تەکنیکی هێنانەوەی دەرەکی لە چیرۆکدا

چیڕۆک وەکوو فۆرمێکی گێڕانەوە لەڕێی کۆمەڵێک تەکنیکەوە پەرە بە لایەنی هونەریی خۆی دەدات. واتە بۆ ئەوەی دەقێکی چیڕۆک بناسینەوە، پێویستیمان بە شارەزایی لە کۆمەڵێک تەکنیکدا هەیە. گەڕاندنەوە یان هێنانەوە (الاسترجاع- Analepsis) یەکێکە لەو تەکنیکانەی چیڕۆکنووس بۆ هێنانەوەی کۆمەڵێ ڕووداوی ڕابردوو پەنای بۆ دەبات. لەڕێی ئەم تەکنیکەوە کات لە چیڕۆکدا ڕێکدەخرێت. واتە چیڕۆکنووس لەو ڕێیەوە ڕەوتی زنجیرەیی (کرۆنۆلۆجی) کاتی دەق تێکدەشکێنێ. 

ئەم تەکنیکە هەوڵێکە بۆ وەستاندنی کاتی ئێستای گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. واتە هێنانەپێشی ڕووداوێکە، کە پێش ڕووداوەکانی ئێستای گێڕانەوە ڕوویدابێت. دوو جۆر گەڕاندنەوە یان هێنانەوەمان هەن: هێنانەوەی ناوەکی و هێنانەوەی دەرەکی. ئەوەی من دەمەوێ قسەی لەبارەوە بکەم، جۆری دووەمە کە هێنانەوەی دەرەکییە لە کۆچیڕۆکی (یادەوەرییەکانی کۆڵانێکی خاپوورکراو)ی (سیامەند هادی)دا.

هێنانەوەی دەرەکی (الاسترجاع الخارجی- External analepsis) جۆرێکە لە تەکنیکی گەڕاندنەوەی کات. بریتییە لەو ڕووداوەی کاتی ڕوودانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش حەکایەتی یەکەم. کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوە دەکەوێتە دەرەوەی کاتی دەقەکە. بۆ نموونە کاتێک خوێنەر بەر ناونیشانی دەقەکە دەکەوێت. یان کاتێک کارەکتەرێکی نوێ دێتە ناو ڕووداوەکانەوە، لەڕێی تەکنیکی گەڕانەوەوە ڕابردووی ئەم کارەکتەرە ئاشکرا دەکرێت. هاوکات کاتێک ڕووداوێک بە ڕووداوێکی ڕابردوو پێوەست دەکرێتەوە. ئەم جۆرەیان لەڕێی یادەوەرییەوە جێبەجێ دەکرێت.

بنیاتی کات لە کۆی چیڕۆکەکانی کۆچیڕۆکی (یادەوەرییەکانی کۆڵانێکی خاپوورکراو)دا کاتی ئێستای گێڕانەوەیە، لە کۆی چیڕۆکەکاندا وەگێڕ پەنا بۆ تەکنیکی گەڕانەوە دەبات. هۆکاری ئەمەیش بۆ ئیشکردن لە تێمەی یادەوەری دەگەڕێتەوە. وەک لە ناونیشانەکەدا دیارە کە ناونیشانی یەکێک لە چیڕۆکەکانە، خوێنەر زەینی بۆ ئەوە دەڕوات هەموو چیڕۆکەکان لە کۆڵانێکدا ڕوویاندابێت. لە زۆربەی چیڕۆکەکاندا تەرمێک لە سەری کۆڵاندا کەوتووە. هاوکات لە کۆی چیڕۆکەکاندا تەرمێک، یان گۆڕستان، یان تێمەی مردن ئامادەیە. ئەمەیش دەبێتە پنتێک کۆی چیڕۆکەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە. من دەمەوێت لێرەدا چۆنیەتی کارکردنی وەگێڕەکان لە گەڕاندنەوەی دەرەکیدا بەرباس بدەم.

لە چیڕۆکی (یادەوەرییەکانی کۆڵانێکی خاپوورکراو)دا، وەگێر باسی کەسێکمان بۆ دەکات کە گەڕاوەتەوە گەڕەکە کۆنەکەیان، لەڕێی ستوونێکەوە ڕووداوی خۆپیاکێشانی کوڕی مام سمایلی دراوسێیانی بیر دەکەوێتەوە. هەر لەناو کاتی ئێستای گێڕانەوەدا ڕووداوی یەکێک لە کوڕەکانی مام سمایل دەگێڕێتەوە.

((بیری نەماوە لە چ شوێنێک بووە، لەگەڵ کوڕێکدا بووە بە شەڕی و دەیانگوت حەوت گوللەی ناوە بە کوڕەکەوە! کتوپڕ پۆلیس دەستگیریان کردووە و پاش ماوەیەک بەناو گەڕەکدا بڵاوبووەوە کە بیست ساڵیان حوکمداوە.)) ئەم جۆرە گەڕانەوەیە، هەوڵێکە بۆ وەستاندنی کاتی گێڕانەوە، هاوکات بردنی زەینی بەردەنگ/خوێنەرە بۆ ڕووداوێکی دیکە کە لە دەرەوەی ڕووداوی حەکایەتی یەکەم، کە حەکایەتی کۆڵانە خاپوورکراوەکەیە، ڕوویداوە.

ئەم ڕووداوە پێوەندی بە ڕووداوی حەکایەتی یەکەمەوە نییە. ئامانج لەم گەڕاندنەوەیە خستنەڕووی زانیاری پترە لەبارەی کارەکتەر و شوێنەکانی حەکایەتی یەکەم، بۆ ئەوەی بەردەنگ/خوێنەر زیاتر بە دوای ڕووداوەکانەوە بێت و پێگە و شوێنی ڕووداوی حەکایەتی یەکەمی لە کن گرینگتر بێت. تەکنیکێکی دیکە لەم چیڕۆکەدا (یادەوەری کۆڵانێکی خاپوورکراو) بریتییە لە تەکنیکی چەندبارەکردنەوەی ڕووداو. واتە گێڕانەوەی چەندبارەی ڕووداوێک، کە یەک جار ڕوویدابێت. ڕووداوی خۆپیاکێشانی کوڕەکەی مام سمایل بە تڕومبێلەکەیەوە بە عاموودە خوارەکەی کۆڵان، چەند جارێک دەگێڕدرێتەوە و دێتەوە بەرباس. ئەمەیش بۆ گرینگی ئەم ڕووداوە لە زەینی کارەکتەردا دەگەڕێتەوە.

کارەکتەر ئەم ڕووداوەی بە شێوەیەک لە یادگەدا چەسپیوە، یەکەم شتێک ئەمەی بیرکەوتۆتەوە، بۆیەش هەر یادەوەرییەک پێوەندی بە کوڕەکانی مام سمایلەوە هەبێت، ئەم ڕووداوە دەهێنێتەوە یاد.

لە چیڕۆکی (مەرگی داپیرە لە سێشەممەدا) هەمان شێوە ڕووداوێک چەند جارێک پاتە دەکرێتەوە، ئەویش پەیداکردنی شرووبێکە بۆ نەخۆش کە دکتۆر نووسیویەتی. وەگێڕ لەم چیڕۆکەدا بەردەوام دەبێت لە هێنانەوە دەرەکییەکان، چیڕۆک و بەسەرهاتی ماڵی مام حەسەن، کە پێوەندی بە حەکایەتی چیڕۆکەکەوە نییە، بەڵکوو لە دەرەوەی ئەم حەکایەتەدایە، بەڵام کات دەوەستێنێ بۆ ئەوەی هەموو دیمەنەکان بە بەردەنگ نیشان بدات.

لەو ڕێیەوە وەگێڕ دەیەوێ ڕووناکی بخاتە سەر ڕابردوو، هاوکات دەبێتە تەواوکەری حەکایەتی یەکەمی چیڕۆک. کەواتە هێنانەوەکان تەکنیکگەلێکن بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لە دەرەوەی کاتی ئێستای گێڕانەوە بخاتەڕوو، ئەمەیش هەوڵێکە بۆ گەمەکردن لەگەڵ کات. کەواتە وەگێڕ لە واقیعی ئێستای گێڕانەوە ڕازی نییە، دەیەوێ واقیعێکی دیکەی ڕابردوو لەگەڵ کاتی ئێستادا تێکەڵ بکات. لە چیڕۆکەکانی (تەرمی شار لە بەیانییەکی تەمووزدا و مەرگێك پێش درکاندنی ڕازەکان)یش وەگێڕ تەواو پەنا بۆ تەکنیکی گەڕاندنەوە بە گشتی و گەڕاندنەوەی دەرەکی دەبات.

وەگێڕ لە زۆربەی چیڕۆکەکاندا لە دوودڵی و ڕاڕاییەکی بەردەوامدا دەژیت، هەمیشە لەو واقیعەی تێیدا دەژی ناڕازییە، بۆیەش لەڕێی یادەوەرییەوە لەو واقیعە ڕادەکات. هاوکات هەڵوێستی کارەکتەرەکان ئاشکرا دەکات. دەتوانێت هێنانەوەکان وەکوو فێڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە بەکاربهێنێ کە ڕەنگە لە کاتی گێڕانەوەدا دروست بن. هاوکات دەیەوێ دەلالەتی دیکە بە ڕووداوەکان ببەخشێ. بۆ نموونە لە چیڕۆکی (تەرمی شار لە بەیانییەکی تەمووزدا) کارەکتەر لەڕێی گێڕانەوەی یادەوەری منداڵی هەوڵ دەدات واتایەکی دیکە، دەلالەتێکی دیکە بە بوونی خۆی ببەخشێ. ((من مناڵ بووم باوکم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا شتومەکیان بە وڵاخ بۆ ئەودیوی سنوور دەبرد)) دەیەوێ بە کەسانی دەوروبەری بڵێت منیش ئەم ژیانەم هەبووە لە منداڵییەوە. کەواتە وەگێڕ دەیەوێت حەقیقەتی کارەکتەر نیشان بدات، واتە ڕوویەکی دیکەی کارەکتەر نیشان بدات، هاوکات زانیاری وردمان لەبارەی کارەکتەرەوە پێشکەش دەکات.

وەگێڕ لە زۆربەی چیڕۆکەکاندا حەکایەتی یەکەم لە یەک ئاست ڕادەگرێت بۆ ئەوەی ئاستێکی دیکەی ڕووداوەکانمان نیشان بدات. ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکانی ئێستای گێڕانەوە هەیە. هاوکات ڕوویەکی دیکەی کاتی نووسینی چیڕۆکمان نیشان دەدات. بەردەنگ/خوێنەر بەر کاتی جوایەز دەکەوێت. بەمەیش فرەکاتی لەناو چیڕۆکدا دروست دەبێت. واتە یەک ئاستی کاتمان لە گێڕانەوەدا نابێت. چیڕۆکنووس لەڕێی ئەم تەکنیکەوە هاڕمۆنییەکی جوان و هونەری لە نێوان کۆی چیڕۆکەکاندا دروست دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *