درزێک لەپشت زمان لە کۆمەڵەچیرۆکی “درزێک لەپشت سەرمەوەیە”

ڕێزان فەتاح

 

خۆ هێشتا دێمی نەدابوو!

نزیکەی دوو مانگێک پێش ئێستا، کۆمەڵەچیرۆکی”درزێک لەپشت سەرمەوەیە”م کڕی. ئەوسا، چونکە خەریکی ماڵگواستنەوە بووین، هەر بەپەلە و سەرپێیییانە، خوێندمەوە. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، زمانەکەی بوو. جا گوتم بۆم بلوێ جارێكی دیكەش دەیخوێنمەوە.

هەندەک جار داکم دەرێ: چیژم برنجەکەت لۆ لەسەر ئاگری هینا خوارێ خۆ هێشتا دێمی نەدابوو، ئەگەر ئەو قسەیەی داکم بگشتێنم ئەوا دەرێم: کوڕم، ئەو چیرۆکانەت لۆ لەسەر ئاگری هینا خوارێ خۆ هێشتا دێمیان نەدابوو.

سوریالییەکان دەڵێن: “جوانی با نەبێت، ئەگەر هەبێت دەبێ ڕاچڵەکێن بێت.”٢ منیش دەڵێم: چیرۆک با نەبێت، ئەگەر هەبوو با جوداواز بێت. بەوپێیە، چیرۆکەکانی نێو ئەم کۆمەڵەچیرۆکەی ئاماژەم پێدا، نەیانتوانی منی خوێنەر بخەنە نێو باری ڕامان و بیرکردنەوە، بۆیە هەندێک لە سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو.

 

سەبارەت بە زمان

ئەو دەمەی نیگەرانی دۆخێکیت و کەڵکەڵەی دەرچوون لەو نیگەرانییە، تەنگت پێ هەڵدەچنێت، لەو کاتەدا ئەوەی دەستت پێی ڕادەگات، خەیاڵە. ئەمە كردەیەكی ناوەکییە، بەڵام هەر کە خەیاڵەکانت بە یارمەتیی واقیعە بەرگەنەگیراوەکە، لەڕێی زمانەوە خستەڕوو، ئەوا ئەم دەربڕین و بەرجەستەکردنە، لە دوو فۆڕمدا خۆی دەنوێنێت، ناهونەری و هونەری. فۆڕمی ناهونەری هەر شێوەیەک لە شێوەکانی دەربڕین و گوزارشتکردن دەگرێتەوە کە نەخرابێتە نێو چوارچێوەیەکی ئیستاتیکی یان هونەری. فۆڕمی هونەریش، سەرجەم هونەرەکان دەگرێتەوە. لێرەدا من مەبەستم لە هونەری نووسینە، لەناویدا ئەدەبیات.

ئاشکرایە، کە یەکێک لە ڕەگەزە بنچینەیییەکانی دەقی ئەدەبی، زمانە. ئەو زمانەی ڕۆژانە بۆ گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن بەکاری دەهێنین، نا، بەڵکوو زمانی ئەدەبی. بۆیە هەر ناتەواوی و كەموكووڕییەك بۆ زمان بێتە پێشەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنی هونەریبوونی دەقەکە دەبێت. لەبەرئەوەی ئەرک و ڕۆڵی زمان لە ناوەوە و دەرەوەی دەقی ئەدەبیدا، جیاوازە.

زمان لەناو دەقی ئەدەبیدا، دەبێت هەڵگری شوناسی جوانی و ئیستاتیکا بێت، بۆ ئەوەی چێژ بە خوێنەر بگەیەنێت، لەپاڵ ئەو بیر و هزرەی گەرەکیەتی بیخاتەڕوو، یا ئەو مانا و واتایەی خواستیەتی بیگوازێتەوە. جوانی و ئیستاتیکا لە زماندا لە چییەوە سەرچاوە دەگرن؟ بێگومان، جگە لە ڕووە سینتاکسییەکەی، دەبێت لە وێناکردن و میتافۆڕ و ڕەوانبێژیدا بەر ئیستاتیکا بکەوین، بێجگە لە پاراوی و بێگرێوگۆڵیش کە خاڵی سەرەکییە، دەبێت هەڵگری شیعرییەتیش بێت. شیعرییەت، لێرەدا مەبەستم لە ئاواز و ڕیتمی ئەو وشەو ڕستە و بڕگانەیە کە لەتەنیشت یەکدی ڕیزدەکرێن بۆ گەیاندنی مەبەستی نووسەر، نەک کێش و سەروا و وێنەی شیعری، هەروەها مەبەستیش لە بەکارهێنانی زمانە، بۆ داهێنان و ئەفراندن، لەڕێگەی هونەرەکانی ڕەوانبێژییەوە. نووسەر بەهۆی گەمەی زمانەوانییەوە دەتوانێت بەقووڵی بچێتە نێو کونوکەلەبەرەکانی زمان و گوزارشت و مانای تازەی تێدا بدۆزێتەوە و وەبەرهێنانی تێدا بکات. ئەمەش هەوڵە بۆ دۆزینەوەی نادیار لە بەشە دیارەکەی زمان و گەیاندنی مەبەست بەشێوەیەکی ئیستاتیکی، نەک ڕووکەشانە مامەڵەی لەتەکدا بکرێت.

دواجار، زمان بارگاوییە بە هزر، واتا هەڵگری ئایدیایە، هەروەها گوێزەرەوەیەتی، بۆیە دەبێت مۆرکی نووسەرەکەی پێوە بێت، تاکوو پێی بناسرێتەوە و ببێتە خەسڵەتی تایبەتیی ئەو یاخود ئادگاری. بەوپێیەی دەقی ئەدەبی بەرهەمی بیرکردنەوەیە و لەڕێگەی زمانەوە دێتە بوون، کەواتە ئەوە زمانە نوێنەرایەتی دنیابینی و ئاستی مەعریفەی نووسەر دەکات.

بۆیە، دەق پێمان دەڵێت نووسەر تا چەندێک توانیویەتی بەسەر زماندا زاڵ بێت، بەدرێژایی پڕۆسەی نووسین، چونکە لەپاڵ گواستنەوەی ماناو چێژ و ئیستاتیکا؛ زمان، وشە و چەمکی تازەش بەرهەم دەهێنێت. ئەوە ئەرکی ڕاستینەی زمانە لەناو دەقی ئەدەبیدا. لەبەرئەوەی، “دەق پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی زمانەوانییە لە چوارچێوەیەکی ئەفراندنەوانی سەربەخۆدا.”٣ بەم شێوەیەش ئەو زمانەی دەقێکی پێ دەنووسرێت، بەردەوام نوێ دەبێتەوە و لە فەوتان و لەناوچوون ڕزگاری دەبێت. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین دەق کارگەی بەرهەمهێنانی زمانە.

لێرەدا، هەر نووسینێک، ئەگەر وەک دەقێکی ئەدەبی ناسێنرا و بڵاوکرایەوە، لەڕووی زمانەوانییەوە لاواز بوو، ئەوا ناکرێت ڕاڤە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، مادام یەکێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی نووسین کە زمانە، کەموکورتی هەبێت. بۆیە خوێندنەوەی تر هەڵناگرێت. لەبەرئەوەی “دەق کار بۆ ئەوە دەکات سیستەمی زمانەوانی لە حاڵەتی مەندی و وەستاوییەوە بگوازێتەوە بۆ حاڵەتی دینامیکی.”٤

حاڵەتی دینامیکی زمان چییە؟ دینامیکییەتی زمان بریتییە لە تێکشکاندن و دووبارە داهێنانەوەی زمان لە فۆڕمێکی نوێ و ئیستاتیکیدا، دوور لە فۆڕمی باو و تەقلیدی. کەواتە، دەق ئامرازی بەگەڕخستنی وزەی شاراوەی زمانە، یاخود جوڵێنەر و زیندووکەرەوەی زمانە، بە پێچەوانەوەیش، ئەوەی کار بۆ ئەوە دەکات سیستەمی زمانەوانی لە چەقبەستوویی بهێنێتە دەر، دەقە، بەڵام کام دەق، ئایا هەموو نووسینێک دەچێتە نێو چوارچێوەی، دەقی ئەدەبی؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە. ئێمە دەبێت جیاوازیی لەنێوان نووسین و دەقی ئەدەبیدا بکەین. لێرەدا، بۆ دڵنیابوون لە دەقێتی و نادەقێتی نووسینێک، پێویستە بیخەینە سەر تای تەرازووی زمان. “دەق بەو حیسابەی بەر لە هەر شتێک بەرهەمێکی زمانەوانییە، بۆیە دەبێت بەر لە هەر شتێک لە ڕەگەز و پێکهاتە زمانەوانییەکانی دەق وردببینەوە و تاوتوێی بکەین، هەر ئەمەیش دەقایەتی و نادەقایەتیی هەر دەقێک جیا دەکاتەوە و دیاری دەکات.”٥ کەواتە، سەرەتا پێویستە بزانین ئەو دەقە لەڕووی زمانەوانییەوە لە چ ئاستێکدایە، چونکە، ئەگەر ڕەگەزی زمان لە نووسیندا لە ئاستێکی باڵای دەربڕیندا بوو، ئەوا ڕەگەزەکانی تریش، فۆڕمی خۆیان وەردەگرن. هەر بۆیە ئەم نووسینانە کە وەک چیرۆک بڵاوکراونەتەوە، لەڕووی زمانەوانییەوە پتەو و تۆکمە نین، نووسەر لە زۆر جێدا نەیتوانیوە بەسەر زماندا زاڵبێت، زاڵنەبوون بەسەر زمانیش، دەقێکی ناهونەری دەهێنێتە بوون. دەبێت بەهۆی زمانەوە، دەق بئافرێنرێت، ئەگینا جیاوازیی نێوان دەق و قسەی ئاسایی دەبێ چی بێت، ئەگەر ئەو نووسینە نەیتوانی خاسیەتەکانی دەقێکی ئەدەبی هەڵگرێت و بچێتە قووڵایی بابەتەکە و ناخی خوێنەر.

وەک گوتم، ئەوەی دەقی ئەدەبی بە زیندووێتی دەهێڵێتەوە زمانە، زمانێکی هونەری. ئەو زمانە ناهونەرییەی کەڵکی لێ وەرگیراوە، لەم کۆمەڵەچیرۆکە، ناتوانن خوێنەر وا لێ بکەن بەردەوامی بە خوێندنەوە بدات. من لەم کۆمەڵەچیرۆکە بەر زمانێکی سەرنجڕاکێش نەکەوتم، دێڕەکان وایان لێ نەکردم پەلەم بێت تا بگەمە دێڕی دواتری. زمانی گێڕانەوەی ئەدەبی، دەبێت زمانێکی نافەرمی و ڕۆژانەیی بێت، بەڵام بەشێوەیەکی هونەرییانە و ئیستاتیکییانە و ڕەوانبێژییانە، کاری لەسەر کرابێت. ڕوونتر بیڵێم پێویستە زمانی ئاخافتنی کارەکتەرە سازێنراوەکانی نێو دەق، دەرخەری سروشتیی کەسێتییان بێت. واتا هۆکارێک بێت بۆ نیشاندانی ڕاستەقینەیی کەسایەتییەکان، لەڕووی ئاکار و ڕەفتار و بیرکردنەوەوە. چون ئەگەر نووسەر لەڕێی مەنەلۆگ و دیالۆگەکانەوە فەزایەکی واقیعییانەی سازاند، ئەوا خوێنەریش ئاسانتر تێکەڵی ڕووداوەکان دەبێت.

یەکێک لەو هۆکارانەیش کە وا دەکات، زمان ناهونەری و نائیستاتیکی بێت، بریتییە لە خۆلەقالبدان. نووسین هەویری کێک نییە لە قالبی بدەین. لە نووسیندا، ئەگەر نووسەر خۆی سنووردار کرد، ئەوا ئەوەی دەینووسێت و بەرهەمی دەهێنێت، بێگیان دەردەچێت. ئەوەی گرنگە، لە ئانوساتی نووسیندا، خۆئازادکردنە لە کۆتوبەند و وابەستەبوون. نووسەری ئەم چیرۆکانە، سنوورێکی بۆ خۆی داناوە، هەوڵی داوە لێی دەرنەچێت، ئەویش چوارچێوەی نیگەرانییەکی ناڕەسەن و دەستکردە، ڕووبەری ترس و دڵەڕاوکێ و کوشتنە. خوێنەر وا هەست دەکات بەخورتی پەستراوەتە ناو شوێنێک، قەبز و تەنگ و تاریک، چونکە مۆرکی نووسەری بەسەرەوە نییە. ئەم خۆسنووردارکردنەش هۆکارێکە بۆ کوشتنی ڕوحییەتی دەق.

ئاخۆ دەبێت زیندووێتیی دەق لە چییەوە سەرچاوە بگرێت؟ وەک دیارە، لە ڕەسەنێتیی زمان و ئەندێشە. لێرەدا مەبەست لەوەیە، ئەگەر ئەو نیگەرانییەی نووسەر هەیەتی و کەوتووەتە ناوی، ڕەسەن بێت، واتا سەر بە جیهانی ناوەوە و تایبەت بە خودی نووسەر بێت، ئەوا بەشێوەیەکی خودکارانە و بەبێ زۆرلەخۆکردن، دەکەوینە ناو ئەندێشە و تێهزرینێکی ڕەسەن، دواتریش بەرەو دنیای زمانێکی خاوێن و بێخەوش، پشتئەستوور بە خەیاڵێکی فراوان، هەنگاو دەنێین. ئەمەیش شێواز و تایبەتمەندییەک بە دەق دەدات، کە مۆرک و جێدەستی نووسەری بەسەرەوە دەبێت و پێیشی دەناسرێتەوە. بە گشتی لەو چیرۆکانەدا، من هەستم بەو مۆرکە نەکرد.

دەقی ئەدەبی، بە پڕۆسەی هاتنەبووندا تێدەپەڕێت و گیانی بەبەردا دەکرێت. ئەوەی گیان بەبەر دەقدا دەکات، لەپاڵ خوێنەر، خەیاڵ و زمان و ئەندێشەیەکی ڕەسەنە. کێ هەست بەم گیانە دەکات و ئاوێتەی دەبێت؟ بە دڵنیایییەوە خوێنەر. وەک کردەیەکی ئاسایی، نووسەر دەقەکەی دەخوێنێتەوە بەر لەوەی بڵاوی بکاتەوە. دەڵێم نووسەر کاتێک دەقەکەی خوێندەوە تۆبڵێی درکی بە کەموكورتییەکان نەکردبێت؟ ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێم، سەرباری لاوازیی زمان، ئەگەر بە کردەی پێداچوونەوە و پاکنووسکردن تێپەڕیبایە، ڕەنگە دۆخەکە بەم شێوەیە نەبووایە، چونکە پێداچوونەوە پڕۆسەیەکە دەکرێت نووسەر، سەرلەبەری چیرۆکەکەی بگۆڕێت، یا هەر خودی دەقەکە ڕەت بکاتەوە. هەڵبەت، ئەگەر خوێنەرێکی باش و بە سەلیقە بێت. مەبەستم لە پێداچوونەوە هەر تەنها ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان نییە، بەڵکوو پێداچوونەوەیە بە شێوازی داڕشتن و پلۆتی چیرۆکەکە، چونکە لەم جۆرە پێداچوونەوانە، چیرۆکنووس دەکرێت شیرازەی چیرۆکەکەی لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە و پێکهاتەکەی بگۆڕێت، شێوازی زمان و گێڕانەوە، بە شوێن و کات و کارەکتەر و تەکنیکەوە.

مشتێک سەرنج

 

یەک: پاتەکردنەوەی هەڕەمەکییانە

لە چیرۆکدا، پاتەکردنەوەی وشە و ڕستە، جۆرێکە لە تەکنیک و ئیستاتیکای زمان، بەڵام، ئەگەر بێت و ئەو پاتەکردنەوەیە لە گۆترە و پەرتوبڵاو بێت، ئەوا ناڕێکی و لاسەنگی لە زماندا دەهێنێتە کایەوە. لاسەنگیش لە زماندا، دەق کرچوکاڵ دەکات و گومانیشی دەخاتە سەر. لەبەرئەوەی، پاتەبوونەوەی وشە لە چیرۆکدا وەکوو لایەنێکی هونەری تەماشا دەکرێ. ڕەنگە ئەم کردارە لەکن خوێنەر ئاسایی بێتە بەرچاو، بەڵام لە بنەڕەتدا کارێکی ئاسایی نییە.”٦

بەڵێ، پاتەبوونەوە جا چ هیی وشە بێت یاخود ڕستە، لایەق بەوەیە بەهەندی وەربگرین، بەس، ئەگەر بێت و بێسەروبەر بێت، ئەوا دۆخێکی نەخوازراو لە ناوەوەی دەق دەخولقێنێت. کەواتە، پاتەبوونەوە بەشێوەیەکی کارلەسەرکراو، جوانی بە دەق دەبەخشێت لە هەمان کاتدا بە هەڕەمەکی، ناشیرینی بەرهەمدەهێنێت و بناغەی دەقەکە شلۆق دەکات. هەر بۆیە، دۆخەکان دەکرێت بە شێوازی جۆراوجۆر و جیاواز گوزارشتیان لێ بکرێت. ناکرێت یەک شێوەی دەربڕین بەکاربهێنین بۆ وێناکردنی دۆخێک، ئەوە خوێنەر تووشی بێزاری دەکات، وای لێ دەکات دووربکەوێتەوە لە دەقەکە، بە کورتی خوێنەر هەرەتە دەکات. لە هەر سێ چیرۆکی “چەقۆکەی ئەویتر”، “شەوی کوژانەوەی ڤینۆس”، “جگەرەکێشانێک لە دەرەوەی ئاهەنگەکە”، دەربڕینی “دەستم وەک شەقشەقە دەلەرزێت”، چەند جارێک دووبارە بووەتەوە، هەروەها دەربڕینی “دەکەومە سەر ئارەقە”، لە سەرجەم چیرۆکەکاندا، هەیە، ئایا شێوەیەکی تر نەبوو ئەو دۆخە پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیەی كە ویستووتانە نیشانی بدەن، پێی بگوازنەوە؟ وەکوو:

