تۆپی ناو تابووتەکە… ڕەووف بێگەرد

من تا ئێستا نازانم خەیاڵ  واقیع درووست دەکات یان پێچەوانەکەی ڕاستە. بۆ سەلماندنی هەر یەکێکیان کۆمەڵێک نووسەری بە ئەزموون و شارەزا بە دەنگ هاتوون. من لە ئەزموونی خۆمدا هەندێک لەو چیرۆکانەی نووسیومن بە پێچەوانەی ڕای خوێنەرەوە بیرم لێ کردوونەتەوە. بۆ نمونە خوێنەر پێی گوتوم کاراکتەری فڵانە چیرۆک خۆم و کەسە ڕاستەقینەکانی دەوروبەرمن. ڕووداوەکەیش بەسەرهاتێکی واقیعیە. کەچی لای من ئەو چیرۆکە زادەی خەیاڵێکی ڕووتی خۆم بووە. بەڵام هەر لەو چیرۆکانەدا کە کەرەسە و ڕەگەزەکانیم لە ناو ژیانی ڕاستەقینەوە هێناوە و لەوەیش ترساوم بە چیرۆکنووسێکی واقیعی ناوم بەرن. لای خوێنەر بە خەیاڵی ڕووت شکاونەتەوە. لە هەردوو هەڵوێستەکەدا من کڕ بووم و هیچم نەگوتووە. “زۆر جار ئەم بێدەنگییە لە بەرژەوەندی نووسەرە” ئەوەی من لەم لایەنەوە بڕوام پێی هەبێت لە ئەدەبدا ئەو دوو ڕەگەزە “خەیاڵ و واقیع” تەواوکەری یەکترین. واقیعی بێ خەیاڵ لە وێنەیەکی فۆتۆگرافی ڕووت دەچێت و خەیاڵی ڕووتیش هەر بوونی نییە.

وەک نووسەرێکی گەورە دەڵێت: باڵندە چەند بە ئاسمانەوە بفڕێت، هەر دەبێت بۆ خواردن بێتەوە سەر زەوی. ئێستا من چیرۆکێکم هەیە خۆشمی تووشی سەرەگێژە کردووە. ناچارم بۆ ئێوەی بگێڕمەوە، بۆ ئەوەی ڕای خۆتانی لەسەر بدەن و منیش لە دواییدا ئەگەر پێویست بێت بتوانم هەڵوێستێک وەربگرم، هەر هەڵوێستێک…

من لە تەمەنی منداڵیمەوە حەزی زۆرم لە یاری تۆپی پێ بووە. ڕەنگە کاریگەریی ئەوەم لەسەر بووبێت کە یاریگای گەورەی شار لە گەڕەکی ئێمە بووبێت و چێژی ئەم یارییەی بە زۆربەی هەرەزۆری منداڵ و قوتابی و لاوانی گەڕەک دابێت. بۆیە ئێواران، چ خودی یاریگا و چ دەوروپشتە چۆڵەکەی، چەندین تیپی سەرەکی و لاکۆڵان یارییان تیا دەکردن. بۆ هەندێکمان و بە تایبەتی لە ڕۆژانی بێ بارانیدا ئەمە بەردەوام بوو و زۆر کەم پشووی تێ دەکەوت. بۆ ئەوەیش لای دایک و باوک و خێزانەکانمان وا خۆمان دەربخەین کە لە یاریکردن نەبووین و بۆ پیاچوونەوەی وانە چووینەتە دەرەوە و درەنگ هاتووینەتەوە، دوای تەواوکردنی یاری بە کاوەخۆ دەچووینە مزگەوتە نزیکەکەی سەر ڕێگامان. سەر و مل و قاچ و قولمان پاک دەشت. تەواو خۆمان ڕێک دەکردەوە و بە کتێبە نەکراوەکانمانەوە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵێ. دەبێت ئەوەیش بڵێم کە تیپەکەمان تیپێکی لاکۆڵانی بێ بارەگا و تا ڕادەیەکیش ناڕێکوپێکیش بوو.

ڕۆژێک سەرەتای مانگی مایس کە خۆر لە ئاوابوونیدا بوو. تیپەکەمان کۆتایی بە یاری هێنا و ئامادەی گەڕانەوەی ماڵەوە بووین. بڕیاریشمان دا ڕۆژی دواتر یاری نەکەین، چونکە ماندووین و زۆربەی هاوڕێکانیشمان تاقیکردنەوەی قوتابخانەیان هەیە.

دوا کەس من و هاوڕێیەکم بووین کە فتبۆڵەکەمان لا مایەوە و دەبوو یەکێکمان بیباتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام کەسمان نەماندەویست ئەرکەکە لە ئەستۆ بگرێت و لای خێزانەکەی ئاشکرا بێت کە لە یارییکردن بووە. هاوڕێکەم “دوای ئەوەی گەیشتینە ئەنجام” هەر لە ناو مزگەوتەکەدا کەوتە گەڕان و سووسە کردن. پاشان پێشنیارێکی سەیری بە خەیاڵدا هات و گوتی: تۆپەکە دەخەینە سووچێکی ئەو تابووتەی لە پەنایەکی چەپەکی دیوارێکی مزگەوتەکەدا دانراوە و کەس نایبینێت. من زوو ڕام لەسەر دا، پێکەوە چووپەکەمان فش کردەوە. تووند بە چەرمەکەوە نووساندمان و لە سووچێکی تابووتەکە دامان نا.

دەبێت لێرەدا سەرنجی گریمانەیەکی زەق بدەین کە هیچ کام لە ئێمە هەستی پێ نەکرد. یان ئەگەر هەستیشی پێ کردبێت. نەی درکاند. ئەویش ئەوە بوو، ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، یەکێک مرد و تابووتەکەی بۆ بەکار هات، چارەنووسی فتبۆڵەکەی ئێمە چی دەبێت؟! یان ئەگەر بە ڕێکەوت یەکێک ڕێگای لەوێ کەوت و تۆپەکەی برد، ئەویان چۆن؟ بە هەرحاڵ ئەم گریمانانە بۆ هەندێک چرکەساتی ژیان وەک ئەوە وایە خۆت بە ژماردنی ئەستێرەوە خەریک بکەیت. یان لە مشتومڕی ئەوەدا بیت کە ئایا مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکە. ئێمە دوور لە هەر گومان و دوودڵییەک فتبۆڵە تازە و خۆشەویستەکەمان دایە دەست ڕێگەی هاتونەهاتی ناو تابووتێک کە بە ڕوواڵەتیا لەوە نەدەچوو چەند مانگێک بێت و مردوو ڕێی تێ بکەوێت.

عەسری دوو ڕۆژی دوای ئەوە کە من و هاوڕێکەم بە پەلە ڕۆیشتین تۆپەکە بێنین بەسەر تابووتی خاڵییدا چووین.

ماوەیەک ئەملاولای بۆ گەڕاین و بێ سوود بوو. هاوڕێکەم “کە لە من زیاتر حەزی لە فتبۆڵێن و باشتریش یاری دەکرد” بە شەرمێکەوە چوو بە لای مجەوەری مزگەوتەکەوە و وردەوردە دواندی. تا گەیشتە باسی شاردنەوەی فتبۆڵەکە. مجەوەرکە بە بێزارییەکی زۆرەوە گوتی بۆ ئەمە مزگەوتە یان پەنای حەشاردانی تۆپی منداڵەوردکەیە! پاشان گوتی شەوی پێشووتر یەکێک مردووە و بەو تابووتە گواستویانەتەوە بۆ سەر قەبران. ئیتر ئەو هیچی تری لێ نازانێت.

ئەو ڕۆژە هەموو یاریکەرانی هاوڕێمان بەو کۆستە دڵیان گیرا و تاوانەکەیان خستە ئەستۆی هەردووکمان. بەڵام هاوڕێکەم “من و ئەو تێکەڵی خێزانییمان هەبوو، تەنانەت هەندێک شەو لە ماڵی یەکتر دەنووستین” وەک ئەوەی هەست بە غەدرێکی ناڕەوا بکات یان بە ڕۆحە کون  پشکنیەکەیەوە بە دوای نهێنییەکدا وێڵ بێت، بێ ئەوەی ئێمە پێی بزانین کەوتبووە پەیجور و سووسەکردنی ماڵە مردووەکەی ئەو ڕۆژە. تا دوای چەند مانگێک گەیشتبوو بەم ئەنجامە و چیرۆکەکەی بەم جۆرە بۆ گێڕاینەوە:

ئەو شەوە پیاوێک لەو نزیکانە مردووە، چەند کەس هاتوون بۆ تابووتەکە و تۆپەکەیان تیا بینیوە. یەکێکیان سەیری پێ هاتووە و دوای بیرکردنوە بەوانی تری گوتووە ئەمە نهێنییەکی خوایییە. چونکە مردووەکە کۆنە یاریکەرێکی تۆپی پێ بووە، ئێستا بوونی تۆپەکە لەو تابووتەدا ڕازێکە و نابێت هەر وا ئاسان بەسەریدا تێپەڕن. بۆیە قەناعەت بە هاوڕێکانی دەکات کە پێویستە تۆپەکە لەگەڵ مردووەکەدا بنێژرێت. بۆ ئەمەیش دەبێت بە دزییەوە ئەم نهێنییە لە مەیتشۆرەکە بگەیەنرێت. کە باسەکە بۆ مەیتشۆرەکە دەگێڕنەوە، زوو بڕوایان پێ دەکات و دۆخێکی وا دەڕەخسێنێت کە لە کاتی کفنکردنیدا جگە لەوان کەسی وای لە دەور نەبێت. پاشان وەستایانە، تۆپەکە بە پشتی تەرمەکەوە دەچەسپێنێت و وایش بە پشتێنەکە دەیجەڕێنێت کە لە ژێر کفنەکەوە کەس هەستی پێ نەکات. بەو جۆرە تۆپەکە لەگەڵ مردووەکەدا دەخرێتە گۆڕەوە و تا ئێستایش لەگەڵیایەتی.

ئێستا من بێگومانم کە دوای زیاد لە پەنجا ساڵ. ئێسک و پرووسکی ئەو مردووە لە ژێر خاکدا وردوخاش بووە. بەڵام چەرمی تۆپە تازەکەی ئێمە، هێشتا بەرگەی چەند شووتێکی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەگرێت. دەشێت ئەم چیرۆکە لای هەندێک لە خوێنەر واقیعی بێت، لای هەندێکی تر تەواو خەیاڵیی. من کارم بەسەر تێگەیشتنی ئەوانەوە نییە. چونکە بەرامبەر بە هەردوو هەڵوێستەکە، من بێدەنگیی هەڵدەبژێرم.

****

سەرنج”

ناوی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە لایەن نووسەرەوە بە هەڵە نووسرا بوو- لوی میسی و کریستیانو ڕۆنالدو- چیرۆک نێت، ئەوە و هەندێک دەستکاریی ڕێنووسەکەی کردووە بە ڕەچاوکردنی شێوازی نووسینی مامۆستا ڕەووف بێگەرد.

لە گۆڤاری ئەدەبی سەردەم وەرگیراوە و نووسراوەتەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *