بەختیار حەمەسوور؛ چیرۆکنووسێکە لە نوێ دەبێ بیناسینەوە

حەمە مەنتک

پێشتر لە زۆر جێ و بە بۆنەی جیاوازەوە بەر ڕستەی: چیرۆک گێڕانەوە نییە، پیشاندانە، کەوتووین. لەم ڕوانگەیەوە هەمیشە چیرۆکی ئەو چیرۆکنووسانە دەمبات، کە بەردەوام لە ئامادەباشیدان. مەبەست لەم قسەیەم ئەوەیە ژیان و جیهان لە نیگای ئەوانەوە شتێکی دیکەیە. هەموو چیرۆکنووسێک، گەر بیەوێ چیرۆکی باش بنووسێت دەبێت لە نیگای خۆیەوە جیهان خەلق بکاتەوە. بۆیەیش ژیان و جیهان لە نیگای هەریەک لە کارڤەر، هەمینگوەی، فاکنەر،بارتملی و بۆرخیس و… تاد بە شێوەیەکی جیاواز خەلق کراوەتەوە. کاتێک خوێنەر دەقێکی چیرۆک دەخوێنێتەوە دەبێت بزانێت ئەمە نیگای کام چیرۆکنووسە بۆ ژیان و جیهان. ئەمە قسەیەکی چیرۆکنووسی ئەمریکایی ڕەیمۆند کارڤەرم بیر دەخاتەوە، کە دەڵێت: هەموو سەروەتی ئێمە وشەیە، دەبێ بە چاکترین شێوە بەکاریان بهێنین. وشە لە کن چیرۆکنووس دەبێت هێندە پیرۆز بێت باشترین وەبەرهێنانی تێدا بکات، بەهای وشە ئەوەیە لە جێی و فەزای خۆیدا بەکاری بهێنیت. ئەرێ کەس هەیە سامانی خۆی بە هەدەر بدات؟ ئەوانەی سەروەتی خۆیان بە هەدەر دەدەن پێگەیان لەناو خەڵکدا چۆنە؟ ئەمە بۆ چیرۆکنووسانیش دروستە.

بەرگی کۆچیرۆکی (ئامادە: چرک!) بەختیار حەمەسوور، چاپ و بڵاوکردنەوە: کتێبخانەی یادگار ٢٠٢١

ئامادە: چرک! ناونیشانی نوێترین کۆچیرۆکیبەختیار حەمەسوورە. بیرۆکەی هەر سێ چیرۆکەکە یەک شتە؛ (ژنومێردێک دەچنە ناو خانوویەکی کۆن)، بەڵام هەر جارە لە نیگایەکەوە، لە گۆشەیەکەوە باسی ژیانی ئەو ژنومێردە دەکرێت. ئەوەی لەم گێڕانەوەیەدا جێی تێبینییە هەمان وەگێڕ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. چەند هونەریتر دەبوو دەساودەسکردنی گێڕانەوە هەبا. گۆڕینی وەگێڕ هەوڵێکە بۆ خولقاندنی فەزای دیموکراسیانە سەبارەت بە پیشاندانی شتەکان. خۆزگە هەر چیرۆکەی وەگێڕێکی جیاواز ڕووداوەکانی دەگێڕایەوە. ئەو کاتە نیگای ئاننامان بۆ دەوروبەر، جیران، مێردەکەی دەزانی. بە گۆڕینی وەگێڕ ڕەنگە بەختیار ناچار با دەسکاری فەزا و چۆنیەتی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کردبا. بە گۆڕینی وەگێڕ جیهانبینی و گۆشەنیگای گێڕانەوە دەگۆڕان. لەم ڕێیەوە دەمانتوانی هەمان ڕووداو، شوێن، فەزا بە جۆرێکی دیکە ببینین. کوا لە گۆشەنیگای گوڵچین، یان باجی لایەق، یان کاک حەمەومینەوە دیمەنی ماڵ و خانوو و کەسێتیی هەریەک لە ئاننا و هاوسەرەکەیمان دیبا! ئەو کاتە ئێمەی خوێنەر بە گۆشەنیگایەکی جیاواز، ئاوس بە ڕەهەند و بیرکردنەوە و جیهانبینی دیکە وێنەکانمان دەبینی.

پێشتریش گوتوومە و گوتراوە، یەکێک لە خەسڵەتەکانی زمانی نووسینی چیرۆک لە کن بەختیار، کەمخەرجییە لە وشەدا. واتە زمانێکی مینیمال و چڕ، وشە تێیدا بە خەسار نەدراوە. ئەمە ئەو پنتەیە لەسەرەوە قسەکە کارڤەرم بۆ هێنایەوە، چیرۆکنووس مادام تاقە سەرەوەتی وشە بێت، دەبێ بە چاکی بەکاری بهێنێت. ئەم پنتە نابێتە هۆی ئەوەی مادام زمانێکی مینیماڵی هەیە، وێنەکانیش هەمان شێوە مینیماڵن. بەختیار لە ئامادە:چرک!دا کاتێک باسی خانوویەک، کارەکتەرێک، جادەیەک دەکات، تەواو بە هەموو وردەکارییەکەوە ئەو خانوو و کارەکتەرەمان نیشان دەدات. کاتێک وەسفی باجی لایەق دەکات، بە شێوەیەک وەسفی دەکات: بەڵڵای شەیتانە. وەسفەکان لەم چیرۆکانەدا هێندە چڕن، لە وەسف دەکەون، لە جیاتی ئەوە پیشان دەدرێت، چونکە تێمە و بابەتی چیرۆکەکان لەبارەی پنتێکە لە موو باریکتر، کە واقیعی ژیانی ژنومێردێکە، بەڵام هەر جارەی لە گۆشەنیگایەکەوە. دوو کەس، ئاننا و هاوسەرەکەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە، بە دوای خانوودا دەگەڕێن، خانوویەک لە گەڕەکی جووەکان دەدۆزنەوە و زۆر کۆنە. ئەم خانووە دەبێتە شانۆی کۆی ڕووداوەکان. لەم خانووەوە ڕووداوەکانی دیکە دروست دەبن. ئەم فۆرمە مامەڵەکردن لەگەڵ زمان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ڕیتم، هەوڵێکە بۆ گونجاندنی زمان لەگەڵ هەست و دەروونی کارەکتەرەکان. زمانی ئەم چیرۆکانە، زمانێکی ڕوون و ڕەوانە، بەرخوردی مررۆڤەکانی ناو کۆمەڵە. زمان لای بەختیار سادە دەبێتەوە، ئەم سادەبوونەیەوەیە خزمەت بە دەقەکان دەکات. ڕستە و گوزارەکان عامیانەن، دوورن لە گەمەکردن لەگەڵ زمان. ئەمەیش لەپێناو پیشاندانی واقیعی ناو چیرۆکەکانە. خوێنەر گەر ورد و ئاگەدار نەبێت، ئەوا ناتوانێت سنووری نێوان هەر سێ چیرۆکەکە لە یەکدی جیا بکاتەوە. لە شێوەدا وێنەیەکی لە چوارچێوەگیراو هەوێنی ڕووداوەکانە، بەڵام وەگێڕ تەنێ ئەم وێنەیەمان نیشان نادات، بەڵکو وێنەی کۆی کارەکتەرەکانمان نیشان دەدات.

زمانی چیرۆکەکان ورد مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەڵام لە داڕشتنی دایەلۆگی کارەکتەرەکان، کورتی هێناوە. زۆربەی ڕۆمان و چیرۆکی کوردیدا لە چۆنیەتی داڕشتنی دایەلۆگدا کورت دەهێنن. ئاشکرایە لەناو چیرۆکدا چەندین کارەکتەر هەن، هەر کارەکتەرەی بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر کارەکتەرە پێوەستە جۆرێک لە دابونەریتە، کارەکتەرەکان ژینگە و پەروەردەی تایبەت بە خۆیان هەبووە و هەیە. کەواتە دەبێ لە چۆنیەتی ئاخاوتندا، قسەکردندا جیاواز بن. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چیرۆکانەدا کۆی کارەکتەرەکان وەک یەک قسە دەکەن. قسەکانیان یەک شێواز و ڕیتمی هەیە. ئاننا، گوڵچین خان، کاک حەمەومین، کاک کەریم، باجی لایەق هەموویان بە یەک شێواز قسە دەکەن و دایەلۆگ دەکەن. بۆ نموونە کاتێک عەمارەکە تەخت دەکرێت، باجی لایەق دەڵێت: حەفتەی داهاتوو شۆفڵ دێت. “جیاوازی لەنێوان باجی لایەق و شۆفڵدا نابینم.” ئاننا دەڵێت: “ئەمە لە قسەی خۆت نا، لە قسەی ئەو کابرا گردەبنە دەچێت، ناوی چی بوو؟ ئەوەی خەریکی شوێنەوارە و بە کۆن دەڵێ کوون.” ل٢٤.

باجی لایەق: ڕۆژ نییە مشک و مارمێلکە و قالۆنچە لەودیوەوە خۆیان تەقدیمی ئەومدیو نەکەن. دەستوبردێکی لێ بکەن. ل٢٧.

مەحموودخان: نەجاتتان دەبێت. من دە سالێک لەمەوبەر ڕووخاندم. ل٢٧

بەفراوخان: کە دەستان پێ کرد، کەمێک لم و چیمەنتۆم دەوێ بۆ بەر دەرگا. ل٢٧

حاجی عەلی: کاتی خۆی پیاوێک لەم خانووەدا بوو، بەهاران دەیگوت دەیڕووخێنم، بەهار تەواو دەبوو دەیگوت هاوین، نا، پاییز دەهات و لە زستانیشدا دەیگوت دەی تازە بەهار. نەیڕووخاند. لەسەر خێر لێی مەوەستن. ل٢٧.

دەبینین کۆی قسەکان لە یەکدی دەچن، هەموویان یەک شێوازی قسەکردنن. گومانیشی تێدا نییە هەر یەک لەو کارەکتەرانە لە ژینگە و دۆخی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆیان پەروەردە بوونە، ناکرێ شێوەزاری ئاخاوتنی هەموویان یەک جۆر بێت. ئەگەر ناوی کارەکتەرەکان لا ببەین بە زەحمەت دەتوانین جیاوازی لە شێوازی قسەکانیان بکەین. تەنانەت شێواز و سروشتی کەسێتییان لەناو قسەکانیاندا ڕەنگی نەداوەتەوە. ئەمەیش بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتی وەگێڕ دەگەڕێتەوە. هەرچەندە وەگێڕ ئازادی تەواوی قسەکردن و بیرکردنەوەی بە کارەکتەرەکان بەخشیوە، بەڵام ڕێگربووە لە ڕەنگدانەوەی سرووشتی کەسێتییان لە قسەکانیاندا. هەموو کارەکتەرێک، کەسێکی بیرکەرەوەیە، بەڵام گرفتەکە لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی ئەو تێزانەدایە. دەمەوێ بڵێم، هەموو کارەکتەرێک ڕێیپێدراوە قسە بکات، بەڵام چۆنیەتی پێشکەشکردنی قسەکانی لەڕووی هونەرییەوە کێماسییان هەیە. لایەنی پەروەردەیی و شێوازی ژیان ڕەنگدانەوەی لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و گوفتاریان دەبێت. لەمڕۆمانەدا هەموو کارەکتەرەکان بۆچوون و تێڕوانینیان لەبارەی ڕووداو و ئەو شتانەی لەناو ڕۆمانەکەدا هەن، هەیە. بەڵام بە یەک شێواز قسە دەکەن.

کارەکتەرانی ئەم چیرۆکانە، کارەکتەرگەلی وەستاو نین، هیچ یەک لە کارەکتەرەکان لە باری وەستاودا ناچەقن و نامێننەوە، بەڵکوو بەردەوام لە بارێکەوە بۆ بارێکی دیکە دەگۆڕێن. ئەمە پنتێکی هونەری ئەم چیرۆکانەن. بە شێوەیەکی ورد کارەکتەرسازیی بۆ کارەکتەرەکان کراوە. ئاننا کەسێکە خەریکی خوێندنەوەی کتێبە، دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەکات و دەکەوێتە ناو ژینگەی گەڕەکێکی میللییەوە، شێواز و سروشتی ژنانی گەڕەک وەردەگرێت. کاتێک خانووەکەیان تێک دەدەن و بە شێوەیەکی کاتی بۆ خانوویەکی دیکەی هەمان کۆڵان دەگوازنەوە، ئاننا کاتێ شتەکان دەگوازێتەوە بە بەرچاوی ژنانی دانیشتووی بەر دەرگا دەڕوات دەڵێت: با بتەقن. هاوکات لە چیرۆکی میوانداریی گەورە بە هۆی سەردانی بەردەوامی ژنانی گەڕەک بە بۆنەوەی هاتنی ماڵیان بۆ ئەو خانووە، شێواز و سرووشتی قسە و بیرکردنەوەی ئاننا بەرانبەر وەگێر دەگۆڕێت. ئەمەیش بێگومان بۆ شێوازی خەلقکردنی کارەکتەر دەگەڕێتەوە. کارەکتەرەکانیبەختیار زۆربەیان مرۆڤی سادە و ئارامن. مرۆڤگەلێکن بەردەوام لەناو ژیانێکی سەختتدا ژیاون، بەڵام لەگەڵ هەموو سەختییەکان تێدەکۆشن. کۆنی خانوو، گەڕەکێکی هەژارنشین هەموو ئەوانە وا ناکەن ئاننا وەکوو کەسێکی کتێبخوێن خۆی لە خەڵکی گەڕەک جیا بکاتەوە. تەنانەت ئەویش پێداگری دەکات دەبێت خانووەکەیان تێکبدەن و یەکی نوێ بنیات بنێنەوە. ئاننا و ڕووداوی کڕینی خانووەکەی گەڕەکی جووەکان سێنتەری چیرۆکەکانن. بۆیەیش لە خەلقکردنی هەر ڕووداو و کارەکتەرێکدا دەتوانین لەمسیان بکەین، هەستیان پێ بکەین. بۆیەیش بە وردی ژیانی هەموویان خراوەتەڕوو. لە ئامادە:چرک!دا تەنێ یەک وێنە، کە وێنەی ئاننایە نابینین، بەڵکوو وێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی هەریەک لە کارەکتەرەکان دەبینین. یەکێکی دیکە لە پنتە هونەرییەکانی ئەم چیرۆکانە بریتییە لە پاتەبوونەوەی کارەکتەر و شوێنەکان لە دیمەن و فەزا و پێگەی جۆراوجۆردا. بێگومان ئەمەیش بۆ ئەوەیە ڕوویەکی دیکەی هەمان کارەکتەر لە گۆشە و هەڵوێستێکی جیاوازدا نیشان بدات. هاوکات دەیخاتە ناو هەڵوێستی تازەوە. بۆ نموونە باجی لایەق لە چیرۆکی ئەستێرەی داوود ژنێکی توڕە و دڕە، بەڵام لە چیرۆکەکانی دیکەدا ژنێکی هێمن و مەنگە، ئەمەیش پێوەندی بە دوو هەڵوێستی هەمان کارەکتەرەوە هەیە. لە چیرۆکی ئەستێرەی داوود دا باجی لایەق خانووەکەی ڕووخاوە، ئەمەیش توڕەی کردووە و کەسایەتییە دڕ و توڕەکەی دەرخستووە.

چیرۆکەکانی ناو ئامادە: چرک! لەبارەی شتگەلی زۆر سادە و هەرزانن، بەڵام کاریگەری گەورەیان لەسەر ژیانی کارەکتەرەکان هەیە. خانوویەکی کۆن و پەراوێزخراویگەڕەکی جووەکان، دەبێتە سێنتەری چەندین ڕووداو. تەنانەت ئەم خانووە لە چیرۆکی شالوم علێیخێم‌دا هەوێنی چەندین چیرۆکە، چەندین کارەکتەر دێنە ناوەوە و زیندوو دەکرێنەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شتە سادانە، پێویستی بە زمانێکی ئاسایی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە وردی پیشانیان بدات. لە چیرۆکی میوانداریی گەورەدا کاتێک ژنانی گەڕەک سەردانی ماڵی تازەهاتووی وەگێڕ دەکەن. هەر ئێوارەیەک لە کتێبخانە دەگەڕێتەوە ئاننای ژنی لایەکی ماڵەی دەرهێناوە. لە یەکێک لە ئێوارەکان جانتایەکی دەمکراوە هەیە، مت ومووروو، گوارە، سپیاو، سووراو، جووتەگۆڕەوی…تاد هەن. ئەمانە شتی سادە و پەراوێزخراون، بەڵام دەبینین چ ڕۆڵێک دەبینێت لە دروستکردنی ڕووداو لە نێوان ئاننا و ژنانی گەڕەک و ئەو کەسانەی وەک شوێنەوارناس هاتوون. لەم چیرۆکانەدا ساتە ورد و تایبەتەکان پیشان دەدرێن.

ئەوەی جێی باسە بەختیار حەمەسوور توانیویەتی شێوازێک بۆ نووسینی چیرۆکی خۆی دروست بکات، ئیدی خوێنەر دەتوانێت لە ڕێی شێوازەوە بەختیار بناسێتەوە. کەواتە ئێمە دەبێ سەرلەنوێ بەختیار بناسینەوە. ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە ئەم چیرۆکانە دوور لە هاتوهاواری فەیسبووک، دوور چەپڵەی خەڵک، چیرۆکگەلی باشن [سەرەڕای تێبینییەکانمان]. بێگومان دەنگۆکانی ناو سۆشیالمیدیا کەس ناکەن بە چێرۆکنووس و نووسەر، ئەوە دەقە پێوەری چیرۆکنووسی باشە. هەموو ئەو نووسەرانەی بۆ جەماوەر و عەوام دەنووسن، بە شێوەیەکی کاتی دەمێننەوە. ڕەنگە ئەو نووسەرەی بۆ عەوام دەنووسێت، چاپ و فرۆشی کتێبەکانی زۆر بن، بەڵام ئەوانەی دەیخوێننەوە کێن؟ چەند توێژینەوەی زانستی و وردیان لەبارەوە دەنووسرێت؟ بۆیەیش ئەوەی دواجار پێوەرە بریتییە لە دەق.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ژنەفتن

ئامادە: چرک! بەختیار حەمەسوور

بەختیار حەمەسوور؛ چیرۆکنووسێکە لە نوێ دەبێ بیناسینەوە

شەش سەرنج لەسەر شەش چیرۆکی هەڵبژێردراو بۆ ٢٣یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ

بۆ ئەم چیرۆکانە خەڵاتیان برد؟ حەمە مەنتک

سەرنجدان لە مێروولەکان، کاتێک بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن

بۆ شکۆی ئەو بێکۆتاییە؛ وریا مەزهەر

لەبارەی کۆمەڵە چیرۆکی مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن

کوڕی گەورە.. دەیڤید سیداریس

پێکەنینی ناقۆڵا

تەکنیکی هێنانەوەی دەرەکی لە چیرۆکدا

قاوەی سوێر.. بەختیار حەمەسوور

ململانێ لەگەڵ ترافیکەکان

بەختیار حەمەسوور: ئەو دەنگ و تۆنەی کە بڕیارە ببێت بە شەقڵی نەوەیەک، لە چیرۆکی ئەم نەوەیەدا درووست نەبووە

میتاسەرهات چییە؟

بڵێ بەڵێ.. توبیاس وۆڵف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

چیرۆکێکی ترسناک… مارکۆ دینێڤ

خاتوو سمیسۆن کە خەڵکی لەندەنە بڕیاریدا مێردەکەی خۆی بکوژێت ( ئەم چیرۆکانە هەمیشە لەنێوان ئ…