خەستەی باڵندە.. دابان عەتار

-١-

چاوم لەسەر وێنەکە هەڵگرت، دووبارە چاوم گەڕایەوە سەری، دڵەخوورپەم بوو. هەناسەبڕکەم پێکەوتبوو. گوێم لە دەنگێک بوو بەر پەنجەرەکە کەوت. کۆترێکی خۆڵەمێشی بەرانبەر پەنجەرەکە باڵەفڕکەی بوو، وامزانی تەماشام دەکات، چاوی لە چاوم بریبوو.  چاوانی قاوەیی بوون، ترسام تەماشای وێنەی ناو شاشەکەی بەردەمم کردەوە، قاوەیییەکی تۆخ. چاوم هەڵبڕییەوە پەڵەیەکی بچووکی ڕەش لە شێوەی خاڵێکی بچووکدا لە گۆشەیە لای چەپی چاوی کۆترەکەدا بوو، چاوم کەوتەوە سەر مۆبایلەکە، دڵەخورپەم زیادی کرد. کۆترەکە لە قەراغی پەنجەرەکە نیشتبووەوە و تەماشامی دەکرد. بە دنووک سێجار لە پەنجەرەکەی دا” وەرە”

نەمزانی کامیان بوون، وێنەکەبوو یان کۆترەکە بوو؟ لە لێوی وێنەکە ڕامام. لێوی سەرەوەی لە هەردوولایەوە تەسکبووبوونەوە، بەشێوەیەک دەرکەوتبوون کە کەمێک لە لێوی خوارەوەی هاتبنە پێشەوە! ویستبووی شتێکت بڵێت؟ شتێکی گوتبوو؟ ئایا ئەو دەنگە ئەو بوو؟”

دەنگێک لە پشت پەنجەرەکەوە هات”وەرە” باڵندەیەکی سەیربوو، بەسەری ئاماژەی بۆ کردم…

ڕامکردە دەرەوە، لە باڵندەکە نزیکبوومەوە، هاتە سەر دەستی ڕاستم، دنووکی بۆ لای لێوم هەڵبڕی، دەستم هەڵبڕی و چاوانم داخست و لێوم لێی نزیک کردەوە. باران دایکرد… لە سینگمدا هەستم بە فێنکایەتییەک کرد. چەند قەترەیەک ئاو بەر نێوچەوان و گوێکانم کەوتن، هەستێکی خۆشم تێگەڕا. با بە سینگمدا تێپەڕی. دەنگی دەرگا بەر گوێم کەوت و ڕاچڵەکیم. دەستم لە هەوادا ڕاگرتبوو، هیچ شتێک لەسەر دەستم نەبوو. ژنەکەم لە دەرگای هۆڵەکە وەستابوو، بە سەرسووڕمانەوە تەماشای دەکردم. باران تەڕی کردبووم.

“باڵندەکە” ئەو وشەیە لە لێوەکانم دەرپەڕی. ژنەکەم زیاتر سەرسووڕمانی خۆی پیشان دا”

” ئەوە چیتە پیاوەکە!”

“هیچ، هیچ هەر خۆم دابووە بەر باران”

دەستی ڕاستی بەرزکردەوە و لە لێوی نزیک کردەوە، لێوەکانی خڕ کرد وەک بیەوێت شتێک لە هەوادا ماچ بکات. پێکەنینێکی تەوساوی لە لێوەکانییەوە بەرزبووەوە،  لە سەرمدا دەنگی دایەوە، خاڵە بچووکەکەی سەر لێوی سەرنجمی ڕاکێشا، بە شەرمێکەوە سەرم لەبەر خۆم نا، چوومەوە ژوورەوە… مۆبایلەکەم هەڵگرتەوە، خاڵەکە ئیدی ئاوا بچووک نەبوو، بەڵکوو گەورەتربوو، لە لێویشی دوورکەتبووەوە بۆ نزیک لووتی.

“ئەوە چیتە؟”

خێرا مۆبایلەکەم قوفڵ کرد و سەرم هەڵبڕی.

خەندەیەک لە خوارەوەی خاڵە بچووکەکەی سەر لێوی پەخش بووبوو. خاڵەکە سەرنجی ڕانەکێشام، بەڵکو لێی ترسام

“هیچ نییە، باشم”

-٢-

چەند مانگێک دوای مردنی دایکی بوو، شەوێک لە خەودا ناوێکی دووبارە کردەوە. لەبەر ئەوەی دەنگی ئارام بوو هەڵمنەستاند، بەڵکو گوێم گرت بزانم چی دەڵێت.

لەبەرخۆیەوە چەند جارێک ناوی باڵندەیەکی دووبارە کردەوە، دواتر هەمان ناوی بە گۆرانییەکی خاو گوتەوە. ماوەیەک لێی ڕامام و هەستم لێی ڕاگرت بە ئارامیی گۆرانییەکەی لەبەرخۆیەوە دەگوتەوە! هیچی وای لێ حاڵی نەبووم، تەنیا تێدەگەیشتم جارجار وشەی باڵندەکەی دەگوتەوە…

دەستم گێڕا مۆبایلەکەمم دۆزیەوە، شاشەی مۆبایلەکەم داگیرساند و لە ڕووخساریم نزیککردەوە، پێکەنینێکی سەیر لە ڕووخساریدابوو! ئەوە چەند مانگ بوو پێکەنینی وام لێ نەبینیبوو. هەمیشە بێدەنگ دادەنیشت و زووزوو خەیاڵی دەڕۆیشت…

کە پێکەنینەکەم لە ڕووخساری بینی، دڵنیابوومەوە دۆخی باشە، بۆیە بە دەم گوێگرتنەوە لە گۆرانیە کزەکەیەوە خەو بردمیەوە…

چاوەڕێی ئەوە بووم وەکوو ڕۆژە پشووەکانی دیکە لە گۆشەیەکی ژوورەکە بخزێ، سەر بەسەر مۆبایلەکەیدا شۆڕکاتەوە، خەریکی خۆخافڵاندن بێت بە ئاتاری و سەرقاڵبوون بە بەرنامەکانی مۆبایلەکەیەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوانم دەکرد ڕووی نەدا، بە ڕوویەکی خۆشەوە قاوەڵتی لەگەڵمان کرد، دەستی کرد بە یاریکردن لەگەڵ کوڕەکەمان…

هەستمکرد شتێک ڕووی داوە، بەڵام تێنەدەگەیشتم ئەو شتە چییە. خۆم سەرقاڵی چێشتلێنان و ماڵ پاککردنەوە کرد و بە تیلەچاوێکیش خستمە ژێر چاودێرییەوە.

دوای ئەوەندە مانگە ئەوە یەکەمجار بوو هەستم پێکرد خەریکە دەنووسێت. لە دوای مردنی دایکییەوە بە تەواوی لە نووسین و خوێندنەوە دوورکەوتبووەوە. دەیگوت ناتوانم هیچ بنووسم و توانای نووسینم نەماوە، بەڵام ئەو ڕۆژە بینیم هیدفۆنەکەی لە بنگوێی دانا و دەستی بە پیاسە کرد. ماوەیەک لە هۆڵەکەدا پیاسەی کرد، دواتر سەری بەسەر مۆبایلەکەیدا شۆڕکردەوە. ئەوجارە جیاوازییەکی هەبوو لەگەڵ شێوازی نووسینی پێشتریدا، پێیشتر پیاسەی دەکرد جارجار ماوەیەک دەوەستا سەیری گۆشەیەکی دووری دەکرد، تێدەگەیشتم دەیەوێت بیر لە شتێک بکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان دوای ئەوەی ماوەیەکی کورت پیاسەی کرد، سەری بەسەر مۆبایلەکەیدا شۆڕکردەوە و یەکبینە دەستی بە نووسین کرد، خستمە ژێر چاودێرییەوە، دواتر دەستی هەڵگرت، خەندەیەکی سەیر لەسەر لێوەکانی بوو. مستی تووند گوشی و لەبەر خۆیەوە گوتی”بەڵێ!” تێگەیشتم نووسینەکەی خۆی بە دڵ بووە، خۆم لێی نەبان کرد، تا دوای نانخواردن. هەرگیز بەلامەوە گرنگ نەبوو چی دەنووسێت و چۆن دەنووسێت، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازبوو، حەزم دەکرد بزانم  چی نووسیوە. لێیم پرسی.

بە سەرسووڕمانەوە “بەڕاست! پێتخۆشە بزانیت چیم نووسیوە؟ بۆت بخوێنمەوە؟”

خەندەیەکم بۆی کرد و سەرم بۆ لەقاند.

پێدەچوو ئەو داواکاریەی من زۆر دڵی خۆشکردبێت.

هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا “شیعرم نووسیوە شیعر!”

“شیعر!”

“بەڵێ وابزانم دەبمە شاعیر” ئەمەی گوت و پێکەنی.

بۆی خوێندمەوە، من هیچی لێ حاڵی نەبووم، بەڵام ئەوەی ڕوونبوو لەلام ئەوەبوو باسی باڵندەیەک دەکات پەڵەیەکی بچووکی لە نزیک چاوی ڕاستی هەیە!

دەیزانی من سەرودەر لە ئەدەبیات ناکەم بە تایبەتیش شیعر، بۆیە هەر دێرێکی بۆم دەخوێندەوە شیکردنەوەشی لەگەڵ دەدا.

پرسیم” ئەمە خەونەکەی ئەمشەوتە؟”

بەسەرسووڕمانەوە پرسی “خەونی چی؟”

بۆم گێڕایەوە کە شەو چی بەسەر هاتووە. ماوەیەک بیری کردەوە بەڵام گوتی”بیرمنایا خەونم بینیبێت”

چەند جارێکی دیکە شیعرەکەی لەبەر خۆیەوە خوێندەوە “هیچم بیرنایاتەوە، بەڵام ئەوەش جێی گومانە، بۆچی دوای ئەو ماوە زۆرە وەستان لە نووسین بە شیعر دەستم پێکردووەتەوە؟ ئەی ئەو باڵندەیە بەچ هۆکارێک خۆی بە شیعرەکەدا کردووە؟” ئەو ڕۆژە بەردەوام مۆبایلەکەی دەردەهێنا و شیعرەکەی دەخوێندەوە و بیری دەکردەوە، جارجار بە دەنگی بەرز دەیخوێندەوە، بەردەوام لەبەرخۆیەوە دەیخوێندەوە و خەیاڵی دەڕۆیشت…

شەوانە بە دەنگی ئەو بە ئاگا دەهاتم. جارجار بە هەمان ئاواز ئەو گۆرانییەی دەگوتەوە کە من تێنەدەگەیشتم چییە! بەم دواییانە دۆخی زۆر تێکچووبوو بەدەم گۆرانییەکەوە دەکەوتە ڕێ، تووشی خەوڕۆیی بووبوو. هەرجارێک لە شوێنێک دەیگەیشتمێ، تا ئەوەی بەیانییەک لە خەو بە ئاگا هاتم لە ماڵ نەمابوو! زۆر بە دوایدا گەڕاین تا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن دۆزیمانەوە، ماشێنێک لێیدابوو…

“ئەو هەموو باڵندەیە چییە لەوێ”

تەماشای ناو باخچەی نەخۆشخانەکەی کرد، سەرسووڕمان بە ڕووخساریەوە دیاربوو، بە پەنجەی دۆشاومژەی ئاماژەی بۆ لای باڵندەکان کرد “ئەوەچییە! ئەوەچییە؟ چەندجارێک باسی ئەو دیمەنەی بۆ من کردووە”

“دیمەنی چی؟ چۆن؟”

دەمی بەش بووبووەوە و چاوەکانی بەرانبەر ئەو دیمەنە زەق کردبووەوە، بە پەنجەی دۆشاومژەی ئاماژەی بۆ کۆترەکان دەکرد “ئەمە! ئەمە!”

پیاوێک بە پێوە باڵەکانی لێککردبوونەوە وەک شێوەی خاچ، بە درێژایی قۆڵەکانی جۆرێک باڵندەی سەیربوو، باڵندەکە بە کۆتر دەچوو، بەڵام دنووکی ڕەش و درێژکۆلانەبوو لەشیشی لە هی کۆختی دەچوو بەڵام درێژکۆڵەتر و کەمێک گەورەتر و لاوازتر دەهاتنە پێشچاو لە کوکوختی، پێشتر هەرگیز باڵندەی لەو شێوەیەم لە شارەکەمان نەبینیبوو!

پیاوەکە سەری بۆ ئاسمان بەرزکردبووەوە،  باڵندە سپی و باڵ شینەکان بەیەک ئاواز دەنگێکیان لێوە دەردەچوو، پیاوەکە هەمان دەنگی بە ئاوازێکی سەیر دووبارە دەکردەوە، باڵندەیەک لەسەر سەری پیاوەکە نیشتبووەوە کە هەمان جۆری باڵندەبوو بەڵام ڕەنگی جیاوازبوو لەوانی دیکە! ڕەنگێکی مەیلە و خۆڵەمێشی کاڵی هەبوو، دوای ئەوەی باڵندەکانی دیکە و پیاوەکە بێدەنگ بوون، ئەو باڵندەیان دەستی بە خوێندن کرد، پیاوەکە لە دوای ئەوەوە دەستیکرد بە دووبارەکردنەوەی ئاوازەکە…

نزیکتربوومەوە لێیان، پیاوەکەم ناسییەوە. لە دواوەوە لەسەر دەرگای ژوورەوە لەوحەکەم خوێندەوە، چەند پزیشکێک لە دەرگای سەرەکییەوە ئاماژەیان بە ناو باخچەکە  دەدا…

-٣-

دڵم کەوتە نێو دەستەکانمەوە، چاوم بە شاشەکەدا چزا… گوێم لە دەنگێک بوو بەر شووشەی پەنجەرەی قاوەخانەکە کەوت. باڵندەیەک بوو، لەو دیوی پەنجەرەکەوە باڵەفڕکەی بوو. هەمان ئەو باڵندەیە بوو کە چەند شەوێک بوو لەهەموو خەونەکانمدا دووبارە دەهاتەوە سەر ڕێگام و منیش دوای دەکەوتم…

دووبارە سەرم بەسەر شاشەی مۆبایلەکەمدا شۆڕکردەوە و جارێکی دیکە دەستمکردەوە بە خوێندنەوەی چیرۆکەکە.

هاوڕێکەم پرسی” چیبووە؟”

گوێم لەو قسەیەی نەبوو، بەڵام کاتێک دڵنیابوومەوە ئەو پرسیارەی چەندجارێک دووبارە کردووەتەوە کە پەنجەی دۆشاومژەی لە شانی چەپم ژەند و پاتەی کردەوە “چی بووە کوڕە؟”

“هیچ، هیچ خەریکم ئەو چیرۆکە دەخوێنمەوە”

” ئێمە بۆ چیرۆکخوێندنەوە هاتووینە ئێرە؟ ها؟”

“نازانم!”

سەرنجم فڕییەوە سەر باڵەفڕکێی باڵندەکە، بەدەم دووبارەکردنەوەی نازانمەوە چوومە دەرەوەی قاوەخانەکە. دەستەکانم واڵا کردن. باڵندەکە لە نێو لەپی ڕاستم نیشتەوە، دنووکی بەرزکردەوە، بۆ لای لێوم، بڵندم کرد. باران دایکرد، قەترەی بارانەکە بەر پێستم دەکەوتن، بەر باڵندەکە نەدەکەوتن…

بە دەنگی هاوڕێکەم بە ئاگا هاتم! گوێم لە شەقەی باڵی باڵندەکەبوو دووردەکەوتەوە.

” ئەوە چیتە کوڕە؟!”

خۆم دایە ژێر نوای قاوەخانەکە “هیچ نییە، سەیرە!”

(بەدزیەوە نووسەرەکەی خۆمم خۆشدەویست، شەوان کە دەنووست سەرم دەخستە سەر سینگی و  پرچم بەسەر سینگیدا بڵاودەکردەوە، بۆنم بە سینگیەوە دەکرد. ئەو پێش دەست بکات بە نووسین کاتێک قاوەکەی فڕدەکرد، من لە پاڵییەوە دانیشتبووم و سەرم بەسەر شانیدا شۆڕکردبووەوە، ئەو لە خەیاڵی خۆیدا ڕۆچووبوو و بیری لە من دەکردەوە. بەوردەکاریەوە وێنەمی دەنەخشاند و لەگەڵمدا دەژیا. جارجار بۆنی جەستەمی دەکرد و جارجار دەستی بەسەر جەستەی گەرممدا دەخشاند. حەزم لێبوو هەرگیز پەنجەکانی لەسەر پێستم هەڵنەگرێ، چونکە کاتێک پەنجەکانی لەسەر جەستەی من دەبوونەوە ئیدی بێویژدانانە وێنەی شەڕ و شۆڕ و تووڕەییان دەنووسیەوە! نەمدەزانی بۆچی هەمیشە من دوادەخات و لەخەیاڵدانی خۆیدا دەمهێڵێتەوە. بۆچی هەمیشە پێش دەستکردن بە نووسینی چیرۆکێک سەرەتا بەدەم قاوەخواردنەوە هەندێک ئیش لە وردەکاری جەستە و ڕەوتاری مندادەکات، جارجاریش وتووێژێکی کورتم لەگەڵدا دەکات، لەوێدا جێمدەهێڵێت، دەچێتە سەر نووسینی چیرۆکێکی نوێ، یان تەواوکردنی چیرۆکێکی کۆنی. جارجار لێی پەست دەبم بۆچی منیش لە خەیاڵدانی دەرناهێنێت و چیرۆکەکەم بنووسێتەوە؟ دڵی خۆم بەوە دەدەمەوە لەوەیە نەنووسینم بۆ من باشتر بێت لە نووسینم، چونکە هەر نەبێ لەگەڵ ئەم ژیانەم ڕاهاتووم کە بەدەست خۆم نەبووە، ناشزانم لەو ژیانە نوێیە چۆن دەبم و چی دەگوزەرێت. لەوەیە سەر لاپەڕەکان ساردوو سڕبن و ئەو هەموو لاواندنەوەیان تێدا نەبێت. هەرنەبێ ئێستا جارجار دەملاوێنێتەوە، جارجار چیرۆکم بۆ دەگێڕێتەوە، جارجار بە وردەکاریەوە ئیش لەسەر داڕشتنەوەی رووخسار و جەستەم بەگشتی دەکات. جارجار دەمدوێنێ، شەڕدەکەین قسە بەیەک دەڵێین، بەڵام زوو پەشیمان دەبێتەوە و داوای لێبوردن دەکات” ببوورە دەزانم هەڵەی تۆ نییە، دەزانم تۆ میهرەبانی و ئەگەر لە واقیعدا بەرجەستەبیت ئازارم نادەی، بمبورە کە ئاوا لە گەڵ تۆدا تووڕەهاتم

منیش سەری دەخەمە نێو مەمکەکانم، بە ناولەپی دەستم بە سەریدادەهێنم و دەیلاوێنمەوە، جارجار لەسەر سینگم وەک منداڵێک دەست دەکاتە گریان، لەگەڵیدا دەگریم و بە پەنجەکانم دەیلاوێنمەوە.

