پێشەکی
لە سەردەمی سۆڤییەتی کۆندا، ساڵی ١٩٣٧ وەک ڕەشترین ساڵەکانی ژیانی ئازەرییەکان دەمێنێتەوە. تەنها لە ئازربایجان، هەزاران ئازەری بێ تاوان دەستبەسەر کران، یاخود لەسێدارە دران، یاخود نێردران بۆ کەمپی کارە زۆرەملێکان. چەندین چیرۆک بڵاوبووەوە لە بارەی ئوتومبیلە ڕەشەکانی حوکمەتەوە، کە شەوان لەبەردەم ماڵێک یاخود باڵەخانەیەکدا دەوەستا و کەسێکیان بەزۆر دەبرد و لە ناو تاریکی شەودا ونیان دەکرد. زۆرینەی کات ئەو کەسانە لە دوای بردنیان، بێسەروشوێن دەبوون کەس نەیدەزانی چییان بەسەر هاتووە.
ڕۆژی ئەو شەوە، چیرۆکی ڕاڕایی و دڕدۆنگی خەڵكی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە.
بەیانی ئەو شەوە
شەوێک لە ساڵی ١٩٣٧
شەقامێکی بێدەنگی باکۆ. دوو باڵەخانەی گەورەی ئەپارتمێنت لە هەردوو بەری شەقامەکەن، ڕەق و قورس دیاربوون، وەک پۆڵا. باخچەیەکی بچووک کەمێک دوور لە باڵەخانەکان هەبوو.
وەک چۆن خاک بە چێژەوە ئاو قووت دەدات، شەقامەکەش هەموو دەنگەکانی ڕۆژی قووتدابوو، قسە و گفتوگۆ، دەنگی پێ، دەنگی ئوتومبیل. باخچەکە بێدەنگ بوو، خاڵی بوو لە هەموو پێکەنینەکان. کورسییە تەختەکانی، لاپەڕەیەکی پاکی خەتخەتی تیانوسێکی بەیاددەهێنایتەوە. لەسەر یەکێک لەو کورسییانە-ئەو دانەیەی کە لقی درەختێک وەک باڵی شکاو بەسەریدا شۆڕبووبووەوە-دوو ئەویندار لە تەنیشت یەک دانیشتبوون. کوڕەکە دەستی دەهێنا بە ناو قژی کچەکەدا.
باخچەکە و شەقامەکە و ئەپارتمێنتەکانیش تاریک بووبوون. ڕووناکییەکی کز لە یەکێک لە پەنجەرەکانی باڵەخانە چوار نهۆمییەکەوە، دەکەوتە دەستە ڕاستی شەقامەکەوە، دەدرەوشایەوە. هەموو خەوتبوون، خەوێکی لێوانلێو لە ڕاڕایی.
ئەو شەوە نزیکی کاتژمێر دووی شەو، بێدەنگی شەقامەکە بە دەنگی ئوتومبیلێک شکا. ئوتومبیلەکە لەبەردەم باڵەخانە چوار نهۆمییەکەدا وەستا.
ئوتومبیلەکە بە خاوی دەڕۆیشت، بەڵام لە ناکاو دەنگی ڕەقی برێکەکەی وەستاندی و خەوی دانیشتوانی ناو ئەپارتمێنتەکەی بچڕاند. کەس لە جێ نەهاتە دەرەوە، کەس نەچووە بەر باڵکۆنییەکە، بەڵام هەموو خەڵکەکە، ڕاکشاو لە ناو جێگەکانیانەوە هەموو هۆشیان دایە ئەو دەنگەی لەو ئاڕاستەیەوە دەهات.
شوقەی ژمارە ١
لە شوقەی ژمارە ١ لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانە چوار نهۆمییەکە، ژن و پیاوێکی بەتەمەن دەژیان. بەشیر چاودێریکەری باڵەخانەکە بوو، ژنەکەی ناوی زوڵەیخا بوو. زوڵەیخا ڕاکشا بوو، خەونی بە گوندەکەیەوە دەبینی. دوکەڵێکی سپی لە خانووە بچووکەکەی گوندەکەیانەوە هەڵدەستا. کەسێک هاواری کرد، “هێی زوڵەیخا، وەرە ئەو قاپانە بشۆ. ئەوە لە کوێیت کچێ؟” زوڵەیخا دەنگەکەی ناسییەوە و چوو بۆ لای. دەنگی دایکی بوو.
بەشیر لە خەونیدا چای دەخواردەوە. چایەکی ڕەش. هێندە گەرم بوو، هەڵم ناو کوپەکەی گرتبوو. بەڵام وەستانە لەناکاوەکەی ئوتومبیلەکە، هەردووکیانی بە ئاگا هێنایەوە. گوێیان گرت. گوێیان لە کرانەوەی دەرگەکانی ئوتومبیلەکە بوو.
زوڵەیخا بە چرپە گوتی، “خوایە گیان لە بەڵا بمانپارێزە.” هەوڵی دا خەونەکەی بەیادبهێنێتەوە، تا بزانێک هیچ سیمبولێکی تێدا بووە ئاماژە بێت بە شتێکی خراپ. بەڵام ئاو لە خەوندا خۆشبەختییە … دایکی …
دەرگەکانی ئوتومبیلەکە بە توندی داخرانەوە، زوڵەیخا دووبارەی کردەوە، “خوایە گیان لە بەڵا بمانپارێزە.” دەنگی پێ دەبیسترا، لە دەنگەکەوە بەشیر هەوڵیدا بزانێت چەند کەسن-سێ یان چوار. دەرگەی هاتنەژوورەوەی باڵەخانەکە کرایەوە. دەنگی پێ لە نزیک دەرگەی ئەپارتمێنتەکەی بەشیرەوە دەبیسترا. بەشیر بیریکردەوە، “دەبێت ئەمشەو کێ ببەن؟” دەنگی پێیەکان، ئەپارتمێنتەکەی ئەمانی بەجێهێشت.”
شووقەی ژمارە ٢
لە شووقەی ژمارە دوو، بەرانبەر شووقەکەی بەشیر، بێوەژنێکی بەتەمەن دەژیا. ناوی زەهرا بوو. شووقەیەکی دوو ژووری هەبوو، بەڵام لە دوای کۆچی دوایی مێردەکەی، یەکێک لە ژوورەکانی دابوو بە کرێ. پوورە زەهرا گوێی زۆر گران بوو. پرخە پرخیشی دەکرد. ئەگەر فیشەکیش لە پاڵیدا بتەقیبا، خەبەری نەدەبووەوە. بۆیە ئەمجارەش بەئاگا نەهاتەوە.
ئەو کەسەی ژوورەکەی لێ بەکرێ گرتبوو، کچێک بوو ناوی ساکینە، ٣٢ ساڵ بوو. خاتونێکی جوان و بێدەنگ بوو، زۆریش سەرەنجڕاکێش بوو. کاتێک ئوتومبیلەکە وەستا، دەمودەست خەبەری بووەوە. بە قەلەقییەوە گوێی گرت. کاتێک دەنگی پێیەکان لە دەرگەکەی نزیک بوونەوە، چەندین خەیاڵ بە مێشکیدا هاتن. بیرکردنەوەکان وردبوون بۆ چەندین پارچەی بچووک و لێک بچڕار وەک دڵۆپێک جیوە. ئاوێتە بوون، جیابوونەوە، جارێکی دیکە ئاوێتە بوونەوە.
بیریکردەوە، “ناکرێت لەسەر یەک لێکچوونی بچووک، شتی وا بکەن. کەس کەس ئاگای لێ نییە ئەحمەدۆڤ نەبێت. ئەو شتی وای لێ دەوەشێتەوە؟ نەخێر، نەخێر. ڕاستە وشەکە زۆر گرنگ بوو. بە هیوام هەمان هەڵەم لە وشەی دیکەشدا کردبێت.”
“بۆچی ئەو هەڵەیەم کرد و پیتی (z)م لە دوای پیتی (p) لەو وشەیەدا نوسی؟ نەخێر، بڕواناکەم ئەحمەدۆڤ شتی وا ناکات. بەڵام خۆ کێ دەزانێت؟ ئەویش مرۆڤە، ڕەنگە ترسابێت. نەخێر، نەخێر، ئەو ترسنۆک نییە، بەڵام خۆ تەنها هەردووکمان لە ئۆفیسەکەدا بووین. دەبێت کێی دیکە بەوەی زانیبێت؟ ڕەنگە ئەحمەدۆڤ ترسابێت.
“بریا لە وشەیەکی دیکەدا هەڵەم بکردایە، چۆن بزانم بە یەک پیت مانای وشەیەک هێندە دەگۆڕێت؟ ئێستە چۆن بیسەلمێنم کە ئەوەم بە ئەنقەست نەکردووە؟ ئەوە تەنها هەڵەیەک بوو-بە ڕێکەوت بووە. باشە بۆ دەبێت بە مەبەست ئەوەم کردبێت؟ من تەنها تایپیستم، لوتی خۆم لە هیچ شتێک هەڵناقورتێنم. من سەدەها پەڕە تایپ دەکەم، هەڵەش دەکەم.
“نەخێر، ئەحمەدۆڤ کەسێکی بەهێزە. ئەگەرچی زوو زوو ڕەخنەم لێ دەگرێت، بەڵام شتی وا ناکات، نەخێر، نەخێر، ئەوە ڕاست نییە، نابێت ڕاست بێت، دەبێت چییان پێ بڵێم …”
ساکینە ئەو دەستەسڕەی لە ژێر سەرینەکەیدا دەرهێنا کە خۆی دووریبووی، ئارەقە ساردەکەی ناوچەوانی پێ سڕی. گوێی لە دەنگی پێیەکان بوو دەرگەکەی ئەمیان تێپەڕاند و بە پلیکانەکاندا سەرکەوتن بۆ نهۆمی دووەم.
شوقەی ژمارە ٣
ئەپارتمێنتەکەی سورخای ژمارە ٣ بوو لە نهۆمی دووەم. کوڕێکی ئەندازیار بوو. سەڵت بوو. گڵۆپەکەی ئیشی دەکرد و لە دەرەوەی ئەپارتمێنتەکەی دەبینرا. کاری دەکرد، چونکە دەبوو دیزاینی قوتابخانە نوێیەکە تەواو بکات و سبەی بیانداتێ، لەبەر ئەوە تەواوی شەوەکە بێداربوو و کاری دەکرد.
سورخای هێندەی سەرقاڵی تەرکیزخستنە سەر کارەکەی بوو، ئاگاداری ڕوودانی هیچ کام لەو شتانە نەبوو.
نە گوێی لە دەنگی وەستانی ئەو ئوتومبیلەی بەردەم باڵەخانەکە بوو، نە لە دەنگی پێیەکان. ئێستەش کە دەنگی پێیەکان لەبەردەم باڵەخانەکەیەوە دەهاتن، هەر گوێی لێیان نەبوو. دەنگی پێیەکان ژوورەکەی ئەویان تێپەڕاند و بە ئاڕاستەی ئەپارتمێنتی ژمارە چوار ڕۆیشتن.
شوقەی ژمارە ٤
گوربان کە لە شووقەی ژمارە چوار دەژیا، ئەندامی کۆنی حیزب بوو. بە درێژایی سێ مانگی پێشوو، نزیکی جێخەوەکەی دوو دەستە جلی ژێرەوەی دادەنا، فڵچە و مەعجونی دەم و ددان، سێ سابوونیش.
لە گەنجییەوە هاوڕێکانی سەرەنجی ئەوەیان دەدا چەندە (لەبەرچاو) و (ڕاڕا) بوو. هەر کە ئوتومبیلەکە وەستا، گوربان چاوی کردەوە، هێشتا خەوی لێ نەکەوتبوو. بەم دواییانە زۆر کەم دەخەوت، هەرچەندە پیاوێکی هێمن و تێگەیشتوو بوو. هەر کە دەنگی پێیەکان بە پلیکانەکاندا سەرکەوتن، گوربان بیریکردەوە، “چواردەی ئەپرێلی ١٩٣٧.”
هەندێک بەروار هەن لە ژیانی مرۆڤدا زۆر گرنگن. بە جۆرێک هەمیشە ئەو بەروارانەمان لەیادە-ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووین، ئەو ڕۆژەی تێیدا ئاشق بووین، ئەو ڕۆژەی کە تێیدا بۆ یەکەمجار بووین بە دایک یان باوک، ڕۆژی مەرگی ئازیزان، ڕۆژی بەدیهاتنی خەونەکان.
بەڵام ڕۆژێکی دیکە هەیە کە هەرگیز ناچێتە بیرەوەریمانەوە. ئەو ڕۆژەی کە بیرەوەریمان بەتەواوی ون دەبێت. ڕۆژی مەرگمان. ئەمانە گرنگترین بەروارەکانی ژیانی مرۆڤن.
دەنگی پێیەکان لە دەرگەکەی نزیک بوونەوە، گوربان بۆ خۆی دووبارە کردەوە، “١٤ی ئەپرێل.” ئینجا ڕۆژە گرنگەکانی ژیانی خۆی بەیادهێنایەوە: ٧ی دیسەمبەری ١٩٠٣، یەکەم کۆبوونەوەی نهێنی قوتابییان. ١٨ی ئۆگەست ١٩٠٤، یەکەمین گردبوونەوەی خوێندکاران. ٢٨ی ئەپرێلی ١٩٢٠، باکۆ، بەیانیی ڕاپەڕین. ٢٢ی فیبریوەر، ١٠ی سێپتەمبەر، ٨ی جولای: دەرکردنی سیزار، ساڵانی شۆڕش، شەڕی ناوخۆ. ٥ی ئۆکتۆبەر و دواهەمین گفتوگۆی ڕاستەقینەی لەگەڵ هەر مرۆڤێکدا کردبییەتی.
بە درێژایی حەوت مانگی ڕابردوو، گوربان چاوەڕوانی ڕۆژە گرنگەکە بوو، ڕاستتر، چاوەڕوانی ئەم شەوە گرنگەی ژیانی بوو. شەو لە دوای شەو چاوەڕوانی بوو. “کەواتە …شەوی ١٤ی ئەپرێل …”
ئێستە چیتر گوربان بیری لەو بەروارە نەدەکردەوە، دڵی لای بەروارێکی دیکە بوو. ئەگەرچی دەشیزانی ئەمشەوی یەکێکە لە بەروارە گرنگەکانی ژیانی، بەڵام دواهەمین و گرنگترین نەبوو. دەیزانی یەک ڕۆژی گرنگی دیکەی ماوە، گرنگترین بەیانی ژیانی. ئەویش ئەو بەیانییە دەبێت کە یەکسانی و دادپەروەری پیشان دەدات. بەڵام دەبێت ئەو بەیانییە کەی بێت؟ چ ڕۆژێک؟ چ مانگێک؟ چ ساڵێک؟ دەنگی پێیەکان لەبەردەم دەرگەی گورباندا وەستان. گوربان هەستا تا دەرگەکە بکاتەوە. پێیەکانی خستە سەر زەوییە ساردەکە و هەوڵیدا نەعلەکانی بدۆزێتەوە. وەک پیاوێکی نابینا کە بە گۆچانەکەی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە، بە قاچەکانی بۆیان گەڕا و دۆزینیەوە. لە کاتێکدا دەیویست قاچی ڕاستی بخزێنێتە ناو نەعلەکەوە، بێ جووڵە وەستا، گوێی لە دەنگی پێیەکان دەگرت کە بە جۆرێکی سەرسامانە، دوور دەکەوتنەوە-هەنگاو بە هەنگاو.
شوقەی ژمارە ٥ و ٦
لە نهۆمی سێ، دوو شوقەی لێ بوو. شوقەی ژمارە ٥، دوو هەفتە لەمەو پێش چۆڵ کرابوو. ئاوازدانەرێکی تێدا دەژیا بە ناوی فەرەج. هێشتا چۆڵ بوو و کەس نەهاتبووە ناوییەوە.
جەڤانشێر و تاڤۆسی ژنی و ڕەنای کچە شەش ساڵانەکەیان لە ژووری ژمارە شەش دەژیان. هەر کە ئوتومبیلەکە لەکۆڵانەکە وەستا، ئەو دەستەی کە کەمەری تاڤۆشی لە ئامێز گرتبوو-دەستی جەڤانشێر-وەستا. کەمێک دواتر جەڤانشێر خۆی لە ژنەکەی دوورخستەوە و بە بازێک هەستایە سەر پێ. تاڤۆشی لە جێی خۆی بە ڕاکشاوی وشک بوو. هەردوو هەموو گیانیان کرد بە گوێ و چاوەڕێیان کرد.
ڕەنای بچووک خەوتبوو. خەونی بە پەنجەرەیەکی گەورەی شینی ئاسمانییەوە دەبینی. پەنجەرەیەک بوو هیچ پەردەیەکی پێوە نەبوو. کەسێک فێری ژماردنی دەکرد: یەک-دوو-سێ-چوار-پێنج. یەک-دوو-سێ-چوار-پێنج. یەک-دوو-سێ-چوار-پێنج.
کاتێک ئوتومبیلەکە لەبەردەم باڵەخانەکەیاندا وەستا و دەنگی پێ بیسترا، جەڤانشێر بەچرپە تەنها یەک وشەی بە تاڤۆس گوت، “گوربان.” بێگومان هۆکاری خۆی هەبوو بۆ گوتنی ئەو ناوە. دوو هەفتە پێشتر، کاتێک بە هەمان شێوە ئۆتومبیلێک هات، جەڤانشێر تەنها یەک وشەی بە ژنەکەی گوتبوو، “فەرەج.” تاڤۆس کە تازە ئاشنای ئەو دۆخانە بووبوو، ڕوخساری بە جۆرێکی پرسیارئاسا گرژ کرد. جەڤانشێر گوتبووی، “تۆ ژنیت. خۆت لە کاری پیاوان هەڵمەقورتێنە.”
دوو ڕۆژ بوو تاڤۆس لەوە کەوتبوو خەمی بۆ بخوات و گوێی پێ بدات. دواجار چارەی کردبوو و بڕوای بە خۆی هێنابوو کە، “بەلامەوە گرنگ نییە. ئەو پیاوە و ئەوە ئیشی خۆیەتی.”
ئەو شەوە کاتێک دڵنەوایی یەکتریان دەدایەوە، لە کاتی ماچکردنی ملی ژنەکەیدا، جەڤانشێر بە چرپە پێی گوتبوو، “من لە خۆمەوە هیچ قسەیەک هەڵنابەستم. ئەگەر پرسیارم لێ بکەن، هەموو ئەو شتانە دەڵێم کە گوێم لێ بووە.”
کاتێک دەنگی پێیەکان دەرگەکەی گوربانـیان تێپەڕاند و بە پلیکانەکاندا سەرکەوتن، ئاهێکیان بەبەردا هاتەوە و هەوڵیاندا ئارام ببنەوە. جەڤانشێر دەستی خزاندە گیرفانی چاکەتەکەیەوە کە لە کۆتایی جێخەوەکە هەڵواسرابوو. بە پەنجە لەرزۆکەکانییەوە جگەرەیەکی دەرهێنا و خستییە بەینی لێوەکانییەوە. داینەگیرساند، تەنها لە شوێنی خۆی وەک پەیکەر دانیشت، زۆر زۆر بە ئاگایانە گوێی دەگرت.
بیریکردەوە، “ڕەنگە هەڵەیان کردبێت، باشە. نازانن تەنها دوو شوقە هەیە لەم نهۆمە؟ شوقەی ژمارە ٥ خاڵییە و ژمارە شەشیش منم. تاڤۆس، هیچ شتێکت بە هیچ کەسێک گوتووە؟”
“ئەوە باسی چی دەکەیت چەڤانشێر؟”
“دەزانم هاوڕێ کچەکانت زۆر حەزیان بە وتی وتییە.”
“هێی جەڤانشێر، دوو مانگ بەر لە ئێستە باسی ئەمەمان کرد و پێموابێت هەموو شتەکانمان ڕوونکردەوە. لەو کاتەوە کەسیان نەهاتوون بۆ ئێرە. منیش هیچیانم نەبینییوەتەوە. تۆ لە من باشتر دەزانیت کە بە هەموو شێوەیەک پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو خزمانمان بڕیوە. لەگەڵ هیچ کەسێکدا قسەمان نەکردووە.”
دەنگی پێیەکان ژووری ژمارە پێنجیان تێپەڕاند.
“جەڤانشێر،” تاڤۆس بە دەنگێکی لەرزۆکەوە بانگی مێردەکەی کرد. نەیدەزانی پێی بڵێت یاخود نا. لە کۆتاییدا بڕیاریدا کە باشتر وایە بزانێت.
“دەزانیت لەم دواییەدا ڕەنا دەستیکردووەتەوە بە گوتنەوەی ئەو گۆرانییە.”
“چی؟” جەڤانشێر لە جێخەوەکەیەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە.
ئەو پیاوە تەنهایە-فەرەجـی ئاوازدانەر-کە زۆر ڕەنای بچووکی خۆشدەویست، بە هەر هۆکارێکی سەیر بووبێت، ئەو گۆرانییەی فێری کچەکە کردبوو کە بەو دواییە سەرقاڵی ئاوازدانانی بوو.
ڕەنای بچووک کە ئاگاداری ئەوە نەبوو کە لە دونیادا دەگوزەرا، بوکەشووشە بچکۆلەکەی دەبردە ناو جێگەوە و بە لایلایە ئەو گۆرانییەی بۆ دەگوت کە فەرەج ئاوازی بۆ دادەنا -“دوژمنی خەڵک.”
جەڤانشێر کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدابوو و بەر لەوەی هیچ شتێک بۆ ژنەکەی ڕوونبکاتەوە، شێتانە ڕایکردبووە ژوورەکەی دیکە و چەندین زللەی دابوو لە ڕەنای بچووک. پاش ئەوەی کە ئارام بووبووەوە، بە تاڤۆسـی گوتبوو، “ئەگەر یەک جاری دیکە گوێم لە شتێکی لەو جۆرە ببێتەوە لەو قەحبەیەوە، پەشیمان دەبیتەوە.”
دەنگی پێیەکان لەبەردەم دەرگەکەی جەڤانشێردا وەستان. بە دەنگی لەرزۆکەوە تاڤۆس بەردەوام بوو، “دوێنێ جارێکی دیکە لە کاتی گوتنی ئەو گۆرانییەدا گرتم. گوێیەکانیم بادا، بەڵام ئەو گوتی، ‘دایە گیان من ئەو گۆرانییەم لەبیر خۆم بردووەتەوە، تەنها دەمگوتەوە تا بزانم لەبیرم چووەتەوە یان نا.'”
پاش گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەکەی کچەکەی، تاڤۆس دابوویە پێکەنین. بەڵام لەم شەوەدا، لەم ساڵەدا، لەم دۆخەدا، ئەو پێکەنینە گەورەترین خیانەت بوو بۆ چەڤانشێر. قۆڵی تاڤۆسـی گرتبوو، “دەمت داخە،” ئینجا جنێوی پێدا.
دەنگی پێیەکان لە دەرگەکەی ئەمان دوورکەوتنەوە. لە توڕەییدا، جەڤانشێر جگەرەکەی داگیرساند. گوتی، “من گەمژەم،” ئینجا دەستیکرد بە پێکەنین. “لەبیرم چوو نهۆمێک لەسەرەوە ماوە.”
“لە نهۆمی چوارەم،” تاڤۆس وای گوت، لە پرمەی گریاندا بوو، جنێوەکان هێشتا گوێیان دەسوتاند. جەڤانشێر بیریکردەوە، “نهۆمی چوارەم، کامیانە؟ کاپتن؟ یان ئۆلیمان؟”
شوقەی ژمارە ٧
دوو شووقە لە نهۆمی چوارەم هەبوو. سەلاییڤ لە شوقەی ژمارە حەوت دەژیا. کاپتنی کەشتییەک بوو کە بەردەوام گەشتی دەکرد بۆ ئەستراخان. هەفتەی سێ ڕۆژ لە ماڵ بوو: دوو شەممە، سێ شەممە، چوار شەممە، چوار ڕۆژەکەی دیکەش لە ناو دەریادا بوو.
جەڤانشێر بەیادی هاتەوە، “ئەمڕۆ هەینییە. کەوایە ئۆیلمان زەینەڵی؟ تەنها بیری لێ بکەرەوە. پێشتر هەرگیز بیرم لێ نەکردووەتەوە. هەمیشە زۆر خۆبەزلزان و لە خۆڕازی مامەڵەی دەکرد. لەم دواییەدا تەنانەت سڵاوی لە خەڵکیش نەدەکرد.”
شووقەی ژمارە ٨
جەڤانشێر بە وریاییەوە گوێی گرت. دەنگی پێیەکان دەرگەی شوقەی ژمارە حەوتیان تێپەڕاند و لەبەردەم شوقەی ژمارە هەشتدا وەستان. پاشان دەنگی لەدەرگەدان بیسترا. لەدەرگەدانێکی بەهێز. هەموو باڵەخانەکە گوێیان لێی بوو.
لە شوقەی ژمارە شەش جەڤانشێر بیریدەکردەوە، “کەوایە موراد زەینەڵیـیە. چەند لە خۆڕازی بوو. سێ ژووری گەورە و ڕووناک چۆڵ دەبن. دەبێت دواتر کێ بێتە ناوی. بەڵام بە ڕوخساریدا بێت، هەرگیز واپێ نەدەچوو زەینەڵی لە کێشەدا بێت.”
لە شوقەی ژامارە پێنج … شووقەی ژمارە پێنج چۆڵ بوو و دەرگەکەی داخرابوو.
لە شووقەی ژمارە چوار، گوربان بەسەر زەوییەکەدا بە ئارامی دەهات و دەچوو-بیریدەکردەوە، بیریدەکردەوە، بیریدەکردەوە. “ڕەنگە باشتر وابێت بچم بۆ مۆسکۆ و خۆم نامەکە بگەیەنم، ئەوکات دەزانین ئەگەر …”
لە شووقەی ژمارە سێ، سورخای هێشتا کاری دەکرد.
لە شووقەی ژمارە دوو، ساکینە بە بێدەنگی دەگریا. زەهرای بەتەمەن خەوتبوو، خەوێکی بێ خەون.
لە شووقەی ژمارە یەک، بەشیر، چاودێریکەری باڵەخانەکە، بۆ ژنەکەی ڕووندەکردەوە، “قسەی پووچ مەکە ژنەکە. هیچ کەسێک نابەن ئەگەر تاوانبار نەبێت. خوا دەزانێت چی کردووە.”
دواتر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و گوتی، “زەوی بۆ کێ بەجێماوە، سولەیمان نەبێت.”
دەرگەی شووقەی ژمارە هەشت لە نهۆمی چوار کرایەوە. دەنگی پێیەکان چوونە ژوورەوە. پاش کەمێک، دەنگی پێیەکان بیسترانەوە بە پلیکانەکاندا چوونە خوارەوە، پلە بە پلە. دەروازەی باڵەخانەکە بە خێرایی کرانەوە و داخرانەوە. ئوتومبیلەکە داگیرسایەوە و خێرا ڕۆیشت. لە دوورەوە دەنگی ئوتومبیلەکە دەبیسترا، تا ئەو کاتەی بە یەکجاری لە گوێ ون بوو.
بێدەنگی شەقامەکە، باڵی بەسەر هەموو ژاوەژاو و دەنگەکاندا گرت. ڕووناکی تەنها لە یەک پەنجەرەی باڵەخانە تاریکەکەوە دەبینرا. یەکێک لە کورسییە تەختەکەی باخچەکە، ئەوەی کە درەختەکە وەک باڵی شکاو بەسەریدا شۆڕبووەتەوە، کوڕەکە لێوی کچەکەی ماچ کرد.
بەیانی زووی ڕۆژی دواتر، بەشیر، چاودێریکەری باڵەخانەکە، فڵچەیەک و سەتڵێکی پڕ لە بۆیاخی هەڵگرت و چووە قاوشەکەوە.
لەسەر تەختە ڕەشێکی ناو قاوشەکە، بە پیتی سپی ناوی ئەو کەسانە نوسرابوو کە لە باڵەخانەکەدا دەژیان. دواهەمین ناو کە لە تەنیشت شوقەی ژمارە پێنجدا نوسرابوو، ڕەش کرابووەوە، بەجۆرێک ئەستەم بوو بتوانیت بیخوێنیتەوە. بەشیر دوو هەفتە لەوەو پێش ڕەشی کردبووەوە. ئەم بەیانییەش بەشیر سەتڵە بۆیاخە ڕەشەکە و فڵچەکەی برد و چووە قاوشەکەوە، هێشتا حەوتی بەیانی بوو.
دانیشتوانی باڵەخانەکە-ساکینە، جەڤانشێر و تاڤۆس، کە درەنگ کەوتبوون بۆ سەر کار، لە قاوشەکە یەکتریان بینی. بۆ خولەکێک وەستان و سەیری بەشیریان کرد. ساکینە هەستی بە سەرما کرد، جارێکی دی ملپێچەکەی لە ملییەوە ئاڵاند. بەشیر فڵچەکەی بەرزکردەوە و لە دواهەمین ناوی نزیککردەوە کە “زەینەڵی” بوو.
لە ناکاو جەڤانشێر و تاڤۆس هەستیان بە ترس کرد. ساکینە هەردوو کۆتایی ملپێچەکەی گرت. بەشیر لە جێی خۆی لە سەرسوڕماندا وەک پەیکەر وەستا. ڕووناکی لە دەرگەیەکی کراوەی قاوشەکەوە دەهات و دەیدا لە زەوییە کۆنکرێتییە خۆڵەمێشییەکە. لەو دەرگە نیمچە کراوەوە، دەتوانرا شەقامەکە ببینرێت، لە پەنجەرەیەکی باڵەخانەکەیانەوە، ئەوەی کە پارچەیەک تەختەی سەوز کرابوو بە چوارچێوەکەیەوە.
بەڵام شتێکی دیکە هەبوو کە هەموو ئەو خەڵکەی قاوشەکەی سەرسام کرد. ئۆیلمان موراد زەینەڵی کە لە شووقەی ژمارە هەشت دەژیا، لە ناو دەرگەکەدا وەستا بوو. موراد سەیری بەشیری کرد، چاودێریکەری باڵەخانەکە، بە فڵچە و سەتڵەکەی دەستییەوە، یەکسەر تێگەیشت چی ڕوودەدات. بەڵام لە ناو دەرگەکە نەجوڵا.
جەڤانشێر، کە بە سەختی وشەکان لە قوڕگی دەهاتنە دەرەوە گوتی، “بەڵام … تۆ … دوێنێ شەو … ئوتومبیل …”
زوڵەیخای خێزانی بەشیر هاتە دەرەوە. ئەویش بە سەرسوڕمانەوە سەیری موراد و خەڵکەکەی دیکەی ناو قاوشەکەی کرد. دەنگی پێی کەسێک بیسترا بە پلیکانەکاندا بەخێرایی دەچووە خوارەوە. چەند کاخەزێکی ڕەنگاوڕەنگ و لولکراو لە بن باڵی سورخایـدا بوو.
کاتێک موراد پێکەنی، دەمی کرایەوە و ددانە سپی و تەندروستەکانی دەرکەوتن. پێی گوتن، “هەمیشە بیر لە ڕوودانی شتی خراپ مەکەنەوە. ئەو ئوتومبیلە ئەمبولانس بوو. فەریدەمان برد بۆ نەخۆشخانەی منداڵ بوون. دوێنێ شەو کوڕێکی بوو. ئێستە من باوکم.”
تاڤۆس دەستی خستە سەر ناوچەوانی، “ئاهــ چۆن لە یادم چوو کە فەریدە دووگیانە و بەم نزیکانە منداڵەکەی دەبێت.”
زوڵەیخا گوتی، “ڕاست دەکەیت. خەیاڵمان بۆ ئەوە نەچوو. پیرۆزە، بە ناز و خۆشەویستی دایە و بابە گەورە ببێت.”
لەبەر هەر هۆکارێک بێت، جەڤانشێر ڕەنگی پەڕی. جگەرەیەکی داگیرساند. لەبەر هەر هۆکارێک بێت، ساکینە سوورهەڵگەڕا. سەری داخست. دەنگی زرمەیەک بیسترا. فڵچەکە لە دەستی بەشیر کەوتە خوارەوە و کەوتە سەر زەوییەکە.
“پیرۆزە.” سورخای وای گوت و بە خێرایی ڕۆیشت.
ئەو منداڵەی ئەو شەوە لەدایک بوو، من بووم.
ئانار ڕزاییڤ، ناوی تەواوی ئانار ڕەسووڵ ئۆغلوو ڕزاییڤە، چیرۆکنووس، شاعیر، وەرگێڕ و فیلمنامەنووسی ئازەربایجانییە، لە ساڵی ١٩٣٨ لە باکۆی ئازەربایجان لە دایک بووە.