ئاشەکە بێدەنگە. بێدەنگ دیوارەکانن، وە بێدەنگ سەربانەکەیە. چەرخەکانیش بێدەنگن. ڤیندیش پەنجەی بە دوگمەی پلاکەکەدا ناوە و گڵۆپەکەی کوژاندووەتەوە. لەنێوان چەرخەکاندا شەوە. هەوای زوڵمەت تۆزی ئارد و مێشومەگەز و گوێنیەکانیشی قوتداوە.
پاسەوانی شەو لەسەر بەستی ئاشەکە دانیشتووە. خەوتووە. دامی داچەقیووە. لەبن بەستەکەوە چاوەکانی سەگەکەی دەتروسکێنەوە.
ڤیندیش گوێنییەکی بە دەست و بە ئەژنۆی هەڵگرتووە. بە دیواری ئاشەکەوە هەڵیدەپەسێرێت. سەگەکە تەماشا دەکات و باوێشک دەدات. دانە سپییەکانی قەپاڵێکن.
کلیلەکە لە کیلۆنی دەرگای ئاشەکەدا دەسووڕێت. کیلۆنەکە لەنێوان پەنجەکانی ڤیندیشدا کرتەی دێت. ڤیندیش دەبژێرێت. ڤیندیش گوێبیستی لێدانی لاجانگێتی و بیر دەکاتەوە: “سەری من دەمژمێرە.”
کلیلەکان دەخاتەوە ناو گیرفانی. سەگەکە دەوەڕێت. ڤیندیش بە دەنگی بڵند دەڵێت: “دەیانکشێنم هەتا ئیسپرنگەکان دەپسێن.”
پاسەوانی شەو کڵاوەکەی دەنووسێنێت بە نێوچاوانییەوە. چاوی دەکاتەوە و باوێشک دەدات و دەڵێت: “سەرباز لە ئێشکدا.”
ڤیندیش دەڕوات بۆ لای حەوزی ئاشەکە. سەر کەناری حەوزەکە کادێنێکە. کادێنێکە لەناو وێنەی مەنگاوەکەدا پەڵەیەکی ڕەشە. پەڵەکە وەک ڕەحەتی بەقوڵاییدا دەچێت. ڤیندیش پاسکیلەکەی لە شاراکە دەردەهێنێت. پاسەوانی شەو دەڵێت: “جرجێک لەناو خەرمانەکەدایە.”
ڤیندیش پوشوپەڵاشەکە لە کوشنی پاسکیلەکە دەکاتەوە. پووشەکان فڕێدەداتە ناو ئاوەکەوە و دەڵێت: “بینیم. خۆی فڕێدایە ناو ئاوەکەوە.”
پووشەکان وەک موو سەر ئاو کەوتوون و مەلە دەکەن. گێژەڵۆکەی چکۆلانە چکۆلانە دەیانخولێننەوە. ڕەحەتییە ڕەشەکە مەلە دەکات. ڤیندیش لە وێنە هەڵسوڕاوەکەی ڕادەمێنێت. پاسەوانی شەو شەقێک لە ورگی سەگەکە دەدات. سەگەکە دەتروسقێنێت. ڤیندیش سەیری ناو ڕەحەتییەکە دەکات و لەژێر ئاوەکەوە گوێبیستی ئەو تروسقەیەیە. پاسەوانەکە دەڵێت: “شەوەکان درێژبوونەتەوە.”
ڤیندیش هەنگاوێک پاشەکشێ دەکات. لە کەنارەکە دوور دەکەوێتەوە. وێنەی وەستاوی کادێنە پشت لە کەنارەکە دەبینێت. وێنەیەکی هێمنە. سەروکاری لەگەڵ ڕەحەتییەکەدا نییە. ڕۆشنە. لە شەو ڕۆشنترە.
ڕۆژنامەیەک خشپەی لێوە دێت. پاسەوانی شەو دەڵێت: “گەدەم خاڵییە.”
سەمون و گۆشتی وشک لە بوخچەیەک دەردەکێشێت. چەقۆکە لەناو دەستیدا بریسکەی لێوە دێت. دەجوێت. بە نووکی چەقۆکە مەچەکی خۆی دەخورێنێت. ڤیندیش پاسکیلەکە بەتەنیشت خۆیەوە پاڵ دەنێت. تەماشای ناو مانگ دەکات. بە جوین و دەنگێکی کزەوە پاسەوانەکە دەڵێت: “مرۆڤ لەسەر ئەم زەمینە قڕقاوڵێکی گەورەیە.”
ڤیندیش گوێنییەکە بڵند دەکات و دەیخاتە سەر پاسکیلەکە و دەڵێت: “مرۆڤ بەهێزە، لە ماڵات بەهێزترە.”
ڕۆژنامەکە سیلەیەکی باڵداری هەیە. بایەکە وەک دەستێک ڕاپێچی دەکات. پاسەوانی شەو چەقۆکە لەسەر بەستەکە دادەنێت و دەڵێت: “کەمێک نووستم.”
ڤیندیش بەسەر پاسکیلەکەدا چەمیوەتەوە. سەری هەڵدەبڕێت و دەڵێت: “منیش بەخەبەرم هێنایت.”
پاسەوان دەڵێت: “تۆنا، ژنەکەم بەخەبەری هێنام.”
وردە سەمونەکان لە چاکەتەکەی دەتەکێنێت و دەڵێت: “دەمزانی ناتوانم بخەوم. مانگ گەورەیە. من خەونم بە بۆقی وشکەوە بینی. زۆر ماندوو بووم. نەشمتوانی بڕۆم بنووم. بۆقەکە لەسەر سیسەمەکە پاڵکەوتبوو. من لەگەڵ ژنەکەمدا قسەم کرد. بۆقەکە بە چاوەکانی ژنەکەمەوە تەماشای دەکرد. پرچی ژنەکەمی هەبوو. عەزی خەوی ئەوی لەبەردابوو و هەتا سەر زگی هەڵکشابوو. منیش پێم گوت، خۆت داپۆشە، ڕانەکانت سیسن. بە ژنەکەمم گوت. بۆقەکە عەزیەکەی دایەوە بەسەر ڕانیدا. من بە تەنیشت سیسەمەکەوە لەسەر کورسییەک دانیشتم. بۆقەکە بە لێوی ژنەکەم بزەی دەکرد. بۆقەکە گوتی، کورسیەکە جیڕەی دێت. کورسیەکە جیڕەی نەدەهات. بۆقەکە پرچی ژنەکەمی هاویشتە سەر شانی. هێندەی عەزییەکە درێژ بوو. من پێم گوت: قژت درێژ بووە. بۆقەکە سەری هەڵبڕی و قیژاندی: “تۆ مەستیت، ئێستا لە کورسیەکە بەردەبیتەوە.”
مانگ پەڵەهەورێکی سووری پێوەیە. ڤیندیش پاڵ بە دیواری ئاشەکەوە دەداتەوە. پاسەوانەکە دەڵێت: “مرۆڤ بێمێشکە. هەمیشە ئامادەی بەخشینە.”
سەگەکە پارچەیەک چەوری دەخوات. پاسەوانەکە دەڵێت: “لە هەموو شتێکی خۆش بووم. نانەواکەی لێخۆش بووم. برینپێچەکەی ناو شاری لێخۆش بووم.”، پاسەوانەکە سەری پەنجەی بەسەر نوکی چەقۆکەدا دەخشێنێت، “هەموو گوند پێم پێکەنی.”
ڤیندیش هەناسەیەک هەڵدەکێشێت. پاسەوانەکە دەڵێت: “چیدیکە لە توانامدا نەبوو تەماشای ناو چاوی بکەم. تەنها تاکە شتێک، ئەوەی کە هێند خێرا مرد وەک ئەوەی کەسی نەبووبێت. من هەرگیز ئەوەی لێخۆش نەبووم.”
ڤیندیش دەڵێت: “خوا دەزانێت بۆچی هەن، ژنان.”
پاسەوانی شەو شانی هەڵدەتەکێنێت: “بۆ ئێمە نین. بۆ من نین، بۆ تۆ نین. نازانم بۆ کێن.”
پاسەوانەکە دەست بە سەری سەگەکەدا دەهێنێت. ڤیندیش دەڵێت: “ئەی کچەکانمان. خوا دەزانێت، ئەوانیش هەر دەبن بە ژن.”
بەسەر پاسکیلەکەوە سەهەندێک وەستاوە، سەهەندێکی دیکەش لەناو گیاکەدا وەستاوە. ڤیندیش دەڵێت: “کچەکەی من” و سەنگی ڕستەکە لەناو مێشکی خۆیدا دەکێشێت، “ئامالییەکەی منیش پاکیزەیی خۆی لەدەست داوە.”
پاسەوانەکە تەماشای پەڵە هەورە سوورەکە دەکات. ڤیندیش دەڵێت: “کچەکەم پوزی هەن وەک شووتی. وەک تۆ دەڵێیت منیش چیدیکە ناتوانم تەماشای ناو چاوی بکەم. سێبەرێک لە چاوەکانیدا هەیە.”
سەگەکە ئاوڕ دەداتەوە. پاسەوانەکە دەڵێت: “چاو درۆ دەکات، پوز درۆ ناکات.”، پێڵاوەکان لێک دوور دەخاتەوە و دەڵێت:”تەماشای کچەکەت بکە چۆن دەڕوات. گەر لە ڕێکردندا نوکی پێڵاوەکانی بەلادا بنێتە سەر زەوی، ئەوا کار لە کار ترازاوە.”
پاسەوانەکە كڵاوەکەی لەناو دەستیدا هەڵدەسوڕێنێت. سەگەکە پاڵکەوتووە و سەیر دەکات. ڤیندیش بێدەنگە. پاسەوانەکە دەڵێت: “شەونم دەکەوێت. ئاردەکە شێ دەگرێت. سەرۆک شاروانی بێزار دەبێت.”
بەسەر حەوزەکەوە باڵندەیەک دەدات لە شەقەی باڵ. هێواش و ڕێک وەک بە درێژایی تاڵە دەزوویەک. بەسەر ئاوەکەوە نووساوە. وەک ئەوەی زەوی بێت.
ڤیندیش لەدوای دەڕوانێت و دەڵێت: “وەک پشیلە.”
پاسەوانەکە دەڵێت: “وەک کوندەپەبوو.”، دەستی لەسەر دەمی دادەنێت، “کرۆنەری پیر سێ شەوە گڵۆپەکەی دەسووتێت.”
ڤیندیش پاڵ بە پاسکیلەکەوە دەنێت. دەڵێت: “ناتوانێت بمرێت. کوندەپەبوو لەسەر یەک سەربان نانیشێتەوە.”
ڤیندیش بەناو گیاکەدا دەڕوات و تەماشای تریفە دەکات. پاسەوانەکە بانگی لێ دەکات: “من پێت دەڵێم، ڤیندیش، ژنان خیانەتکارن”.
سەرچاوە:
Der Mensch ist ein grosser Fasan auf der Welt,Herta Mueller, Fischer Taschenbuch Verlag, November 2010