جارجار لەسەر کورسیەکە لە باوەشمدا خەوی لێدەکەوێت، دڵم نایا هەڵیستێنم، گوێ بۆ هەناسە قووڵەکانی دەگرم و بەنەرمی بە سینگی خۆمیەوە دەگووشم.)

بەردەوام بەو هیوایەی پێوەندیەکانی نیوان خۆم و هاوسەرەکەم شکڵ و شێوەی ئەو کاراکتەرەم لە خەیاڵدانمدا لەشێوەی هاوسەرەکەم ڕێکدەخستەوە، بەردەوام خۆشەویستیم زیاتر دەبوو بۆ کاراکتەرەکەم، لەبەرئەوەی هەرکات هاوسەرەکەم نیگەرانی بکردبوومایە دەگەڕامەوە لای وێنە خەیاڵییەکەی ئەو، لەوێ دەمخستە نێو لێبوردەیی و سۆز و ئەڤینێکی جوانی خەیاڵییەوە بەو هۆکارە هەمیشە لە واقیعیشدا دەگەڕامەوە بۆی…

ئەم خووەم لە مێژینەبوو، هەر  سەرەتاکانی دەستکردنم بە خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان بەشە ئەڤینداری و جوانەکانی گێڕانەوەکانم لە خەیاڵی خۆمدا هەڵدەگرت، نەخشەم بۆ ژیانێکی پێکەوەیی نمونەیی لەئایندەدا دەکێشا. ئەوە نزیکەی چەندساڵێکیشە لە ژیانی هاوسەریمدا بەردەوام بەهۆی ئەو کاراکتەرەمەوە دەمەوێت ژیانی واقیعیم هاوسەنگ بکەم و لێبووردەیی خۆم زیاتر بکەم، بەو دواییانە کێشە و لێکتێنەگەیشتنەکانی نێوان من و هاوسەرەکەم گەیشتنە لووتکەی لێکئاڵۆزان. کاتێک کاراکتەرەکەشم نەیتوانیبا کۆمەکم بکات و ئارامم بکاتەوە، خۆم دەگەیاندە لای دایکم و وەک منداڵێک خۆم لەباوەشیا گرمۆڵەدەکرد، ئەویش دەستی بەسەرمدا دەهێنا و ماچی دەکردم، ئیدی ئۆقرەم دەگرت. دوای مردنی دایکم ئەو پەناگەیەشم نەما، ئیدی کەسێکی داخراو و تووڕەم لێدەرچوو. شەوێک دوای ئەوەی بەتەواوی دڵشکابووم و لەسەر جێگەدا تلمدەدا و نەمدەتوانی بنووم، خۆم گەیاندە ژووری نووسینەکەم لەسەر کورسیە خولاوەکەم دانیشتم، بەنیازی گەڕانەوە بۆ لای کاراکتەرەکەم چاوانم داخست، بەڵام چەندی کردم نەمتوانی کاراکتەرەکەم وێنا بکەم. بە ژوورەکەدا دەهاتم و دەچووم، مستەکانم دەگووشین و خیراتر و خێراتر دەهاتم و دەچووم. ئەو شەوە نەمتوانی بە دیداری کاراکتەرەکەی خۆم شادبمەوە، هیچ شتێکیم لەبیرنەمابوو، هیچ شتێک.

هەوڵمدا خۆم بە خوێندنەوە سەرقاڵ بکەم، کتێبێکم دەستدایە، چەند دێرێکم خوێندەوە هیچی لێ حاڵی نەبووم. دووبارە خوێندمنەوە، وەک ئەوە وابوو بە زمانێکی دیکە نووسرابن، نەمدەتوانی مانای ڕستەکان کۆکەمەوە. دڵم دەگوشرا، گریام، لە ژێرلێوەوە جنێوم بەخۆم دەدا و دەگریام، ئەو شەوە زۆر خۆم بەلاوازی بینی…

تا چەند مانگێک لەو دۆخەدا مامەوە، نە توانیم کاراکتەرەکەی خۆم ببینمەوە، نە توانیم کتێب بخوێنمەوە. هیچیشم پێنەدەنووسرا، کەسێکی بێتوانا و بێدەنگم لێدەرچووبوو. لە ماوەی ئەو چەند مانگە ئەوی دەی بینیم دەیگوت” چیتە؟ بۆ وات لێهاتووە؟ بەجددی زۆر پیربوویت!”

هەموویان دڵیان دەدامەوە” کاکە کەس هەتا سەر نامێنێت، ئەوە رێی هەموومانە، خوا سێبووریت بدات”

بەرەبەرە دوورەپەرێزدەبووم و زیاتر بەرەو داخراوی و کەمدوویی دەچووم. حەوسەڵەی هیچم نەمابوو،

کەسێکی تووڕەم لێ دەرچووبوو، لەسەر بچووکترین شت لەماڵەوە دەمکردە شەڕ. لە دەرەوە لەناو هاوکار و هاوڕێیانم بێدەنگ و بێزار ،  بەشداری هیچ گفتوگۆیەکم نەدەکرد…

ئەم دۆخەم بەردەوام بوو، تاکوو بەیانییەک لەخەو هەڵسام  نەمدەزانی چی لە ناوەوەی مندا ڕوویداوە و چی گۆڕاوە، پڕ وزە و دڵخۆشبووم، هاوژینەکەم باسی ئەوەی دەکرد شەو لەخەودا دەنگەدەنگم هاتووە،  بەبیرم نەدەهاتەوە کە خەونم بینیبێت.

ئەو ڕۆژە لەخۆوە خەیاڵات دایگرتم و حەزمکرد بنووسم، ڕاستیەکەی ئەوەبوو نەمدەزانی چی دەنووسم. دۆخێکی جیاوازبوو لە هەموو نووسینەکانی پێشترم کە بۆ هەر چیرۆکێکم پێشتر ماوەیەک لەگەڵ کاراکتەرەکانیدا دەژیام و نەخشەی ڕووداوەکانم لە خەیاڵدانمدا دادەڕشت دواتر دەستم بە نووسین دەکرد، ئەمجارە بەبێ ئەوەی بیربکەمەوە دەستم بە نووسین کرد…

دوای ماوەیەکی زۆر ئەمجارە شیعرم نووسیبوو،  لەمێژبوو نەمتوانیبوو شیعر بنووسم، بەڵام ئەمجارە بەبێ ئاگایی شیعرێکم نووسیبوو کە بەلای خۆمەوە زۆر سەرنجڕاکێشبوو. نەمزانی چی وای لە هاوسەرەکەم کردبوو کنجکووڵی زانینی نووسینەکەم لەسەری بدا، لە  کاتێکدا پێشتر هیچ سەلیقەیەکی ئەدەبی نەبوو، شیعرەکەم بۆ خوێندەوە. بەسەرسامی تەماشامی دەکرد، پێموابوو شیعرەکە سەرنجیڕاکێشاوە، بەڵام ئەو گوتی کە بابەتی شیعرەکە سەرنجی ڕاکێشاوە نەک خودی شیعرەکە. باسی لەوەدەکرد شەو    لەبەر خۆمەوە ناوی باڵندەیەکم دووبارەکردووەتەوە، تەنانەت هەندێکجار بە گۆرانی گوتوومەوە، هەمان ناو بەزەقی لە شیعرەکەدا چەندین جار دووبارەکرابووەوە…

بیرمنەدەهاتەوە شەو هیچ خەونێکم بینیبێت، بەڵام ڕێکەوتەکان ئەوەندە سەیربوون لەلام باوەڕم بە خەونەکەی شەوم کرد بەبێ ئەویە هیچیشم بیرمابێت.

(ژنی ناو چیرۆکەکانی لە من نەدەچوو، لەوە نەدەگەیشتم بۆچی منی بەو شێوەیە لە خەیاڵدانیدا دەنەخشاند و لە چیرۆکەکانیشیدا ئاوا دەستکاری ڕەنگ و قەبارە و شوێنی خاڵەکانمی دەکرد. ئەو هەمیشە بەڵێنی دەدا کە چیرۆکی تایبەت بە خۆم زۆر جیاوازە لەو چیرۆکانەی کە ڕۆژانە دەیانووسێت و ژنێکیان تێدایە. دەیگوت ئەوانە هەر بە ڕێکەوت هێناومن لەبەر ئەوەی گریچنی ئەو چیرۆکانەم پێویستی بە ژن هەبووە ئەوانەم بۆ ڕۆڵگێڕانێکی کاتی دروست کردوون. بەڵام کاتێک بە وردی چیرۆکەکانیم دەخوێندەوە هەموو ژنەکان هەمان شکڵ و شێوەیان هەبوو، کە نزیکبوون لە هی ژنەکەی خۆیەوە، ڕێم بەخۆم نەدا لێی بپرسم بە چ هۆکارێک ئەو کاراکتەرانە ئاوایین. هەمیشە چاوەڕێبووم بزانم ئایا کاتێک دێت چیرۆکی منیش بنووسێتەوە، ئایا من کاتێک دەنووسرێمەوە لەسەر وێنەی کاراکتەرەکانی دیکەی لە قالبم دەدا؟ ئایا ئەو خاڵە ڕەش و لێوار ناڕێکەی نزیک لووتم بچووکتر ناکاتەوە  ولە نزیک لێوم نزیکی ناخاتەوە تاوەکوو وەکوو ژنی نێو چیرۆکەکانی دیکەی لێبێت؟ ئایا ئەو خاڵە کاڵەی نزیکەی سانتیمێک لە گۆشەی چاوی چەپمەوە دوورە ناسڕێتەوە؟ ئایا دەستکاری چاوە قاوەییەکانم ناکات تا لەگەڵ ڕەنگی چاوی هاوسەرەکەی بیگونجێنێت؟ ئەگەر شتی وابکات ئیدی ڕێگەی نادەم لەکاتی تووڕەیی و دڵشکانەکانی بۆ لای من بگەڕێتەوە.)

لە کۆڵانەکان دوای دەنگی باڵندەکە دەکەوتم، لە شەقامەکان گۆرانیم دەچڕی و ڕامدەکرد. ماندوو دەبووم لەو سەری شەقامەکەوە لەسەر  لقی دارێک دەمبینی دەیخوێند. بەتانییەکەم لە سەر خۆم لادەدا و دوای دەنگەکە دەکەوتم، هاوسەرەکەم دەستمی دەگرت، لەسەر سیسەمەکە بووم، ئەمجارە دەڕۆیشتم لەلای درەگەی ژووری  نووستنەکەمان بەدەنگی هاوسەرەکەم بەئاگادەهاتمەوە. شەوێکی دیکە لەناو هۆڵەکە شانمی دەگرت و دەیگوت”پیاوەکە! پیاوەکە!”

دەرگای دەرەوەم دەکردەوە” پیاوەکە ئەوە چیتە؟ بۆ کوێ دەچیت؟”

( تووڕەبووم، لە دەلاقەیەک دەگەڕام لێیەوە دەربازم بێت، ئیدی چێژم لەوە نەدەبینی  تەنیا لە خەیاڵدا لەگەڵی بم، خەریکی نووسینی چیرۆکێک بوو بەناونیشانی(دوورگەی باڵندەکانی شەڕ) بڕیاربوو لەو دوورگەیەدا کۆمەڵێک باڵندەی تووڕە بئافڕێنێ، کۆمەڵێک باڵندەی تووڕە کە لە کۆتاییدا لە ڕێگەی ئەوانەوە تووڕەییەکەی خۆی بەرانبەر مرۆڤ دەردەبڕێ، جەنگی لە نێوان باڵندە و مرۆڤەکان هەڵدەگیرساند. بەشێک لە چیرۆکەکەی نووسیبوو، باڵندەکانی لەسەر تووڕەیی ڕاهێنابوو. لە بەشی یەکەمی چیرۆکەکەیدا باڵندەکان سەربازگەیەکیان درووستکردبوو، سەربازگەی ڕاهێنانی نەفرەت.)

تووشی دۆخێکی سەیربووبووم، شەوانە باڵندەکە بانگی دەکردم، منیش بە دەم خەوەوە بەدەمیەوە دەچووم. لە قاوەخانە لەگەڵ هاوڕێیەکم دانیشتبووم تاوتوێی ئەو دۆخەی خۆمم لەگەڵیدا دەکرد. پێشنیازی دکتۆرێکی دەروونی بۆ کردم. نامەیەکم بۆ هات. یەکێکی نەناسراو چیرۆکێکی بۆ ناردبووم داوای سەرنجی منی لەسەر چیرۆکەکە کردبوو. ناونیشانی چیرۆکەکە سەرنجمی ڕاکێشا. (لە دوورگەی باڵندەکاندا) ناونیشانی چیرۆکەکەبوو، ئاگام لە قسەکانی هاوڕێکەم نەما و دەستم بە خوێندنەوەی چیرۆکەکە کرد:

(بەدزیەوە نووسەرەکەی خۆمم خۆشدەویست، شەوان کە دەنووست سەرم دەخستە سەر سینگی و  پرچم بەسەر سینگیدا بڵاودەکردەوە…)

چیرۆکێکی سەیربوو!  لە خۆمم پرسی”ئەو کەسە کێیە ئاوا بە کاراکتەرە نهێنییەکەی من دەزانێت؟”

بەرەبەرە لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکەکەی ئەودا  کاراکتەرەکەی خۆمم بیردەهاتەوە. چوومە ناو هەژمارەکەیەوە، هیچ زانیارییەکی لەبارەی خۆیەوە دانەنابوو، وێنەی هەمان باڵندەی لەسەر پڕۆفایلەکەی خۆی دانابوو، کە چەند ڕۆژێک بوو بانگی دەکردم. ناوی نووسەرەکەش ناوی جۆرێک باڵندەبوو. هاوڕێکەم چەندجارێک شانمی ڕاتەکاند”کاکە ئەوە کێوەچووی؟ ئاگات لە منە؟”

“ها؟ زۆر سەیرە! تەماشای ئەو نامەیەبکە” ویستم مۆبایلەکەم بدەمە دەستی هاوڕێکەم، دەنگێک لە پشت پەنجەرەی قاوەخانەکەوە هات، هەمان دەنگبوو! باڵندەکە لەودیو پەنجەرەکەوە تەماشای دەکردم و بە دنووکی لە جامەکەی دەدا. ڕامکردە دەرەوە.

دەنگی باران تێکەڵی خوێندنی باڵندەکە دەبوو…

(چیرۆکێکی سەیربوو، بەڵام بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، دوورگەیەک پڕپڕبوو لە باڵندەی مەشقپێکراو بۆ جەنگێکی جیهانی دژی مرۆڤەکان، پلانی جەنگەکە بەو شێوەیەبوو; سەرەتا ئەو باڵندانە ئاگر دەگەیەننە ئەو کۆگایانەی چەک و تەقەمەنییان تێدا هەڵدەگیرا. کۆمەڵێکیان خۆیان دەگەیەننە بەرەکانی جەنک و هەموو ئەو شوێنانە دەتەقێننەوە کە تەقەنەنیان تێدا هەڵگیراوە، قۆناغی دووەم بە تەقینەوەی گەورەتر کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێندرێت بەوەی چەندین باڵندەی خۆکوژ بەپشدێنی تەقینەوەوە خۆیان بەو ناوچانەدا دەکەن کە چەکی قورس و چەکە ناوەکیەکانیان تێدا هەڵگیراوە، چیرۆکنووس پلانی تێپەڕاندنی ئەو باڵندانەی بە تەکنۆلۆژیای جاسووسی دەوری ئەو بازگانە بە تۆکمەیی داڕشتبوو. چەندین ڕۆژبوو بیری لەوەدەکردەوە کە کاراکتەرێکی شیاو دروست بکات و بینێرێت بۆ دوورگەی باڵندەکان، تاوەکوو باڵندەکان ئامادەی چالاکییەکان بکات. باڵندەکان تەواو مەشقپێکرابوون، بەڵام پێویستیان بە دەستێکی مرۆڤی هەبوو لە تەقەمەنیەکانیان لێ ببسەتێت و بەڕێیان بکات. شەوێکیان هاتەوە لای خۆم ، زۆر نیگەران بوو، خستمە سەر سینگی خۆم و لاواندمەوە، گریا، لێیگەڕام، بەردەوام بوو لە گریان، پێویستی بەوە نەدەکرد کە لێیبپرسم، دوای ئەوەی ماوەیەکی باش گریا سەری لەسەر سینگم هەڵنەگرت، بەردەوام دەستی بەقسان کرد. باسی ئەوەی کرد، کە دایکی تووشی نەخۆشییەکی کوشندەبووە و بەپێی زانستی پزیشکی لە ماوەیەکی کەمدا دەمرێت. پەنجەم بە پرچی دادەهێنا و دەملاواندەوە، ماوەیەک چاوەکانی داخستبوو هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشا، سەرەتا وامزانی خەوی لێکەوتووە، بەڵام دوای قەیرێک هەناسەبڕکێی پێکەوت، مستی لەسەر مێزەکەی بەردەمیدا دەگووشی. مستێکی لە مێزەکە دا، دەنگەکەی منی ترساند.

لە ژوورەکەدا دەهات و دەچوو مستەکانی دەگووشین، وەک ئەوەی ژان گرتبێتی. نێوچاوەکانی سووربووبوونەوە. پەڕەکانی چیرۆکە تەواونەکراوەکەی لەسەر مێزەکە بڵاوکردنەوە، سەرەتا چەند پەڕەیەکی خوێندنەوە دواتر قاقایەکی لێدا، دواتر دەستی بەگریان کرد. سەری خستە سەر مێزەکە و بەردەوام بوو لە گریان، پەڕەکان بەرەبەرە زیاتر تەڕدەبوون)

دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکە تووشی سەرسووڕمان بووم، دڵنیابووم چیرۆکەکە پێوەندی بە خەونەکەمەوە هەیە، بەڵام چۆن؟ ئەو کەسەی ئەو چیرۆکەی بۆ ناردبووم چۆن ئەو وردەکاریانەی لەسەر ژیانی من دەزانی لە کاتێکدا لەلای هیچ کەسێک باسی ئەوکاراکتەرەم نەکردبوو؟ ئەو کەسەی ئەو چیرۆکەی بۆ ناردووم کێیە؟ گێڕەرەوەی چیرۆکەکە کەسی یەکەکەم بوو، خۆی بە هەمان کاراکتەرەکەی من ناساندبوو، بەڵام ئایا ئەو کەسەی چیرۆکەکەی بۆ ناردبووم هەمان کەس بوو؟ ئایا پێشتر من چیرۆکێکم نووسیبوو بەناوی(دوورگەی باڵندەکانی شەڕ)؟ بیرم نەدەهاتەوە چیرۆکێکی لەو شێوەیەم نووسیبێت. قسەم لەگەڵ هاوڕێیەکی نیگارکێشم کرد کە پۆرترێتی کچێکم بۆ بکێشێت بەو وێنایەی ئەو بۆ کاراکتەری خۆی نووسیبووی

