ئەی هاوار، جێ پێی دزی ئاوایی، زۆر لە جێ پێی چەکمەکانی کوێخا دەچێ؟!
ڕۆژێ لە ڕۆژان کە جێ پێی دزە لە ئاوایی بەجێ مابوو، ڕاست وەک جێ پێی چەکمەکانی کوێخا دەچوو، یەکێ گوتی: دز چەکمەکانی کوێخای دزیوە، یەکێ تر گوتی: نا، چەکمەکانی کوێخا و دزە لە یەک چوون، هەرکام بە شێوەیەک پاساویان بۆ ئەو ڕاستییە دەهێنایەوە.
شێتەکەی ئاوایی هاواری کرد: “خەڵکینە، کابرای دز، هەر کوێخایە”، خەڵکیی پێکەنین و دڵخۆشیی کوێخایان دەدایەوە کە ئەو شێتە و لە دڵی نەگرێت. بەڵام تەنیا کوێخا دەیزانی کە ئەو ڕاست دەکا و تاکە ژیری ئاوایی هەر ئەوە. لە سبەی ڕۆژەوە ئیدی کەس شێتەی نەدیتەوە، کەسیش هەواڵی لێ نەپرسی کە لە کوێیە و چی لێ بەسەر هاتووە.
کوێخا گوتی: خەڵکینە! دزە، شێتەی کوشتووە”. کوێخا ڕاستی کرد، بەڵام تێگەیشتنی خەڵکی بەینیان کێو و یاڵێکە. لەوانەشە لە چارەنووسی شێتەش دەترسان، چون لەو گوندە، زانین تاوانێکی گەورە بوو. دواجار هەموان هەموو ڕۆژێ بە هاتوهاوارەوە میوانی ماڵی کوێخا بوون”.