تيرە و تايەفەى ڤايرۆسەكان.. ڤيكتۆر ئيرۆفيڤ

هێندەى ژمارەى مرۆڤەكان تيۆر بوونى هەيە. بە تايبەت كاتێك ڕوون و ئاشكرايە كە هيچ شتێك ڕوون نييە. هەرچۆنێك بوو سەربارى بوونى كۆرۆنا ڤايرۆس بڕيارماندا هەموو خێزانەكە پێكەوە كۆببينەوە، چونكە باپيرە فرە لە ناكاو تەمەنى بووبووە نەوەت و پێنج ساڵ.

سەرەتا پێمانوابوو باپيرە ئيڤان پترۆڤيچ گەر بۆ خۆپارێزيش بووە ئاهەنگ و ميوانيى و ئەو شتانە كەنسڵ دەكاتەوە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە، بڕوايەكى نەگۆڕ و پتەوى بەوە هەبوو كە خێزانەكە دەبێت پێكەوە كۆببێتەوە بۆئەوەى هاوپەيوەندى و یەكگرتوويى خۆى نيشان بدات! ئێستا كە باپيرە ئەم بڕيارەى دابوو، كەس ئامادە نەبوو ئەو مەترسيە وەبەرخۆى بنێت و بۆ ئەو يەكگرتووييە بڵێت نا. ئاخر هەرچييەك بێت باپيرەمان ئيعتيبارێكى ڕەهاى هەيە، هەڵبەت بەماناى وشە ئيعتيبارى هەيە. ئەو بەڕادەيەك لە ژيانى خۆيدا شتگەلى تۆقێنەرى بينيوە، كەس پێى ناخۆش نەبوو ئەگەر لەم سەردەمى تەنگانەيەدا گوێرايەڵيى بنوێنێت.

لە ماڵى باپيرە كۆبووينەوە. پوورە زينا بە هەڵسوكەوتێكى نمايشييەوە، چەپكە گووڵ بەدەست بە ماسكەوە بە ژوور كەوت؛ گوڵەباخى بچووك. ڤيتالـی مێرديشى دوو بتڵ ڤۆدگاى پێشكەش كرد، سەربارى ئەوەى كە خۆى ئەهلى خواردنەوە نييە.

ئالوناى خوشكم بە منداڵەكانيەوە هات؛ ساشا و پاشا. هەموان پێكەوە هاواريان بەسەردا كرد: ‘ئاخر كەى پێويستى بەوە دەكرد ئەو منداڵانە بخەيتە مەترسييەوە؟!’

ڤاسيليـش هات، يەكێك لە خزمانى خەڵكى تولا. ئاخر ئەو كابرايەكى كەللەشەقە و لە هيچ شتێك ناترسێت. بەڵام لە هەموو حاڵێكدا ئێمە بڕيارماندا خۆمانى لێ بەدوور بگرين و تەوقەى لەگەڵ نەكەين. بەس خوا دەزانێت بارودۆخ لە شارەكانى تر چۆنە، لەوەش گرنگتر ئەوە بوو كە ئايا، سەفەركردن بە پاسى كارەبايى مەترسيدارە يان نا.

ماريناى ژنم حەبى سەرمابوونى بەسەر هەمواندا دابەش كرد و گوتى: ‘هەر بۆ ئيحتيات.’ لە ناخى دڵەوە هەموان دڕدۆنگ بوون، بەڵام هەمووان دەستيان دەگرتەوە و دەيانگوت ‘خۆ هيچ سوودێكيشى نييە!

خوشكى ژنەكەم؛ كاتيا بە پشيلە خەنەييەكەيەوە هات، هەڵبەت ئاوى پيرۆزيشى هێنا. هەموان هاواريان لێ بەرزبووەوە ‘لەم بێنەوبەردەيەدا ئەم پشيلەيەت بۆ هێناوە؟!‘ بەڵام كەس ئاوى پيرۆزى ڕەت نەكردەوە.

لە دەوورى مێزەكە دانيشتين. باسى گەرمى ڕۆژ ئەمە بوو: چۆن بژين و چى بكەين؟

بە چاوپۆشى لە كۆرۆنا ڤايرۆس، ئيشتيهاى هەموان باش بوو. هەرچى لەسەر مێزەكە بوو، درەويان دەكرد: زەڵاتەكان، ماسى بە پەتاتە، جەلى، نەرمەڕانى بەراز. هەرواش يەك بە يەك بەخۆشى باپيرە ئيڤان پيترۆڤيچ ڕستەگەلى جوانيان دەگوت. ئيدى هەموان بە گشتى كۆرۆنايان لە بير كردبوو، كە باپيرە دووبارە بيرى هەموانى خستەوە.

پێك بە دەست هەستايەوە و گوتى بەراورد بەو جەنگانەى كە ئەزموونى كردوون، ئەم ڤايرۆسە ‘ناچيز’ە و بە دڵنياييەوە ئێمە سەركەوتووين. بۆ ئەوەى كە سەربكەوين دەبێت ئيمانمان بە سەركەوتن هەبێت و دەبێت بە جوانيى دەستەكانمان بشۆين و بە تەواوەتى بڕوامان بە خۆمان هەبێت.

قسەكەى بە ڕادەيەك خۆشبوو بەلامەوە لە ژێر لێوەوە دووپاتم كردووە: ‘بە تەواوەتى بڕوامان بە خۆمان هەبێت.

هەموان بەوپەڕى حەزەوە بە خۆشى باپيرە حەكيمەكەمانەوە خواردمانەوە، بەڵام نەگەيشتينە ڕادەى ماچكردنى ئەو و يەكترى. چونكە ماچكردنى قۆڕ وەكو درم وايە، دەست پێبكەيت ناتوانيت دەستى لێ هەڵبگريت.

خزمە تولاييەكەمان سەرى قسەى بە دەستەوە گرت و گوتى لە هەوەڵەوە وايزانيوە ئەم ڤايرۆسە ئيشى ئەمەريكييەكانە بۆ ئەوەى دەست بەسەر جيهاندا بگرن، بەڵام ئێستا زياتر شەمشەمەكوێرەكان بە تاوانبار دەزانێت.

كاتيا دژى قسەكانى بوو. گوتى: ‘ئەمە ئيشى شەمشەمەكوێرە نييە، بەڵكو عقوبەى ئيلاهييە.

بەڵام ئيڤان پيترۆڤيچـیش دژى قسەكەى كاتيا بوو. گوتى پێشتر بڕواى بە خودا نەبووە، بەڵام هەرچى زياتر لە لێوارى گۆڕ نزيكتر بووەتەوە بڕواى بە خودا هێناوە و تێگەيشتووە زياتر جێى بڕواپێكردنە كە خودا عاشقى بەندەكانى بێت، نەوەكو ‘ببوورن مناڵەكان‘ كێچ بخاتە نافەكەكانيان.

دواجار ماريناى ژنم دووبارە هەموانى بۆ هاوپەيوەنديى دووبارە بانگهێشت كردەوە: ‘ئەوە گرنگ نييە كێ بڕواى بە خودا هەيە و كێ نييەتى، كێ دەسەڵاتى قبووڵە و كێ ڕقى لێيەتى، كێ سەربازى دێرينە و كێ تەنيا هاوڕێيەكى ئازيزى خەڵكى تولايە. تێبگەن! تا كاتێك قۆناغێكى باشتر نەيەتە پێش، دەبێت دەست لە مجادەلە هەڵبگرين! ئێستا دەبێت لە ناخى خۆماندا جەنگێك ڕابگەيەنين و هەر فەرمانێك كە لايەنە ئەمنييەكانى شار ئەيدەن، جێ بە جێى بكەين. بۆ نموونە من بۆ خۆم، وەكو هەمووتان سەرمايەدارەكانم خۆشناوێت، بەڵام هەر تەبيعەتەن كەسێكى نەرم و شلكم. ئێستا ئامادەم تەنانەت لەگەڵ ئەوروپييەكانيش سوڵح بكەم. من پێموايە باپيرە بە هەڵەداچووە، ڤايرۆسى كۆرۆنا شتێكى ‘ناچيز‘ نييە، دوژمنێكى مەترسيدارە، فرە فێڵبازە و بۆ هەندێك كەس كوشندەيە. من لەوەى لە ئيتاڵيا و ئيسپانيا ڕووي داوە، زەندەقم چووە… ئازيزانم ئێستا وەرن با بۆ سەلامەتيى هەموويان پێك هەڵبدەين.’

نەمتوانى پێش بە خۆم بگرم و ڕووەو ژنەكەم هاوارمكرد: ‘خۆشمدەوێى!

باپيرە گوتى: ‘وەرن با سەرەتا بخۆينەوە دوايى بچينە سەر عيشق و غەراميات.

ئێ، ئێمەش سەرەتا بۆ سەلامەتيى ئيتاڵيا و ئيسپانيا خواردمانەوە، پاشان بۆ ئێران، دواتريش بۆ ميللەتى ئەمەريكا كە بەهەرحاڵ ئەوانيش نەخۆشن، دواتريش بۆ چين. ڤاسيلى كە تا ئەو ساتە لەگەڵ ئێمە نەيدەخواردەوە بۆ سەلامەتيى چين خوارديەوە، بەڵام ڕوونى نەكردووە بۆچى. پاشان چەندجارێك بۆ ڕووسيا و چەندجارێكيش بۆ مۆسكۆ پێكەكانمان فڕكرد، هەروەها بە سەلامەتيى خێزانەكەشمان خواردمانەوە. ڤاسيلى ئيدى پێك لە دواى پێك هەڵى ئەدا.

پوورە نورا تەپە تەپ و بە هاتوهاوار هاتە ژوورەوە. ئەو پاككەرەوەى فەرمانگەيەكى حكوميى بوو، بەرزترين فەرمانگەى حكومەت. هەربۆيە نەيتوانيبوو لە كاتى خۆيدا بگات. گوتى ئيشێك دروست بووە و گيري خواردووە.

ئێ، بە خۆشى تۆ پيترۆڤيچ!‘ پوورە نورا ئەمەى گوت و نيو پێكى فڕ كرد و بە دوايدا مڵچە-مڵچ كەلەرمى سوێركراوى لووشدا و دەستيكرد بە گوتنى قسە لە گوتن-نەهاتووەكان ‘لەوسەرەوە دەڵێن ڤايرۆسەكەيان لە تاقيگەكەدا دروست كردووە… بڕوا ناكەن بڵێم كێ… پۆڵەندييەكان!

ڤاسيلى مەست و سەرخۆش قسەكەى پشتڕاست كردەوە: ‘ڕێك وايە! پۆڵەندييەكان بە هاودەستى هاونيشتمانييە ناپاكەكانى خۆمان ئەم گۆبەندەيان ناوەتەوە.

لەمكاتەدا ساشا و پاشادوو گەنجى شەيداى ئينتەرنێت‘ هاتنە ژوورەوە و بە دەنگێكى بەزرنگە قيژانديان: ‘بەدبەختە ستالينييەكان، ئەو قسەقۆڕانە چييە دەيانكەن، باشتروايە هەر بگەڕێنەوە سەر باسى شەمشەمەكوێرەكان!

هەڵبەت ئێمە نەگەڕاينەوە سەر شەمشەمەكوێرەكان، لە جياتى ئەوە هەموان پێكەوە كەوتينە گۆرانى گوتن. لە يادم نييە كام گۆرانييە بوو، بەڵام دواى ئەوە يەكەمين نمايشى هاوپەيوەنديى خۆمان پێشكەش كرد: هەموان دەستمان دايە دەستى يەكتر بۆ ئەوەى پشيلە خەنەييەكە؛ كە بەهۆى گۆرانييەكەى ئێمە لە شوێنێك خۆى حەشاردابوو، بدۆزينەوە.

لە ناكاو پوورە نورا گوتى: ‘ئەى ئەگەر هەموومان بمرين؟

ئێمەش ميهرەبانانە دەستمان بۆ ڕاوەشاند: ‘ئەوە كەى قسەيە…

مەستيى، بە خێرايى و لە ناكاو نەما. باپيرە وادەى ديدارى ئايندەى ڕێكخست و قسەى كۆتايى كرد، كە بەنيازە سەد ساڵ بژى. ئەمەش بەو مانايەيە كە ئەو، ئەم كۆرۆنا بێفەڕە و گشت خێزانە ڤايرۆسييەكەى تێدەپەڕێنێت و ئامادەيە هەموو تيرە و تايەفەى ڤايرۆسەكان يەك بە دواى يەكدا بە دەمى تيژى چەقۆكەى تێپەڕێنێت و سەرى هەموويان بپەڕێنێت و… بپەڕێنێت و… بپەڕێنێت.

ئێمە هەموان هەستاينەوە و چەپڵەمان بۆ لێدا، تەنانەت ژنەكانمان كەوتنە گريان. من وەك خۆم زۆر خۆشحاڵ بووم بۆ باپيرەم؛ ئيڤان پيترۆڤيچ. سڵاوى لێبێت! بەو چەقۆ تيژەيەوە دەتوانێت تا ئەبەد گەشبين بێت.

——-

ڤيتكۆر ڤيلاديمێرڤيچ ئيرۆفيڤ نووسەرێكى ڕووسييە و لە ‘19ى سێپتەمبەرى 1947‘ مۆسكۆ لە دايك بووە. دكتۆراى هەيە لە زمانناسيدا لە زانكۆى مۆسكۆ، تێزى دكتۆراكەى لەسەر ‘دۆستيۆيفسكى و ئەگزيستانسياليزمى فەرەنسى‘ بووە. كۆمەڵە گوتارێكى هەيە بەناوى ‘ژيانى ڕووسى‘ هەروەها دوو ڕۆمانيش بە ناوەكانى ‘ستالينى باش‘ و ‘جوانيى ڕووسى‘. ڕۆمانەكانى بۆ زۆرێك لە زمانەكانى جيهان وەرگێڕدراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *