تێدامانەوە… ئاوات پووری

هەر ئێستا کە بە دەستی ڕاست جانتاکەم بە شاندا داوە و کاغەزی مۆڵەتی هاتوچۆکەشم بە دەستی چەپ گرتووە، لە دەرگای زیندانەکە هاتمەدەرەوە. هاوکات کە پێکەنین و زەوق پێکەوە لە قوڕگمدا گیریان خواردووە و شەڕیانە کامیان یەکەم دەرپەڕنە دەرەوە، جانتاکەی شانم دادەنێم و کاغەزەکە وەک بەندکراوێکی وردەکار دەنووشتێنمەوە و دەیخەمە گیرفانی لاکەمەری قەمسەڵەکەم. ئینجا جانتاکە بەرز دەکەمەوە، دەستی ڕاستم دەخەمە ناو شانی ڕاستییەوە و بەڕێ دەکەومەوە. شڵپەشڵپ بە لەپی دەستی ڕاست بەربوومەتە پشتی ڕانم، زەوقەکە لە پشتی قوڕگمدا دەهێڵمەوە و پێکەنینێکی وشک هەڵدەدەمە دەرەوە. هەروا بە دەم هەڵبەز و دابەزەوە دەستی چەپم دەخەمە شانەکەی دیکە. سەرەنجام واخەریکم لەم هەورازە دۆزەخییە دەرباز دەبم. بە شەق لە یەک بە یەکی ئەو چاوبڕینە خەمبارانە هەڵدەدەم کە لە دەلاقەی کابینەکەوە هەناردەی هەورازەکەم کردبوو، بە حاڵەتێکی دوور لە ئەدەبیشەوە تف هەڵدەدەمە سەر قیری جادەکە و جێشەقەکانم. ڕەشەبایەکی ساردە، بارانیش دەبارێت، بەڵام جەستەیەک کە ئەو هەمووە زیندانە کێشاوە و سەرما و برسێتیی پێکەوە تا ئەوپەڕیان چەشتووە، ئەمانە بە خەیاڵیشیدا نایەت. تۆقاوترین کاردانەوەی ئەو جەستەیە بە با و باران ڕەنگە فڕێدانی زەوقە گیرخواردووەکەی ناو قوڕگی بێت، یان ئەگەر بیەوێت خۆی تێک نەدات و وەک جەنتڵمانێک بجووڵێتەوە تەنیا بزەیەک بخاتە سەر لێوانیی و بە ئاسوودەیی بەرەوژوور بێت بە هەورازەکەدا. ئایا سەرەنجام بەڕێکەوتووم بەرەو گەشتە سی سەعاتییەکەم؟ بەرەو دەریا؟ بە مانگی سەرماوەرز کە دەریا لە هەمیشە دڕندەترە و شەپۆلەکانی بە هەڵەداوان خۆیان دەگەیەننە کەناراوەکە و دەگەڕێنەوە؟ نەخێر، ئەمانە هێشتا خەون و ئارەزووی زیندانییەکی بەتاقەت و سەبوورن، کاتێک لە دەلاقەی کابینەکەیەوە چاوێکی تری بڕیوەتە هەورازەکە. من بۆ تاهەتایە لەم ژوورەدا دەمێنمەوە و هەرگیز دەرەوە نابینم. هەرگیز ئەمە ڕوونادات، بەتایبەتی کاتێک کە کافکا وتەنی “گەشتکردن بۆ نزیکترین گوندیش مەحاڵ بێت” تەنانەت ئەگەر هەموو ئامادەکارییەکت کردبێت بۆ ئەو گەشتە و وردەکاریی ڕێگاکەت لە ڕووی نەخشە سەتەلایتییەکانەوە لەبەر کردبێت و پێچوپەنا و قوڵکە و هەوراز و نشێوەکانیشیت دیاری کردبێت.

قوڕگم بۆنی فاسی لێ دێت. بیرم نییە دوایین جار کەی خواردنم خوارد. ئەوە لە کاتێکدایە کە دێڕبەدێڕی ئەو کۆمەڵە چیرۆکەم دێتەوە بیر کە دوێشەو بە سودفە گەیشتە دەستم. واتە ئەو مەسەلەیە هیچ هەقی بەسەر زاکیرەوە نییە، بەڕاستی زۆر دەمێکە هیچم نەخواردووە. بەنیازی مانگرتنیش نەبووم. ئەوان وەکچۆن بیریان دەچێت بە دۆسییەکەمدا بچنەوە، وەکچۆن پرسیارەکانیان بیر دەچێتەوە و ئەوانەی دوێنێم ئەمڕۆ دیسانەوە لێ دەپرسنەوە، وەکچۆن بیریان دەچێت قەڵەم جافەکە لە ژوورەکەم بەرنە دەرەوە، چون هەموو ڕۆژێ خۆ دەکەن بە ژوورەکەمدا و دەستنووسەکانم کۆ دەکەنەوە، بیریشیان دەچێت خواردنم بدەنێ. بەئەنقەستیش ئەوە ناکەن. لە هەڵسوکەوتە ڕاستەوخۆکانیاندا زۆر میهرەبانن. بەجۆرێک بە ناوی خۆم بانگم ناکەن و پێم دەڵێن “یازار”، لە زمانی ئەواندا واتە نووسەر، پێش ئەوەی پێ بنێمە وڵاتەکەیانەوە ئەوە فێربووم. ئەوە فێربووم و بیرم چوو فێربم بزانم بە خواردن دەڵێن چی، یان بە سەرما چی دەڵێن. ئەوان سەرەڕای ئەوەی هەموو ترەنسلەیتۆری ئۆنلاینیان بە دەستەوە، خۆ دەدزنەوە لەوەی لەو قسانەم تێبگەن کە لە دەلاقەی ژوورەکەمەوە بە ئینگلیزی پێیان دەڵێم. بەڵام کاتێک دەمبەن بۆ لێکۆڵینەوە، وەرگێڕی زەق و زیندوو دێنن و دەیان نیشێننە بەر دەمم و وەک برێشکە دەتەقن و هەموو قسەکانم تەرجەمە دەکەنەوە. پێشتر وتم کە هەڵسوکەوتیان بێڕێزانە نییە. بەڵام کاتێک خۆم لەوێ نابم پیلانی سەیر دەچنن و ئەوسا نەک بێڕێزانە لەگەڵمدا دەجووڵێنەوە، بەڵکو ئەشکەنجەشم دەدەن. ئەوان وام لێدەکەن کە ناچاربم بە زمانی ئاماژە و بە دەست و دەموچاوم تێیان گەیەنم برسیمە. واتە ناچارم دەکەن چەند ئەوەندەی ئەو کاتەی بۆ خواردن پێویستە، تەمسیلی خواردن بکەم بە دەستەکانم، وەک بڵێی ئێستا کەوچکم پێیە، یان داری چینی و ژاپۆنی بۆ خواردن، یان خەریکم برنج دەخۆم، یان خواردنی دەریایی یان شۆربا و هەموو شت. تا ئەمانەیان بۆ نەکەم تێناگەن برسیمە. ئەوەش ئەوەندە دەخایەنێت تا لە برسان دەبوورێمەوە و دووان سێیانێکی ئەوانیش لە پێکەنین. ئینجا بەجۆرێک کە تێنەگەم کەی هاتوون، لە دەلاقەکەوە تیکەیەک نانم بۆ هەڵدەدەنە ژوورەوە و منیش کە دێمەوە هۆش خۆم دەیخۆم.

لە دەلاقەی ژوورەکەمەوە چاوم بڕیوەتە هەورازی بەر دەمی دەستبەسەرگەکە، لە کاتێکدا سەیری خۆکێشانەوە و لاربوونی سەروملی ڕێبوارێکم دەکرد کە بە هەورازەکەدا بەرەو خوار دەچوو، چاوم چووە سەر خۆڵەمیشی سیگارەکەی کە لەنێوان پەنجەکانی دەستی ڕاستیدا بوو و وا خەریک بوو دەکەوتە خوارەوە. ڕێک لەو کاتەدا کە خۆڵەمێشی سیگارەکەی دەکەوتە سەر قیری جادەکە، وەک ئەو کەسانەی کارەبا دەیانگرێت ڕەق بووم، وشک بووم، گلێنەی هەر دوو چاوم فیکس بووە سەر مشکە تۆپیوێک کە لە لێواری شۆستەکەدا ڕوو بە ئاسمان و پشت بە عەرز کەوتبوو، دوو دەست و قاچێکی ڕوو لە هەوا بوو، گیانی دابوو، هەر دوو لێوی لە ڕووی بێفیزییەوە نابووە سەر یەک و چاوەکانیشی نوقاندبوو بۆ ئەوەی ترس و تۆقانی لە مردن نەگوازێتەوە بۆ ڕێبوارەکان. قاچێکی بەجێ مابوو، مشکێکی شەهید کە ڕەنگە چەند کاتژمێرێک پێشتر یەک بوو لە خێراترین بوونەوەرەکانی سەر ڕووی زەوی. پاش ئەوەی قاچێکی لەسەر لەزگەی مشک بەجێمابوو، لەگەڵ هەموو هەوڵێک تەنیا توانیبووی خۆی بگەیەنێتە سەر لێواری شۆستەکە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بمرێت. دەرسێکی عیبرەت لە شەوێکی تاریک و سارد دا، کە ڕێک لەو کاتەدا کە بە نوێنەرایەتی لە دۆستە بچکۆلەکانی پانتایی دەستبەسەرگەکەی تێپەڕ دەکرد، بووە بە دیلی دۆخێک کە هەرگیز لە مۆتەکەکانیشیدا نەیبینیبوو. پاشان لە کاتێکدا هەوڵی دابوو بۆ ماوەی چارەگێک خۆی لەو مۆتەکە تسرناکە ڕزگار بکات، بە شەلەشەل خۆی گەیاندووەتە لێواری شۆستەکە، بەو هیوایەی هەمووی خەون بووبێت. بەڵام خەو نەبووە و بەبێ ماڵئاوایی و لە ئەو پەڕی بێناوی دا بەبێ ئەوەی ڕووداوێکی تایبەت ئەژمار بکرێت گیانی داوە.

فیکەی چاودێری دەستبەسەرگەکە هێنامییەوە هۆشی خۆم، ڕووم لە پەنجەرەیەک بوو کە پشتەوەی پڕ بوو لە پەڵەی خۆڵ و بۆم بووبوو بە ئاوێنە، لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد کە وێنەیەکم ببینیبا کە چەند چرکەیەک پێشتر لە مێشکمدا چەقی بەستبوو، دەموچاوی مردووی گەنجێکی تێکشکاو و تێکڕووخاوم بینی کە چاوی بڕیبووە من، دەموچاوێکی خەمبار و بێهەست، بەتاڵکراو لە هەموو نیشانەیەکی ژیان. لە کاتێکدا پێڵووەکانی هەموو هەوڵێکیان دەدا داخرێن و گلێنەکانیشی هیچ خۆڕاگرییەکیان نەبوو لە بەرامبەریدا، ڕێک لە کاتی نائومێدبوون و داخرانیاندا جووتەچاوێکی دیکە لەو بەری جامەکەوە چاویان دەبڕییەوە ناو چاوانی و نەیاندەهێشت دابخرێن. هەر لەناو ئەو تەرکیبە مردووەدا دەیویست بقیڕێنێت، هاوارێکی ون و خنکاو کە پێش ئەوەی بگاتە قوڕگی هەزاران جار لەناو سی و سەریدا تەقیبووەوە و تەلەف بووبوو. ئاوا دەموچاوی سپی هەڵگەڕابوو، جووڵەی خوێن لە دەمارییەکانییەوە بۆ سەری بڕابوو و بێڕۆح و خەمبار ڕێک لەو چرکەساتەدا کە تەسەوڕی دەکرد شکۆمەندترین ساتی ژیانییەتی، واتە چوونەدەرەوە لەو کابینە تاهەتاییە دەرگاکە بەڕووی داخرابوو، بۆیە گەڕابووەوە سەر شوێنی خۆی و ڕاکشابوو و چاوی داخستبوو تەنیا بەو هیوایەی کە هەرگیز ڕانەبێت لە خەو. ئینجا خۆی ڕادەستی سێبەری سەقفی کابینەکە کردبوو کە کێشی تەواوی کورەی ئەرزی خستبووە سەری، نیوەشەو لە خەو پەڕیبوو، دیسانەوە بێهیوا لەوەی کە بۆچی هێشتا نەخکاوە و چۆن بەم حاڵە مردوووەوە خۆی گەیاندووەتەوە بەردەم دەلاقەکە تا چەند مەتریی مشکە شەهیدەکە و ئاوا هاوخەمیی لەگەڵدا دەکات؟

بە شەودا کۆپتێر بەدوای کۆپتێردا لە بارەگا سەربازییەکەی تەنیشت کابینەکە دەفڕن و کابینەکەم دەخەنە سەر هەزە. منیش. ئەڵبەتە هۆکاری لەرزینی من شتێکی ترە نەک هەزەی کابینەکە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، نازانم بیزەبت چەند ڕۆژ، کاتێک خۆم لە ئەنباری توتنی ماڵی گوندێکدا لە دووریی حەوت کیلۆمەتریی ئێرە و لەناو خاکی وڵاتێکی دیکەدا شاردبووەوە، دەنگی ئەو کۆپتێرانە نەک لە کاتی فڕینیاندا بەڵکو لە کاتی تەقە و دەستڕێژەکانیان جەستەمیان دەخستە سەر هەزە. لەرزینی ئێستام بەڵام زۆر زیاترە لەو کاتە، ئەوەش بەهۆی نزیکبوونمەوەیە لەم پێگە قێزەونە، واتە دەستپێکی هێرش بۆسەر هەڤاڵانم لەو دیوی سنوور. لەرزینێکی نەبڕاوە وبەردەوام بەدرێژایی شەو لە کەلێنەکانی کابینەکەمەوە لەگەڵ سەرما دزە دەکەنە ناوەوە و خەوم دەزڕێنن.

وام لێهاتووە کە بەپێوە و بە چاوی کراوەوە خەونی ڕەنگی دەبینم. چەن سانییەیەک پێش ئێستا بوو کە خۆم لە سەر هەورازەکەی بەردەم دەستبەسەرگەکەدا بینی، هەورازە دۆزەخییەکە کە نە سەرەوەی دیاربوو بۆ کوێ دەچوو و نە خوارەوەی. پیرەپیاوێکی پشت کووڕ و لاواز هەردوو دەستی خستبوە سەر چۆکی، لە بنەوە وا خەریک بوو سەیری دەکردم، لە بەر خۆیەوە دەیبۆڵاند و بەس فسەفسەکەیم دەبیست. وامزانی بانگم دەکات، خۆم لێ نزیک کردەوە و قۆڵیم گرت بەرەو سەرەوەی هەورازەکە پاڵم پێوەنا، قبووڵی نەکرد و بە سەر ئاماژەی بە خوارەوە دا. بۆ من هیچ جیاوازییەکیان نەبوو، هەردوو لا گۆشەی فۆتۆگرافێکی چەقبەستوو بوون کە بووبوونە زڕئاوێنەی حاڵ و وەزعەکەم. هێشتا چەند هەنگاو بەڕێدا نەڕۆشتبووین کە خۆی دا بە ئەرزدا و دەستی کرد بە هێڵنجدان و ڕشانەوە، لە کونجێکدا دامنیشاند و یەخەی پاڵتۆکەیم بۆ کردەوە، هەر دەڕشایەوە. دەستی کرد بە گیرفانی بن باڵی پاڵتۆکەیدا و بوتڵێکی بچووکی ویسکی دەرکرد و بینی پێوەنا. دەمی هێشتا پڕبوو لە ڕشاوەکانی، بەڵام هەر دەیخواردەوە. لەناکاو هەستایە سەر پێ، بازێکی دا و وەک بڵێی تەمەن هەشت ساڵییەتی بە هەڵبەز و دابەز ڕایکرد بەرەو کابینەکەی من. بەدوویدا ڕام کرد. تۆزێک سەیر بوو بەلامەوە. کاتێک گەیشتمە بەر دەم کابینەکەم دار و دیوارەکەی چۆکڵێتی گەرم و سووری لێدەتکا. پەڵە پەڵە بە هەڵمەوە دەوەرین و دەبارین. ژنێکی قەڵەو کە جلی بووکەڵەی شیلکی لەبەردا بوو، کەوچکێکی بەقەد سەری بە دەستێکییەوە و دەستەکەی تریشی ئەڵقە کردبووە کەمەری، لەوێ وەستابوو و پرسیاری لێکردم چیت دەوێت؟ بە سەرم ئاماژەم بە ناو کابینەکەم دا، سەری وەرسووڕاندە بەرەو ئەو شوێنەی ئاماژەم پێدابوو. پیرەپیاوەکەم بینی خەریک بوو بە کابینەکەدا هەڵدەگەڕا، سەری لە دەلاقەکەوە کردبووە ژوورێ و قوونی هێشتا بەدەرەوە بوو، ژنە قەڵەوەکە بە کەوچکەکەی دەستی دانەیەکی لە قوونی ڕاکێشا، هەڵیدایە ناو کابینەکەوە. پاشان پیرەپیاوەکە بە دەموچاوێکی گەنجەوە سەری لە دەلاقەکەوە هێنایە دەرێ، بە لەحنێکی منداڵانەوە وتی من مرەبای شیلکم و قاقا پێکەنی. بە قاقای پێکەنینی هەموو کابینەکە لەرییەوە و کەوتە سەر هەزە. لەناکاو خۆم دۆزییەوە لە ناوەڕاستی کابیەکەمدا، هەردوو دەستم خستبووە سەر سکم و مەعیدەم فشار دەدا، دەنگی هێلیکۆپتێرەکان هەر وا دەهاتن. بە دەم لەرە و هەزەی هەلیکۆپتێر و کابینەکەوە هەر لەوێ خەوم لێکەوت.

ئەوان گاڵتە بە بارووت، ئەو سەگە بێبەختەش دەکەن. بەتایبەت ئەو کاتانەی برسییەتی ئەوەندەی دەهێن و دەبەن تا هیلاک و ماندوو دەکەوێت. دوایە تیکە نانێکی بۆ هەڵدەدەن. بارووتیش وەک بڵێی بیەوێت جندۆکە لە خۆی دوورکاتەوە کەمێک لە دەوری تیکەنانەکە پەلەقاژە دەکات و سەرێک ڕادەوەشێنێت و پاش ئەوەی دڵنیا بوو لەوەی ئەمەیان یاری نییە بە قەپاڵێک نانەکە هەڵدەگرێت و بۆی دەردەچێت. ئەڵبەتە حاڵی بارووت باشترێکە لە من، لانیکەم بۆی هەیە ڕۆژی پێنج شەش حەوت جار لەگەڵ دەنگی بانگ کە لە مکەبەرەکانی مزگەوتێکی ئەو دەوروبەرەوە پەخش دەکرێت بلوورێنێت و خۆی شیرین کات و  ئەوانیش پێبکەنن و دەستی بەسەردا بکێشن. بەڵام جاری واشە حاڵی زۆر خراپترە و لای خۆم دەڵێم حاڵم بە حاڵی نەبێت، خوا نەکات لێی تێکچێت لەجیاتی بانگ لەگەڵ سروودی نەتەوەییەکەیان بلوورێنێت، ئەوسا بە بنی پووتەکانیان ئەوەندە لە سەر و گوێلاکی ڕادەکێشن تا خوێناویی دەکەن، ئینجا دیسانەوە پێی پێدەکەنن و ڕاوی دەنێن.

ڕاکشاوم و چاوم بڕیوەتە نیوەسێوێک کە لە پێرێوە هەڵم گرتووە، دڵم نایەت دەستی بۆ بەرم، هەست دەکەم ڕۆژێک لەم ڕۆژانە فریام دەکەوێت، تەنانەت باوەڕم وایە خواردنەکەی چارەڕەشی و بێبەختی بەدوادا بێت بۆم. ئەوەش لە ڕووی ئەو تفانەوە دەڵێم کە بەردەوام دەیپژێنمە سەر دیواری کابینەکەم. پێم وابوو ئەگەر تفەکانم بگەنە دیوارەکە و پێوەی بلکێن و ئینجا هەڵخلیسکێنە خوارەوە تا بنی دیوارەکە. وا خواردنی سێوەکە بێبەختی بەدواوە نابێت، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. تەنانەت لە نێوان دڵۆپە تفەکانمدا یەکیانم هەڵبژاردبوو، گرێوم لەسەر کردبوو. لاوازترین دڵۆپم دیاریکردبوو، کەچی ئەو دڵۆپە نەک نەگەیشتە بنی دیوارەکە، بەڵکو هەر لە بیدایەتی ڕێگەکەیدا زەڕبی سفر بووەوە. چون تەنیا بەشداربووی ئەو پێشبرکێیە بووم خۆم بە خاوەنی ئەو مافە نەدەزانی کە دڵۆپی بەهێزتر هەڵبژێرم و لایەنی دڵۆپە لاوازەکەم گرت. بە چ هیوایەک؟ هیچ. هیچ هیوایەک لەگۆڕێدا نییە. من بۆ تاهەتایە لێرەدا دەمێنمەوە. ئەوەش لە ڕووی دڵۆپە لاوازە دۆڕاوەکەوە و ناڵەناڵی باڕووت و فرتوفێڵی پیرەپیاوی شیلکاوی و قاچە قرتاوەکەی مشکە شەهیدەکە و دەنگی تەقینەوە و فڕینی کۆپتێرەکان و هەزە و لەرەرەی بەردەوامی کابینەکە و ئەو نیوەسێوەوە دەڵێم، کە هەر ئێستا، بەبێ ئەوەی دانەکانم بەکاربهێنم، بەتاقە جووڵەیەکی هەماهەنگی نێوان ماسولکە و ئێسقانی قوڕگم، هەموویم قوت دا.

تێدامانەوە… ئاوات پووری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

کۆمەڵە چیرۆکی لەنێو گێژاوی ژیاندا بڵاو دەبێتەوە

گۆران سەمەد، بەمنزیکانە، دووەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناونیشانی ”لەنێو گێژاوی ژیاندا&#…