لاپەڕە حەفت: بە جارێک هەموو گیانم سەر ئارەقە کەوت…

لاپەڕە دە: من هێندەی تر دەکەومە سەر ئارەقە و تەواو تێک دەچم…

لاپەڕە بیست و یەک:  کەوتمە سەر ئارەقە و شڵەژانێکی خراپ ڕووی تێکردم…

لاپەڕە حەفتا و یەک: هەموو گیانم لەسەر ئارەقەیە…

لاپەڕە حەفتا و پێنج: سەڕەرای ئەوەی هەموو گیانم لەسەر ئارەقە، بەڵام سەرماشمە…

لاپەڕە سی و هەشت: دەستم وەک شەقشەقە دەلەرزێت…

لاپەڕە حەفت: دەستم وەک شەقشەقە دەلەرزێت…

لاپەڕە چل و سێ: وەکوو شەقشەقە دەلەرزم. گیانم هەمووی بەسەر ئارەقەوە کەوتووە…

 

دوو: دیالۆگ

دیالۆگ بریتییە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەوی تر، ئەوی تری بەرجەستە لەناو چیرۆکەکە، واتا کارەکتەر کە خاوەنی دەنگ و ڕەنگ و سەنگی خۆی بێت، نەک خۆدواندن، ئاخر خۆدواندن، مەنەلۆگە. لەم کۆمەڵەچیرۆکە، ئەوەی زەقبووەتەوە، شێوازی دەربڕینی دیالۆگەکانە کە زیاتر قسە لەگەڵ خۆکردنێکی شەرمنانەیە. زمانی دەق، ئەگەر شێوازێکی فەرمییانە و شەرمنانەی هەبوو، ئەوا دیالۆگەکانیش لە ئاستی چاوەڕوانی خوێنەردا نابن. خوێنەر ناتوانێت لەڕێگەی دیالۆگەکان وێنای ساتی هەنووکەیی کارەکتەرەکان بکات. بۆ نموونە، بەشێک لە دیالۆگی لاپەڕە دەدا هاتووە:

یەکەم شت من بەوە دەست پێ دەکەم:

-سڵاو، باشی قوربان؟

ئەویش بە بڕوابەخۆبوونێکی تەواوەوە وەڵامم دەداتەوە:

-تۆ چۆنی قوربان؟ من باشم گەر تۆ باش بیت قوربان.

تۆزێ سەرسام دەبم لە دەنگ و شێوازی قسەکردنی، چونکە تەواو هاوشێوەی منە. بە دوودڵییەکی زۆرەوە،  دەستم بە قسە کردەوە:

-زۆر سوپاس قوربان، منیش باشم، دەمەوێ بزانم تۆ کێیت، چونکە ماڵی ئێمە دەمێکە لێرەیە و من لەم ناوە دراوسێی وەکوو تۆم نەدیوە، دەکرێ بزانم ناوت چییە؟   

        

هەروەها، ئەگەر دیالۆگی لاپەڕە شەست و دوو بەراورد بکەین، واتا شێوەی قسەکردنی کچەکە “ئێلە” و کوڕەکە “کۆدۆ”، ئەوا هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین، لە کاتێکدا لە ژیانی ڕۆژانە، قسەکردنی ئاسایی کچێک لەگەڵ کوڕێک، لە تۆنی دەنگ و هەڵبژاردنی وشە و ڕستە و شێوازی گۆکردنیش لە یەکدی جیان.

کۆدۆ: ئێ ئێلە، پێم بڵێ خولیاکانت زیاتر لە چیدا یەک دەگرێتەوە؟ حەزت بە چییە بۆ خوێندنەوە، بێگومان گەر خوێنەر بیت؟!

ئێلە: ئەوەی خوێنەر نەبێ لەم دانیشتنەدا نابێ، وا نییە! ئەوەی جووتیار بناسێ، دەبێ خوێنەر بێ. ڕاستییەکەی من زیاتر سەرقاڵی مێژوو و ئەدەبیاتم، فەلسەفەش زانیارییەکی گشتی و لە هەندێ ڕووەوە دەتوانم بڵێم باشم هەیە لەسەری. ئەی تۆ چی دەخوێنیتەوە؟

کۆدۆ: من زیاتر خوێنەری ئەدەبیاتم، ئەدەبیاتی کلاسیکیی ڕووسی. حەزم بە شیعریشە. لەسەر فەلسەفەش زانیارییەکەم هەیە و بایی ئەوە دەزانم قسەی لەسەر بکەم، بەڵام زیاتر حەزم بە ئەدەبیاتە. دەتوانم زۆرتر قسەی لەسەر بکەم، هاهاها یەکێک نەزانێ دەبێ چ ئەدیبێک بم!

ئێلە:………

کۆدۆ:……                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                         

 

سێ: نمایشی واقیعێکی ڕووت یان ڕیالیزمی ڕووت

پێکهاتە سەرەکییەکانی چیرۆک بریتین لە واقیع، خەیاڵ، زمان. ئەوانە یەکدی تەواودەکەن، نەبوونی یەکێکیان کار لە بناغەی چیرۆکەکە دەکات. ئەم چیرۆکانە واقیعین، واقیعێکی گواستراوەن، خەیاڵ ئامادەییەکی ئەوتۆی نییە، زمانیش سادە و ناهونەرییە. بۆ نموونە لە لاپەڕە سی و یەکدا هاتووە: (بە قسەی خۆی بێت، ئێستا ئەو چەپە، بەڵام بیرمە جارێکیان لە بازاڕ خوشکەکەی لەگەڵ کوڕێکدا بینی، ڕاستەوخۆ لەوێ چوو بۆ لای، خوشکی داماویشی ڕەنگی بەبەرەوە نەما، سەنگەر خۆی لێ توڕە کرد و هەر لەوێدا تەکسییەکی بۆ گرت و ڕەوانەی ماڵێی کردەوە. خۆی لە کوڕەکەش توڕەکرد….)

 

 

 

 

چوار: ڕووداو و ئەنجامی ئامادە یاخود بێسەلیقەیی لە چۆنیەتی خولقاندنی ڕووداودا

لە چیرۆکی”شەوی کوژانەوەی ڤینۆس”دا، چیرۆکەکە لەماڵەوە دەست پێدەکات، بەرەو زانکۆ. لە لای وێستگەی زانکۆ، کچێک(ڤینۆس) بە ئۆتۆمبێلەکەی کوڕێک(دارۆ) دەگەیەنێتە بەشەکەی. دەردەکەوێت کچەکە مامۆستایە لە هەمان ئەو بەشەی کە کوڕەکە تێیدا دەخوێنێت. دواتر لە ڕووداوی بەهاناوەچوونی “سەنگەر”ی هاوڕێیی “دارۆ”، لە شەودا، ناسینەکە فراوانتر دەبێت، تا دەگاتە سێکسکردن لەگەڵ کچەکە. ڕووداوی ئامادەبوونی “ڤینۆس” بەم کتوپڕی و لەناکاوییە، ئەو توانایەی نییە ببێتە جێی متمانەی خوێنەر و قایلی بکات. ئێستا، خوێنەر لەوە زیتەڵتر و چاوکراوەترە بەم ڕووداوە دەستکرد و ئامادەیە باوەڕ بهێنێت. دەبێت ئەو هەست و دڵنیاییە بە خوێنەر بدرێت کە ڕوودانی ڕووداوەکان خۆڕسکانەیە نەک هەڵبەستراو. من خۆم هەر لەسەرەتاوە پێشبینیم کرد زنجیرەی ڕووداوەکان چۆنە و بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات. کاتێ خوێنەر هەستی بە دروستکراوی و ئەبستراکتی، ڕووداوەکان کرد، نەیتوانی لەگەڵیان تێکەڵ بێت، ئایا دەکرێت ناوی چیرۆکی لێ بنێین؟

 

پێنج: پاتەکردنەوەی “ش”

ئامرازی “ش”، چەندان جار بەکار هاتووە، خۆ ناکرێت ئێمە بە هەڕەمەکی ئامرازەکان بەکاربهێنین بەبێ ئەوەی، شوێن و کاتەکەی گونجاو بێت. ئەم پاتەکردنەوە زەقوزۆپە، دۆخێکی نەخوازراوی بە چیرۆکەکان بەخشیوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە حەفتا و هەشتدا هاتووە: )وا ئیتر جەستەی منیش سارد دەبێتەوە، وەکوو ساردی هیواکەی ناو دڵم، وەکو بێزاری ژیانیشم، جەستەشم بێزاربوو، ئیتر چاویشم قورس بوو و پێم بەرز نەکرایەوە، یان ئەوەتا بۆ هەتایە دەنووم، یان ئەوەتا بە هۆڕینی پاسەکە بەخەبەر دێم.)

 

شەش: ڕستەی ئەدەبی

لە لاپەڕە شەست و دوودا هاتووە: “هاوڕێم هەیە بە بۆنەی نیچەوە گانی لەگەڵ لایەک کچی ئەم شارەدا کردووە!”، ئایا خاوەنی ئەم دەربڕینە، شێوازێکی تری شک نەدەبرد ئەمەی پێ دەربخات؟ ئەمە قسەی ناو سۆشیاڵ میدیا و واتەواتی نێو برادەرانە. ڕستە لەنێو دەقی ئەدەبیدا دەبێت هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکی جودا بێت بەروارد بە ڕستەیەکی ئاسایی. مەبەست لە ڕستەی ئاسایی، ڕستەیەکی نائەدەبییە یاخود ڕستەیەکە لە دەرەوەی دەق. چۆن ئەم دووانە لە یەکدی جیا بکەینەوە؟ لێرەدا زمان ئەو ڕۆڵە دەبینێ، واتا ئێمە لەڕێگەی ئیستاتیکای زمانەوە دەتوانین درک بە جیاوازییەکانیان بکەین، سەرباری ئەو خەسڵەتانەی کە پێویستن بۆ ڕستەیەکی ئەدەبی. لە کتێبی”دەقناسیی ئەدەبی کوردی”دا، بەم شێوەیە باس لە ڕستەی ئەدەبی دەکات: “ئەگەر ڕستە کەوتە نێو دەقی ئەدەبی، جگە لەو تایبەتمەندییە سینتاکسییانەی هەیەتی، دەبێ تایبەتمەندیی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیشی ببێ، چونکە لەسەر بنەمای فەرهەنگی ئەدیبێکی دەوڵەمەند بەرهەم دێت و ئەو ئەدیبەش بەستراوەتەوە بە بارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی تێیدا دەژی، لێرەوەیە دەقی ئەدەبی ڕستە بە جۆرێکی دیکە بەرهەم دێنی، کە باش وایە هەمان ئەو ڕستە سادە ئاساییە نەبێ، کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا لەنێوان هاوڵاتییاندا دەگوزەرێ.”٧  کەواتە، لەنێو دەقی ئەدەبیدا ڕستە بەشێوەیەکی تر مامەڵەی لەتەکدا دەکرێت و هەڵدەسەنگێندرێت، بۆیە هەمیشە دەبێت هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە بێت، کە پێویستن بۆ ڕستەیەکی ئەدەبی، تا پارێزگاری لە دەقێتی دەقەکە بکات.

 

حەفت: ناهاوسەنگی بڕگەکان

یەکێ لە خاسیەتە دیارەکانی بڕگە ئەوەیە دەبێت ڕستەکانی بەجوانی پێکەوە بەسترابنەوە، هەروەها وشەی زیادە و دووبارەشی تێدا نەبێت، کەچی، لەم چیرۆکانەدا لە چەندان شوێن بەر وشەی زیادە و ئەو دووبارەکردنەوەیە دەکەوین. هەر وەک، لە لاپەڕە پەنجا و دوودا هاتووە: (لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش و دەروونی تایبەتدا بووم، بارودۆخێک پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و تێکەڵ بە زەوق. دۆخێک کە پیاو نازانێ پێویستە چی بکات. گەنجێک کە یەکەمجارە بەر ئەزموونێکی وا دەکەوێت. من لە هیچ شتێک حاڵی نیم. ئەو وەکوو پەڕۆ یاری بە من دەکات، دەمهێنێ و ڕامدەکێشێت، بۆ سەر جێخەوەکە پەلکێشم دەکات…). بە گشتی، ئەو بڕگەیە بێڕیتم و ئاوازە. شیعرییەت و جوانی لەم وشە و دێڕانە بەدی ناکرێت. قیتبوونەوەی ڕستەی “گەنجێک یەکەمجارە بەر ئەزموونێکی وا دەکەوێت.”، ناوکۆیی بڕگەکەی شێواندووە، زمانەکەی لە زمانی گێڕانەوەیەکی ئەدەبی گۆڕیوە بۆ زمانێکی ئاسایی، سەرباری ئەوەیش ناهاوسەنگی کردووە، ئینجا مانای چییە دەمهێنێ و ڕامدەکێشێت؟ دواتریش دەڵێت “بۆ سەر جێخەوەکە پەلکێشم دەکا”، ئەم دیمەنە، ئەگەر خوێنەر وێنای بکات، پێکەنینهێنەرە، هیچی لەگەڵ یەکدی یەکناگرێتەوە، هەر سێ فەرمانی(دەمهێنێ، ڕامدەکێشێت، پەلکێشم دەکا)، بەدوای یەکدا ڕیزکراون، تۆبڵێی چ دیمەن و دۆخێکی لێ دەربچێت؟ هەڵڕشتنی ئەم فەرمانانە بەسەریەکەوە لەپێناو چی، یان دەڵێن: “ئەو وەکو پەڕۆ یاری بە من دەکا”، ئێ باشە پەڕۆ کوا کەرەستەی یاریکردنە! هەروەها، لە لاپەڕە پەنجا و یەکدا هاتووە: (هەستم بەو بۆنە دەکرد کە لە خۆی دابوو، ئیتر مەودای نێوانم هیچ نەمابۆوە، شانی بە شانمەوە جووت بوو، تەماشای دەکردم، بیرەی دووەممان بە دەستەوەیە.) لە سەرەتای ئەم بڕگەیەدا، باس باسی بۆن و لێکنزیکبوونەوەیە، دواتر لەپڕ ڕستەیەک قیت دەبێتەوە باسی بەدەستەوەگرتنی بیرە دەکات، ئەگەر هەر مەبەستیشتان بووە ئاماژەی پێ بدەن دەبوو لێزانانە پێکت ببەستابانەوە، ئینجا “مەودای نێوانم”، هەڵەیە، چونکە تۆ و ئەو، دوو کەسن، کەواتە “مەودای نێوانمان” دروستە، هەروەها “نەمابۆوە”، هەڵەیە، “نەمابووەوە”، دروستە.

 

 

 

 

هەشت: جێناوی لکاو ئیشی چییە

لە لاپەڕە سێزدەدا هاتووە:  (قوربان تۆ خەریکە من شێت دەکەیت، لەو قسانەی تۆ دەیکەیت تێناگەم، من هیچ شتێک دەربارەی تۆ نازانم، ئاخر تۆ تێم ناگەیەنیت، هەر ئێستا دەمەوێ واز لەو گاڵتەجاڕییە بێنیت و وەڵامم بدەیتەوە. ئەویش دەستێک بە ڕوومەتم دادەهێنێت و دەڵێت:…)، ئەو هەموو “من” و “تۆ”یەی لەم دێڕانەدا هاتووە، چییە؟ ئەی جێناوی لکاو ئیشی چییە؟ بەوە دەڵێم دیالۆگی ڕۆبۆتی، ئەگەرهاتوو وێنای ئەوە بکەین ڕۆبۆتێک بدوێت، ڕێک وەها دەبێت، بێهەست و بێگیان، ئینجا دەڵێن، “دەیکەیت”، بۆچی “دەیکەیت”؟ ئایا، “دەیانکەیت”، دروستتر نییە؟

 

نۆ: دەنگی گێڕەڕەوە

کاتێک دەنگی گێڕەڕەوە کە بەشێکی دانەبڕاوی گێڕانەوەیە، لەبری دەنگی کارەکتەرەکان، زاڵ دەبێت بەسەر فەزای گشتی گێڕانەوەدا، ئەوا بە خاڵێکی نەرێنی هەژمار دەکرێت. مەبەست لە دەنگی گێڕەڕەوە، هەڵوێستی ڕاستەوخۆی وەگێڕە لەمەڕ پرسەکان یاخود قسەکردنە لەبری کارەکتەرەکان. لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا، بەشێوەیەکی ئاشکرا گوێت لەو دەنگە دەبێت، لەپاڵ دەنگی تر. بۆ نموونە لە لاپەڕە سی و سێدا هاتووە: ( هەرچۆن بوو ئەو ڕۆژە زانکۆمان بەڕێ کرد، هەرچەندە من زۆرباش لە وانەکانیش تێنەگەیشتم، بەڵام ئەزموونێکی سەرەتایی خۆش بوو، وێڕای ئەو هەموو خوێندکارە گەمژەیە و وێڕای ئەو ڕووداوە سەیرەی بەسەریشمدا هات.)، یان لە لاپەڕە سیدا هاتووە: (کێشەکە لەوەوە دەست پێ دەکات، کاتێک مرۆڤ بەر بیری نوێ دەکەوێت! خۆشم زۆر جار ئەو ترسەم هەبووە، کاتێک بەر بیرێکی نوێ بکەوم و ڕاستەوخۆ بکەومە ژێر کاریگەرییەوە. سەر لەبەری یارییەکە لێرەدا دەگۆڕێت.).

 

دە: پێوانە و دڵنیایی

لە سەرجەم چیرۆکەکاندا هێندە بەدڵنیایی ئەندازە و پێوانەکان دەخرێتە ڕوو، وەکوو ئەوە وایە نووسەر مەترەیەکی لە دەست گرتبێ و زەوی و شەقامەکانی پێوا بێت! شتێکی تریش، لە دەقی ئەدەبیدا، ئەگەر ژمارەکان بە شێوازی ژمارەیی نەنووسرێن، هونەریترە. هەر وەکوو لە لاپەڕە پەنجا و هەشتدا هاتووە: ( دەچم بەرەو دەرەوە، ڕاڕەوێکی ١٠ مەتری، ژوورەکان بە دەستی چەپ و ڕاستدا دابەش دەکات،…)، یان لە لاپەڕە دەدا هاتووە: (… ڕۆیشتنم خێراتر دەکەم و تا مەودای نێوانمان دەبێتە دە مەتر…)، وە لە لاپەڕە چل و چواریشدا هاتووە: (منیش چوومە ژوورەکەی، ڕاڕەوێکی دوو مەتری بوو تا دەگەشتییە سەر هۆڵەکە، پێدەچوو باڵەخانەکە سەد و هەشتا یان دوو سەد مەتر بێت.)

 

 

 

یازدە: لێکچوویی چیرۆکەکان

سەرجەم چیرۆکەکان، فەزا و چوارچێوەیەکی هاوبەشیان هەیە، بۆیە هەست بە جیاوازییەکی وەها ناکەین لەنێوانیاندا، ئەوەش وای کردووە ببێتە هۆی دووبارەیی و لێک نزیکی هەندێک لە بڕگەکان، وەکوو لە لاپەڕە چل و چواردا هاتووە: ( کلیلەکانی لە جانتاکەی دەرهێنا، دەرگاکەی کردەوە، سێ جار دەبووا بەلای ڕاستدا بیسوڕێنێ تا دەکرێتەوە، نازانم بۆ وا بوو، پێم وابێ بۆ سەلامەتییە.)، یان لە لاپەڕە بیست و چواردا هاتووە: (…،بەڵام هەموو کات دەرگای سەربان  زۆر کێشەم بۆ دروست دەکات؛ دەبێ سێ جار کلیلەکە بەلای ڕاستدا بادەی تا دەکرێتەوە. باوکم هەموو کات شەوان کلیلی دەدات، نازانم بۆ، بەڵام پێم وابێ لەبەر سەلامەتییە.) هەروەها لە لاپەڕە هەشتدا هاتووە: ( قوفڵەکەم لابرد، هەنگاوی دواتر ئەوەیە، کێلۆنی دەرگاکە تا دەتوانم لەسەرخۆ بکەمەوە. زۆر بە هێواشی و بە چاوێکی خەوزڕاوەوە، هەوڵی کردنەوەی دەرگاکە دەدەم.)

 

دوازدە: خستنە دەرەوەی خوێنەر

زمان ئامرازە، هەتاکوو نووسەر، خوێنەری پێ بهێنێتە ناو دنیای دەقەکەی، نەک وەدەری بنێت. ئەوە خوێنەرە ڕاڤە و خوێندنەوە بۆ دەق دەکات و مانای جیاجیای لێ هەڵدەگۆزێ. لەم چیرۆکانەدا ئەوەندەی هەوڵدراوە زانیاری بخرێتە بەردەستی خوێنەر، ئەوەندە هەوڵنەدراوە خوێنەر بهێنرێتە ناو دنیای گێڕانەوە. هەموو شت گوتراوە، هیچ ڕووبەر و پانتاییەک بۆ خوێنەر جێنەهێڵراوە تا تێیدا بیربکاتەوە. بۆ نموونە، لە چیرۆکی”لە چاوەڕوانی پاسی پاڕادایسدا”، نزیکەی دە جار، “وا کاتژمێر”، بەکارهاتووە، ئەگەر ئەمە بۆ دروستکردنی دۆخی ترس و دڵەڕاوکێیە، بەم شێوەیە ناتوانی خوێنەر بخەیتە ناو ئەم دۆخە، ئەوەی ئێوە کردووتانە خوێنەرتان خستووەتە دەرەوەی دەقەکە، نەک پەلکێشی ناو دەقەکەتانی بکەن. خوێنەر، ئەگەر بەڕاستی خوێنەر بێت، با پێتانی بڵێم دۆستانە، ئەوا لەو دەقانە دووردەکەوێتەوە، چون زیندوو نین و ڕۆڵت پێیان نەداوە.

سێزدە: گواستنەوەی واتا

کاتێک، لەڕووی زمانەوانییەوە دەقێک هەژارە، ئەوا لەڕووی واتاوەش دەکەوێتە ناو هەمان دۆخی دەستکورتی و هەژاری، واتا هاوکێشەکە ڕاستەوانەیە. ئەم کۆمەڵەچیرۆکەش، چونکە لەڕووی زمانەوە لاوازە، لە هەوڵی گواستنەوەی واتاش لاوازە. وەکوو:

