بەختیار حەمەسوور: ئەو دەنگ و تۆنەی کە بڕیارە ببێت بە شەقڵی نەوەیەک، لە چیرۆکی ئەم نەوەیەدا درووست نەبووە

بە چاوپۆشین لە گفتوگۆی دووروودرێژی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی گەنج و پیر، نەوەی کۆن و نوێ درووستە یان نا، بەڵام میللەتان، نەوە دوای نەوە نووسەر بەرهەم دەهێنن، ئەم نووسەرانە وەک چۆن لە بیرکردنەوە و نووسینیاندا جیاوازن، ئاواش قۆناغەکانی نووسینیان جیاوازە.

بەشی فەرهەنگی ئاژانس لە تەوەرەیەکی تایبەتدا بەشێک لە چیرۆکنووسە گەنجەکان لەسەر پرسی شووناس، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان و خاڵە جیاکەرەوەکانیان لە نەوەی پێش خۆیان سەبارەت بە ״چیرۆک״ دەدوێنێت. لەم گفتوگۆیەدا، بەختیار حەمەسوور، چیرۆکنووس، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

پرسیار: چۆن دەتوانین خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم نەوە نوێیە دیاری بکەین، ئایا ئەم نەوەیە گەیشتوونە شوێنێک لە چیرۆکنووسین کە توانیبێتیان بە هەندێ خەسڵەتی گشتیی هاوبەش بناسرێنەوە؟

بەختیار حەمەسوور: هەرچەند زۆر لەگەڵ جیاکاری و دابڕکردنی نەوەکاندا نیم و نەبووم، بەڵام بە شێوەیەکی پاڵەکی و قەدبڕانە، دەتوانین قسە لەسەر چیرۆکی بەرەیەک بە ناوی چیرۆکنووسانەوە بکەین، کە دەستپێکی لە دووهەزارەوەیە تاکو ئێستە، ئەم بەرەیە هەوڵ و تەقەللا دەدەن و دەیانەوێت پنتێک لە پانتایی گێڕانەوە و بە دروستی چیرۆکدا، بۆ خۆیان بگرن. ئەمە چەند جێکەوتە بووە و بووە بە شوناس و بڕیاری واژوولەسەرکراوی کراوە، مەتنی چیرۆکەکان لە فۆڕمی کتێب و بڕێ بڵاوکراوەدا هەن و دەتوانن بیانبینن و ئەم پرسەی پێ یەکللایی بکەنەوە، بەڵام بۆ دەستنیشانکردنی هەندێ خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەم ڕەنگ و دەنگانەی لەم حەوزەدا دەنووسن و سەرقاڵن، ڕەنگە کارێکی زۆریش زەحمەت نەبێت؛ بە تایبەت بۆ کەسانێک کە حەزیان بە فرەوێژییە، نامەوێ باسەکە زۆر بڵاو و کشاو بکەمەوە، لە نوختەیەکدا وەڵامەکەم ئاراستە دەکەم: چیرۆکی ئەم بەرەیە، یان بە گوتەی ئێوە: نەوەیە، لای من چیرۆکێکە لە نێوان دەستڕاگەیشتن بە داوێنی چیرۆک و دوورکەوتنەوە لێی؛ بە واتایەکی تر، چیرۆکێکە ئەوەندەی لەسەر شێوەی گەڵاڵە و تەرحدایە، ئەوەندە گێڕانەوەیەک نییە یەکدەست و پتەو، ئاشکرایە بەر لە دوانووسخەی هەر چیرۆکی تەواو و کامڵ، قۆناغێک هەیە کە دەتوانین بە گەڵاڵە و پارچەنووسی و لێرەولەوێدانان، ناودێری بکەین، ئەوە دواترە کە دەگەین بە چیرۆکێکی سەرومڕ تەواو و کامڵ، کە خاوەنی سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییە، هەڵبەت ئەم ڕیزبەندییە سەر بە چیرۆکی پێشینە و لە چیرۆکی نوێدا سەرلەبەر هەڵوەشێنراوەتەوە، لە چیرۆکی نوێدا قۆناغێکمان نییە بمانگەیەنێتە قۆناغی کۆتایی و چیرۆکی تەواو، بەڵکوو یەک قۆناغ هەیە، ئەویش قۆناغی گەڵاڵە و پارچەنووسی و لێرەولەوێدانانە، بۆیە چیرۆکی نوێ لە نیگایەکی بەلەزبین و نەبینیندا، وەک چیرۆکێکی ناتەواو و ناکامڵ دادەنرێ و دەخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا هەر خودی ئەم خاڵە، خەسڵەتێکی بنچینەیی چیرۆکی تازەیە و نموونە و دەنگە جددییەکانیش دەتوانن پشتڕاستی ئەم بۆچوونە بکەنەوە.

پرسیار: چیرۆکی کوردیی ئێستا لە دیوە باو و کلاسیکییەکەی وەڕسووڕاوە، تەکنیکی گێڕانەوەی چیرۆک، زمان، خەیاڵ و بابەت گەشەی سەندووە؟

[highlight]بەختیار حەمەسوور: کام کلاسیک و باو؟ ئێمە لە شیعردا ئەدەبی حوجرە و ئەدەبی کلاسیکمان هەیە و تا ئێستەیش بە تەواوی نەخوێنراوەتەوە، لە چیرۆکدا کلاسیکمان بە ناوی قۆناغەوە نییە، چیرۆکی کوردی، بە زۆرێک لە ئەگەرەکانەوە، لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو [بیستەم]ـەوە دەست پێ دەکات، ئێمە لەو کاتەدا نەختە نەختە لە شیعردا مەودا لە کلاسیک دەگرین، لە چیرۆکیشدا، بە ڕیالیزمی ڕەخنەگرانەوە دێینە مەیدان. لە چیرۆکی کوریدا هەندێ قۆرت و هەوراز و نشێوی بڕاوە، لە بڕێ جومگە و پێکهاتەبەندیی گێڕانەوەدا، دەستکاریی زۆر کایە و پێکهێنەری چیرۆک کراوە، بەرەی یەکەمی گۆڕانکارییەکان لە هەندێ کۆمەڵە و چیرۆکنووسدا دەبینمەوە، بە ئێستەیشەوە ئەدەبەکەیانم خۆش دەوێت و دەگەڕێمەوە سەریان: ‹برایم ئەحمەد، عەلاددین سوجادی، شاکیر فەتاح، حەسەن قزڵجی، لەتیف حامید، محەڕڕەم محەمەدئەمین، محمەمەد مەولوود مەم، حسێن عارف و…› زایەڵەی ئەم گۆڕانکارییانە پاشتر لای نەوەیەک بە تووندتر و بەرزتر دەبیستینەوە: ‹شێرزاد حەسەن، عەتا نەهایی، فەرهاد پیرباڵ، کاروان کاکەسوور، ڕێبوار حەمەڕەحیم، فەرهاد مستەفا، فارووق هۆمەر، عەتا محەمەد، سەحەر ڕەسایی، ئارام کاکەی فەلاح و…›. ئێمە، ئەندامانی ئەم نەوە تازەیە، کاتێک دەمانەوێ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە بونیادی چیرۆکدا بکەین، دەبێت بە ئاگایی لە بەرامبەر چیرۆکی پێشینماندا بێت، دەنا گۆڕانگارییەکی بێبنەما و بۆش و زڕ دەبێت، زۆرجار دەبینین و دەبیستین بەرزە دەماخانە لافی گەورە گەورە لێ دەدرێ، بەڵام کە دێینە سەر دەق، وەک دواخاڵی بڕیاردەر، دەبینین نەک داهێنان و تازەگەری ڕوویان نەداوە، بەڵکوو زۆر نەریتی و کۆنکەوتەن، نەبوونی ئاگایی هەمەلایەن، وا دەکات ئەمانە بێن و بە دەستە و تاقمیش ئەشهەدووبیللایان بۆ بکرێ.[/highlight]

هەڵبەت لە پاڵ ئەو تایپە بەرفرەدا، چیرۆکنووسانێک هەن بێئەوەی شاتەشات و قەرەباڵغی دروست بکەن، بەئاگایی تەواو دەست بۆ جومگەکانی چیرۆک دەبەن، دەبێت بەم وتەی نیما یووشیجی شاعیری فارس دڵخۆش بین، کە لە جێیەکدا دەڵێت؛ زەمەن غەدارە و لەوسەرەوە بە بێژنگی خۆیەوە دێت.

 

 

پرسیار: تۆ وەک چیرۆکنووسێک، لە نووسینی چیرۆکدا چ شتێک زیاتر ڕاتدەکێشێت و بایەخی پێ دەدەیت، تەکنیک، زمان یان بابەتی چیرۆکەکەت، بێگومان کە هەموویان ڕەگەزی گرنگن، بەڵام زیاتر لە ڕووە تەکنیکییەکەوە لە چیرۆک دەڕوانیت یان وەک بابەت و کەرەستە؟

[highlight]بەختیار حەمەسوور: هەمووی گرنگن. بێ فەرامۆشی. ئەمڕۆ لێرەولەوێ دەنگانێک دەبیستم کە ئەولەویەت بە دانەیەک لە ڕەگەز و پێکهاتەکانی چیرۆک دەدەن و سەرکوتی ئەوانی تر دەکەن، ئەمە ڕەوا و ڕاست نییە، یەکگرتنی سەرجەم جومگەکان ئێسکەپەیکەر و جەستەی چیرۆک پێک دێنن، بەڵام بەم سەرنجەوە؛ لە چیرۆکێکدا دەتوانرێت تەنیا یەکێک لە جومگەکان زاڵ و بارز بێت و ببێت بە شاجومگە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوانی تر فەرامۆش نین و هەن لە چیرۆکەکەدا، بەڵام بە تۆنی نزم و ڕەنگی کاڵ. ئەمساڵانە زۆر تەماشای چیرۆکی نوێی فارسیم کردووە و خوێندوومەتەوە، ئەوەی هێجگار زوویر و بێزاری کردووم و دەکات، ئەو شەپۆلە بەلرفەیە بەرەو تەکنیکبازی، بە جۆرێک سەرومڕ چیرۆکی فارسی تێ کەوتووە و بووە بە تەکنیکبازییەکی بێتام، بەر هیچ ناکەویت، یان بڵێم بەر هیچ دەکەویت، هەڵبەت ئەمە کاریگەرییەکی زەق‌وزۆپی هۆشەنگ گوڵشیرییە لە ئەدەبیاتی نوێی فارسیدا، گوڵشیری چیرۆکنووسێکی گەورەیە و دەتوانم بڵێم قوتابخانەیەکە بۆ خۆی، بەڵام ئاوێکی خراپی ڕشتووە؛ مامەڵەکردنی گوڵشیریی لەگەڵ تەکنیکدا تایبەتە، نەوەی پاش ئەو نەیانتوانیوە چۆنیەتیی ئەو مامەڵەیە بدۆزنەوە و لاساییەکی نادانانەی دەکەنەوە، بە خەستی پێیان لەو ئاوەدا تەڕ بووە و خلیسکیان بردووە، لە بەرامبەردا، لە ئەدەب و چیرۆکی عەرەبیدا، بە تایبەت چیرۆکی عێراقی پاش ڕووخانی سەدام (٢٠٠٣)، دەبینی شتێکی ترە، هەست بە تێریی ناوەڕۆک بەسەر فۆڕمدا دەکەی، بێئەوەی هاوسەنگی لە دەست چووبێت، تەماشای چیرۆکەکانی حەسەن بەلاسم بکەن. کەسانێکیش لە چوارچێوەی فۆڕمدا گەمەیەکی لێڵ و پێڵ و بێهوودە دەکەن، بێئەوەی ناوەڕۆک بوونی هەبێت، ئێمە دەبێت بزانین فۆڕم و ناوەڕۆک تەنیا لە گوزەری یەکترەوە دەتوانن یەکتر پڕ بکەن و بسەلمێنن. کەسانێکیش هەن زۆر باسی زمان دەکەن، بە گەڕانەوە بۆ دەقەکانیان، تێدەگەین هیچ ڕیسک، نوێگەری و جیاوازبوونێک لە بەرهەمەکانیاندا نابینرێتەوە.[/highlight]

کۆمەڵێک تایبەتمەندی لە چیرۆکدا هەن زۆر بە بایەخن و لێرە هێشتا جێکەوتە نەبوون، بۆ وێنە، کەسایەتی لە چیرۆکدا، نوختەیەکی زۆر گرنگە، خەسڵەتی خۆی هەیە، هیوادارم بتوانم ڕۆژێ لەم بارەوە بە چڕی بنووسم، کات و شوێن، هەناسە و نەفەسکێشان و جیهانبینیی، لە ڕێی ئەم نوختانەوە دەتوانین زۆر چیرۆکی کوردی شی و شیتەڵ بکەینەوە و بیسەلمێنین چیرۆک نین، یان نۆڤلێت و ڕۆمانن و بە زۆر ترنجێنراونەتە قاڵبی چیرۆکەوە. ئێمە کە چیرۆک دەخوێنینەوە، بەر لە هەر شت چیرۆکمان دەوێ.

پرسیار: ئەگەر چیرۆکنووس و چیرۆکێک پێشنیار بکەیت دوای ئەم چاوپێکەوتنە خوێنەران بیخوێننەوە، کام چیرۆکنووس و چ چیرۆکێکە؟

بەختیار حەمەسوور: قورسە. زۆر زۆرن. لێرەدا سێ چیرۆک دەنووسم:

یەک: چیرۆکی ‹تۆپی ناو تابووتەکە›، ڕەووف بێگەرد.

دوو: چیرۆکی ‹چوارەمین ئەلبوومی تەنیایی›، سیامەند هادی.

سێ: چیرۆکی ‹کەس نازانێ خاڵم چۆناوچۆن خۆی دەکوژێ›، عەزیز مەحموودپوور.

پرسیار: سەبارەت بە جیاوازیی ئەم نەوە چیرۆکنووسە نوێیە لەگەڵ نەوەی پێشوو چ قسەیەکت هەیە، ئەگەر بە کورتییش بێت دەتوانی چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی و زەق بۆ ئێمە شی بکەیتەوە؟

بەختیار حەمەسوور: با سەرەتا بۆچوونێکی ڕوون و ئاشکرای خۆم سەبارەت بە چیرۆکی ئەو نەوەیە بڵێم، کە منیش یەکێکم سەر بە ئەوان و پێکڕا بە نەوەی نوێ ناسراوین: بە دانانی سلاش و کەوانەیەک بۆ بڕێ دەنگ و ڕەنگ، دەتوانم بڵێم چیرۆکی ئەم نەوەیە ڕازیم ناکات، دەنگەکان شپرز و شێواون، چنین و هارمۆنیەت زۆر لاوازن، تێمای چیرۆکەکان زۆر کەم بە یادگە و بیرەوەرییەوە دەچەسپێن، یانی ئەو دەنگ و تۆنەی کە بڕیارە ببێت بە شەقڵی نەوەیەک، لە چیرۆکی ئەم نەوەیەدا دروست نەبووە، یان دەیەوێ دروست ببێت و بارگە بخا؛ جارێ بەڕێوەیە و نەگەیشتووە، ئەمە وەک ئێسکێکی تیژ و نائومێدییەکی تاڵ بەربینگم دەگرێ، بەڵام ناتوانم چاوپۆشیی لێ بکەم، دەبێت هەوڵەکان جددیتر و ئاراستەدارتر بکرێنەوە. ئەم ژانرە بۆ ئێمە نوێیە و زۆر پەناوپەسێوی تاریک و نەناسراوی بە دەستلێنەدراوی ماوەتەوە، ئەرکی ئەم نەوەیە لە نەوەکانی پێشوو قورسترە، چونکوو زۆر بە سادەیی ئێستە ژیان ئاڵۆزترە، تێکڕژاوترە، سەختترە. دەبێت نگیای چیرۆکنووس هەموو قەڵەشت و کەلێنەکان بپشکنێ، تاوتوێیان بکات. هەر بۆ نموونە: پەیوەندیی نێوان ئینسان و شتەکان، کە چیرۆک وەک کۆڵەگەیەک لەسەری بەندە، بەراورد بە چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر زۆر گۆڕان و پچڕانی، لە هەردوو ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆکدا، بەسەردا هاتووە، دەبێت چیرۆکنووس ئاگای لەم گۆڕان و پچڕانانە بێت، یان دنیای دڵڕفێن و فریودەری سەرمایە و مۆدێرن و ژاوەژاو بە کارگە و دووکەڵ و سەیارە و هۆڕن لە شارەکاندا، کە ژیانی زۆربەمان پێیەوە وێران و سەراسیمە و سەرگەردان بووە، دەبێت چیرۆکنووس ئەم وێرانی و کاولکارییە زەینی و دەروونییانە لە چیرۆکدا ناونشین بکات و بنووسێتەوە، بەڵام چیرۆکی نوێی کوردی زۆر دەنگدەرەوەی ئەم دیاردە و دەرکەوتانەی سەردەمەکەی نییە. چیرۆکی نوێ دەبێت بیر لە خۆی و سەردەمەکەی بکاتەوە. لەم ڕووەوە، لە نێوان چیرۆکی نوێ و سەردەمەکەیدا، مەودا و شەبەقی گەورە دەبینم.

سەبارەت بە جیاوازی نێوان چیرۆکی ئێستە و ڕابردوو، وەک کڵێشە و گۆڕانکاری لە بڕێ جومگەدا، ئاشکرا و بەرچاو دەبینرێ، بەڵام لە جەوهەر و ناوکدا زۆر کەم لە ڕابردوو دوور کەوتووەتەوە، گرفتەکانیش فرەن، یەکێک لەو گرفتانە بنچینەییانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانین و گۆشەنیگا، نازانم بۆ لێرەدا ئەم کەوانە گەورەیەم کردەوە، بەڵام دڵنیام دەبێت لە یەکەم دەرفەتدا بپەرژێمە سەری و ورد و تەسەل لە بارەیەوە بنووسم و کەوانەکە دابخەم.

*بەختیار حەمەسوور، چیرۆکنووس، لە دایکبووی سلێمانییە.
*یەکەم چیرۆکی (لە ڕۆژنامەدا) لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو بووەتەوە، بە ناوی ‹پایسکیلی سوور›.
*لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە کۆمەڵەچیرۆکی ‹مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن› چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
*ساڵی ٢٠١٦، لە بیستەمین فیستڤاڵی گەلاوێژدا، خەڵاتی یەکەمی بۆ چیرۆکی ‹قاوەی سوێر› وەرگرتووە.
*لێکۆڵینەوەیەکی درێژی لە بارەی دەقی ‹سەرما و بەرد›ـی دلاوەر قەرەداغیی شاعیرەوە نووسیوە و لە کتێبێکدا، لەگەڵ شیعرەکەدا، ساڵی ٢٠١٩ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
*چەند وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە ڕۆژنامە گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *