دوو… ئەرسەلان چەڵەبی

 

هاتبوومە دەرەوە، لە ڕاستەی کۆڵانێکی درێژ دابووم، کۆتاییەکەی دیار نەبوو، چوومە ناو کۆڵانێکی ترەوە، دوو کۆڵانی تری لێ دەبۆوە، لە ئاست خۆم چاوم بە ماڵێک کەوت، دەرگاکەی نیوەکراوە بوو، ماڵە کۆن و چۆڵ بوو، چاوێکم لە حەوشەی کرد، دوو بۆشکە نەوت نەبێ هیچی تر دیار نەبوو، هێندێک گسکە شینە بە تەنیشت دیوارانەوە شین ببوو، پەنجەرەکانیان شین بوو، ژەنگی هێنابوو، دەستم دایە دەرگای ژوورەوە، چوومە ناوەوە، پێشخانێکی لێ بوو، چێشتلێنەرێکی تیابوو، لێواری دەرگاکانی خوارەوەی ژەنگی هێنابوو، دوو ژووری تر هەبوو، یەک لای ڕاست و ئەوی دی لای چەپ، جگە لەو چێشت‌لێنەرە شتومەکی تری تیا نەبوو، دەستم دایە دەرگای چێشتلێنەرەکە و کردمەوە، پڕ بوو لە گوو مشک، چەور و چڵیک بوو، بۆنی دەهات، زەرداوێک بەو دیوارانەی دا وشک هەڵگەڕابوو، وەک شیلەش دەچوو، دەرگام پێوەدا، شکابوو، بە ئاستەم دەکراوە و جووت نەدەبۆوە، چوومە ژووری لای ڕاست و بەر پەنجەرەکەی، مێروە ڕەش پێیدا هەڵگەڕابوو. گەڕامەوە، خۆم بە ژووری لای چەپدا کرد، شووشەی پەنجەرەکان شکا بوون، پەپوولە پاییزە لە تەنیشت دیواران کۆ ببوونەوە.

_یەک دوو سێ چوار پێنج هاهانێ ئەوەتا، ئەوە شەش، کوا کوا ئەوە حەوت، هەشت نۆ نۆ نۆ نۆ ئەوە دە، یازدە، ڕووم لە پێشخانە کرد سێ دانەی ترم لە دەورووبەری چێشتلێنەرەکەدا دیت، بۆی چووم، ئەوە دوازدە سێزدە چاردە، پازدە شازدە حەڤدە هەژدە نۆزدە بیست بیست و یەک بیست و دوو بیست و سێ هاهانێ کوای ئەوەتا، ئەوە بڵێی چەند دانە بن؟ باشە بۆ ئاوا تێک هاڵاوە، ئەی ئەو شتە بۆرە چییە لە ناویان دایە؟ لای شێرە ئاوەکە گسکە وشکێکی لێ بوو و تاوم دایە، هێندەی چرپییەکم لێ کردەوە، تیژاییەکەیم پێوە نا، لێکم کردنەوە، یەک، ئەوە دوو، نا، ئەوە یەکە یا دوو؟ دادەی، باشە ئەوە بۆ وایە، دوو، ئەرێ دوانە، دە وەڵڵاهی وەمزانی سیان چوارێکن،  دەی ئەوە دوانی کەش، دەی دەی دەی ئەرێ چەند بوو؟ چەندم بژاردن؟ بیست و چەند؟ هەک گووی تێ بێت، خۆ لە بیرم چۆوە. چاوم بە دەرگای کەوت، کۆڵانم لێ دەرکەوت، چووم بڕۆم، چاوم وە مەستەراحی گۆشەی حەوشەکە کەوت، چوومە ناوی، وشک وشک بوو، سیمانێکی کۆن، شێرەی پێوە نەبوو، ئافتاوە شکاوێکی لێ بوو، کونی مەستەراحەکە وشک بوو، میز فشاری هێنا بوو، دەرم هێنا، فڕێم هەڵداشت، ڕێک بە گۆشەی دیوارەم دادا، ئاوێکی زەرد تۆزێکی زەردی دێنا لەگەڵ خۆی، میزە تەواو بوو، لەوێم کردەوە و دۆخینەم توند کرد، ڕەنگی کاسەی مەستەراحەکە سەوزێکی توند بوو، میزە ڕۆشتبووە خوارێ و کۆمەڵێک پەپوولە پاییزە بە کاسەی مەستەراوەکە دا خووسابوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *