ئەم وەرگێڕانە بۆ: سرووشت محەمەد.
*نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی ئۆرۆگواییە، ساڵی ١٩٤٠ لە مۆنتیڤیدیۆ چاوی بە ژین هەڵهانیوە، لە سۆنگەى چالاکیی ڕامیارییەوە سەرەتا لە ئەرژەنتین و پاشانیش لە ئیسپانیا پەنابەر بووە. درەوشاوەترین کاری وێژەیی ئەم نووسەرە ڕۆمانی ‘دەمارە کراوەکانی ئەمریکای لاتین’ـە، ئەم ڕۆمانە بۆ پتر لە بیست زمان وەرگێڕدراوە. یەکێکە لە کارە گرنگ و بەرجەستەکانی دەیەی حەفتا. ئەم نووسەرە ئێستاش لە ئۆرۆگوای دەژی.
تێبینیی وەرگێڕ: کرێکارەکان خەریکن هەموو نیشانەیەکی سرووشت لەو شارەدا خاشەبڕ دەکەن. ئاسمان لەبری ئەوەى جێی کۆترە ئازادەکان بێت، چیدی جێی باڵاخانە هەوربڕەکانە.
پێکدادانی پێڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەڵێی نووسەر تۆڵەی خۆی لە چینێکی نەجیبزادە دەکاتەوە. لەو ڕوانگەوەی وا فرۆید دەڵێ، خەونەکان پێگەى وەڕاستگەڕانی ئارەزووە چەپێنراوەکانن. نووسین چۆن لەگەڵ ئەو بارگە و پلە هۆشیارییە دەوڵەمەند و ئاڵۆسکاو و بێبەندوباوەدا دەستوپەنجە نەرم دەکات. لە توێی ئەم چیرۆکەدا توندوتیژیی وەک مار پەپکەى خواردووە، توندوتیژیی، یان درووستترە بڵێین ‘جووڵە و بزاوتی بەردەوام’ـی هەموو گەرد و یەکەکانی گەردوون دژی یەکتر: کرێکارەکان، کۆترەکان، شارسازیی، جەرگسووتان، جلوبەرگ و جۆری تڕۆمبێڵ، ژیاریی وا بیچم دەگرێ و (کۆترەکان) کۆمەڵکوژ دەکرێن، مرۆڤێکی شارییش لەم بەستێنەدا خەمگین و دەروونپەشێوە. جا لە سۆنگەى بەهەشتی لەدەستچووی (کوڕەکەی!) یان لە سەرەنی شۆک و هەوەسکان و ساکانی بەرانبەر جیهانە تازەکە! ئەم چیرۆکە چیرۆکێکە سەبارەت بە ملەجەڕە و تێکۆشان بۆ مانەوە…
خوان خێلمان بۆی گێڕامەوە، گوایە لە یەکێ لە شەقامەکانی پاریس، خانمێک بە چەترەکەى کەوتبووە وێزەى چەند کرێکارێکی شارەوانیی. هەینێ کرێکارەکان سەرقاڵی ڕاوەکۆتر بوون، ژنێک لە تڕۆمبێلێکی فۆردی سەیروسەمەرەی دەگمەن، لەوانەى وا تەنیا لە مۆزەخانەکان هەن و بە هندڵ پێ دەبن، دابەزی. هەروا کاتێ چەترەکەى وەک ئامڕازی جەنگیی لە هەوادا هەڵدەخولاند، پەلاماری کرێکارەکانی دا.
لە وای وەشاندنە بێئامانەکانی ئەوەوە، ڕێڕەوەکە کرایەوە و ئەو تۆڕانەى کۆترەکانی لێ بە تەڵەوە بووبوون، بە چەترەکەى لەتوکوتی کردن. سا کاتێ کۆترەکان بە گمە و بووغەى سپیی بۆ تەشقی ئاسمان لە شەقەی باڵیان دەدا، خانمەکە بە چەترەکەى هاشاوڵی کرێکارەکانی دا.
کرێکارەکان هەر ئەوەندەیان پێ کرا باسکیان وەک خۆپارێزیی هەڵبڕن، گەرچی خانم کۆڵی نەدەدا. بە لاڵەپەتێ و لاڵانەوە:
«خوەیشکە گیان! ڕێزەیە بەزەیو پیامانا بێتۆ، یەمە کاری خوەمان ئەکەین، فەرمانی یاروانی سەری خوەمانە. دادە گیان! بۆ ناچی شارەوان خوریشۆر کەی؟ نەختێ هێواش، میمکە گیان! خۆ یەژی مار پێوەى دایتە. وەیڕۆ لەم ئارەسوورە…»
هەنگینێ خانمە تووڕەکە دەستەکانی بڕستیان لێ بڕا، پشتی بە دیوارێکەوە دایەڵا تا پشوویەک هەڵبهێنێتەوە. کرێکارەکان لێیان پرسی بۆ وا ترش ئەفرۆشێ؟ خانمەکە پاش بێدەنگییەکی درێژ بە زمان هات:
«کوڕەکەم مرد!»
کرێکارەکان وتیان: «ئۆف، دایکت کوێر وێ، بەڵامەکونێ یەمە هیچ سووچێکمان نییە. لێل ئەوەشا ئەم بەیانەکییە کۆڵێ کارمان بوو، گەرەکو تەواویان کەین.» (توێ لێمان حاڵی وی…)
خانم لێی دووپات کردنەوە:
«کوڕەکەم مرد!»
کرێکارەکانیش: «بەڵێ، بەڵێ، بەڵامەکێ یەمە تیکەنانەکەمان ئاوا پەیا ئەکەین، ملیۆنان کۆتر لە سەرانسەری پاریس ئازادانە باڵەفڕکەیانە، ئەو کلکبڕیاوانە شارەکەیان ناوەتە ڕیقنە.»
خانم تێی خوڕین:
«دەبەنگینە.»
دوور لە کرێکارەکان، دوور لە هەمووان.
«کوڕەکەم مرد و بوو بە کۆتر.»
کرێکارەکان بێدەنگیی دایگرتن. ساتێکی درێژ هەوڵەق مان. دواجار ئەو کۆترانەى وا لە ئاسمان و سەربان و پیادەڕۆ و ئەملاولا پەلەکۆیان بوو، نیشانی خانمەکەیان دا و وتیان:
«میمکە گیان، ئەى بۆ کوڕەکەت لێل خوەتا ناوەیتۆ و یەمەیش ئەرخەیان بنیشینە سەر کاری خوەمان؟»
خانم کڵاوە ڕەشەکەی ئەمبارەوبار کرد: «ئاهـ، نا، من شتی وا چۆن دەکەم!»
وا زڵت لە کرێکارەکان ڕاما، شامانێ لە وێنەى شووشە ڕوونن و پشتەسەریان دەبینرێ، هێواشێک وتی:
«من نازانم کامیان کوڕەکەمە، گەر بشمزانیایە، لەگەڵ خۆمم نەدەبردەوە. من ڕایەم ناکەوێ لە هاوڕێکانی هەڵبوێرم.»
میمک: پوور
ڕێزەیەک: تۆزێک، نەختێک
شامانێ: وەک بڵێی، چمان
توێ: دەبێت
بۆ فارسی: نازنین میرصادقی