بەردەوام خەم… هيوا حوسێن ئەمين

بۆ جگەرە كێشان هاتبوومەتە دەرەوە، ئێستا وەك جاران نييە، نابێت لەناو ژوورەكاندا جگەرە بكێشيت، ئيتر نازانم چاكە يان خراپ؟. شانم بە ئەستوونى بەرهەيوانەكەوە داوە، هەوا بەتەواوى ساردى كردووە، بەهۆى ئەو نەرمە بارانەى ئەم بەيانييەوە، هەوا شێدار بووە، هەست بەئازار دەكەم لە جومگەكانمدا، ئەوانەى ڕۆماتيزمييان هەيە بەهەواى شێدار جومگەكانيان ئازارى دەبێت. بە پێچەوانەى زۆر خەڵكەوە، من پايزم زۆر پێخۆشە، بەردەوام قسەكەى خۆالێخۆشبێ “حەمەى عەول”[1]م بيردەكەوێتەوە، كە دەيگووت: بەهار بەهارى كەرە، پايز بەهارى بەشەرە. مەبەستى لەم قسەيە ئەوەبوو، كە لەبەهاراندا، تەنها گژوگيا دەڕوێت، بەڵام لە پايزدا زۆربەى ميوەكان پێدەگەن.

پاكەتەكەم لە گيرفانم دەردەهێنم، من لە مێژە جگەرەى “گرێڤن” ى ئينگليزى دەكێشم، بەڵام ئەم جگەرەيە، تامى ئەوەى نەوەدەكانى نييە، هاوڕێيەكم دەڵێت: ئەم جگەرەيە، لە قەوزەى دەرياو گەڵا دارو پەڕۆ كۆنەو كاغەز پێكهاتووە، تەنها تامى توتنى تێكراوە، لەسەر كەشتى و لەناو دەريادا دروست دەكرێت، هەرچەندە لێى نووسراوە(Made in England)، بەڵام ساختەيەو هيچ نيشتمانێكى نييە، سەيرە.. دنيا پڕ بووە لە شمەكى قەڵب، جگەرەكەم داگيرساند، تەماشايەكى ناوقەدى خۆمم كرد، چەند جارێك دەستم بەكرشەكەمدا كێشا، هەر چەندە، چەند مانگێكە دەچمە جيم، بەڵام هێشتا بەدڵى خۆم لاواز نەبووم، هاورێيەكم هەيە بەردەوام دێتە جيم، بەڵام دواى گەڕانەوە، دوو قاپ سەروپێ دەخوات، بۆيە لەجياتى لاواز بوون قەڵەو دەبێت، تۆ دەڵێيت ئەو بۆچى بێتە جيم..؟؟، بۆ خۆلاواز كردن، يان تەنها بۆ ئەوەى لەناو خەڵكدا بڵێت دەچمە جيم؟؟ ئێستا چوونە جيميش بووە بە مۆد.

لەدەگاى حەوشە درا، جگەرەكەى دەستم فڕێدايە سەرزەوى، پێيەكم پێيدا ناو كوژاندمەوە. دەرگاكەم كردەوە، عەرەبێكى سوورييە، چەند وشەيەكى گووت: بەڵام من لەنيوەى تێنەگەيشتم، بەڵام زانيم داواى يارمەتى دەكات، پێش ئەوەى قسەكانى تەواو بكات، دەستى كرد بەگريان، بەڵام من لە جياتى گريان، پێكەنينم پێى هات، چوونكە بەردەوام لە مزگەوتدا، تووشى ئەو نمايشە درۆينە دەبمەوە، نازانم ئەم سوالكەرە سوورييانە، چۆن ئەوەندە بەدانايى خۆيان دەخەنە گريان. دەستم كرد بەگيرفانمدا و هەزار دينارم پێيدا، هەندێك وشەى ترى گووت: بەڵام لە نيوەى ئەمەيشيان تێنەگەيشتم، بەڵام زانيم نزاى چاكم بۆ دەكات.

كوڕەكەى سەعيد بەپێش ماڵماندا تێپەڕى، سڵاوێكى لێكردم، كراس و پانتۆڵێكى ڕەشى لەبەردابوو، ڕوخسارى زۆر خەماوى بەديار دەكەوت، بەبيرم هاتەوە، كە هەفتەى ڕابردوو، لەناو جەرگەى بازاڕدا سەعيدى باوكيان كوشت، من و زۆربەى خەڵكى شار بكوژەكە دەناسين، بەڵام تا ئێستا دەستگير نەكراوە، دواى ئەو ڕووداوە، من چەندين جار، بكوژەكەم لەناو بازاڕدا بينيوە، ئەو سەيارەى دەهاژوو، بەڵام كەس پێينەگووت: سەرووى چاوت برۆيە.

هاتمە ژوورەوەو دەگاكەم داخست، جگەرەيەكى ترم پێكرد، لە پەنجەرەى ژوورى ميوانەوە دەنگى تەلە فيزيۆنەكە دەگەيشتە لاى من، گۆرانييەكى لوتفى بوشناق[2] بوو، كە دەگووت: لاحروب لاخراب، لامصائب لامحن – خذوا المناصب والمكاسب، لكن خلولي الوطن.

لە نيوەى ئەمەيشيان تێنەگەيشتم، بەڵام زانيم باس لە زاڵمى بەرپرسەكان و خۆشەويستى خەڵكى سادە بۆ نيشتمان دەكات.

سەرنجمدا، وەك چاوەڕوانى خەڵك بۆ ئايندە، جگەرەكەى منيش لە چاوەڕوانيدا ستووەكەى درێژ ببوەوە، تەكاندمە سەرزەويەكە، دوا مژم لە جگەرەكەم دا، فڕێمدايە سەر زەويەكەو پێيەكم پێيدا نا، كوژاندمەوە.

[1] – هاوڕێيەكى سەردەمى منداڵيمە.

[2] – گۆرانى بێژێكى تونسى بەناوبانگە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…