حاڵی ئەو کە یەکێکی دیکە بوو.. ئیتالۆ کالڤینۆ

ئیتالۆ کالڤینۆ
بۆ کوردی: تێکۆشەر خالید

ئەوەی کە منی تووڕە دەکرد بیرکردنەوە لەوە بوو کە ئەو ژنەی چۆن لەگەڵ من دەهات ئاوایش لەگەڵ یەکێکی دیکەدا دەڕۆیشت بۆ نموونە لەگەڵ کەسێکی وەکو فێررۆچیچۆ. لە چیمەنەکەدا بووین کە پێم وت: گوێ بگرە: تۆ چونکە منم لەگەڵ من دێیت یان هەمان شێوە کە لەگەڵ من دێیت دەتوانیت لەگەڵ یەکێکی دیکەیش بڕۆیت. لەگەڵ یەکێکی وەکو فێررۆچیچۆ؟
وەڵامی دامەوە: لەگەڵ تۆ دێم چونکە تۆیت.
من وتم: سوێند بخۆ تێرێ زا.
ئەو وتی: تێرێ زا؟
من وتم: هەرئەوە.
لەبری ئەوە وتی: بەڵام من بیانکینام.
ڕاست بوو ئەو بیانکینا بوو نەک تێرێ زا.
پرسیم: تێرێ زا چی؟
وتی: نازانم. وابزانم لەگەڵ یەکێکی دیکەدا بینیومە. بۆ نموونە لەگەڵ فێررۆچیچۆ.
پەشۆکام: بەڵام دواتر بیرم کردەوە و پرسیم: فێررۆچیچۆ؟
وتی: هەرئەوە.
بیرم کەوتەوە: بەڵام فێررۆچیچۆ منم.
ڕاست بوو. من فێررۆچیچۆ بووم. نەک میکا لۆ.
ئەو وتی: هەمیشە کەسەکان تێکەڵ دەکەیت.
من وتم: ڕاستە. جاری وایە ڕوو دەدات کە کەسێک خۆی لەگەڵ یەکێکی دیکەدا بە هەڵە لێ تێک دەچێت. بەڵام ئێستا هەموو شتێک ڕێی تێ دەچێت.
ئەو وتی: بەڵێ. تازە جیاوازیشی نییە.
لەسەر چیمەنەکە تا شەو مایەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *