تانک.. حسەین مورتەزاییان ئابکەنار

حسەین مورتەزاییان ئابکەنار[1]

 

پێم وت: ڕاستە دەڵێن، گوایە تۆ دەڵێی تانکێکت قووت داوە؟

سەرەتا وتى: ها؟

پاشان وتى: بەڵێ، بەڕاستمە.

وتم: تانکی ڕاستینە؟!

وتى: ئا.

کاتی قسە دەمى زۆر دادەچەقاند. وتم: ئاخر چۆنچۆنین؟

وتى: من خەریک بووم هاوارم دەکرد… ئەوەنەم زانى داقورتایە گەرووم.

ڕووی ترشاند، وتى: تاڵ بوو! بۆکزی دەدا.

وتم: ئاخر مرۆڤ چۆن تانکی بۆ قووت دەدرێ؟

پێکەنی. وتى: ئەی من گشت شتێ دەخۆم.

وتم: گشت شتێ؟

وتى: ئەرێ. ئەحمەدیش هەمیشە نیوەى بەشەخۆراکەکەى دەدایە من. ئاخر بێزی لە خۆراکی لەقوتوونراو دەهاتەوە. دەڵێ تامی گێلیی[2] دەدا.

وتم: دەى تانک جیاوازە!

چاوانی زڵتاند، وتى: چ جیاوازییيەک؟!

زاق مابووە چاوانم. چاش مابووم چی بێژم. وتم: بۆ تانکەکە چەنێ بوو؟

دەستەکانى لێک بەردان، وتى: زۆر… زل بوو! تانکێکی سەوزتۆخ. لەوانەى وا لە پشتەوە ئەریاڵێکی درێژیان هەیە… بەڵام ئەحمەد نەیتوانى بیخوات. دەمى داچەقاندبوو -ئاوا- بەڵام نەیتوانى.

وتم: بۆ ئەحمەدیش لەوێ بوو؟

وتى: ها…؟ بەڵێ.

چەن جارێ سەری لەقاند. وتم: ئەویش بینی؟

وتى: نا.

وتم: بۆچی؟!

وتى: ئاخر چاوانی نوقاندبوون… پاشان تانکەکە بەسەریا هات!

وتم: بەسەر ئەحمەدا؟!

وتى: بەڵێ. خۆ پێوپلی لەژێر تانکەکا نەبوو… دواتر ڕووەو من هات.

وتم: چی ڕووەو تۆ هات؟

وتى: تانکەکە!

چاوانى ئەبڵەقتر بووبوون. وتم: ئەی تۆ چیت کرد؟

وتى: هاوارم کرد. وتم دایە… بەڵام خۆ کەس دەنگمی نەدەبیست.

وتم: خەریک بوو ڕووەو تۆ دەهات؟

وتى: بەڵێ. نازانم. واتە خەریک بوو دەهات. ئاخر من چاوانم لێکنابوون. دەى خەریک بووم هاوارم دەکرد. ئەویش هەروا دەهات…

چاوانى لێکنابوون. پاشان گەردنی لە شانی هەڵچەقاند. بە ئارامیی وتى: ئەوکات لەپڕ نەپەنیی بوو…! زانیم لەپێشم وەستاوە… هێواش چاوانم کردنەوە. دیم لوولەئاسنەکەى ڕێک لە ڕاسەرمە…

ئازا وتم: پاشان چی بوو؟

وتى: پاشان هاڕژنێک هات، لێی دا: بممم… هێشتان هاڕەى لەنێو سەرمە.

دەستی خستە سەر سەری و دیسان چاوانی نووقاند. وتم چۆنچۆنیی هاتە نێو سکت؟

وتى: ها…؟ دەى لە دەممەوە! هێشتاش گرنجی زنجیرەکانى لەسەر زمانمە. ها ئه‌مه‌سانێ. بڕوانە‌…

تا بن زمانى دەرکێشا و نیشانى دام. زەرد بوو. پاشان وتى: یەکڕا دڵم گەرم داهات. زۆر گەرم بوو… هەنگینێ چاوم کردەوە ئەڕوانم تانکەکە دیار نییە…! دووکەڵ لە دەممەوە دەردەپەڕی! زانیم چووەتە نێو سکم. بۆکڕووزیش دەهات…

ڕووەو پێش نووشتابووەوە و دەمی داچەقابوو. وتى: تەنانەت نەمدەتوانى ببزووم. گەر جووڵابام، هەڵمدەهێناوە.

دەستی لەسەر زگی نا و لەپڕ سەری هێنایە پێش. چمان هێقی بکاتەوە.

وتم: هێشتاش لە زگتایە؟

چەرچەفەکەى خستە لا، وتى: نا، کاکی پزیشک لە سکمی دەرهێنا.

بینیم لەسەر زگی ئەندازەى بستێک جێنەشتەرە! هێشتا تەقەڵەکانیان دەرنەهاوردبوو.

پزیشک دەیوت: شه‌وان لە تاو ئازار خەوی نەبوو، هەر هاواری لە زگی دەکرد… دەیگوت دەنگێلێ لە زگمەوە دێن…

پاشان کلکی چاویلکەکەى گرت و سەری سووڕاند. کلکەکەی لە مووەکانی گیراند. وتی: ناچار نەشتەرگەرییم کرد.

پێم وت: ئیسەتێ ئەو تانکە لەکوێیە؟

پێی سەیر بوو. وتى: نەتدی؟

وتم: نا.

وتى: لە دەرێ، لە گۆڕەپانەکە! دەى ئەوە تانکەکەیە.

پاشان خۆی کوشمەڵە کرد و بێدەنگ ما. پشتی لە من بوو، بەڵام دیار بوو لە پەنجەرەوە تەماشای دەرێ دەکات. لێم پرسی: ئێستا زگت ژان ناکا؟

بەڵام هیچی نەگوت.

کاتێ لە باڵاخانەکە هاتمە دەر، هۆشم بە دەوروبەرمەوە هەر نەبوو. هەر لە بیری قسەکانیا بووم. گۆڕەپانەکەیان پەرچ کردبوو. سەرم لە خوار بوو، هەینێ دەڕۆشتم یەکڕا چاوم بە داربییەک کەوت. شتێ لە پشت درەختەکەوە بوو. کاتێ ورد تێم نواڕی، دیتم تانکێکە! چمان لە پشت لکوپۆکانەوە وەستابێ. هێواش بەرەو لای چووم. ڕەنگی سەوزتۆخ بوو، لە بڕێ جێ ڕەش ده‌چووەوە! ئەریاڵەکەى پشتەوەى لە گەرماى زۆر، داچەمیبوو! لوولەئاسنەکەى ڕێک ڕووەو من بوو. ڕۆشتمە پێشتر. سامێکی هەبوو. گەرەکم بوو دەستی لێ بخشێنم، بەڵام ترسام.

 

شەهریوەری ١٣٧٩

[1] حسەین مورتەزاییان ئابکەنار: چیرۆکنووس و فیلمنووسی دیاری ئێرانیی، خاوەنى کۆچیرۆکی ‘کۆنسێرتی تارە قەدەغەکراوەکان و گوڵاوی فه‌ڕه‌نسیی و… ‘ـیە، ئەو فرەتر بە نۆڤڵێتی [دووپشک، لەسەر پلیکانەکانى وێستگەى قیتاری ئەندیمەشک یان ئەم قیتارە خوێنی لێ دەتکێ قوربان] بەناوبانگە، ئەم ڕۆمانە ‘بەڕۆژ ئاکرەیی’ کردوویەتی بە کوردیی و دەزگه‌ى ئاراس چاپی کردووە. ئابکەنار، نووسەری فیلمی ‘ماندوو’ـی ئیبراهیمی سەعیدیی و ‘کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییيەکان نییە’ـی بەهمەنی قوبادییە…

[2] کاڵوخاو

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *