دووکانی ڕۆح فرۆشی… ئازاد عەزیزی

بێ‌گومان کەس ئەوندەی تەمەن نیە ئەویان دیبێ یان بەسەرهاتەکەیان لەبیردا بێ بەڵام هەموومان بیستوومانە و لە ڕاستیش‌دا کەس نەیدەزانی چەندی ڕاستە و چەندی هەقایەتە بۆیان ساز کردووە.

بۆخۆم لە سەردەمانی منداڵیم بە چەند جۆرم بیستبوو. جارێک باوکم بۆی گێڕامەوە کە ئەویش باوکی بۆی گێڕابۆوە. ئەو دە دوازدە ساڵان بووە و لەگەڵ هاوڕێکانی یانی منداڵەکانی دیکەی ئاوایی چوون بۆ گۆماوەکەی پەنای ماڵان بۆ مەلێ کردن، بەڵام ئێوارێ بە تەنیا بە گریان و هاوار کردن دێتەوە. خەڵک کە بە دەم هاوارکەیەوە دەچن، دەبینن منداڵەکانی دیکە هیچیان زیندوو نین و ڕۆحیان لەبەر نەماوە. سەیر ئەوە بووە هیچیان نێو ئاوەکەش نەچوون و هەر تەڕیش نەبوون. ئەویش زمانی بەسترابوو، ڕەنگی بە ڕوخسارەوە نەمابوو و هیچی بۆ نەدەکوترا، تەنیا خودا دەزانێ چی دیبوو و چی کردبوو و چی قەومابوو و بۆ تەنیا ئەو زیندوو مابوو. هەر لە دوای ئەوەش خەڵک لە ئاوایی دەری دەکەن، تەنانەت دایک و باوکیشی حاشای لێ دەکەن. ئیدی نە کەس دیبووی و نە زانیبوویان چی بە سەر هاتووە و نە قەتیش خەبەرێکی لێ هاتبۆوە.

باوکم کوتی کە باوکی گێڕابوویەوە دوای ئەوەی دایک و باوکی وەدەریان نابوو، حاڵەتێکی سەیریان بە سەردا هات، وەک شێتیان لێ هاتبوو. خەڵکیش کوتبوویان ئەوە تووک و غەزەبی خودای گەورەیە.

کەچی جارێک دایکە ئایشێم یانی دایکی دایکم بۆ من و دایکمی گێڕاوە کە جوانی و تێگەیشتوویی ئەو منداڵە بەناوبانگ بووە، هێندە ژیکەڵە بووە ئینسان تێر تەماشای نەبووە خەڵکیش لەبەر ئێرەیی کوتبوویان ئەوە توخمی بەشەر نیە، تا ئەو لێرە بمێنێ هەر کارەساتی وا دەبێ و ئێرە جێگای ئەو نیە. دەنا هەموو دەیانزانی خەتای ئەو نەبووە و دایک و باوکە فەقیرەکەشی لە تاوی دووری ئەو شێت بوون.

جارجار هەقایەت و ئەفسانەی دیکەشم لەو بەسەرهاتەی دەبیست، بەڵام ئەوەی ڕاست بێت من پێم وابوو شتی وا هەر بوونیشی نیە تا لە ناکاو بوون بە ڕاست و ئەمجار بۆخۆی بۆی گێڕامەوە.

خێزانم پرسی: باشە بۆ گەڕاوەتەوە؟
کوتم: نازانم.

دەشمزانی، پێی کوتبووم. کوڕەکەم هەڵیدایە: حەتمەن هاتۆتەوە موڵک و ماڵ و زەویکانیان وەرگرێتەوە. خێزانم کوتی: ئاخە چۆن سەدان ساڵی دەبێ و ئاوا جەوان ماوە، دەڵێی تازەلاوە، وەڵا دەڵێی لە باوکت جەوانترە. کوڕەکم کوتی: ئەرێ ئەوە دەڵێی چی؟ ئەو ئینسانێکی ئاسایی نیە، ئەو جۆرە بەشەرانە پیربوونیان نیە. باوکمی فەقیر … .

خێزانم کوتی: خەڵک نایدوێنن، لێشی دەترسن، بەڵام هەمووی سووسەیانە و هەر باس، باسی ئەوە.

«ئازاد! من ڕۆژگارێکی دوور و درێژە لە سەفەردام. وڵات بە وڵات لە گەورەترین و باشترین زانستگەکان و ئەزموونەکانی پزیشکی تا ناخۆش‌ترین دەشت و چیاکان و کونەئەشکەوتەکان. تەواوی سەفەرەکانم بە شوێن وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بووم کە مەرگ و ژیان چین، مردن بۆ دەبێ هەبێ و بۆ نابێ بە دڵی خۆت و بە هەڵبژاردنی خۆت ژیان بکەی. چۆن دەتوانین بێ ‌ڕەنج و نەخۆشی بژین و چۆن مردن ڕاگرین. جوان لە من بڕوانە، بمبینە، ئەوە دەم و چاو و ئەندام و پێستی کەسێکی سەدان ساڵەیە؟! من توانیم مەرگ ببەزێنم ئازاد، ئەو زانستەم بەخۆڕایی بەدەست نەهێنا. ساڵها بە برسیەتی و نەبوونی خەریکی خوێندنی زانستیە سروشتی و پزیشکیەکان بووم و یان بە ڕووتی لەگەڵ سوورپێستەکانی ئەمریکا و موڕتازەکانی هیند و سیحرزانەکانی ئەفریقا ژیاوم. بەرپرسی گەورەترین ناوەندی تاقیکاری ئەورووپا بووم و ساڵیانێکی زۆریش دەروێشی ڕێبەرێکی ئایینی خەڵکی نیپاڵ بووم. تەواوی ڕاز و ڕەمزە سیحرەکانم خوێندووە و هەمووی شوێنە ئایینیەکانی دونیا چووم تا ئەو دەسەڵات و گەورەییەم وەدەست هێناوە. هەربۆیەش دەبێ تۆ بڕوام پێ بکەی و پشتیوانم بی. دەمهەوێ لێرە دووکانێک لە ماڵە قەدیمەکەی خۆمان دابنێم بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و زانست.

خێزانم کوتی: خۆزگە بمزانیبایە هاتووە بۆچی؟ وادیارە دەمێنێتەوە کەل و پەلێکی زۆری لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەرێ ئازاد بڵێی خۆی بێ؟!
کوڕەکەم کوتی: دەڵێ نێوم لازارووسە.
کوتم: ڕۆژگارێکی سەیرمان بەسەردا دێ، هیچ شتێک وەک جارانی خۆی نامێنێ، مانای هەموو شتەکان دەگۆڕدرێ.
پرسیم: دووکانی چی؟ وەڵامی داوە: ڕۆح فرۆشی»
باوکم کوتی: بریا ئەو نەبوایە، بەشکوو تەواوی ئەوانە درۆ بێ، ڕۆژگارێکی سەیرمان بەسەردا دێ، هیچ شتێک وەک جارانی خۆی نامێنێ و مانای هەموو شتەکان دەگۆڕدرێ.

دوای چەند ڕۆژ لازارووس ماڵە قەدیمیەکانی باوکی کرد بە دووکانیک و لەسەر شووشەکەی نووسی: ڕۆح فرۆشی لازارووس. ئەگەر دەتانهەوێ قەت نەمرن و ژیانێکی نوێ‌تان دەوێ.

باوکم نەیدەهێشت من دایکم بەلای دووکانەکەشی‌دا بچین. بەڵام ئێمە و هەموو خەڵکی دەیانویست سەر لە کاری دەربێنن و بزانن چی دەکات. لەگەڵ دایکم بە دزی باوکمەوە دەچووین و جارجار چێشت و خۆراکیشمان بۆ دەبرد و یاریدەمان دەدا.

دووکانێک دانرابوو کە ڕۆحی لێ دەستاندی و ئەو جۆرەی پێت خۆش بوو لە جەستە و ئەندامت دەکرد کە تەواوی نەیەت و مردنێکی بۆ نەبێت. ئاوا بوو کە نێوبانگی لازارووس و دووکانەکەی و عیلمەکەی بەخێرایی بڵاو بۆوە. خەڵک لە دوور و نزیک دەهاتن. جارێک کە من و دایکم لەوێ بووین و یاریدەمان دەدا، پیاوێکی 24، 25 ساڵان بە ماشێنێکی سەیر هاتبوو. جل و بەرگێکی گرانی زۆر جوانی لەبەردا بوو، ڕەنگی دەموچاوی سپی داگەڕابوو و هێندە کز بووئێسکەکانی لەژێر پێستی‌دا دیار بوون.

مێژووی بەختەوەری بنەماڵەی من لە مردن دەست پێ دەکات. تەواوی بیرەوەریە خۆشەکانمان لە مردنی براچکۆلەکەم دەستی پێکرد. شەش ساڵان بوو کە لەبەر سەختی و قورسی کاری کارخانەیەک‌دا کە هەمووی خەڵکی لای ئێمە و بنەماڵەی ئێمەش لەوێ‌دا کاریان دەکرد، گیانی دا.

ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کارخانە پارەیەکی زۆری دا بە باوکم. ئەوان دەیانویست ئاوا بۆ خەڵکی بسەلمێنن ئەو کرێکارانەی لەژێر سەختی و قورسی کارەکەیان گیان دەدەن، بۆ کارخانەدارەکان خۆشەویستن و ئاوا دەمی خەڵک و باوکی منیان پێ بەست.

بەڵام لە مردنی براکەی من‌دا نهێنیێک بوو کە تەنیا بنەماڵەی خۆمان دەمانزانی. باوکم هەر پارەکەی وەرگرت، من و دایکم و پێنج خوشک و براکەمی برد بۆ شار و جلوبەرگی جوانی بۆ کڕین و تلوبزێنێکی 21 ئینج و ڕاخەرێکی نوێ‌شمان کڕی. ڕاخەرەکەی پێشوومان بە قوڵپاوی خوێنی گەرووی براکەمان وا مرد، زۆر پیس ببوو. من و باوکیشم ئێوارەیەک بە دز خەڵکی ئاوایی چووین و لە چۆمێکمان فڕێ دا.

بەڵێ ئێمە بە جل و بەرگی جوان و خواردەمەنی خۆش گەڕاینەوە ماڵێ و هەموو ڕۆژێک جێژنمان دەگرت و تا درەنگانێکی شەو چاومان لە تلوبزێن دەکرد و خۆراکی چاکمان دەخوارد. بێچارە برا چکۆلەکەم کە ڕۆژێکی خۆشی لە ژیانی‌دا نەدیت بەڵام مردنەکەی بووە هۆی خۆشحاڵییەک کە قەتم لە ماڵی خۆمان‌دا نەدیبوو. پارەکانمان کە تەواو بوو، دووبارە کەوتینە ناخۆشی و چاوەڕێی پارەیەکی دیکەی وا بووین بێتەوە و خۆشییەکان و جێژنەکانمان بەردام بێتەوە. ئینسان چەند زوو بەو ژیانەی وا نەیبووە خوو دەگرێ.

چەن حەوتوو دواتر زانیمان خوشکێکمان نەخۆشە، بەڵام نەیدەهێشت ئێمە بزانین. ڕەنگی ڕوخساری سپی داگەڕابوو و چاوەکانی زەرد ببوون و هێندە کز و لاواز ببوو ئێسکەکانی لەژێر پێستی دیار بوون و قوڵپاوی خوێن لە گەرووی دەردەهات. بەڵێ هەر وەک براکەمان و دواجار وەک هەموو ئەندامەکانی بنەماڵەکەم. باوکم بە پارەیەکی باش کە لە کارخانە وەک قەرز وەرمان گرت بیمەی کرد و هەر لە ئیدارەی بیمەش خوشکەکەی دیکەمانی نیشان دان. لە دوای مردنی ئەویش پارەیەکی باشمان وەبەرکەوت و باوکم بردمانی بۆ شار و بە جلوبەرگێکی نوێ و خۆراکی زۆر و تلۆبزێنێکی32 ئینج و ڕاخەرێکی نوێ گەڕاینەوە بۆ ماڵێ. ڕاخەرەکەی دیکەش کە بە قوڵپاوی خوێنی گەرووی خوشکەکەمان پیس ببوو، ئێوارێ تاریکان لەگەڵ باوکم لە چۆمەکەمان هاویشت.

هەموو جارێک جلوبەرگ و ڕاخەرەکە و تلۆبزێنەکەمان نوێ دەکردەوە و جار لەگەڵ جار خۆمان کەمتر دەبووینەوە.

ساڵهایە بە هێزی ئامێرێکی کارەبایی – میکانیکی دەژیم. ئەو دەزگا هێزدەرە لە ژێر دڵم لە نێو سینگم‌دا جێ‌ساز کراوە و تەواو کردەوەی ئەندام و جەستە و ژیانم بە دەست ئەوە. ئەو دەزگایە بە بەرنامەیەکی دیاری‌کراو یارمەتیی لێدانی ترپەکانی دڵم دەدا و دەبێتە هۆی چوونی خوێن و هێزگرتنی ئەندامەکانی دیکەی لەشم و هەر بەو جۆرەیە ساڵها زیندوو ماوم. دەنا منیش هەر وەک خوشک و براکان و دایک و باوکم زۆر لەوە پێش بە نەخۆشی میراتی کە لە بنەماڵەمان‌دا بوو، دەتۆپیم. نیوەڕۆیان بە خەونووچکەیەک شاڕژ دەبێتەوە و لە دوازدە تا دوازدە و چارەگی شەوێ وەک نیوەکووژاوە دەبێت تا بەیانی. هەموو بەیانیانیش لە شەش و سی خولەک تا شەش و چل دووبارە هەڵ دەبێتەوە و دوای چەند خولەکێک ئەندامەکانم هێز دەگرنەوە و دەتوانم لەسەر جێگاکەم هەستم. ڕۆژەکانم بە ڕشانەوە دەست پێ دەکات چون بڕێک لە خۆراک و خواردنانەی دوێنێ و دوێ شەو وا خواردوومن لە مەعیدەم‌دا دەمێنێتەوە و دەبێ بیڕێژمە دەرێ. دوایەش بە جگەرەکێشان دەچم بۆ سەر کارەکەم کە بانگی گەورەی شارە. کەس بەو حاڵەتەی من نازانێ، تەنانەت خێزان و دوو منداڵەکەشم. ڕواڵەت و ڕەفتارەکانم هەر وەک ئینسانەکانی دیکە وایە، وەک تۆ، وەک ئەو. چ پێویستم بە ڕۆحە، ڕۆحم بۆ چیە، ئێستا دەتوانم هەتا هەتایە بژیم و مردن ببەزێنم، تەنانەت ئەگەر بە جەستەیەکیش بێت کە دەست‌کردە.

هەرکەس دەهات لازارووسی پیرۆز دەیفەرموو: تەنیا هۆی تەواوبوونی ژیانی ئینسان و تێکچوونی حاڵەتی و خۆشیەکانی شتێکی ناپێویستە بەنێوی ڕۆح کە ناهێڵێ ئەو جۆرەی پێمان خۆشە، ئەوەندەی وا دەمانهەوێ بژین. ئەویش ڕۆحی لێ وەردەگرتن و لە شووشە چکۆلەکانی دەخستن و بۆ هەر کەسێک جۆرێک جێگری بۆ دادەنا.

جاری وابوو بیرم دەکردەوە ڕۆژێک دەبێ وڵاتێک تەرخان بکرێ و شووشە چکۆلەکانی وا ڕۆحەکانی تێدایە، لەوێ‌دا بینێژن.

لە منداڵییەوە کەسێکی بێ‌دەسەڵات بووم، نەک دەرەقەتی کەس نەیەم بەڵام ترسەنۆک بووم، هێندە ترسەنۆک کە ئەگەر شەڕیان لەگەڵ دەکردم تەنیا لە جێگای خۆم هەڵدەتروشکام تا ئەوانەی تێم‌هەڵدەدەن، ماندوو بن و بەجێم بێڵن. لە تەواوی ژیانم لە هیچ کارێک‌دا سەرکەوتوو نەبووم تەنانەت بۆ جارێکیش نەمتوانی کچێک ساز کەم. زۆرجاریش دەبوومە هۆی هۆیت هۆیت و گاڵتەی منداڵان و گەورەکان. بەڵام ئێستا نیوەی ڕاستی جەستەم کردۆتە ورچ یانی بەهێز و دەسەڵات‌ترین بوونەوەرێک کە هەیە. لە شانم تا لاقمی بەشێکی ئەندامم تەواو لە ورچە و ئیدی ئەو کەسە قوڕبەسەرە و تێهەڵدراوە نیم. هەر دوێنێ شەو لەگەڵ ژنێک سێکسم کرد، ژنەکە هەر زانیبووی ئەندامی پیاوەتیم ئەندامی ورچە، لێم دەپاڕاوە لەسەری تاقی کەمەوە. ئێستا ڕۆژگاری خۆشی و گەورەیی منە. هەرچی پێم خۆش بێت دەیکەم و هیچ کەس ناتوانێ دەرەقەتی کەسێک بێت کە نیوەی جەستەی لە ورچ ساز کراوە. ژنان و کچان ئێستا ئاواتەخوازی باوەشی منن و ئەو ڕۆژانە تەواو بوو بە دزیەوە خۆم لە کچان مات دەدا و خۆم پێ ڕاحەت دەکرد. ئەو کچەش وا هەمیشە خۆشم دەویست و نەمدەتوانی پێی بڵێم لەبەر چاوم بۆتە هیچ. ڕۆحم بۆ چیە، ڕۆح تەنیا دەبێتە هۆی خۆشەویستی بە کچێک و قەت نەتوانی پێی بڵێی. ڕۆحم بۆ چیە، کاتێک دەتوانم بە جەستەم هەر چیم دەوێ بە دەستی بێنم.

لەبەر هاتن و هوروژمی خەڵکێکی زۆر ئاوایی ئێمەش بوو بە شارۆچکە و دوایی بوو بە شار و جاربه جاریش گەورەتر و دەوڵەمەندتر دەبوو. دایکم کە هەمیشە ژنێکی تێ‌گەیشتوو بوو هەر لە پەنای دووکانەکەی لازارووس هۆتێلێکی گەورەی ساز کرد. لە پێش‌دا نێومان نا هۆتێل “ئازاد” و عەکسێکی گەورەی باوکم‌مان لە دیواری ناوەندی هۆتێلەکە هەڵواسی. بەڵام دوایی بە پێی جوانی شارەکە و یاسا نێومان نا “ژیانی نوێ”.

هەر ئاواش لەسەر دەروازەی شارەکەمان نووسرا: “بەخێر بێن بۆ ژیانێکی نوێ”. پارێزەرە دەوڵەتیەکانیش لە نێو خەڵکەکەدا ڕێک و پێکیان دەکەن و زوو زوو هاوار دەکەن: “بە فەرموودەی لازارووسی پیرۆز با لە پێش‌دا سەرۆکانی وڵاتەکان و شازادەکان و خاوەن شکۆکان بێنە ژوورێ. تکایە ڕاوەستن تا نۆبەی خۆتان بێت، جێگایان بۆ بکەنەوە.

هەموو جارێک پێم خۆشە ڕاچڵەکێم و بزانم ئەوانە تەواوی خەون و خەیاڵە و بیری قسەکانی باوکم دەکەومەوە «بەشکوو تەواوی ئەوانە درۆ بێ، ڕۆژگارێکی سەیرمان بەسەردا دێ، هیچ شتێک وەک جارانی خۆی نامێنێ و مانای هەموو شتەکان دەگۆڕدرێ».

خانمی خزمەتکاری هۆتێلەکە پێش ئەوەی بێت بۆ ئێرە پیاو بوو. لێرە لای لازارووس خۆی کرد بە ژن و تەواو وەک ژنی لێهاتبوو و کەسیش نەیدەزانی. لە ڕاستی‌دا هۆتێلەکەی دایکم کارەکانی ئاسایی نیە و زەحمەتێکی زۆری هەیە و ڕەنگە قەوەت و هێزی ئەوی پێویستە. زۆرجار لە ژوورەکاندا شتی زۆر سەیر دەبینێ وەک پێستی فرێ‌دراوی مار، هێلکەی قرژاڵ، قرقرە، کولک و موو، ئامڕازی سەیری کارەبایی، خوێن و تووک و ئێسکی ئاژەڵی سەیر و بگرە قەوزە و قوڕ و گیای نێو دەریاش و خاوێن کردنەوەی ئەوانە هەموو ڕۆژێک زۆر ئەستەمە. خانمی خزمەتکار هەر شەوێک لە ژوورێک لەگەڵ میوانێک کە خۆی گۆڕیبوو دەخەوت و هەر جارێک جۆرێکی تاقی دەکردەوە. دوێنێ بە دیتنی کوڵک و مووی ورچ لەسەر تەختە خەوەکە زانیبووی شەوێ ئەندام و باوەشی ورچێک تاقی دەکاتەوە. ئەمڕۆش بە دیتنی دوو سلەگووی زۆر سەیر لە ژوورێک‌دا هەستی کردبوو خاوەنەکەی ئاخۆ دەبێ چ باڵابەرز و ژیکەڵە بێ وا گووەکەی ئاوا خاوەن فۆڕم و ڕێک و پێک و بەنەخشەیە و بە دیتنی موچڕک و تەزووی خۆشی پێدا دەهات و خۆی جوان دەکرد بۆ ئەمشەوی. دانیشتبووم چاوێکم لە عەکسەکەی باوکم کرد کە بە دیواری ناوەندی هۆتێلەکەوە جاڵجاڵووکە دەوریان تەنیوە و بیری قسەکانی باوکم دەکرد: «بەشکوو تەواوی ئەوانە درۆ بێ، ڕۆژگارێکی سەیرمان بەسەردا دێ، هیچ شتێک وەک جارانی خۆی نامێنێ و مانای هەموو شتەکان دەگۆڕدرێ.

17 گوڵان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…