بە حاڵ دەرکەوتنی خۆر.. ئیشفاق ئەحمەد

ئیشفاق ئەحمەد، لە ٢٢ی ئۆگۆستی ١٩٢٥ لە فەیرووزفوور لە پاکستان لە دایک بووە، بنچینەی خێزانەکەی هیندستانە. چیرۆکنووس و ڕەخنەگری ئەدەبیی، فەیلەسووفی پاکستانیی- هیندییە، ڕۆمان و کورتەچیرۆک، هەروەها شانۆنامەشی بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن نووسیووە، لە لایەن دەوڵەتی پاکستانەوە بەرامبەر هەوڵە ئەدەبییەکانی ڕێزی لێ نراوە، خاوەنی دوو خەڵاتی ئەدەبییە لە ناوخۆدا. لە ٧ی سێپتەمبەری ٢٠٠٤ بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە لاهور گیانی لە دەست داوە.

ئەوەی دەیخوێننەوە دوو کورتەچیرۆکی ئەو نووسەرەیە

بەرژەوەندخواز

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی بە ناونیشانی بەرپرسی فێرکاریی و پەروەردە هەڵبژێردرا بوو، نووسراوەکانی لەسەر مێزەکەی دەپشکنی. دوای واژۆکردنی چەند نووسراوێک، بانگی کارمەندەکەی خۆی کرد و گوتی: “من ئەم نووسراوانە واژۆ ناکەم، پێیان بڵێ کە من تەنیا کاری یاسایی ئەنجام دەدەم.”

کارمەندەکە بە بیستنی ئەم قسانە، نائومێدانە دەرکەی ژوورەکەی بە جێ هێشت. ڕۆژی دواتر، سەرۆک نائارام دەهاتە بەر چاو. کارمەندەکە هۆکارەکەی لێ پرسی. ئەو وەڵامی دایەوە: “داخوازیی کچەکەم هاتووە، کوڕێکی باشە بەڵام پێنج هەزاری نەقدیان دەوێت بەڵام من تەنیا..” و قسەکانی دواتری خواردەوە.

کارمەندەکە شتێکی بە گوێیدا گوت. ڕۆژی دواتر، واژۆی بەڕێز سەرۆک بەسەر تەواوی نووسراوەکانەوە بوو و سەرۆک بۆ هاوسەرگیری کچەکەی مانگێک پشووی وەرگرتبوو.

بە حاڵ دەرکەوتنی خۆر

عومران بۆ گوزەرانی ژیانی لە گوندەکەیانەوە هاتبووە شار و دوو ساڵ لەمەوبەر لە ماڵە چوار نهۆمییەکەی جەمیل سیت، ژوورێکی بە کرێ گرتبوو. جەمیل بازرگانێکی گەورە بوو، بەڵام کوڕی نەبوو. ڕۆژێک کتوپڕ جەڵتەی دڵ لێی دا و مرد. دوای ساڵێک، عومران لەگەڵ هاوسەری خوالێخۆشبوو هاوسەرگیری کرد و بوو بە بەرپرس و ئاگاداری موڵکوماڵی جەمیل سیت، ئێستا خەڵکیی، ئەو بە عومران سیت بانگ دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *