دوایین فیشەک…گۆران ڕەسووڵ

“ترسنۆک”

بە دەنگێکی گڕ و نێوچەوانێکی گرژ، بێ ئەوەی سەیرم بکات، وای پێگوتم.

لیوای فەرماندەکەمان بوو، باڵا بەرزەکەی بە هۆی ورگە زلەکەیەوە ناڕێک بووبوو، بەڵام هەمیشە پۆشتە و خاوێن دەردەکەوت.

“دەزانم دەستی سەت کەست ماچ کردووە بەس هەتا ئیستیقالە بدەی، ئەو چیرۆکەی دروستت کردووە زۆر بێ مانایە، بەهانەیەکە بۆ ترسن—-ئۆکی، خۆت”.

جاری دووەم کە ویستی پێم بڵێت ترسنۆک، بە هۆی قرپێکەوە ترسنۆکەکە دوو کەرت بوو، بە هەمان شێوەی ڕوحی من کە دوای تەقاندنی دوایین فیشەک بوو بە دوو پارچە، یەکێکیان لە بەردەم لیوایەکی باڵا بەرزی ورگ گەورە، کە بە دەم قرپدانەوەوە پێی گوتم ترسنۆک. ئەوەی تریان تێکەڵ بە خوێن و ئاو و تی ئێن تی بوو.

ئەگەرچی خۆی سپی بوو، بەڵام ناومان لێنابوو “بۆرە”. بیرم نییە کە چۆن و لەبەر چی ناومان نا بۆرە! ڕەنگە هی ئەوە بووبێت کە یەکەمجار دۆزیمانەوە، کەوتبووە بن تەپوتۆزی خانوویەکی داڕماو و تەواوی لاشەی تۆزاویی بووبوو. زیاتر لە هەمووان من و شێرۆ بە دەورییەوە بووین، ئەویش هەروا بوو بۆمان. شێرۆ تەواو شارەزایی هەبوو کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات.

“ئەوە لە جۆری سەگی هەوشارە، لای خەڵک زیاتر بە سەگی پشدەریی ناسراوە.” لە کاتی شوشتن و خاوێنکردنەوەیدا، شێرۆ ئەوەی گوت.

بیستبووم کە ئەم جۆرە سەگانە گەورە و بەهێز و ئازان، زیاتر بۆ پاسەوانیی و شوانکارەیی بەکاردێن. بەڵام کە یەکەمجار بۆرەمان لە کەلاوەیەکدا دەرهێنا، لاواز و ماندوو دیاربوو. دوای ماوەیەکی کەم هەموو هێز و توانای هاتەوە بەر، شێرۆ بەبەردەوام نیوەی خواردنی ژەمەکانی بۆ ئەو دادەنا. هەمیشە لە خەمی ئەودا بوو.

“نابێ لە ٥٠ کیلۆ کەمتر بێت، دەبێ ئەو لەڕ و لاوازییەی نەهێڵین و بیکەینەوە بە شێرەسەگ.” لە ماوەی چەند ڕۆژی یەکەمدا، شێرۆ بەردەوام ئەم چەند ڕستەیەی دەگوتەوە. ڕۆژێک پێشمەرگەیەک گوتی “شێرۆ ئەتو بەخۆت ٥٠ کیلۆی حیزی، ئەوە چییە ئەوەندە نانی دەدەیە ئەو سەگەی، هەندەک نانی بدە خۆت!”

لە سەرەتای ماڵەکانی گوندی بازگرتان بووین، شەڕی کۆڵان بە کۆڵانمان دەکرد. زۆرینەی ئەو داعشانەی کە لەو گوندەبوون یان هەڵاتبوون یان کوژرابوون. چەند قەناس بەدەستێکیان مابوون. لە ترسی نیشانەی قەناس بەدەستەکان، لەسەر زگ و لا بەناو کەلاوەی خانوەکاندا دەڕۆیشتین. لە پشت شێرۆ بووم، لە پڕ ئاوڕێکی دایەوە و گوتی “گوێت لەو نرکە و هووڕەیە؟” چاوەڕێی وەڵامی من نەبوو، ئەمجارە گوتی “ئەمە هی سەگە.” لە کەلاوەکەی پشتمانەوە ئەو دەنگە دەهات. کە ئەو شوێنەمان جێهێشت، وامزانی شێرۆش وەک من لای گرینگ نەبوو ئاخۆ سەگ، پشیلە، یان هەر گیاندارێکی تر لەناو ئەو هەموو کوشتار و ترسەدا نرکە و ناڵەی بێت. بەڵام کە گوندەکەمان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد، یەکەم شت شێرۆ گوتی “دێی بچین بزانین ئەو سەگە ماوە یان نا؟” ئەگەرچی ترسێکی زۆرمان لە بۆمب و تی ئێن تی چێنراو هەبوو، بەڵام چووین. لەناو بەرد و دار و تەپوتۆزی کەلاوەکەدا دەرمان هێنا، هیچ پەڵەی خوێن بە لاشەوە نەبوو، بەڵام بێ هەناسەیی هێزی لێبڕی بوو.

“داڵغەی چیت لێ داوە هەی ترسنۆک!”

بە دەنگێکی گڕ و توڕەوە هاواریکرد، بەڵام ئەمجارە بە یەکەوە وشەی ترسنۆک لە دەمی هاتە دەرەوە.

“دەزانم هەر وەک ئەو دەکەی. زۆر ڕقم لەو جۆرە پێشمەرگانەیە، کاتێک ترس دایان دەگرێت پەنا بۆ دروستکردنی قسە و چیرۆکی بێمەعنا دەبەن.”

نەمزانی ئەم “ئەو”ە کێیە؟ دیاربوو کە پێشتر قسەی کردووە و چیرۆکی کەسێکی دیکەی گێڕاوەتەوە کە هاوشێوەی من هاتووە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە. بەڵام من خەیاڵ بردبوومیەوە و نەمزانی چیرۆکی ئەو کەسە چۆن بووە. تۆ بڵێی ئەمیش دوایین فیشەکی هەر وەک من لە چەکەکەی دەرچووبێت؟

لە ماوەی سێ هەفتەدا، بۆرە بەهێز و گۆشتن و بە توانا بوویەوە. لەگەڵ هەموان ڕووی خۆش بوو و بە دەمیانەوە دەچوو. بەڵام بە تایبەت بۆ شێرۆ وەک منداڵێکی خۆی وابوو. چونکە من و شێرۆش زۆر بەیەکەوە بووین، بۆ منیش هەستێکی تایبەت و جیاوازی هەبوو.

هەر جارێک بۆرە خۆی لێم بخشاندایە و سەری خستبوایە ناو کۆشم، شێرۆ دەیگوت: “ئەوە بۆنی منت لێ دەکات.” “سەگ، بە دەیان هەزار جار هەستی بۆنکردنی لە ئێمە زیاترە.” لەگەڵ ئەمانە، شێرۆ هەندێک شتی تری دەگوت کە من هیچی لێ تێنەدەگەیشتم. هەمیشە سەرسام بووم بەو هەموو وردەکارییانەی شێرۆ لە بارەی سەگەوە دەیزانی! ڕۆژێک بە پێکەنینەوە پێمگوت: “تۆ سەگناسی، دەبوایە ناوت سەگۆ بوایە نەک شێرۆ.” لەوکاتەدا پێشمەرگەیەک بە لای ئێمەدا تێپەڕی و گوتی: “ئەدی، شێرۆ لەگەڵ سەگان خزم دەرچوو.”

بۆرە لە ناو کۆشکێکی گەورە و لەسەر کورسییەکی زێڕین دانیشتووە و تاجی پاشایەتی لەسەرە و شێرۆش وەک ڕاوێژکاری دەستی ڕاست لە تەنیشتییەوە، قیت ڕاوەستاوە. بۆرە هەر فەرمان دەردەکا و شێرۆش هەر بە قیتی و لە جێگەی خۆیەوە کلکی دەجوولێنێت و دەڵێت “بەڵێ گەورەم”.

کە کۆدەبووینەوە، پێشمەرگەکان، چیرۆکی لەم جۆرەیان دروست دەکرد بۆ ئەوەی شێرۆی پێ توڕە بکەن. جارجارەش یەکێک دەیگوت: “لەناو ئەو شەڕ و تاق و تۆقە، کەس ساحێبی قونی خۆی نییە، کاکم شێرۆش لە خۆی زیاتر خەمی ئەو حەیوانەیەتی.”

ئەوەی شێرۆ لەگەڵ بۆرە دەیکرد، بۆ من زۆرجار وزە و توانا بوو، لەبەرخۆمەوە دەمگوت هێشتا لەناو ئەو هەموو گوللـە و خوێن و کوشتنەدا، جوانییەک هەیە، هیوایەک بۆ ژیان هەیە. هەڵسوکەوتی شێرۆ لەگەڵ بۆرە، هی نێوان مرۆڤ و سەگ یان ئاژەڵێک نەبوو، بەڵکو زیاتر وەک دوو هاوڕێ دەردەکەوتن. زۆر جار هەر وەک یەک کەس دەمبینین. بۆرە، هاوشانی شێرۆ، لەم  دەشتە دووكەڵدار و خوێناوییەدا بۆ من بووبوو بە دڵنەواییەک.

نزیکی بەنداوی موسڵ بووبووینەوە، لە نێوان گوندەکانی مەسریج و تینبە بووین، زیاتر لە دە ڕۆژ بوو هیچ جموجۆڵێک لە ئێمە و لە داعش نەبوو. هەر وەک ئەوەی کە سەربازانی جەنگی جیهانیی یەکەم بین و لە بەرەکانی ڕۆژئاوا ئاگربەستی کریسمەسمان ڕاگەیاندبێت، تەنانەت دەنگی یەک فیشەکیش خۆڵ و تۆزی ئەم دەشتە گەرمەی تێکەڵ بە هەوا نەدەکرد. بەڵام ئەمە نیشانەبوو بۆ ئەوەی کە ئەم بێدەنگییە، قیژەیەکی تیژ و درێژ بەدوایی خۆیدا دەهێنێت. بەیانییەکی زوو ئینزار دەرکرا کە بەرەو قۆڵی چەپ پێشڕەویی بکەین. بۆرە، گورج لە نێوان شێرۆ و مندا دەهات و دەڕۆیشت.

“شەڕێکی قورس لەبەردەماندایە بەڵام دڵنیام ورەتان بەرزە و ئامادەی سەرکەوتنن. سەرۆک دەستخۆشی تایبەتی بۆ ناردوون و چاوەڕێی هەواڵی سەرکەوتنمانە.”

هەموومان ئەم ڕستەیی کۆتاییمان لەبەربوو. هەمیشە لیوای فەرماندەکەمان بەر لە هەر پێشڕەوییەک ئەم درۆیەی دووبارە دەکردەوە. ڕەنگە بۆ من ئەمە درۆ بێت، بەڵام بۆ زۆرێک لە پێشمەرگەکان ئەم ڕستەیە وەک دەرمانێکی سڕکەر وابوو، وەهمی پیرۆزی دروست دەکرد. نزیکەی پێنج کاتژمێر بێ وەستان شەڕمان کرد، بەڵام پێشڕەوییەکەمان زۆر کەم بوو و نۆ هاوسەنگەرمان بوون بە بەشێک لە خوێناوی ئەم دەشتە وشەکە و زۆرێکیش برینداربوون.

“ها، چی؟ بۆرە!، یەکجاریی ناوتان لێنابوایە ترسنۆک، چونکە هەر ئەوە شایەنی خۆتان و سەگ و چیرۆکەکەتانە”. سەیرێکی نووسراوەکەی بەردەمی کردوو. لەناکاو هاواری کرد “ئەو چایە حیزە چی بوو نەهات، کوڕی کەر.” لەسەر ئەم توڕەیەش سەرێکی منی کرد و بە بزەیەک کە زیاتر بۆ گاڵتەکردن بوو، هاواری لە چایچییەکە کرد و گوتی: “ئەو چایە بێنە، هەی کوڕی بۆرە سەگ.” ویستم بڵێم: “گەورەم، تۆ بێ ئەوەی لە چیرۆکەکە ورد ببییتەوە تەنیا هەر لەبەر خۆتەوە دەڵێی ترسنۆک. چیرۆکەکەی من ترسنۆکی نییە، بەڵکو ئەوپەڕی پیسیی و ناشیرینیی مرۆڤە لە بەرانبەر هاوڕێ و هاوسەنگەرەکەی. ئێوە چونکە خۆتان ترسنۆکن بۆیە تەنیا لەو ترسەی هەتانە شتەکان دەبینن.” وام نەگوت، چونکە ترسام و دڵنیا بووم بە بیستنی ئەم قسانەم دوور نییە فیشەکێک لە نێوچاوانم بدات. بەڵێ تەنیا لەم بەشەدا ترسنۆک بووم لەوەی کە دەمەوێ بیڵێم و بیکەم. ئەگەرنا هیچ کەسێک هێندەی من بە جەرگ نەبووە و نییە. ڕاستییەکەی بێ جەرگ! چونکە ئەوەی من کردم، لای خەڵک قارەمانییەتییە، بەڵام لای من، ئەوپەڕی بێ دەسەڵاتی و بێ باکیی بوو.

خەریکی ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکەمان بووین، بۆرە، هاوکاری من و شێرۆی دەکرد، وەها ڕاهاتبوو کە ئاماژەت بۆ هەر شتێک کردبا، خێرا و گورج بۆی دەهێنایت. لە چاوی بۆرەدا شێرۆت دەبینی، شێرۆ بە ڕوحە پڕ وزە و جوانەکەی. “لەیەکتان جیاناکەمەوە” شێرۆ بەم قسەیەی من بزەیەکی کرد، بەو شێوەیەی کە دڵخۆشی دەستکەوت و سەرکەوتنێک بێت.

“بەچی پێدەکەنی، هەی بێغیرەت؟ دەزانی بەو داواکارییەت تووشی چ شەرمەزارییەکم دەکەی! نازانی کە ئەمە مانای چییە! ترسنۆکانە لەبەردەمم ڕاوەستاوی و منیش دەبێ ئیمزا لەسەر کاتب و داواکاریی بۆ ئەم شەرمەزارییە بکەم.” ویستم بڵێم، گەورەم قسەی بەڕێزت ڕاستە، ئەمە شەرمەزارییە، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی من دەستلەکاردەکێشمەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی من ڕوحی خۆمم پێکا و پارچە پارچەم کرد. ئەمەم نەگوت، چونکە لیواکەمان ڕاستی گوت کە ئێستە کاتی بزە و خەندە نییە. بەڵام ئەو تەنیا دەموچاوێکی ماندوو و بێدەنگانەی دەبینی، ئەو بیر و ڕوحە بریندارەی نەدەبینی کە ئازاری ویژدان خستوویەتییە ناو زیندانێکی تاریک و پڕ  لە گورگی برسی!

بەرەو ڕۆژئاوای بەنداوی موسڵ کەوتینە ڕێ، هەمووان دەیانزانی کە شەڕێکی قورس لەبەردەماندایە، شێرۆ زوو زوو ئاوڕی بۆ بۆرە دەدایەوە، ئێمە لە پشتی پیکاپێکی ڕەنگ عەسکەریی سواربووبووین. تا دەمەو عەسر، دوو گوند یان ڕەنگە زیاترشمان کۆنتڕۆڵ کرد.

“دڵت بەوە خۆش نەبێ، ئەمە خۆی لە پلان دەچێت!”

گوتم بۆچی وا دەڵێیت؟

شێرۆ دەستی بە سەری بۆرەدا هێنا و وەڵامی دامەوە: “پلانەکانی شەر هەمیشە کورتخایەنن، هەندێکجاریش لەناو جەنگدا پلانەکانت لێ دەبن بە دوژمن.” ویستم بڵێم نا، وانییە، ئەمە دەستپێکی کۆتایی ئەم شەڕەیە. بەڵام بە ڕوانیم لە چاوەکانی شێرۆ کە سەیری چاوەکانی بۆرەیان دەکرد، ڕاڕاییەک کەوتە گیانمەوە، وەک ئەو کەسەی کە پزیشک پێی دەڵێت “بەداخەوە، شێرپەنجەی خوێنت هەیە”، هەموو جەستەم بوو بە پۆلوویەک لە ئاگر.

شێرۆ برینداربوو، شێرۆ برینداربوو

هاواری “شێرۆ برینداربوو” هێشتا لە ناو کەللـەی سەرم دەنگدەداتەوە، دەمێک جنێو بەخۆم دەدەم کە چۆن شێرۆم بە برینداریی بەجێهێشت، دەمێکیش خەیاڵ دەمباتەوە، کە ئایا شێرۆ مردووە یان بە برینداریی کەوتووەتە دەستی داعش. بۆ من هەر ئەوە بەس نەبوو، بۆرە! بۆرەش لە هیچ لایەکەوە دیار نەبوو. وەها پەرتوبڵاوبووبووین کە لە کاتی پاشەکشێدا هەر گروپە و بە ئاراستەیەکی جیاواز ڕۆیشتبووین. بۆرە لای هیچ یەک لەو گروپەکان نەبوو. وەک بارینی تەزرەیەکی بەهێز، لەناکاو لە سێ لاوە هێرشیان کردینە سەر، جگە لە پاشەکشێ هیچمان لەبەردەمدا نەبوو. هەمووان بیریان لەوە دەکردەوە کە ئایا چی بکەین، دووبارە پێشڕەوی بکەینەوە؟ یان چاوەڕێ بین ئەوان هێرش بکەن و ئێمە خۆمان بۆ بەرگریی ئامادە بکەین؟ بەڵام من خەیاڵم لی شێرۆ و بۆرە بوو کە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا، یەکێیان بە برینداریی و ئەوەی تر بە نادیاریی لێم ون بوون!

سەنگەرەکانمان توندکردەوە، ئەمجارە بە دووربین نا، ئاوها بە ئاساییش، جووڵەی داعشەکانمان دەبینی، ئەوەی کە لە نێوانمان بوو ڕێڕەوی ڕووبارێکی بچووک و پردێکی کۆن. من لە یەکێک لە خاڵەکانی پێشەوە بووم، کلانشینکۆفێک و چەند ڕوومانەیەکم پێبوو. بەڵام ئەوانەی لام نەبوون، شێرۆ و بۆرە بوون!

“چەک و فیشەکەکانت تەسلیم کردووەتەوە؟”

بەرلەوەی بڵێم بەڵێ، بڕیارم دا هاواربکە و کەمێک لە ئازاری ناخ و ویژدانم بهێنمە دەرێ و بڵێم: “گوو بە فیشەک و چەک و خوزە، گوو بە جلوبەرگ و ئەستێرە و داڵەکانی سەری، گوو بەو پەنجانەش کە یەک فیشەک تەنانەت بۆ خۆشیش دەتەقێنێت.” هاوارەکەم نەکرد و بە کزی گوتم: “بەڵێ گەورەم.”

بۆ یەک هەفتە دەچوو ئەم سەنگەرانە یەک فیشەکیشی تێدا نەتەقیبوو، بەڵام لەناو خەیاڵی مندا ڕۆژانە دەنگی هەزاران فیشەک و بۆمب دەبیستران و لەگەڵ هەر دەنگێکیشدا شێوەی شێرۆ و بۆرە دەهاتەوە بەرچاوم.

“تەقەی لێکە، تەقەی لێکە”

پێشمەرگەیەک کە چەند سەت مەترێک لە پشت منەوە بوو، هاواری لە من کرد کە تەقە بکەم!

“وا بەرەو ڕوومان دێت، تەقە بکە، سەگە و تێ ئێن تیان لێ بەستووە.”

شتێک لەسەر پردەکەوە بەرەو ڕوومان دەهات، شێرۆم بینی، بە جەستە لاوازەکەیەوە، پەڕۆیەکی ڕەشی لە زگ و پشتی پێچاوە. گوتم: “شێرۆ زیندووە، ئەوەتا برینەکەی پێچاوە و لە داعشەکان هەڵدێت!”

“سەگە و تێ ئێن تیان لێ بەستووە.” “سەگە و تێ ئێن تیان لێ بەستووە.”

ئەمجارە بۆرەم بینی، گورج، لەسەر پردەکە بەرەو سەنگەری ئێمە ڕای دەکرد. دڵم خورپەی کرد، گوتم ئەمە نیشانەیە کە شێرۆ مردووە، ئەگەرنا بۆرە هەرگیز شیرۆ بەجێناهێڵێت!

دەنگی تەقەم بیست، لە پشت منەوە دەهات، بەڵام چونکە من لە پێشەوە بووم، هەر گوێم لێ بوو دەیانگوت “تەقەی لێ بکە، سەگە و تێ ئێن تیان لێ بەستووە.” وەک ئەوەی لە ناو خەونێکی لێل و ناخۆشدابم و دەستەکانم هەرچی قورسایی دونیا هەیە لێیان بەسترابێت، لە شوێنی خۆم سامگرتوو بووبووم.

لەم چەند چرکەیەدا من چەند ساڵێک ژیام، ئەم چرکانە هەر هی ئێستە نەبوون، گەڕامەوە بۆ ڕابردوو و داهاتووم تێدا بینی. بەڵام دەبووایە کۆتایی بەم خەیاڵانە بهێنم، یەک فیشەم تەقاند، لەناو دیمەنی پردی ڕووخاو و تێکەڵبوونی ئاو و خوێن و باڵای دووکەڵدا، شێرۆم بینی، بە بزەیەکەوە ماڵئاوایی لێ دەکردم. ڕوحی بۆرەم بینی، کە وەک فریشتەیەک لێی دەڕوانیم.

“ئەو چایە چی بوو نەهات، کوڕی سەگ…”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

کۆمەڵە چیرۆکی لەنێو گێژاوی ژیاندا بڵاو دەبێتەوە

گۆران سەمەد، بەمنزیکانە، دووەم کۆمەڵە چیرۆکی خۆی بە ناونیشانی ”لەنێو گێژاوی ژیاندا&#…