سوارەی حەسەنزادە جوانخاسەكەی گەڕەكی قەتارچییان و سمایل بلووریان سترانبێژە ئەفسوناوییەكەی بۆكان بەیانییەكی زوو لەدامێنی ناڵەشكێنەوە بە گۆرانی چڕین كەوتنەڕێ. سەدان گوندیان دایە ژێرپێوە، بەچەندین شار و شارۆچكەدا تێپەڕین، دەگەیشتنە هەر ئاوەدانییەك وچانێكیان دەگرت و دەكەوتنەوە رێ. دوای چەند رۆژێك نیوەڕۆیەكی گەرمی هەینی گەیشتنە شەقامی مەولەوی. جادە و بازاڕ تا ئەندازەیەك چۆڵ بوو، تاك تاك پیادەڕەو یەك بەرەو سەرێ و یەك بەرەوخوارێ.
ئەوانیش غەوارە و نەشارەزا نەیاندەزانی چ بەشێكی بازاڕی سلێمانی قەرەباڵغە، نابەڵەد سەركەوتنە سەرێ و لەسەر سووچەكەی بەرانبەر دەبۆكە لە پاڵ دووكانێكی داخراودا لەنگەریان گرت.
سمایل بلووریان گوتی: خراپ هاتین، ئێرە چۆڵ و چەپەكە.
سوارە گوتی: پەلە مەكە ئێستا قەرەباڵغی دەكەین.
لەسێبەری دووكانە داخراوەكە جێگیربوون، بە دەسەسڕەكانیان هەنییە و گەردنی ئارەقاوییان سڕییەوە، ئەوجا زنجیری جانتاكانیان كردەوە و تەپڵ و زوڕنایان دەرهێنا. سمایل بۆ گەرم كردنی تەپڵەكەی ناولەپی شەقار شەقاری بەسەر چەرمەكەیدا دەهێنا، لەگەڵ پەنجە تەقاندنی سمایلدا سوارەش ناو بەناو فووی بەزوڕناكەیدا دەكرد، تاوەكو گوێی رێبوارانی شەقامەكە راچەنێ و زایەڵەی زوڕنا پەلكێشیان بكات. شوێنەكەیان باش بوو، بەڵام كاتەكەی خراپ بوو.
سمایل زوو زوو دەیگوت: شار باریكردووە، چۆڵی قوڵفەیە.
سوارە: جارێ زووە، گەرمە، نیوەڕۆیە.
سمایل جگەرەیەكی داگیرساند و مژێكی توندی لێدا، سوارە پێڵوی چاوەكانی لەیەكنا و فوویەكی چاكی بە زوڕناكەیدا كرد، ئاوازی زوڕنا هێندە شیرین و ئەفسوناوی بوو، ئەوانەی لەو دەوروبەرە بوون راچەنین. دەمو دەست ئاڕاستەی روانینیان بۆ لای ئەوان گۆڕی.
وردە وردە دەوریان قەرەباڵغ دەبوو. دەنگی زوڕنا وەك خڕەی بازنگی كەژاڵ هەژدە گەڕەكی لەخەو دەكرد. شایی و لۆغان دەستی پێكرد، كوڕوكاڵ و هەزارەزەیلە لەدەوریان خڕببوونەوە، لەهەموو لایەكەوە بەلێشاو خەڵكی دابارین بەسەریاندا.
لەگەرمەی ئاهەنگدا هەشت گەنجی رەشپۆشی بەلەباریك و باڵابەرز لەسەرەوەڕا هاتن و هەر بەشان خۆیان كرد بەقەرەباڵغییەكەدا و دەستیان گرت. گوتیان لە ئەسحابە سپییەوە گوێمان لە زوڕناكەبووە. لە كوێوە هاتبوون؟ كەس نازانێ. لە خەڵكی سلێمانی نەدەچوون، نامۆبوون. هەشت گەنجی رەشپۆشی سپی پێست، رانك و چۆغەی رەشیان لەبەردابوو، كەللەسەر و رووخساریان تاڵە موویەكی پێوە نەبوو، هەر هەمووشیان چاویان مۆربوو، بیچم و شێوەیان چوونیەك بوو، روون نەبوو كچن یان كوڕ. لەگەڵ دەنگی زوڕناكەی سوارە و گۆرانی چڕینی سمایلدا دەستیان گرت، هەڵپەڕكێیەك هەڵدەپەڕین بێ ئەندازە جوان و سەرنجڕاكێش. ئاهەنگ گەرمە، شاییە، هەرایە، زوڕنا و تەپڵ و گۆرانی.. شەقامەكەش تا دەهات قەرەباڵغ تر دەبوو. سوارە و سمایل لەنێو ئاپۆڕای خەڵكدا ونبوون.
سوارەی حەسەنزادە جوانخاسەكەی گەڕەكی قەتارچییان، بەژن زارڤێكی چاوڕەش و سمێڵ پڕی رەشی قەترانی، ئەوەندە فووی بە زوڕنادا كردبوو دەم و روومەتی وەك سێوی خوڕاسان ئاڵ و خڕ ببوو، كوڕە نازدارەكەی حەسەنزادەی چیلانگەر، یوسفی سنەبوو، هەرچی كچی گەڕەكی قەتارچییان بوو بۆی سووتابوون، لێ ئەو هیچیانی بەگەن نەكردبوو، دڵی بۆ هیچیان نەبزوابوو، شێتانە عاشقی دەنگی سمایل بلووریان ببوو، هەر وەك چۆن قودرەت ئاغایی بەخۆی و باڵەبانەكەیەوە ساڵیانی ساڵ بەدووی دەنگە پڕ سۆزەكەی حەسەن عەبدوڵڵای پاشاخان كەوت، سوارەش وەك یاری غار بەخۆی و زوڕناكەیەوە بەدووی سمایل كەوتبوو.
هەرچی بلووریانیش بوو پێچەوانەی سوارەی حەسەنزادە، قەد و بیچمێكی ناشیرینی هەبوو، رەقەڵێكی باریك، داسك و درزی، شان و شەوكەت ناڕێك و لووت پان، سمێڵە تاشراوەكەشی ئەوەندەی تر كەپووی دەرپەڕاندبوو، گوێچكەكانیشی وەكو لووتی زل بوون. هەڵبەت بەرەنگ و روخسار ناشیرین بوو، دەنا رۆح بێگەرد و ئەویندارێكی ئەفسانەیی بوو، تۆنی دەنگی هێندە ئەفسوناوی بوو ناشیرینی قەد و بیچمی شاردبۆوە.
سمایل بلووریان دەنگخۆشە نێودارەكەی بۆكان، لەساتی لە دایكبوونییەوە وەك ئەویندارێكی ئەفسانەیی زمانی گرتووە و بە كوردییەكی رەوان و شیرین بانگی مەیلانی كردووە “مەیلان، یاری مەزەدار، قەدباریكی سنەوبەر، دەركەوە ئەستێرەی بیست و دوو.. با رایمووسم لێوە تەڕ و ئاڵەكەت، وەرە بینێ سەردڵم پەنجە ناسك و جوانەكەت..”
ئەو عەیامە نەك هەر لەبۆكان، سەرانسەری موكوریان وەك پەڕجوویەك لە سمایلیان روانیوە. ئەو چەند كەسەی شاهیدی حاڵ بوون وەها سەراسیمە بوون دەمودەست جاڕی گەڕانەوەی شێخ فەرخیان داوە، مزگێنی ئەو ئەویندارە نایفتەیە وەك رەشەبای سلێمانی بەهەموو كون و كەلەبەرێكی موكریاندا بڵاوبووەتەوە. شتێكیش نییە باوەڕی پێنەكرێ، سمایل هەروا بەردەوام بووە، لە زارۆكییەوە قسانی كردووە و گۆرانی چڕیوە و هەرچی گوتووە هەر باسی ئەوینداری مەیلان بووە، كەسیش نازانێ مەیلان كێیە؟! تانوپۆ ئاوریشمە؟ خاتوونی میرەماڵە؟ یا مەرجانەی جادووە بلووریانی كردووە بەقەرەبرووت؟ و ئاگری ئەو ئەوینە زۆر جاران لەگەڵ گۆرانی چڕیندا گریاندوویەتی، چ گریانێك! ئەوەی نەیناسیوە وای زانیوە مەیلان خاتوونی گەورەماڵە و سمایل مسكێنە و پێیڕەوا نابینن. ئێواران دەچووە سەر كێوی تەرەغە و دەیچریكاند” مەیلانەكەم مەیلی دڵە پڕ داخ و ژانەكەم، شەمامەی حەوت رەنگ، نۆڕەسیدەی چوار بێستان دەركەوە با بتبینم.. بۆ تۆ دەچمە لوتكەی ڕەندۆڵێ، یا كوێستانی كەلیخان..” هێندە گوتبووی مەیلانی گەردن بلوور، سوورە چناری موكوریان.. بۆكانییەكان نازناوی بلووریانیان دایە پاڵی. ئیدی لە سمایل جەعفەر شاریكەندییەوە بوو بە سمایلی بلووریان. هەڵبەت فەرخە بۆكانیشیان پێ دەگوت.
سمایل لەگەڵ گەورەبوونیدا ناو و ناوبانگی زێدەتر بڵاودەبووەوە، لە بۆكانەوە بۆ مەهاباد و بانە و سەقز و سنە و مەریوان و كرماشان و ئیلام و… زایەڵەی ئەوینی بلووریان تا دەهات بڵندتر و ئەفسوناوی تر، ئەو مانگی درەخشانە، ئەو مەیلانە نادیارە، مانگی پشت هەوری رەش بوو، هیچ كەس نە بینیوە، تەنێ چاوی ئەو عاشقە ئەفسانەییە دەیبینێ و گۆرانی بۆ دەچڕێ.
سمایل دوانزە ساڵان بووە ئێوارەیەك بەدووی عەشقی مەیلاندا لەماڵ چووەتە دەرێ و نەگەڕاوەتەوە. جەعفەری باوكی و زوڵەیخای دایكی هەرگیز چاویان پێنەكەوتەوە. قەلەندەر ئاسا شار بە شار بەدووی ئەو مەعشووقە خەیاڵییەدا گەڕاوە، لە سونگەی ئەو عەشقە سەمەرەیەوە هەندێك دەیانگوت”سمایل شێتە، هەڵیت و پەڵیت دەڵێ. عاشقی خەیاڵات بووە، جندۆكە دەستی لێ وەشاندووە.” هەندێكیش دەیانگوت” شێخە، ئەولیای ئەوینە، رۆحی شێخ فەرخ لە جەستەیدایە و عاشقی راستەقینەیە.”
سمایل هەمیشە بەدووی مەیلانی نادیاردا گەڕاوە و گۆرانی چڕیوە و نەیدۆزیوەتەوە، تاوەكو ئێوارەیەك لە گەڕەكی قەتارچییان، سوارەی حەسەنزادە دەناسێ، سوارەی زوڕناژەنیش مەستانە، سەڵت و سپاد بەدووی سمایل كەوتووە. چوونەتە هەر كوێیەك گۆرانییان چڕیوە. گەرچی سوارە بەو دواییانە نائومێدبووە لە دەركەوتنی مەیلانی خەیاڵ، ئەویش وەكو خەڵكی باوەڕی تەواوی بەوە هێنابوو كە مەیلان فڕی بەسەر دنیای فانییەوە نییە و خەیاڵی سمایل ئافراندوویەتی، نەك خودا، بەڵام قەت قەت دڵی نەهاتووە، لە زاری نەبیستراوە ئەو هاوڕێ شیرینەی نائومێد بكات، هەمیشە بەدوویەوە بووە، هەركات سمایل خەونی بینیوە مەیلان لە قەڵای گادۆڵێیە، یا لەسەر شاخی بابۆسە، یان لەكانی عەینەمەلە.. سوارە بێ یەك و دوو گوتوویەتی بابڕۆین.
ساڵانێكی زۆر لە موكوریانەوە بۆ لوڕستان گوند بە گوند.. گەڕاون و نەیاندۆزیوەتەوە، تاوەكو ئەو نیوەڕۆ گەرمەی تەمووز لە شەقامی مەولەوی سوارەی حەسەنزادە بەهەموو هێزی فووی بەزوڕناكەیدا دەكرد و سمایلیش بەو دەنگە خۆشەی گۆرانی دەچڕی، هەرا و هۆسە بوو، شایی و هەڵپەڕكێ بوو، هەڵپەڕكێیەكی پەرت و بڵاو، كۆمەڵ كۆمەڵ خەڵكی دەستیان گرتبوو، گەنجە رەشپۆشە سپی پێستەكانیش لەناو هەڵپەڕكێكەراندا پەرتبوون، هەریەكەیان كەوتنە ریزێكەوە، ئەوان زۆریان هەوڵدا هەڵپەڕكێكە یەك ریز بكەن، بەڵام سوودی نەبوو، نەیانتوانی، ئیدی هەڵپەڕكێ بوو بەگەڕەلاوژە.