( پرچە خاوە خورماییەکەم لەبەردەم ئاوێنەدا شانەدەکرد و فرمێسک لە چاوە قاوەییەکانم دەزا، شوێن و قەبارەی خاڵەکانی خۆم بە هی کاراکتەری نێو چیرۆکەکانی ئەو بەراورد دەکرد و لێکم نزیکدەکردنەوە)

هاوڕێیەکەم بە وردەکاریەکانەوە وێنەکەی کێشا، گەڕامەوە لای چیرۆکەکانم، وێنەیەکی نمونەیم لەو ژنە لە خەیاڵدانی خۆمدا دروستکرد کە لە چیرۆکەکانمدا هەبوون، ئەویشی بۆ کێشامەوە. دوو شێوەی جیاوازیان هەبوو، ئایا ئەو کەسەی چیرۆکەکەی بۆ من ناردووە ویستی گۆڕینی کاراکتەرە خەیاڵیەکەی منی هەبووە؟

ئایا  من دوو کاراکتەری جیاوازم لە مێشکدا هەبووە؟ کاراکتەرێک بە نهێنی لە خەیاڵی خۆمدا هێشتوومەتەوە و کاراکتەرێکی جیاوازترم لە چیرۆکەکانمدا پیشانی خوێنەرانم داوە؟ هۆکاری ئەو شاردنەوەیە چییە؟ ئایا من شاردوومەتەوە یان ئەو کەسەی چیرۆکەکەی بۆ من ناردووە ویستوویەتی کاراکتەرەکەم لە خەیاڵدا بشێوێنێ. تەماشای وێنەکانم دەکرد هەستێکی سەیرم بەرانبەریان هەبوو. وەک ئەوە وابوو هەردووکیانم بینیبێت. بە کەسە نزیکەکانم بەراورد کردن. کاراکتەری نێو چیرۆکەکانم لە شێوەی هاوسەرەکەم نزیک بوو، بەڵام وێنەی ئەو کاراکتەرەی ئەو کێشابووی نەدەهاتەوە بیرم لە کوێ بینیبووم. چەندین کاتژمێر بەدیار وێنەکەوە دادەنیشتم و بیرم دەکردەوە، بیرمدەکردەوە و چیرۆکەکەیم بیردەهاتەوە، شەوانەش خەونی باڵندەکان بەردەوام بوو…

(لەو ساتەی پێم لەسەر خاکی باڵندەکاندا دانا، هەستم بە ترس کرد، بەڵام چارەیەکی دیکەم نەمابوو، ئیدی بێزاربووبووم، دەمەویست منیش حیکایەتی خۆم هەبێت. خاکێکی خۆڵەمێشی هەبوو، ڕووبارەکانی لە دوورەوە ڕووبارەکانی سووردەچوونەوە و چیاکانی بوڕکانی بوون. لە لووتکەی چیاکان باڵندەکان لەگەڵ دووکەڵی لووتکە گڕکاناویەکەدا باڵەفڕکەیەکی شێتانەیان بوو، بە قاچەکانیان بەردی ئاگرینیان هەڵدەگرت و بە دۆڵەکەدا خلۆریان دەکردنەوە، وەکوو خەریکی گوتنەوەی سروودێکی شەڕبن هەموویان بەیەکەوە دەیانزیکاند، زیاتر لە قیژیەکی ترسناک دەچوو. دەنگەکەیان خەریکبوو کاسم بکات. ترس لە هەناومدا سەمای دەکرد. ویستم بەو دەنگ و دیمەنە ترسناکەیان لە دەروونمدا بشێوێنم، چاوانم داخستن و بە دەنگی بەرز گۆرانیم چڕی، ئەوان دەیانزیکاند و من بەگۆرانی دەنگەکەیانم لە گوێکانمدا دەشێواند. بایەکی گەرم بۆ دواوە پاڵی دەدام، منیش بەرەوڕووی باکە بەرەنگاریم دەکرد و گۆرانیم دەچڕی. پێکانم بەسەر تووتڕکەکانی ئەو خاکە خۆڵەمێشییەدا دەنا و خوێن فیچقەی دەکرد، دەنگم بەرزتر دەکردەوە و هەنگاوەکانم سەنگینتر دەبوون. ماندووبووم چیتر توانای هەنگاونانم نەما، کەوتمە سەر چۆک، قۆڵەکانم بڵاوکردبوونەوە و لاسایی باڵەفڕکەم دەکردەوە. باڵندەکانی لای چیاکە  بەرەولای من هروژمیان هێنا. ترسابووم، بەڵام بەردەوام بووم لە گۆرانی وتن. کۆمەڵێک باڵندە لەنزیک پرچمەوە باڵەفڕکەیان بوو، پرچیشم لەگەڵ باگەرمەکە شەپۆلی دەدا. باڵندەکان دنووکیان لە پرچم دەژەند. هەستم کرد بە دنووکیان دەیانەوێت تاڵەکانی پرچم بگرن. بەرەبەرە بەرزبوومەوە. بەرزیانکردمەوە، هەستم کرد قاچەکانم لە زەویەکە دادەبڕێن و بەرزدەبمەوە)

بەدوای چیرۆکی(دوورگەی باڵندەکانی شەڕ)دا گەڕام، دۆزیمەوە، بە دەستوخەتی خۆم نووسیبووم. هەرچەندی بیرمکردەوە بیرمنەهاتەوە من ئەو چیرۆکەم نووسیبێت، بەڵام دەستوخەتەکە هی من بوو، بەهۆی تەڕبوونەوە یەک دوو پەڕەی سەرەتاشی چەندین دێری شێوابوون، بەم ئاوهایە ئەو کەسەی چیرۆکەکەی بۆ ناردبووم ڕاستیدەکرد و  شوێنەواری گریانی من لەسەر پەڕەکاندا بەجێمابوو. دەستم بە خوێندنەوەی چیرۆکەکەم کرد، چیرۆکەکەم لەوجێیەوە کە کچێک پێدەنێتە دوورگەکەوە ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە نێو چیرۆکەکەدا گۆڕابوون.