  • لە لاپەڕە سی و حەفتدا هاتووە: (دایکم بریانی کردووە. دایدەنێ لە بەردەمم،…)، لێرەدا، بریانی خواردنە لێ دەنرێ، ناکردرێ، دەبێ بنووسرێت”دایکم بریانی لێناوە.”
  • لە لاپەڕە پازدەدا هاتووە: (جەستەکەشی ئەمشەو دەیبەستێت و لەگەڵ زەویدا تێکەڵ دەبێت، من دڵنیام لەوە.)، جەستەی بەستوو چۆن لەگەڵ زەوی تێکەڵ دەبێت؟
  • لە لاپەڕە حەفتا و حەفتدا هاتووە: (…شاعیرەکە هەر دوای گوتنی شیعرەکەی ئەوێی بەجێ هێشت و ون بوو…)، لێرەدا شیعرەکە دەڵێ، یان دەیخوێنێتەوە؟ خۆتان لە لاپەڕە حەفتا و شەشدا نووسیوتانە (…پیاوێک لە ناوەڕاستی قەرەباڵغییەکەدا دەچێتە سەر بەردێک و شیعرێک دەخوێنێتەوە…).
  • لە لاپەڕە حەفتا و هەشتدا هاتووە: (هێدی هێدی بەفرم لەسەر هەڵدەنیشێ…. )، بەفر، نە کەڵەبابە، نە مریشک، تا هەڵبنیشێ. بەفر، دەکەوێ.
  • لە لاپەڕە شەست و هەشتدا هاتووە: “چاوەڕواننەکراوانە، قاقایەکی بەرز لێ دەدات”، لێرەدا بەکارهێنانی ئاوەڵناوی “بەرز” ناجۆرە، چونکە “قاقا” هەر بە سروشتی خۆی هەڵگری سیفەتی بەرزییە، ئەگەر وابێ دەبێ “قاقای نزم”یشمان هەبێت، نیمانە. کەسێک بەشێوەیەکی بەرز پێبکەنێت تەنها “قاقا”ی بۆ بەکاردێت، پێچەوانەی بزە و زەردەخەنەیە کە شێوەی ئارام و لەسەرخۆیە.
  • لە لاپەڕە پەنجا و پێنجدا، هاتووە: (…بەتانی سەر جێخەوەکەم دا بەخۆمدا و سەرم کرز کرد لەژێریدا…)، مەبەست لە کرز چییە؟
  • لە لاپەڕە چل و چواردا هاتووە: (گڵۆپی زەرد و بەرز بە دارتێلی شەقامەکەدا داکوترابوو، لای ڕاستی باڵەخانەکە دووکانێکی دەرمانفرۆشی بوو، ئەو دەرمانفرۆشانە تا بەری بەیان نیۆنەکانیان داگیرساوە.)، مەبەستتان لە دووکانی دەرمانفرۆشی چییە؟
  • لە لاپەڕە حەفتدا هاتووە: (ڕەنگدەرپەڕیو و دەسلەرزیو دەچم بەرەو لای باوکم)، “ڕەنگدەرپەڕیو”، نا،  “ڕەنگپەڕیو”، “دەسلەرزیو”، نا، “دەستلەرزیو”.
  • لەگەڵ ئەوەی گەیشت” و “گەشت” مانا و مەبەستی بەکارهێنانیان جیاوازە، کەچی لە زۆر جێدا، لەبری “گەیشت”، “گەشت” بەکار هاتووە، لە کاتێکدا گەیشت، فەرمانە، گەشت، ناوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە شەست و نۆدا هاتووە: (…تەڕایی لێوی گەشتە دەمم…)، لێرەدا “گەشتە دەمم”، هەڵەیە، “گەیشتە دەمم”، دروستە.
  • هەردوو وشەی “شەوەزەنگ” و “فریادڕەس”، بە هەڵە نووسراوە واتا بۆشاییان لەنێواندا کراوە. “شەوە زەنگ” و “فریاد ڕەس”. ئەمانە دەبێ بلکێنرێن بەیەکەوە، چونکە جیاکردنەوەیان مانا دەشێوێنێ.
  • لە لاپەڕە پەنجا و پێنجدا هاتووە: (شۆفێریم دەزانی، بەڵام هێندە نەمکردبوو بە باشی شۆفێری بکەم). لێرەدا مانا و مەبەست لە “هێندە نەمکردبوو بە باشی شۆفێری بکەم”، چییە؟ ئایا ئەم داڕشتن و ڕستەسازییە دروستە؟

 

 

 

چواردە: ناونیشان

ناونیشانی سەر بەرگی کتێبەکە بەم شێوەیە نووسراوە “درزێک لە پشت سەرمەوەیە”، لە کاتێکدا شێوە دروستەکە بریتییە لە “درزێک لەپشت سەرمەوەیە”.

 

پازدە: پاڕادۆکس

لە لاپەڕە شەست و حەوتدا، لەسەر زاری کارەکتەرێکەوە دەڵێن: (ئەدەب گێڕانەوەیەکی واقیعییە، لەسەر بنەمایەکی خەیاڵی، بە پێچەوانەی مێژووەوە.)، ئایا خۆتان پێڕەوتان لەم بنەمایە کردووە؟ هەر ئەم چیرۆکە “جگەرەکێشانێک لە دەرەوەی ئاهەنگەکە”، ئەگەر چەند ڕستەیەک هەیە لەناوی لای بدەی، زیاتر لە وتارێک دەچێت تا گێڕانەوەیەکی ئەدەبی.

 

شازدە: گۆڕینی ناونیشان

چیرۆکی “لە چاوەڕوانی پاسی پاڕادایسدا”، چوارەم و کۆتاچیرۆکی ئەم کۆمەڵەچیرۆکەیە. لە ماڵپەڕی کوردڕاوم، بڵاوبووەتەوە بە ناونیشانی “پاسەکە نە…گەیشت”. بۆچی ناونیشانەکەی گۆڕاوە؟ ئەوە بۆ منی خوێنەر پرسیارە.

——————————

پەراوێزەکان:

  • ( ١ ) ناونیشانەکەم، لە ناونیشانی کتێبەکەوە، داڕشت.
  • ( ٢ ) کۆتا دێڕ لە کتێبی (Nadja)ی، ئەندرێ بریتۆن.
  • (٥،٤،٣) لە کتێبی دنیای چیرۆک، لاپەڕەکانی ٣١ و ١٥.
  • ( ٦ ) لە کتێبی هونەرەکانی چیرۆکنووسین، لاپەڕە ٥٩.
  • ( ٧ ) لە کتێبی دەقناسیی ئەدەبی کوردی، لاپەڕە ٨٣.

——————

ن: ڕێزان فەتاح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟… ئێتگار کێرێت

ئه‌م ڕستانه‌ی ئێستا ده‌یاننووسم له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بینه‌رانی ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵم…