وەرگێڕانی: تێکۆشەر خالید
لە بەردەم مێزەکە لە ئاپارتمانی هاوڕێ ژنەکەی بەتەنیا دانیشتووە. کاتیان هەیە سەعاتێک تەنیا بن، پاشان بگەڕێنەوە. لە دەرەوە بە خوڕ باران دەبارێت، بەفری هەفتەی پێشوو خەریکە دەبێتە ئاو. جگەرە دەکێشن و تەپڵەکەکە پڕ دەکەن.. ڕەنگە تەنیا یەکێکیشیان جگەرە بکێشێت.. پیاوەکە جگەرە دەکێشێت! گرنگ نییە. بەهەرحاڵ تەپڵەکەکە خەریکە پڕ دەبێت لە قونکەجگەرە و سووتوی جگەرە.
شتێک نەماوە ژنەکە نەداتە پڕمەی گریان یان لە ڕاستیدا، لە پیاوەکە بپاڕێتەوە، گەرچی خۆبەزۆرزانیی هەیە و لە ژیانیدا هەرگیز بۆ هیچ شتێک نەپاڕاوەتەوە. پیاوەکە تێدەگات خەریکە چی ڕوودەدات. نیشانەکانی گرفتاریی دەنگی ژنەکە دەبینێت و کاتێک پەنجەکانی لە پرچی گیر دەکات. شتێک کە لە دایکییەوە بۆی ماوەتەوە.
پیاوەکە کورسییەکەی دەباتە دواوە، هەڵدەستێت، بەرەو ڕووی پەنجەرەکە دەڕوات… ئای خۆزگە سبەی دەبوو و لە پێشبڕکێی ئەسپسواریی دەبووم… ئای خۆزگە لە دەرەوە دەبووم و لەژێر چەترێکدا ڕێم دەکرد.. دەستی دەخاتە سەر سەبیلەکە و حەزدەکات لە هەرشوێنێکی دیکە بووایە کە هەیە جگە لێرە، بەڵام هیچ شوێن و هیچ ڕێیەکی نییە. لەبەر خۆشیان بووبێت دەبێت ئەم مەسەلەیە لای خۆی بپارێزیت. خودا دەزانێت هەرگیز وای بۆ نەدەچوو کار بگاتە ئەمە. بەڵام ئێستا تێکەوتووە یان خەریکە دەست و پێی دەبەسترێت. یەک جوڵەی هەڵە، ژنەکەش لە دەست دەدات.
ژنەکە هەناسە هەڵدەکێشیت. لە پیاوەکە دەڕوانێت، بەڵام شتێک ناڵێت. دەزانێت لەگەڵ کۆیلەبوون کاری بە کوێ دەگات. چاوەکانی هەڵدەگڵۆفێت، بەرەو خەمگینی دەچێت و سەری لە لەپی دەستەکانی نزیک دەکاتەوە. تا ئێستا چەند جار ئەم کارەی کردووە، بەڵام نازانێت چ شتێک ئەو ئەوەندە پەرێشان دەکات. پیاوەکە ڕوو وەردەگێڕێت و ددانەکانی جیڕ دەکاتەوە. جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. شقارتەکە ڕادەوەشێنێت. ساتێک لە تەنیشت پەنجەرەکەوە دەوەستێت.
پاشان وەردەسووڕێت، بەرەوڕووی مێزەکە دەڕوات و دادەنیشێت و ئاهـ هەڵدەکێشێت. دەنکە شقارتەکە لە تەپڵەکەکە گیر دەکات. ژنەکە دەستی پیاوەکە دەگرێت، پیاوەکە لێدەگەڕێت دەستی لە دەستیدا گیر ببێت، بۆچی نا؟ چ زەرەرێکی هەیە؟ بهێڵە بیگرێت. پیاوەکە بڕیاری داوە. پەنجەکانی پیاوەکە غەرقی ماچ دەکات. دڵۆپە فرمێسکەکانی دەچکێتە سەر مەچەکی پیاوەکە.
جگەرەکەی دەخاتە سەر تەپڵەکەکە و لە ژنەکە دەڕوانێت، وەک مرۆڤێک کە بێ موبالات لە هەور دەڕوانێت، لە درەخت لە کێڵگەی گەنم لە ئێواراندا.
چاوەکانی لە دووکەڵی جگەرەکە نزیک دەکاتەوە. جارجار سووتووەکە لە تەپڵەکەکەدا دەتەکێنێت، دیارە چاوەڕێیە تا گریانی ژنەکە تەواو دەبێت.
ڕایمۆند کلێڤ کارڤەر جۆنڤێر نووسەری کورتەچیرۆک و شاعیری ئەمریکایی لە ساڵی ١٩٣٨ لە کلتسنکی لەدایکبووە و لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، کارڤەر بە یەکێک لە چیرۆکنووسە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هونەری چیرۆکنووسیندا کردووە..