بۆ کوردی تێکۆشەر خالید
ساڵانی ساڵ ستایشی نووسەرێکی ژاپۆنیم دەکرد و لەبەر خاتری من، کەسێک وادەی چاوپێکەوتنی نێوان من و ئەوی ڕێکخست. ئێمە ئێستا لەناو یەکێک لە ڕێستورانتەکانی تۆکیۆدا خەریکی نانخواردنین. چیرۆکنووس، لەپڕ، دەستی بەرەوە ئەو جانتایەی کە لەگەڵ خۆی هێناویەتی درێژ کرد و چاویلکەیەکی بەرهەتاوی لەوێدا هێنایە دەرەوە و لە چاوی کرد.
ئێستا؛ ئێمە دوو کەسی بەرەوڕووی یەک دانیشتووین و ئەو چاویلکەیەکی بەرهەتاوی لە چاو کردووە. هەموو ئەوانەی ناو ڕێستورانتەکە خەریکن سەیری ئێمە دەکەن.
من بە جۆرێک ڕەفتار دەکەم کە زۆریش ئاسایییە کە خەڵکی لە ڕێستورانت چاویلکەی بەرهەتاو لە چاو بکەن، بەڵام بە ئارامی و بە بێ هەڵچوون ئەم بیرکردنەوەیم بۆ ئەو تووڕ دەدەم: بە یارمەتیت ئەو چاویلکە گاڵتەجاڕانەیە لاببە!
تەنانەت یەک وشەیش دەربارەی ئەوەی کە چاویلکەی بەرهەتاوی لە چاو کردووە نەهاتە سەر زمانم. ڕووخساریشم ئەوەی پیشان نەدەدا کە بیر لە چی دەکەمەوە. من ڕەزامەندییەکی زۆرم هەبوو. حەزم نەدەکرد کە کاتی نانخواردن ئەم چاویلکەیەی بە چاوەوە بێت. تەنیا بیرکردنەوەکەم لەگەڵ ئەودا خستە لاوە. بە نزیکەیی سێ خوولەک دواتر، ئەو کتوپڕ، هەمان شێوە کە کتوپڕ چاویلکەکەی کردبووە چاوی، چاویلکەکەی لە چاوی لابرد و خستییەوە ناو جانتاکەی… باش بوو.
دواتر دەربارەی بوومەلەرزەیەکی گەورەی چەند ڕۆژ لەمەوبەری تۆکیۆ قسەی کرد. وتی کوڕێکی هەیە تۆزیک نەخۆشیی مێشکی هەیە و ئەوەی کە هەوڵی داوە کوڕەکەی تێبگەیەنێت کە بوومەلەرزە چییە تا کوڕەکەی تێبگات و نەترسێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
پرسیم: “کوڕەکەت دەزانێت کە با چییە؟”
“بەڵێ.”
“پێی بڵێ بوومەلەرزە بایەکە کە لە ناو زەوییەوە بە گوڕ دێتە دەرەوە.”
چیرۆکنووسە ژاپۆنییەکە کەیفی بە سەرنجەکەی من هات.
من زۆریش لێی ڕازیم
خۆشحاڵم کە چاویلکەی بەرهەتاوەکەی لابردووە.