(بەئاگاهاتم بە باڵندە داپۆشرابووم، هەموو باڵندەکان بەدەنگێکی خەمین دەیانجریواند. کەمێک جووڵام، هەموو باڵندەکان هەڵفڕین و لەسەر سەرم کەوتنە باڵەفڕکە. ترسام ویستم ڕاکەم، بەڵام باڵندەیەکیان هات لەسەر شانم نیشتەوە، بە دنووکی لاملمی دەخوراند، لەوە گەیشتم ئەو باڵندانە نیازی ئازاردانی منیان نییە، قۆڵەکانم کردنەوە و وەکوو ئەوان کەوتمە باڵەفڕکە)

کچەکە چەندین ڕۆژ تا ماندوودەبوو  باڵەفڕکەی بوو، دەیجریواند، باڵندەکانیش بە هەمان شێوە باڵەکانیان دەجووڵاند و دەیانجریواند. دەنگی جریوە بە دۆڵەکەدا بڵاودەبووەوە. لە ڕۆژی حەوتەمدا لە لووتکەی چیابەرزەکەوە ئاو هەڵدەقوڵا و بە دۆڵەکەدا بڵاودەبووەوە…

بەرەبەرە لە خاکە خۆڵەمێشییەکەوە گژوگیا سەریان دەرهێنا و دارە سووتاوەکان کە بە درێژایی دۆڵەکەدا تا دەشتەپان و بەرینەکە درێژبووبوونەوە ژیانەوە و لق و گەڵای نوێیان دەرکرد.

کچەکە خۆی لە ئاوەکە هاویشت، لەدوای ئەوەوە باڵندەکان بەلێشاو خۆیان لەئاوەکە دەهاویشت. باڵندەی سپی لە ئاوەکەوە دەردەهاتن. وەک ئەوە وابوو ئەو خۆڵەمێشەی پێشتر تەنیا چڵکبووبێت و بەخۆ هاویشتنە نێو ئاوەکە پاکبنەوە و بە پەڕی خاوێنەوە بێنە دەرێ…

بە دەنگی باڵندەکە بەئاگاهاتم، پەرەی چیرۆکەکە لەژێر دەستم بوو. باڵندەکە باڵەفڕکەی بوو، چاوی لە چاوم بڕیبوو. پەڕەکانم لوولکرد و چوومە دەرەوە. باڵندەکە فڕی، دەرگای حەوشەم کردەوە و دوای کەوتم. لەو سەری کۆڵان لەسەر شانی کچێکی جل سپی نیشتەوە، لێیان نزیکبوومەوە، کچەکەم ناسییەوە، هەمان ئەو کچە بوو کە هاورێکەم نیگارەکەی کیشابووەوە، تا من گەیشتمە لایان ئەوان لە کۆڵانەکە پێچیان کردبووەوە و لە چاو ون بووبوون…

تەماشای ئاسمانم دەکرد و ڕامدەکرد، چەند کۆڵانێکم بڕی باڵندەکەم لە ئاسماندا بینییەوە، بەدوایدا ڕامکرد.  هیلاکبووم پێم لە شتێک گیربوو، بەدەمدا کەوتم.

گوێم لە ژنەکەم بوو لەگەڵ چەند کەسێکدا قسەی دەکرد، بەڵام نەمدەتوانی چاو هەڵبڕم، دەیگوت” من بە دوایدا ڕامدەکرد و بە هەموو هێزی خۆم بانگم دەکرد، ئەو وەڵامی نەدەدامەوە، بەڵکو هەر بۆ ئاسمانی دەڕوانی و ڕایدەکرد…

بە دەنگی باڵندەکە بەئاگاهاتم، سەرم بەرزکردەوە لە ناو دارستانێکدابووم:

ژنێک بەپێوە باڵەکانی لێککردبوونەوە وەک شێوەی خاچ، بەدرێژایی قۆڵەکانی جۆرێک باڵندەی سەیربوو، باڵندەکە بە کۆتر دەچوو بەڵام دنووکی ڕەش و درێژکۆلانەبوو لەشیشی لە هی کۆختی دەچوو بەڵام درێژکۆڵەتر و کەمێک گەورەتر و لاوازتر دەهاتنەپێشچاو لە کوکوختی، پێشتر هەرگیز باڵندەی لەو شێوەیەم لە شارەکەمان نەبینیبوو! تەنیا لەو کاتەوەی لە خەونەکانمدا بینیبووم لە شاریش جارجار دەمبینی.

ژنەکە سەری بۆ ئاسمان بەرزکردبووەوە  باڵندە سپی و باڵ شینەکان بەیەک ئاواز دەنگێکیان لێوە دەردەچوو، ژنەکە هەمان دەنگی بە ئاوازێکی سەیر دووبارەدەکردەوە، باڵندەیەک لەسەر سەری ژنەکە نیشتبووەوە کە هەمان جۆری باڵندەبوو، بەڵام ڕەنگی جیاوازبوو لەوانی دیکە! ڕەنگێکی مەیلە و خۆڵەمێشی کاڵی هەبوو، دوای ئەوەی باڵندەکانی دیکە و ژنەکە بێدەنگ بوون، ئەو باڵندەیان دەستی بەخوێندن کرد، ژنەکە لەدوای ئەوەوە دەستیکرد بە دووبارەکردنەوەی ئاوازەکە…

ژنەکەم ناسییەوە. بەبێ ویستی خۆم هەڵسامەوە و باڵەکانم لێککردنەوە، باڵندەکان لەسەر قۆڵ و شانەکانی ئەو فڕین و هاتن لەسەر شانەکانی من نیشتنەوە. دەستیان بە خوێندن کرد، منیش لە دوای ئەوانەوە وەکوو ئەوان دەمجریواند، باڵندەکەی سەر سەری کچەکە بەرەولای من هات و لەسەر سەری من نیشتەوە، ئەویش لە دوای بیدەنگبوونی ئێمە دەستی بە خوێندن کرد. دوای ئەوەی ئەویش بێدەنگ بوو، گوێم لە کچەکە بوو لەبەرخۆیەوە دەیگوت”خۆشمدەوێی! خۆشمدەوێی! خۆشمدەوێی!”

لێوەکانی منیش جوڵان و جریواندیان، بایەکی فێنک یاری بە لقی دارەکان دەکرد و باڵندەکان دەیان جریواند…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *