لە چیرۆکی چای شیریندا سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نووسەر ویستوویەتی بچێتە ناو هۆشمەندیی ناوەوەی کەسەکانییەوە
حسێن عارف لە نووسەرە بەتواناکانی چیرۆکی هونەریە، لەو سەردەمە سەرەتاییەی ئەودا (ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابووردوو) کۆمەڵێک نووسەری کورتە چیرۆک سەریان هەڵدا تاڕادەیەک شێوازیی کۆنی نووسینی ئەم جۆرە ئەدەبەیان بەزاند. ئەمەیش لەژێر کاریگەریی ڕووناکبیریەکی سەردەمانەوە کە شەپۆلەکەی لە ئەوروپاوە هاتبوو، تا گەیشتبوە زۆربەی وڵاتانی عەرەب و عێراقییش. هەندێک چیرۆکنووسی عەرەبی عێراقی سوودیان لەو تەکنیکە تازەیە وەرگرتبوو کە لە ئەوروپادا بووبوو بە مۆدێل، پشتیان لە پەیڕەویی کردنی ڕابووردووی چیرۆک نووسیی (کە زیاتر پشتی بە گێڕانەوەیەکی حیکایەت ئامێز و ڕووداوی تەواو واقیعی و نووزەدرێژی و چەق بەستنی کات و شوێن دەبەست) کردبوو. دیارترینی ئەو نووسەرانەی عێراق (فواد تەکرلی و زەنوون ئەیوب) و چەند نووسەرێکی تر بوون. جگەلەوەی کە لە وڵاتانی تری عەرەبدا، بەتایبەتی لە میسر و لوبناندا شەپۆلی ئەو تازەگەریە تەواو پەرەی سەندبوو.
حسێن عارفیش چ لەسەر ئاستی عەشق و توانای خۆی و چ وەک گەڕیدەیەک بۆ پەی بردن بەو شەپۆلە تازەیە، کەوتبوە سووسەکردن و دۆزینەوەی ئەو شێوازە. بێگومان دەیزانی ئەوە چارەنووسی ئەدەبێکە کە هەر خودی خۆی لە ئەوروپاوە هاتوە و ناتوانیت لەو بزافە داببڕێیت. باشترین نموونەیشی کە دەست پێکیەتی چیرۆکی (چای شیرین)ە کە ساڵی ١٩٥٧ لە شوعەیبە نووسیویەتی. بەم چیرۆکەدا دەردەکەوێت کە حسێن ئاگاداری دۆخە ڕووناکبیریەکە بوە. بۆ ئەم چیرۆکە ڕەنگە بەتایبەتیی شێوازیی کورتە چیرۆکنووسینی (ئەنتۆن چیخۆف)ی ڕووسی لا پەسەند بووبێت کە زیاد لەوانەی پێشتری خۆی (دی موباسان و ئەدگار ئالان پۆ) توانیویەتی کێشە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگای خۆی بکاتە کەرەسەی بەرهەمەکانی. چیخۆف بەدوای ڕووداوی سەیر و ترسناکدا نەگەڕاوە و مرۆڤی قارەمان (بە مانا واقیعیەکەی) و تەوسنی نەکردۆتە پاڵەوانی چیرۆک، بەڵکوو بەدوای مرۆڤە پەراوێزخراوەکاندا گەڕاوە و ئەو ڕووداوانەیشی قۆستۆتەوە کە بە ڕواڵەت و لە واقیعدا بچووک و ئاسایی خۆ دەنوێنن، بەڵام لەڕاستیا گەورە و تەنانەت تراژیدیشن. چاوی دۆزینەوەی ئەو جۆرە کەس و بەسەرهاتانە خەسڵەتی زۆر تایبەتیی چیخۆفن.
حسێن عارف لە چیرۆکی (چای شیرین)دا باس لە خێزانێکی زۆر ئاسایی دەکات کە بریتین لە ژن و مێردێک و تەنیا کچێک (ئافتاو) کوڕێکی تەمەن نۆزدە ساڵیش (مەحموود) شاگردە و لای پیاوەکە کاردەکات. ئەم کوڕە لە دڵەوە حەز لە ئافتاو دەکات، بەڵام ئاسایی وەک هەر گەنجێکی ئەو سەردەمە شەرمنە و ناتوانێت ڕازەکەی بدرکێنێت. بەڵام کچەکە لێ زانە و شارەزای پەرلەکانی خۆشەویستیە. بۆیە بەردەوام لەکاتی چا خواردنەوەدا چای زۆر شیرین بۆ مەحموود تێ دەکات (بۆ ئەوسا چای زۆر شیرین بە مانای خۆش ویستنە) کەچی کوڕەکە بەم نهێنیە نازانێت و ئەم کارە بەوە دەداتە قەڵەم کە کچەکە خۆشی ناوێت و تەنانەت ڕقی لێیەتی. تا لەدواییدا کوڕەکە لە ڕێگای دایکی و خوشکەکەیەوە لە نهێنیەکە دەگات و بۆ دواجار بە پەنامەکی هەر لە ڕێگای ئەو چا شیرینەوە ڕازی خۆشەویستیەکەی بۆ ئافتا و دەدرکێنێت و پێ دەچێت (وەک خوشکی مەحموود دەڵێت) ببن بە ژن و مێردیش.
چیرۆکەکە بە زمانێکی ڕەوان و کوردیەکی خۆش و پوخت نووسراوە. دیالۆگەکان پڕبەپڕی کەسایەتیەکانن و ئەندازەی هۆشیاری و تێگەیشتنیان لە داب و نەریتە سونەتیەکان دەردەخەن.
ئەوەی لەم چیرۆکەدا لە لایەنی هونەریەوە سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە: یەکەم نووسەر ویستوویەتی بچێتە ناو هۆشمەندیی ناوەوەی کەسەکانیەوە، لە خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوە و هەستیان بگات و تەنیا لە ڕوخسار و دیدی دەرەوەیان نەڕوانێت. بە مانایەکی دی ئەمە سەرەتایەکە بۆ خوێندنەوەی سایکۆلۆژیەتی کاراکتەرەکان کە پێشتر زۆربەی چیرۆکنووسان تەنیا ڕووی دەرەوەی ڕەفتار و هەڵوێستی کەسایەتەکانیان دیوە و خوێندویاننەتەوە. دوەم بەکارهێنانی تەکنیکی (مەنەلۆگ) کە یەکێکە لە سیما سەرەکیەکانی ئەوسای ئەو مۆدێلە تازەیە و بە هۆیەوە دەتوانرێت کات و شوێنەکان بگۆڕێن و ڕووداوی لاوەکیش بێنە ئاراوە کە زیان بە ڕووداوی سەرەکی نەگەیەنن. بۆ نموونە ئەمە ئەو تاقە مەنەلۆگەیە کە کوڕەکە بەرانبەر بە ڕەفتاری کچەکە لە ناوەوەی خۆیدا دەیهێنێت و دەیبات: “قەت ناشێ؟ ئافتاو حەزی لێ کردووم؟ ئەی لەو فێڵبازی و زۆرزانیە؟ کەوابێت ئەو چا شیرینانە بێ مەڵامەت نەبوون، نا، ئێستا تێ گەیشتم، ئێستا زانیم لەکوێوە قسەی دەکرد. دەی قەیناکا ئافتاو، خۆ من وام دەزانی هێندەت قین لێمە چاوت پیامدا هەڵنایەت، تومەز من لە گوێی گادا نووستبووم، دە ڕاوەستە بۆم، من و تۆ و سبەینێ”
لەم سەرەتایەوە حسێن عارف پەرەی بە توانا و بەهرەی چیرۆک نووسینی خۆیدا، تا وەک ئەنجام کۆمەڵێک چیرۆکی دانسقەی خستە ناو مێژووی ئەدەبیی کوردیمانەوە، بۆیە بێ نکوولی لێ کردن حسێن دەبێتە پێشەنگێکی هەرە دیاری ئەم بوارە.