نیوەشەو بوو. میتیا کولدارۆڤ خرۆشاو بە پرچی تێکهەڵپژاوەوە دای بەسەر ماڵی باوک و دایکیدا و بەناو هەموو ژوورەکاندا ڕایکرد. دایک و باوکی چووبوون کە بخەون. خوشکەکەی لەسەر جێگا ڕاکشابوو و دوایین لاپەڕەی ڕۆمانێکی دەخوێندەوە. براکانی، کە خوێنکاری ئامادەیی بوون، خەوتبوون.
” لە کوێوە هاتوویت؟” باوک و دایکی سەرسامانانە پرسییان. “چی ڕوویداوە لێت؟”
“ئاخ، مەپرسن لێم، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد. نەخێر، هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد! ئەوە… بەڕاستی ئەوە باوەڕپێنەکراوە.” میتیا دەستیکرد بە پیکەنین و لە سەر کانەپایەک دانیشت. لە خۆشیدا نەیدەتوانی خۆی بە پێوەبگرێت. “ئەوە باوەڕپێنەکراوە، هەرگیز ناتوانن پێشبینی ئەوە بکەن. سەیری ئێرە بکەن.” خوشک بەتانیەکەی لە خۆیەوە پێچا لەسەر جێگاکەی بازی دا و خۆی گەیاندە براکەی. براکانیشی بە ئاگا هاتبوونەوە.
“چیت بەسەرهاتووە؟ تەواو مشەوش دەردەکەویت!”
” دایە ئەوە لەخۆشیدایە. ئێستا هەموو ڕوسیا من دەناسن. هەموو ڕوسیا. پێشتر تەنیا ئێوە دەتانزانی کە لەم جیهانەدا، ئەرشیفکارێک ( دێمیتری کولدارۆڤ) بوونی هەیە. بەڵام ئێستا تەواوی ڕوسیا ئەوە دەزانن. ئای خوایە.” میتیا بازیدا و بەناو هەموو ژوورەکاندا ڕایکرد و دوبارە دانیشتەوە.
” چی ڕوویداوە ئاخر؟ دەی قسە بکە ئاقڵ”
“ئێوە وەک ئاژەڵی ناو دارستان دەژین. ڕۆژنامە ناخوێننەوە. ئاگاتان لە هیچ نییە. لە ڕۆژنامەکاندا شتی زۆر بەنرخی تێدایە بۆ زانین. ئەگەر شتێک ڕووبدات، یەکسەر دەزانرێت. هیچ شتێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە. ئای چەند بەختەوەرم من! ئای خوایە لە ڕۆژنامەکاندا تەنیا لەبارەی خەڵکانی بەناوبەنگەوە دەنوسرێت و لێرە کەسێک لە بارەی منەوە دەنووسێت.”
“تۆ دەڵێیت چی؟ دەی کوا؟”
باوک رەنگی زەرد هەڵگەڕا. دایک تەماشای وێنەی پیرۆزی کرد و خاچێکی کێشا.
براکانی بازیاندا و ڕۆیشتن بۆلای برا گەورەکەیان، هەر بە کراسی کورتی شەوانەوە.
“بەڵێ، کەسێک لەبارەی منەوە نوسیوێتی. ئێستا تەواوی ڕوسیا من دەناسن. دایە تکایە ئەم ژمارەیە لای خۆتان هەڵبگرن بۆ یادگاری، جار جار دەیخوێنینەوە. سەیری ئێرە بکەن.” میتیا ڕۆژنامەیەکی لە جانتاکەیدا دەرهێنا. ڕۆژنامەکەی دا بە باوکی و بە پەنجە شوێنیکی بە خەتی شین هێل بۆ کێشراوی پیشاندا. ” بیخوێننەوە!” باوکی چاویلکەکەی خستە چاوی.
” دەی بیخوێننەوە!”
دایک سەیری وێنەی پیرۆزی دەکرد و خاچی دەکێشا. باوکی قوڕگی پاک کردەوە و دەستیکرد بە خوێندنەوە: ” ٢٩ سێپتێمبەر، کاتژمێر یازدەی شەو، کاتێک ئەرشیفکار دێمیتری کولدارۆڤ…”
” چاوتان لێیە؟ چاوتان لێیە؟ بەردەوامبە”
“… ئەرشیفکاردێمیتری کولدارۆڤ لە مالیا برۆننایا ماڵی کۆشخینی لە یانەکە لە حاڵێکی سەرخۆشیدا بەجێهیشت…”
“ئەوە من بووم لەکەڵ سێمیۆن پێتڕۆڤیچ! هەموو شتێک خۆی باسکراوە. درێژەی پێبدەن! بەردەوامبن. گوێبگرن”
“… لە حاڵێکی سەرخۆشیدا بە جێهێشت، پێی هەڵخزا و کەوتە ژێر ئەسپی عارەبانەی ئیڤان دڕۆتۆڤی خەڵکی گوندی دوریزیوکینۆ سەر بە یوخانۆڤسک. ئەسپە ترساوەکە پێ لە کولدارۆڤ دەنێ و غار دەدات. دوای ئەوەی عارەبانەکە کە بازرگانی مۆسکۆیی شتێڤان لوکۆڤی تێدا بوو، بەسەر سەرخۆشەکەدا دەڕوات، شەقامەکە لە لایەن نۆکەری ماڵەکانەوە دادەخرێت. کولدارۆڤ کە دواتر بێهۆش دەبێت، لە لایەن پۆلیسەوە بۆ نەخۆشخانە دەبرێت، لە لایەن پزیشکێکەوە پشکنینی بۆ دەکرێت. زەبرەکە کە لەپشتی سەریەوە بەریکەوتبوو…”
“ئەوە هی دەسکەکەی بوو باوکە. بەردوامبن، بیخوێننەوە زیاتر.”
“… کە لە پشتی سەریەوە بەریکەوتبوو، دەرکەوت کە زەبرێکی سووکە. لە بارەی پێشهاتەکەوە ڕەشنووسێک بەرزکرایەوە و بریندارەکەش یارمەتی پزیشکی وەرگرت.”
” کەسێک فەرمانی پێکردم پشتی سەرم بە ئاوی سارد ئاوپرژێن بکەم. خوێندتانەوە؟ ئێستا. ئەوە بۆخۆی هەموو شتێکە. ئێستا بەناو هەموو ڕوسیادا بڵاو دەبێتەوە. بمدەنێ.”
میتیا ڕۆژنامەکەی وەرگرت و ڕێکی خست و خستیە جانتاکەیەوە. “ئەبێت ئێستا بڕۆم بۆلای خانەوادەی ماکارۆف و پیشانی ئەوانی بدەم. دواتر ئەبێت پیشانی خانەوادەی لڤانیسکی بدەم. پاشان ناتالیا و ئیڤانۆڤنا و ئەنیسیم ڤاسیلجڤیچ. من ئەڕۆم! هەربژی…”
میتیا کڵاوە فەرمییەکەی خستە سەری و خۆشحاڵ و سەربەرزانە چووە ناو کۆڵانەوە.