لە فارسییەوە: ئەیووب عوسمان، بەختیار حەمەسوور
دوو ساڵ لەمەوبەر، لە کتێبخانەکەی شاعیر و نووسەری هاوڕێم بەڕۆژ ئاکرێی لە ستۆکهۆڵم، کتێبێکی چکۆلانەی جیاوازم بینی «هاوار مەکە، کەس لە ئاوێنەدا نییە». دیوانەشیعرێکی جیاواز لە هەموو ئەو شیعرانەی خوێندبوومەوە. شاعیرەکەی «و.م» وریا مەزهەر بوو. سەرنجڕاکێشی، فۆڕم و ڕوانینی نوێی شیعرەکان، ئاشنای شاعیرەکەیان کردم. ئاشنایەتییەک بە تەلەفۆن و ئیمەیل دەستی پێ کرد و بۆ هاوڕێیەتییەکی گیانیبەگیانی درێژ بووەوە. تا ئەو جێیەی نووسینی نوێ و بڵاونەکراوەکانی «تەلەفزیۆنی خراپ» و بەشێک لە شیعرەکانی بۆ ناردم. هەرچەندە لە ڕێی شیعرەکانییەوە، تا ڕادەیەک پەیم بە جیهانە تاریک و پێچەڵپێچ و ڕوانینە سەنگین و ڕێکەکەی بۆ شت و ژینگەی دەوروبەری برد و ئاشنای جیهانبینیی ئەو بۆ تراژیدیای مرۆڤ و مرۆڤانە ژیانیم بووم. بەتەنیا خەمی جیهانی لەکۆڵ نابوو. پڕبوو لە ژیان. سەرما سامناکەکەی باکوور و سەرمای ڕۆحی مرۆڤ ماندوویان کردبوو. بەڵێ، ماندوو، ماندووی ماندوو. بەڵام دیسان لە بارەی عەشقە بێخەوشەکەی بۆ تاکە یادگاریی ژیانی، کچۆڵە بچکۆلانەکەی، «کلارا»، دەدوا. جار جار لە ڕێی تۆنی دەنگ لەودیو هێڵی تەلەفۆن، دەکرا هەست بە بوونە میهرەبانەکەی بکەیت و پەی بە تەنیایی ببەیت. هێند لە سەرخۆ و بە ئارامی و بە وردی وشەکانی گۆ دەکردن، کە دەکرا لە بۆشایی نێوان وشەکان تێبگەیت. جاری وابوو باسمان لە ئازایەتی لۆرکا، لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مەرگدا دەکرد؛ ساتی کۆتایی، ئەو ساتەی لۆرکا چۆکی بە مەرگ دادا. بەڵێ، ئەو کەشەمان بە کپی چێ دەکرد. جاری وایشبوو باسی ئۆکتاڤیۆ پازمان دەکرد. باسی هیدایەت، کافکا. باسی بۆرخێس. و جاری وەهاش هەبوو خۆنەویستانە و نائاگایانە دەچووینە ژێر سێبەری مەرگ. یان هەندێک جار «گۆرانی دەگوت». جاری وەهاش هەبوو سەرەتاتکێی لەنێو چاڵاییەکانی دەرووندا دەکرد. هاوهەنگاو لەگەڵت هەنگاوی دەنا، هەناسەی لەنێو ڕاز و نیازەکانتدا هەڵدەمژی. لە بارەی جوانییەکانی مردنەوە بۆم نووسی، بەڵێنێکە و دەبێت تێی پەڕێنین. لە بارەی پڕۆژە هاوبەشەکانەوە دواین و یەکترمان نووسییەوە. هەستیاربوون، جددییەت و دوودڵیی زۆر لە بارەی ئەو یادداشتانەی لەسەر بەرهەمەکانیم نووسیبوو، لە سەرەتاوە پڕووکێنەر دەردەکەوت. دەنگێکی پڕ لە هەیەجان و ئارام. داخستنەوەی هەر جارێکی تەلەفۆن، زیادتر نیگەرانی دەکردم. بێزار بوو لە کۆڕ و کۆبوونەوەی نووسەر و كۆلکەشاعیرە خۆبەزلزانەکان، ئەوانەی وەک فروغ دەڵێت تەنیا کاتی نووسین بیریان دەکەوێتەوە شاعیر و هونەرمەندن. گۆشەگیر بوو، زۆر بە هەستیارییەوە کاری دەکرد و شیعری دەنووسی. بەڵێ، ئەوەندە جوان و ئەندازەییانە شیعرەکانی بە خشتی بوون و گیانی هەڵدەچنی، وەک دەڵێن؛ بە موو خواریی نەبوو. هیچ بانگەشەی نەدەویست، چونک هەمیشە شاعیر، هەمیشە نیگەران بوو. بۆ؟ چونکە لە «زیندانی جەستە ڕەها بووبوو». جار جار دەمپرسی بۆ بە زمانی دایک نانووسێت. منیش لە کارە کورتەکانی خۆمم بۆ دەخوێندەوە. لە شیعرەکانی ئیبراهیم ئەحمەدنیا، یونس ڕەزایی، ڕەزا عەلیپوور، ئازاد ڕۆستەمی، فەرەیدوون ئەرشەدیی، بەڕۆژ ئاکرێی، حەمەساڵح سوزەنی و هاوڕێیانی تر. جار جار سەرزەنشتم دەکرد بۆ بە زمانی دایک نانووسێت. هەڵبەت دەینووسی! بەڵام لە سەرخۆ، ناجیددی و بێ جیاوازی! هەزاران بۆ و بۆی بێ وەڵامی تر. بەردەوام بێدەنگ دەبوو. ئاشکرابوو «بە دوای ڕۆژانی پێکگەشتنی خۆیدا دەگەڕێت» بۆ؟ چونکە هەندێک جار هێندە بە هێمنی و خەمبارییەوە گۆرانی کوردیی دەچڕی، لە سەرزەنشتەکانم پەشیمان دەبوومەوە.
ئێستا ئەو دەنگە هێمنە، پڕ لە دڵەڕاوکێ، بێکۆتا تەنیایە، هاوڕێ نادیدەی گیانیبەگیانی، وریا مەزهەر، گەیشتووە بەو بەڵێنەی هاوارمان بۆی کردبوو، بەڵێ ئێستا ئەو «مرۆڤی باڵا»یە ماندووە، ئەو میهرەبانە غوربەتدۆستە، ئەو دۆستە هاودەردە، زووتر لە من گەیشتە بەڵێنەکە. ڕاکشاوە لە ژێر کەپری شیعرەکانیدا. وەک هەمیشە، بەڵێ، وەک هەمیشە بێ جیاوازی. ئێستا من ماوم و دیوانی «تەلەفزیۆنی خراپ»، من ماوم و ئارەزووی دووبارەی ئەو نازدارەی بانگم دەکات. ئەو میهرەبانە، ئەو هەمیشەساردە. بەڵێ بانگم دەکات…
۱ـی مەی ۲۰۱۱، بێرگن
سەرچاوە: مجلەی ادبی-هنری “شی”، سال دوم، شمارە (٥)، اردیبهشت ١٣٩٧.