خشەی شتێک دەهات لە دەرەوە. لە گسکدانی حەوشە یان هەڵڕشتنی فەردەیەک گەنم دەچوو. جگە لەوە هیچ شتێک نەبوو لەم بەیانییە زووەدا کەشی هێمنی ژوورەکە تێک بدات.
هێشتا چاوەکانی نەکرابوونەوە، ژوورەکە تاریک بوو، پەنجەرەکان ڕووناکییەکی کزی لە بولێڵی بەیانی دەدزی، وەک شاشەی سینەمایەک لە تەپ و تۆزی جەنگدا ئیش بکات. نوێن و سەرینەکان لەسەر یەک کەڵەکەکرابوون، بەتانییەکان قەدکرابوون، دوو جانتای ئاخنراو لە خوار قاچییەوە، لە تەنیشت دەرگاکەدا دانرابوون. “سامان” هێشتا چاوی نەکرابوەوە، خشەی شتێک لە دەرەوە، خەبەری کردەوە.
“وەک بەچکە پشیلەیەک هاتمەوە دەرەوە، نەمدەویست کەس خەبەر بکەمەوە، ئێمە پێنج کەسین، لەم ژوورەدا دەخەوین، کە براکەم دێتەوە، من و دایکم لە تەنیشت دەرگاکەوە دەخەوین”.
دایکم لە هەیوانەکەدا بوو، خشەی دەستی دەهات، نە گسکی لە حەوشەکە دەدا، و نە گەنمی هەڵدەڕێژا. بەیانییەکی ساردی سەرەتای مانگی شوباتە، دایکم لەسەر پەڕۆیەکی شڕەڵە دانیشتووە، دەستی دەجوڵێتەوە، من وائەزانم گۆرەوی دەشۆرێت، یان نینۆک دەکات.
هاتم، وەک جوجەڵەیەکی برسی لە تەنیشتیدا دانیشتم، سەرمام بوو، خۆم خزاندە ژێر باڵی، بۆنی دووریی لێ دەهات، وەک لە نیشتیمانێکی تردا فڕێ درابێت، بۆنی بیرکردنەوە لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی.
قوتوی بۆیاخەکەی لە بەردەمی خۆیدا دانا بوو، زوو زوو فڵچەکەی بە قوتوی بۆیاخەکەدا دەکرد، بۆیاخەکە لێی نوسرابوو “عدالت”. سەدەها تاڵی ڕەشی فڵچەکەم لەناو قوتوی بۆیاخەکەدا دەبینی. دایکم پۆستاڵەکانی بۆیاخ دەکرد. پۆستاڵەکانی براکەم. وەک ئەوەی مەنجەڵی مس پاک بکاتەوە، دایکم فڵچەی بە پۆستاڵەکاندا دەهێنا.
نازانم دایکم لە کەیەوە هەستاوە، تاکێک پۆستاڵی تر لەولاوە دانراوە، ئەڵێی لە خم هەڵکێشراوە، ڕەش دەکاتەوە.
دەرگای مەتبەخەکە کراوەتەوە، کتلیەکە لێمەوە دیارە، لە شەمەندەفەرێکی ماندوو دەچێت، هەڵم لە لوولەکەیەوە بەرز دەبێتەوە.
” گورگە گیان، بڕۆ خێرا نانی گەرم و سەتڵێک ماست بهێنە.. پەنیرمان هەیە. نانی گەرم و ماست. خێراکە.. وا نیوەڕۆیە”.
گورگە من بووم، تەمەنم دە ساڵە، باریکم و زیتەڵ. باوکم هەموو جارێک پەسنی دەکردم. دەیوت:” ئەڵێی شیری ماری خواردووە”. خۆم بیرم نییە شیری چیم خواردووە، بەڵام هەمووان لە ماڵەوە بە گورگە بانگم دەکەن.
لەبەر بەلوعەکەدا دەموچاوم دەشۆم، قەمسەڵەکە دەکەمەبەرم، دەڕۆمە دەرەوە، بایەکی سارد، وریام دەکاتەوە. نانەواکە لەسەر کۆڵانەکەیە، لێمانەوە نزیکە. خۆشحاڵم نانەواکە نزیکە.
ئەمڕۆ دەبێ براکەم بڕواتەوە، تەنها هەفتەیەک مۆڵەت وەردەگرن، خۆی و هاوڕێکانی. کە دێنەوە ئەڵێی لە ڕاوە ورچ بوون، یان لە بیاباندا بە دوای ئاودا گەڕاون. بۆنی هەموو شتێکیان لێوە دێ، مرۆڤ نەبێ. شێوەیان لە بەچکەی شامپانزی دەچێت. کە دێتەوە، حەز ناکەم لە ماڵەوە بم، یان خۆم دەشارمەوە، تا خۆی دەشوات و ڕیشی لا دەبات، ئەوجا تێر ماچی دەکەم.
لە لانکرۆزەرەێکی قاوەیی کاڵدا دێنەوە، ئەوان پێی دەڵێن مێک زەمینی، پێی دەڵێن ئاسکی دەشت. لە دواوە سەر و چاوی خۆیان هەڵدەپێچن و دەڕۆن، وەک بیانەوێ کەس نەیانناسێتەوە.
سەیری کاتژمێری سەر دیوارەکە دەکەم، حەوت و چارەکە. دوو جانتاکە دەبینم، بیر دەکەمەوە، نامەوێ هیچم بیر بچێت، تا دوو مانگی تر لە جێگەی وا گەرم و ژوورێکی وا هێمن و دڵنیادا ناخەومەوە.
دێمە دەرەوە، لەبەر دەرگای ژوورەکەدا نەعل لە پێ دەکەم، نەعلەکان ڕەقن و سارد، ئەڵێی لە بەفرا دەرهاتوون. سەرنجی هیچ شتێکی حەوشەکە نادەم، وەک بترسم لەوەی دیمەنێک لە مێشکمدا بمێنێتەوە. سەر دائەخەم و دەڕۆم. سەرئاو دەکەم. دێم و لەبەر بەلوعەکەدا دەموچاوم دەشۆم، تەزوویەک، ئەڵێی دەرزیە بەناو دەمارەکانمدا دەگەڕێت، دەستم ئاوەکە ناگرێت، لە نێوان پەنجەکانمەوە ئاو دەڕژێت.
دایکم لە مەتبەخەکەدا دەبینم، وەک ڕۆبۆت دێت و دەچێت، ئەڵێی بۆ سەفرەیەکی دوور خۆی ئامادە دەکات، پەنجەرەکە لە ناوەوە تەمی کردووە. تارمایی دایکم دیارە، دایکم لە تاریکیشدا ڕەنگی خۆی وون ناکات.
تەقەی دەرگای حەوشەکە، سەرم دەسوڕێنێت، دەرگایەکی یەک تاکییە، تەنها دیوی دەرەوەی بۆیاخێکی ڕەساسی کاڵە، لەم دیوەوە، لە دەفتەر وێنەی منداڵێکی شەش ساڵ دەچێت.
“سامان” بە سەتڵێک ماست و عەلاگەیەک نانەوە خۆی دەکاتەوە بە ماڵدا، سەرما ڕەنگی بزرکاندووە، من نابینێت، یان ناتوانێت سەری بسوڕێنێت، تەزیووە.
“ممم بۆنی گۆشت دێ.. لە دەرەوە بۆنم کرد… دایکە ئەڵێی جەژنە..؟”
دایکی وەڵام ناداتەوە. لەچکەکەی هێناوەتە سەر ڕووخساری، وەک ئەوەی خۆی لە شتێک بشارێتەوە.
“نانەوا قەرەباڵغ بوو، هەمووی پەلەیەتی”. دایکم قسەیەک ناکات، سەیریشم ناکات. لێی نزیک دەبمەوە. شفتە دەبرژێنێ، چەند دانەیەکی لە قاپێکی نزیک لە ئاگرەکە داناوە، سێ شفتەی تر لەناو تاوەکەدا قرچەیان دێت. سەر دەبەمە پەنا گوێی. لێی ورد دەبمەوە. دایکم فرمێسک بە چاویدا دێتە خوار، وەک منداڵێک دەگری و قسە ناکات، لوشکەی لووتی دێت و بە لەچکەکەی دەیسڕێت. جارجار فرمێسکێک دەڕژێتە ناو تاوەکە، ڕۆنەکە دەبێتە بڵقی بچووک ، و وەک هەڵدانی بەرد بۆ ناو گۆماوێک، قرچەی دێت و پرژ دەدات.
من لە مەتبەخەکە نزیک دەبمەوە. “سامان” و دایکم لە پەنای یەکدا وەستاون. لا دەکاتەوە. “بەیانیت باش کاکە”. وەڵامی دەدەمەوە. سەیرم دەکات. دەیەوێ شتێکم پێ بڵێ، چاوەڕێ دەکەم. هیچ ناڵێت. چاوم تێدەبڕێت. قسە ناکات. دەستی بۆ سوچی دیوارەکە ڕادەکێشێت.
پۆستاڵەکان ببون بە قەتران. بۆیاخەکەی بریقەی دێت. لەسەر پارچە پەڕۆیەک لە تەنیشت یەکتردا. ڕێک و جوان دانراون. لە پۆستاڵی پیاوێک دەچن تازە کرابێتە جەنەڕاڵ.
بۆیاخ و فڵچە نابینم لەو ناوەدا. “سامان” بەسەر ئاماژە بۆ دایکم دەکات، و دەستەکانی ئاخنیوەتە گیرفانی. خۆی کرژ کردووە.
وەک لەسەر بورکان وەستابم، بەرز دەبمەوە و دەمەوێ هاوار بکەم. تووڕەم، زمان لە زارمدا ناسوڕێت. سەیری پۆستاڵەکان دەکەمەوە، سەیری “سامان” و دایکم دەکەمەوە. هەناسەیەکی ئاگرینی سینەم، ئارامم دەکاتەوە و هاوار ناکەم.
“دەبێ ئەمشەو، دوای نیوەشەو، بچینە گردەکەی ئەوبەر. برادەرانی خۆمان لەو بەرن. ئێمە وەک هێزی پاڵپشتی دەچینە لایان. بەو بەرزاییەدا، وەک کۆلارە، دەبێ بفڕین و دەنگمان نەیەت، و… “
سەر لە ئێوارە کلوە بەفرەکان وەک دەنکە موروو دەبارین. کەرتەکەی ئێمە پانزە کەس بووین. هەموومان کوڕی شارێک بووین. ئەفسەر نەبێ. ئەفسەری کەرتەکەمان تەمەنی لە هەموومان زیاتر بوو، پێنج یان شەش ساڵ لە ئێمە گەورەتر. کەلــلەزلێکی بێ مل، تەمەنی بیست و هەشت ساڵی تەواو بوو.
” دەبێ دەنگمان نەیەت… و ببینە پاسەوانی خۆمان، ئاگامان لەوەی پێش و دوای خۆمان بێت”. سەیری ئێمە و ئەوبەری دەکرد.” ئەمشەو لێرە دەمێنینەوە، ئێشکگر و پاسەوان دائەنێین، هەر کەسە و سەعاتێکی بەرئەکەوێت تا نیوەی شەو”.
ئەو شەوە، لە ترس و سەرمادا، خۆتان خزاندبووە ژێر بەتانیەکان. بیرتان لەوە دەکردەوە بەفری زیاتر ببارێت، سبەینێ لە گردەکەی ئەوبەر، شەڕە تۆپەڵ بکەن و هاوڕێی تازە بناسن.
“ئەم شەڕە سەعاتی سفری نییە، وەک مار دەخشێن، هەندێک جار وەک مڵە ژێر زەویەکە هەڵئەدڕن و دێنە سەرمان”. ئەفسەری کەرتەکەمان لەسەر جێگەی خەوتنەکە وای دەوت، ئێمەش کەرتێک بووین لەو حەشاماتە گەورەیەی ناویان نابووین لیوای تایبەت.
سەرەتا بە پاسی گەورە دەهاتین، پێمان دەوت بیست و یەک نەفەری، بەڵام زیاتر لە سی کەس لە پاسێکدا دەبووین. وەک مەڕ هەڵیان دەڕێژان، لە ئاسمانەوە لە مێروولە دەچوون، گەلە مێروولەی گەورە. بەسەر ڕێگەکەدا دەڕۆشتن، بەسەر شاخدا، بەناو باخدا، بە ناو شاردا، بە ناو خاردا. وەک ڕەوە کولـلە دەهاتن و دەڕۆشن و دەبینران.
وازم لە قوتابخانە هێنا. بووم بە پێشمەرگە، باوکم دەیوت “با شەڕیش ببینی”، ” با ببیتە پیاو”. دایکم سەیری دەکرد و هیچی نەدەوت، وەک ئەوەی سەیری دارێک بکات و گەڵاکانی هەڵوەرێت.
دەبوو بڕۆم، دەبوو تاقە ژوورەکەمان بۆ ئەوانی تر چۆڵ بکەم. لە ژوورەکەدا شوێنم گرتبوو. شەرمم دەکرد. لە لای دەرگاکەوە دەخەوتم. دەرگاکە تا بەیانی، دەیان جار دەکرایەوە و دەیان جار لە خەو ڕادەبووم.
“سەرۆک بە خودا، بە پێغەمبەر، بە گۆڕی شەهیدان، یەک کەسم نەبینی، وامزانی لە ئاسمانەوە دابەزین”. ئێشکگرەکە دەنگی دەلەرزی، دەستی دەلەرزی، خۆی دەلەرزی. ” نازانم گولـلە لە کوێوە دەهات. یەکەم گولـلە بەر شانم کەوت و کەوتم. هاوارم کرد، دەمقیڕاند، ڕاکەن جەماعەت. هاتنە سەرمان”. لەبەر برینی شانی دەنگی نەدەهاتە دەر.
ئەفسەر لە پێشمانەوە بوو، ئاوڕی دەدایەوە و هەنگاوی خێراتری دەنا، دەیوت “ڕاکەن، دراینە بەر هاوەن، دەسڕێژمان لێ دەکەن، گیانی خۆتان ڕزگارکەن و ڕاکەن”. و لە بەفرەکەدا، تکەی عارەقم لە تەوێڵیدا دەبینی.
بە لێژاییەکەدا ڕامان دەکردە خوارەوە، گولـلەکان وەک کلوە بەفر دەبارین. بەفر و گولـلە دەهات و دەخلیسکاین، دەکەوتین، و بە خشکە بەناو بەفرەکەدا دەخزاین.
بەناو بەفرەکەدا دەخزانە خوار، ببووە شەڕی سەگ و گورگ. کڕێوە هەڵیدەکرد و چاوتان نەدەکرایەوە، کەوتبوونە بەر قەپاڵی چەقەڵ، کەوتبوونە دوای ئەفسەر، بەفر و هاوەن و گولـلەکان بەیەکەوە دادەبارین. گوێت لە هاواری کەسێک بوو. لات کردەوە، نەتناسییەوە. لە دەنگی ” ئامانج”، “ووریا”، “سەردار”، “ئەحمەد” ، و لە دەنگی هەموویان دەچوو. لات کردەوە. بەفرەکە سوور ببوو، دەتویست خۆت لە بەفرەکەدا بشاریتەوە، بکەویتە چاڵێکەوە و خۆت وون کەیت، ببیتە زیخێک و بەناو زەویەکەدا ڕۆ بچیت.
غلۆر دەبوویتەوە، دەکەوتی بەسەر ئەوانی تردا، ئەوانی تر دەکەوتن بەسەر تۆدا، بەفرەکە ڕەشێتی شەوی لە خۆیدا حەشار دابوو. خۆت بچووک کردەوە، دەترسایت، هاوارت دەکرد. لە ساتێکدا گەرم داهاتی، ئازارت نەبوو، ” گولـلە لە سەرەتادا ئازاری نییە”، نازانی ئەمەت لە کێ بیستبوو. دەستت خستە سەر ئەژنۆت، تەڕ بوو. بۆ خوێن گەڕایت، هەڵم لە سەروو ئەژنۆتەوە دەردەچوو. چەمایتەوە، ڕەنگت وەک بەفرەکە سپی هەڵگەڕا. میزت کردبوو بە خۆتدا. ناوگەڵت گوشی، هەڵم و تەڕایی لە نێوان پەنجەکانتەوە دەردەچوون. شەرمت کرد، لە بەفرەکەدا خۆت گەوزاند، نەتدەویست ئەفسەر و هاوڕێکانت بە میز و ترسەکەت بزانن.
ئەو ئێوارەیە دایکم شلەی پەتاتەی لێ دەنا، برنجەکەی خستبووە سەر، تەمومژی ئەو ڕۆژە عەسری لێ کردبووین بە شەو، ئێوارەیەکی درەنگی کۆتایی مانگی شوبات بوو، سێ هەفتە بوو ماڵت بەجێ هێشتبوو. ” ئەمڕۆ چەند شەهید هاتەوە بۆ شار گورگە گیان؟”.. لە بەردەم عەلادینەکەدا کزۆڵەمان کردبوو. دایکم چاوەڕوان بوو وەڵامی بدەمەوە. تەقەی دەرگاکە کردینی بە بەرد، گوێمان هەڵخست. دووبارە تەقەی دەرگاکە. چاومان، وەک سیحری لێ کرا بێت، ئەبڵەق بوو.
“کاروان” قوڕگی وشک بوو. ” دایکە من بۆ شایی ناڕۆم، کەس لەو شاخ و بەفر و کڕێوەدا ژن ناهێنێت، وا ئەزانیت بۆ پاریس و لەندەن ئەڕۆم”. وەستا، پۆستاڵەکانی ڕاگرتبوو تا دایکم جوانتر بیبینێت. ” ئەم پۆستاڵانەت بۆ بۆیاخ کردووە”؟. لە بەردەم مەتبەخەکەدا وەستا بوو، وای دەوت بە دایکم.
من هەردوو جانتاکەم بۆ هەڵگرتبوو، ئاخنرا بوون لە جل و بەرگ و بەتانی، بۆنی سابوون و تایت لە جانتاکانەوە دەهات، بۆنی شفتە و نانی گەرمیش.
“کاروان” خۆی تفەنگ و مەخزەنەکانی لە خۆی بەستبوو، وەک ئەوەی لەبەردەم ماڵی خۆماندا شەڕ بکات. چاوەڕوانی هاوڕێکانی بوو، پێکەوە لە مێک زەمینیەکەدا، بڕۆنەوە بۆ شەڕ. شەڕی براکان.
دایکم تا مرد، جارێکی تر شلەی پەتاتەی لێ نەنا، لەو ڕۆژە بەدواوە، هێندەی چۆلەکەیەکی دەخوارد، من نەمبینی، بەڵام کە مردبوو، وایان زانیبوو تەنها جلەکانێتی لە حەوشەکەدا کەوتووە، بێ جەستە.
دایکت هاواری پۆستاڵەکانی دەکرد، ئەوانەی نزیکەی مانگکێک پێش ئەو ئێوارەیە، بۆی بۆیاخ کردیت و تۆ توڕە بوویت.
تۆ نەتدەبینی، لێرە نەبوویت، لە بەتانییەکدا نیوە لەشێکیان هێنابوو، دوو قاچ لە سەروو ئەژنۆوە، شان و کەلـلەسەرت وەک خۆی مابوو. چەند کەسێک بەتانیەکەیان هەڵگرتبوو، چۆقەی دانیان دەهات، بەفر و خوێن و ترس، کردبوونی بە دێو.
ریخۆڵە و هەناوت لە شوێنێکدا، لە لێژایی گردێکدا، جێ مابوون. گولـلە هاوەنێک بەر ئێوە کەوتبوو، تۆ و چەند هاوڕێیەک، ببوون چەند پارچەوە، وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە، لە ناو هەورەکانەوە، لەگەڵ بەفردا کەوتبێ بە سەرتاندا.
کەس نەیدەزانی لەو ئێوارەیەدا، لەو شیوەن و گریانەدا، دایکم بۆ داوای پۆستەڵەکانی تۆی دەکرد.
خشەی شتێک دێت لە دەرەوە، وەک گسکدانی حەوشە یان هەڵڕشتنی فەردەیەک گەنم. دایکم دەبینم حەوشەکە گسک دەدات، خۆڵ پاک دەکاتەوە.
نازانم ئەو فەردە خۆڵە بەم بەیانییە چۆن هاتوەتە ماڵەوە، دایکم نرکەی دێت، دەگری. تۆز لە سەر دیوار و پەنجەرەکان نیشتووە. فڵچە و بۆیاخیکی تازە لە بەردەم مەتبەخەکەدا سەرنجم ڕادەکێشن. سەیری دایکم دەکەم، وەک گوڵ هەڵگرێت، پۆستاڵەکان هەڵدەگرێت، پۆستاڵەکانی کاروانی برام، بریقەیان دێت، ئەڵێی لە خوم هەڵکێشراون.
دایکم پۆستاڵەکان لەسەر دیواری حەوشەکە دادەنێت، وەک گوڵ دانێت، قورسن بە دەستیەوە. نزیک دەبمەوە، دوو چەپکە گوڵ بەسەر دیواری حەوشەکەوە دەبینم، دەلەرێنەوە، لەناو پۆستاڵەکاندا.
جەنگ دێت، شار چۆڵ دەکات، مرۆڤ چۆڵ دەبێت و گرینۆک، بۆیاخ گران دەبێت، فڵچە دەست ناکەوێت.
من بە عەلاگەی گەورە فڵچە و بۆیاخ بۆ گەڕەک دەهێنمەوە، واز لە قوتابخانە دەهێنم، دەبمە بۆیاخچی، یەکەم بۆیاخچی کاتی جەنگ، بەیانییەک دێمەوە و شەقام پڕ دەبێ لە هاوڕێی بۆیاخچی. قوتابخانە چۆڵ دەبێت، ئێمە چۆڵی دەکەین و بۆیاخ دەکەین.
شار دەبێتە باخچە. باخچەیەکی گەورە. باخچەیەکی گەورەی پۆستاڵی گوڵین.
ن/ کارزان عەلی