لەو هۆسە و سمڕ سمڕەدا بۆ یەكەمجار سوورە چناری موكوریان، مانگی درەخشان، تەتلیخانی قەدزورار مەیلانی خەیاڵ لە دەمی بازاڕی دەبۆكەوە دەركەوت. وای وای بەو ئێوارەیە خۆر پاشا و پاش گەڕاوەتەوە! ئای لەو جوانییە، سوور و سپی دەڵێی بەفری كۆسرەتی شاڵە بەگیانە، سوكنایی دڵی سووتاوی ئەو قەلەندەرەیە. مەیلانی تانوپۆئاوریشم لەدەمی بازاڕی دەبۆكەوە، لەبەردەم تۆپی بەربانگەكەوە راوەستابوو چاوی دەگێڕا.
بەدەركەوتنی مەیلان سوارەی حەسەنزادە دەمی لە زوڕناكەی بەردا، سمایل حەپەسا، پەنجەكانی لەسەر سنگی تەپڵەكەی خاوبوونەوە، چ سەیرە ئەو دیمەنە! مەیلان لەمنداڵدانی گۆرانییەكەوە هاتە دنیاوە. ئەو مەیلانەی ساڵەهای ساڵ سمایل بۆی دەگەڕا، لە دەمی بازاڕی دەبۆكەوە دەركەوت، سەرتاپا سپی پۆشی بوو، كراسێكی سپی و پانتۆڵێكی كابووی سپی لەبەردا بوو، قژە خاو و كاڵەكەی بەسەر شان و گەردنی بلووریندا وەك ئاوی روونی تاڤگەی گەوێڵە بەدەم بای ئاویەرەوە هاتبوونە خوارێ. چەرخی روومەتی وەكی سێوی ئیندەرقاش تەڕ و ئاڵ چریسكەی دەهات. ئای لەو جوانییە، چەرمیلە، سەحت سووك، چەلەنگ، ئەسپی محەندەك، هەنییە و روخساری مانگی چواردەیە، ئەوەندە جوان بوو دەتگوت سیوەیلی سەردار خەلیلە، چاوی گەشی وەك شووشەی شیشۆقە، ئەستێرەی رۆژێ شەوقی لە خورشیدی خاوەر بڕیوە، بەلەك نەرم و شل، بازۆڵە شلكی، ددان سپی دوڕی دەریا. هێندە نازداربوو دەتگوت لە بەیتی ئازیزەوە لە شەقەی باڵی داوە و هاتووەتە سەر تەختی دنیا، سنگ سەدەفی مەمك فینجان خۆی بوو، چاوڕەشێ برۆقەیتان هەرخۆی بوو. بەفری قەندیل، كاغەزی مەرجان وەك كچە سلێمانییان خەمڵ و ئاریشت بە نەزاكەتەوە چاوی گەشی بڕی بووە بلووریان. هەرچی سمایل بلووریانیش بوو شاگەشكە، خەریك بوو لە شەقەی باڵی دەدا.
دەنگی تەپڵ و زوڕنا قت بوو، هەڵپەڕكێكەرانیش دەستیان بەردا، گەنجە رەشپۆشە سپی پێستەكانیش دەمودەست ونبوون، خەڵكەكەش دەستیان بەردا. سوارە و سمایلیش خێرا خۆیان كۆكردەوە و لەنێو ئاپۆڕە و غەوغای شەقامەكەوە پەڕینەوە بۆ دەبۆكە، سمایل و مەیلان باوەشیان بۆ یەكتری گرتەوە، تێر یەكتریان گوشی، بوو بەفیك و هوڕ و هۆیها. سوارە گوڕاندی” كوڕە شلۆق بوو، وەختی ئەوە نییە با رابكەین.”
هەرسێکیان بۆی دەرچوون، ترەختان بەشەقامی مەولەویدا داگەڕانە خوارێ، هەزارەزەیلە و كوڕوكاڵیش بەهات و هاوار و هۆیها بەدوویان كەوت بوون، لێیاننەدەبوونەوە، ئەوان بۆ ئەوەی لەخەڵكەكە دووربكەونەوە پێیان لێ هەڵگرت، وەك ئەسپی باوبۆران بەغار رایانكرد، تاوەكو گەیشتنە سەرسووچی باخی گشتی و لەبەردەم پەیكەرە شێوێنراوەكەی سلێمانی موعینیدا دایان لەشەقەی باڵ و لە دووكەڵی ئاگری چایخانە سەفەرییەكاندا ونبوون.
لەو داستانەدا سەرگەردانی شێخی سەنعان و شازاوەکەی ڤۆلتێر ئەبینم بژێ و هەست خۆش.