نێو كەلەپەلەكانی. دەمی چەقۆكە ستیلێكی ئاویی بوو، درێژییەكەی نزیكەی بیست سانتیمەتر و پانییەكەی سێ سانتیمەتر دەبوو. دەسكێكی ڕەشی هەبوو كە لە ڕووكاری دەرەوەیدا سێ بزماری زەردی پانی تێدا نوقمكرابوون. من هەمیشە گاڵتەم بەوە دەهات ئێمە لێرە هەرگیز پێویستمان بەو چەقۆ گەورەیە ببێت. لە سێ شەوی تیژكردنی ئەو چەقۆیەدا بە هاوڕێكەم ڕاگەیاند زۆر تیژی نەكات، نەبادا دەستی یەكێكمان ببڕێت. ئەویش لە وەڵامدا دەیگوت (چەقۆیەك بەباشی گۆشت نەبڕێت چەقۆ نییە!).

ئەو مامۆستایەی هاوڕێمان كە لەو شەوانەدا لە ماڵیان مامەوە، هەوڵی ئەوەی دەدا بەوە دڵنەواییم بداتەوە، كە هەموو كەس هەردەبێت بمرێت. هەندێجاریش وەك یادەوەریی چەند ڕووداوێكی خۆش و ناخۆشی هاوڕێكەمی دەهێنایەوە بەرچاوم. لەو گەڕانەوەیەدا بەڕێكەوت باسی یەكەمین ڕۆژی هاتنمانی كرد بۆ ئەو ژوورە.

هاوڕێكەم وەك من مامۆستا بوو، پێكەوە لەم شارەدا دامەزراین و لەو ژوورەدا نیشتەجێبووین. ئەو ژوورەی چواچێوەیەكی سیخناخ بوو لە بیرەوەری و بوخچەیەكی شەتەكدراوبوو لە پەیڤ و ڕوانین. ئەو ژوورەی ساپیتەكەی یەكپارچە شینایی بوو، كە ئێمە ستوونیی دیاردەكانی بۆشاییمان لێوە ڕاڤە دەكرد. دیوارەكانی شوشەیی بوون، ئێمە ئاسۆیی هەموو ڕووداوەكانی ڕۆژانەمان لێوە دەبینی. زەمینی ئەو ژوورە ڕوون بوو وەك چاوی قرژاڵ، ئێمە بەردەوام لە نهێنییەكانی خاكمان دەڕوانی. پەنجەرەكان لاكێشەیەك بوون لە ڕووناكی، هەموو كات پرشنگیان دەدا و نیگایان ڕۆشن دەكردەوە. دەرگای ئەو ژوورە دەروازەیەكی ئاوریشمینی خەیاڵی بوو، لە چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەیدا هەستمان بە تێپەڕبوون نەدەكرد.

كاتێك لەو شەوەدا ئەو مامۆستایە باسی یەكەمین ڕۆژی هاتنی من و هاوڕێكەمی كرد، من هەندێ‌ لەو شەوانەم بیردەكەوتەوە كە لەگەڵ هاوڕێكەمدا چەندین پەیڤمان ڕۆدەكردە نێو ژورەكەوە. هاوڕێكەم لە پەیڤەكانیدا دەرفەتێكی بۆ باوەشكردن بە ژیاندا نەدەبینییەوە. هەموو توولەڕێیەكانی ئومێد و هیوای دەبردەوە سەر خەرەندی ڕۆچوون. گەشبینی مرۆڤی بە خۆهەڵخەڵەتاندن دەزانی و دەربارەی مردنیش دەیگوت (دەبوایە مرۆڤ نەیزانیبایە كە دەمرێت، چونكە تۆ كاتێك بزانیت هەردەمریت، ئیدی تا زووتر بمریت پەتی خەیاڵی ترس و نائومێدی لە مردن كورتتر دەبێت). هەر لەو ڕوانگەیەشەوە لە جیهانی دەڕوانی، دەیگوت (لەكاتی بوونی مندا جیهان بوونی تەواوی هەیە و هەموو شتێك ئاساییە، بەڵام كە من مردم جیهان هیچ مانایەكی نامێنێ و بوونی نابێت). كە من ڕۆژی سەری ساڵ و بۆنە و یادەكانم جیادەكردەوە و پێموابوو ڕۆژی سێشەممە ڕۆژێكی شوومە، ئەو دەیگوت (هەموو ڕۆژەكانی ساڵ وەك یەك وان، تەنانەت سەری ساڵ و سەدە و هەزارە و ڕۆژانی بۆنەكانی دیكەش وەك ڕۆژانی ئاسایی وان، بەڵام ئێمە بەجودایی لێیان دەڕوانین).

هاوڕێكەم گاڵتەی بە هەموو بۆنە و جەژنێك دەهات، چونكە دەیگوت (ئێمە یادی ڕووداو و كارێكی گەورەی ڕابردوو دەكەینەوە، كە ئێمە نەمانكردووە، هەربۆیە خۆهەڵكێشان بەشتێكەوە كە تۆ نەتكردبێت هیچ مانایەكی نابێت). بڕواشی بەوە نەبوو کە مرۆڤ خۆی پابەند دەکات بە شوێنێکەوە، هەربۆیە هەموو جارێک دەیگوت (لە هەر شوێنێک مردم، هەر لەوێ بمنێژن).

مامۆستاكەی هاوڕێمان لەو شەوەدا لەوە دەچوو هەستی بەوە كردبێت من گوێم لە هیچ لەو قسانە نەبووە ئەو كردوونی، چونكە دوای ئاخهەڵكێشانێكی قوڵ، بێدەنگییەك منی هێنایەوە نێو ئەو ساتەوەختە. لە شەوی یەكەمی دوای مردنی هاوڕێكەمدا لە ماڵی ئەو مامۆستایەی هاوڕێمان نەنووستم و هەموو یادەوەرییەكانی ڕۆژانی پێكەوەبوونمان وەك فیلمێك بە بەرچاومدا گوزەری دەكرد.

ڕۆژی بەجێهێشتنی ئەو شارە، ئەو ڕۆژە بوو كە دوای سێ ڕۆژ لە مردنی هاوڕێكەم بۆ ماوەی نیو سەعات بە مەبەستی كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانم لەو ژوورەدا مامەوە. كاتێك دەرگای ژوورەكەم كردەوە، وەك ئەوەی دەروازەی ئازارێك بخەمە سەرپشت، دەنگێك لە دەرگاكەوە بەرزبووەوە. دوای ئەوەی بە زەحمەت دەرگاكەم كردەوە، كەوتمە كۆكردنەوەی كەلوپەلەكانم و بۆ ماوەیەكی كورتیش لە ژوورەكە ڕامام. لەو ساتەدا وام هەست دەكرد هیچ شتێك بەم ژوورەوەم نابەستێتەوە. هەربۆیە حەزم دەكرد بە خێرایی بچمە دەرەوە. ساپیتەی ژوورەكە یەك پارچە ڕەشایی دەینواند، كە هەموو نهێنییەكانی بۆشایی لێ ون دەكردم. دیوارەكانی وردە وردە دەهاتنەوەیەك و لە هەموو چواردەوری دووردەخستمەوە. زەمینی ژوورەكە خمخۆرك بوو، ئەوەندەی نەمابوو بەرەو قوڵاییم هەڵلوشێت. پەنجەرەكان لاكێشەیەك بوون لە تەمومژ و بەردەوام تاریكییان لە دەرەوە هەڵدەمژی و ڕۆیان دەكردە نێو ژوورەكەوە.

دواتر بەهۆی تەڕبوونی قاچەكانمەوە نیگام لەسەر پەڵەخوێنێكی گەورەی ناوەڕاستی ژوورەكە لەنگەری گرت، وردە وردە ئەو پەڵەخوێنە قوڵپی دەدا و گەورەتر دەبوو، لەسەرخۆ بەژوورەكەدا بڵاو دەبووەوە. تەماشای دیوای لای چەپی ژوورەكەم كرد، پرژەی خوێنم هاتە بەرچاو، كە بە ڕووی دیوارەكەدا پەخش بووبوون. نێوان هەر دوو دڵۆپێك لەو پرژە خوێنە سێ پەنجە دەبوو. تا بەرەو سەرەوەی دیوارەكەش بتڕوانیایە دڵۆپەكان بچوكتر دەبوونەوە، تا ئەوكاتەی لە نزیك ساپیتەی ژوورەكەدا لەبەرچاو ون دەبوون. دەنگی چۆڕاوگەی دڵۆپێكی هێواش ئاوڕی پێ دامەوە، كە ڕوانیم چەترە هەڵواسراوەكەی هاوڕێكەم بوو، بە هێواشی دڵۆپ دڵۆپ خوێنی لێ دەچۆڕی. دەنگی دڵۆپێكی دیكەی لای چەپی ژوورەكە نیگای لەسەر چەترەكە پێهەڵگرتم و گوێزایەوە سەر خۆی، تەماشام كرد كراسێكی هەڵواسراوی هاوڕێكەم بوو، كە تكتك خوێنی لێ دەكەوتە خوارەوە بۆ سەر زەوی ژوورەكە. بێزاربوون لە دیمەنە سامناكەكانی لای چەپی ژوورەكە، بەتەواوەتی وەری چەرخاندم، كە تا ئەوكاتەش ئاوڕم لەلای ڕاستی ژوورەكە نەدابووەوە. لە یەكەم ئاوڕدانەوەدا نیگام لەسەر جێگەی هاوڕێكەم ڕاگرت، بینیم كەللەسەری هاوڕێكەم لەسەر پشتییەك بەلاری كەوتووە و قوڵپەقوڵپ خوێن دەردەدات. نەمتوانی زیاتر چاوەكانم لەسەر ئەو كەللەسەرە ڕابگرم، هەربۆیە بەناچاری لە خوارەوەی ژوورەكەم ڕوانی. تەماشام كرد هەردوو پێی هاوڕێكەم لەنێو پێڵاوەكانیدا بەجێماون، كە وەك مۆم تكتك دەتوانەوە و خوێنیان پێدا دەهاتە خوارەوە. ئاوڕم لەلای سەرەوەی ژوورەكە دایەوە، دەفتەرێكی لەخوێنهەڵكێشراوی نمرەی قوتابییەكانی هاوڕێكەمم بینی، كە چوار پەنجەی دەستی ڕاستی هاوڕێكەمی لەسەر كەوتبوو. كاتێك هەنگاوێكی پڕ لە ترسم بۆ دواوە هەڵهێنا، ترپەترپێكی هێواش سەری بەرەو خوار پێ دانەواندم. تەماشام كرد پارچە گۆشتێكی سوور لە ناوەڕاستی ژوورەكەدا كەوتووە و لەهەر لێدانێكیدا چەند دڵۆپێك خوێن دەردەداتە دەرەوە. پەنجەرەكان تا دەهات تاریكتر دەبوون و تارمایی خوێن دایدەپۆشین. بۆنی خوێن بەتەواوی ژوورەكەی داگیر كردبوو. لەگەڵ ئەوەی لەشم تا دەهات قورستر دەبوو، قورگیشم تەڕایی تیا نەمابوو، هەربۆیە بەمەبەستی گەڕانەوەی تەڕایی بۆ لەشم دەستم برد بۆ پەرداخێك، سەیرم كرد پڕە لە خوێن. پەرداخەكەم لەدەست كەوتە خوارەوە و خوێنەكە بەنێو ژوورەكەدا بڵاو بووەوە. هەناسەم بە پچڕ پچڕی دەدا و تا دەهات لەشم قورستر دەبوو. لەوە دەچوو هەموو خوێنی لەشم لەژێر پێستەكەمدا كۆبووبێتەوە و لەپاڵەپەستۆدا بێت بۆ دەرپەڕین. بەپەلە كەلوپەلەكانم پێچایەوە و خۆم گەیاندە دەرگاكە. لەكاتی كردنەوەی دەرگاكەدا بینیم چوار پەنجەی دەستی چەپی هاوڕێكەم بە دەسكی دەرگاكەوە بەجێماوە. بەپرتاو بە قاچی ڕاستم درزی دەرگاكەم گەورە كرد و بە لەشی قورس و هەناسەبڕكێوە خۆم لە ژوورەكە قوتار كرد.

لە دووەم شەوی مانەوەم لە ماڵی ئەو مامۆستایەی هاوڕێماندا، بەژێرخۆڵەوەكردنی كوللەیەكی مردوو لەلایەن مناڵی مامۆستاكەوە، جارێكی دی بردمییەوە بۆ ساتی ناشتنی هاوڕێكەم لەنێو گۆڕستانەكەدا. بەو كفن و بەرد و خۆڵەی هاوڕێكەمیان پێ حەشار دەدا، وام هەستدەكرد دەیانەوێت بە خێرایی و بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هاوڕێكەم لەبەرچاوی جیهان ون بكەن و تەنها درزێكیش نەهێڵنەوە بۆ سەلماندنی بوونی لەپێش مردنیدا. چونكە لای ئەوان مردنی ئەو نە هیچی گۆڕی و نە هیچیشی خستە سەر ژیان. هاوڕێكەم خۆیشی ئەمەی زانیبوو، هەربۆیە لە پێش مردنیدا هەموو شتێكی ئەو نیوەڕۆیەی بۆ ئامادە كردبووم. لەبەرئەوە لە كۆتایی ناشتنی هاوڕێكەمدا وام بەخەیاڵدا دەهات ئەو كێلەی بۆی دەچەقێنن، جگە لە سیمبولی مردن بۆ بەرچاوی زیندووەكان، هیچ مانایەكی دیكە لەخۆناگرێت!

ئەو بێدەنگییەی دوای ناشتنی هاوڕێكەم باڵی بەسەر گۆڕستانەكەدا كێشا، حەسرەتێكی گەورەی لا بەجێهێشتم، چونكە هاوڕێكەم جگە لەوەی زۆر بەبێدەنگی ژیا، زۆر بەبێدەنگیش مرد. زۆر بە بێدەنگی مرد، وەك بێدەنگیی سوتانی جگەرەی فڕێدراوی ڕێبوارێك. بێدەنگ وەك ونبوونی شەونمی سەر پەلكەگیایەك. كاتێك مرد هەموو گوێیان لە ئاست مردنیدا كەڕكرد و بە شپرزەیی هەوڵی شاردنەوەی تەرمەكەیان دەدا!

سەربڕینی مریشكێكی نێو حەوشەی ماڵی مامۆستاكەی هاوڕێمان لە دواهەمین شەوی مانەوەم لەو شارەدا، ڕۆژی مردنی هاوڕێكەمی وەك فیلمێكی كورت هێنایەوە بەرچاوم:

لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەدا كاتێك لە قوتابخانەوە دەگەڕامەوە بۆ ژوورەكە، تەمومژێكی چڵكن بەری ئاسمانی شارەكەی گرتبوو. بەڕێگەوە هەستم بە دڵتەنگییەكی گەورە دەكرد و ئارامم لێ بڕابوو. زۆر بەپەلە بووم بگەمە لای هاوڕێكەم و خۆسووتاندنی ئەو ژنەی نزیك قوتابخانەكەمانی پێڕابگەیەنم، كە دوێنێ شەو بەهۆی دەنگەدەنگێكەوە لەگەڵ مێردەكەیدا ئاگری لە خۆی بەردابوو. چونكە هاوڕێكەم زۆر حەزی بە بیستنی هەواڵی لەو جۆرە ڕووداوانە دەكرد! لە كاتی ڕۆیشتندا قیڕەی قەلەڕەشێك كە بەسەر ئاسمانی ژوورەكەوە خولی دەخوارد سەرنجی ڕاكێشام، هەربۆیە خێراتر هەنگاوم دەنا. تا گەیشتمە بەردەم ژوورەكە و دەرگاكەم كردەوە. كە چوومە ژوورەوە، جەستەی هاوڕێكەم بە ڕاكشاوی لە ناوەڕاستی ژوورەكەدا هەموو ڕابردووی وەستاندم. بەپەلە خۆم گەیاندە سەر ئەو جەستەیەی كە پێدەچوو پێش چەند دەقیقەیەك گیانی لەدەستدابێت، هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕا. پارچەیەك كاغەز لە دەستی ڕاستیدا بوو، تەنها دوو دێڕی بە گەورەیی لەسەر نووسرابوو، بەڵام بریقانەوەی چاوەكانم بەهۆی فرمێسكەوە لەوساتەدا ڕێگەی خوێندنەوەی نەدام. هەربۆیە بەخەیاڵمدا هات بەدووی هۆكاری ئەو حاڵەتەدا بگەڕێم. بە خێرایی چاوم بەنێو ژوورەكەدا گێڕا، دوای ئەوەی هیچی ئەوتۆم لە ژوورەكەدا نەبینی كە جێگەی سەرسوڕمان بێت، لە كۆتاییدا چاوم لەسەر تەرمی هاوڕێكەم لەنگەری گرت. سەیرم كرد چەقۆیەكی گەورەی دەسك ڕەش، كە لە ڕووكاری دەرەوەیدا سێ بزماری زەردی تێدا نوقم كرابوو، لەسەر دڵی هاوڕێكەم چەقیبوو. لەوساتەدا پاشگەزبوومەوە لە گاڵتەی هەموو ئەو جارانەی كە هاوڕێكەم باسی خۆكوشتنی دەكرد!

هاوڕێكەم زۆر بە بێدەنگی مرد، جگە لە دوو دێڕی سەر ئەو پارچە كاغەزە، هیچی بۆ بەجێنەهێشتم. ئەو دوو دێڕەی كە لە هەر سێ شەوی مانەوەم لە ماڵی مامۆستاكەی هاوڕێماندا بە بەردەوامی دەمخوێندەوە، نووسیبووی:

لە باسی مەینەت و دەردی دەروونی بۆیە دەم نادەم

لە خوێناوی دڵی پڕ غەم كە سینەم مەوج ئەدا تادەم*

چیدی نەمتوانی دوای مردنی هاوڕێكەم لەو شارەدا بمێنمەوە و لەو ژوورەدا بگوزەرێم، هەربۆیە كاتێك جانتاكەم بە شانمدا شۆڕكردبووەوە، بێ ئاوڕدانەوە لەو ژوورە، بڕیارمدا بەیەكجاری ئەو شارە بەجێبهێڵم!

* دێڕە شیعرێكی (مەحوی)یە.

قەڵادزێ‌- پایزی 1999

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *