دیوار.. ئانتوان چێخۆف

ئیڤان، کولفەتچی تایبەتی ئاغای بوکین لەو کاتەی کە خەریکی تاشینی ڕیشی ئاغاکەی بوو گوتی:
_ پیاوێک بە ناوی ماسڵەڤ هەر ڕۆژ دوو جار دێت بۆ خانەکەمان و گەرەکیەتی لەگەڵ ئێوەدا قسەبکات… ئەمڕۆش دووجار هات، دەیگوت زۆر دڕدۆنگە و پێشی ئێوەش وەک بەڕێوەبەر دامەزراوە….. دەیگوت کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ دەگەڕێتەوە… بنیادەمێکی سەیر و نامۆ بوو.
_ چۆن؟
_ هەرکاتێک کە دێت لە پێش دەرگاکە دادەنیشێت و ورتەورتی دێت (من نە خزمەتکارم، نە بەردەستی ئاغایەک تاکوو دوو کاتژمێری تەواو لەپێش دەرگاکەی لە چاوەڕوانییدا بمێنیت… من کەسێکی خوێندەوارم!… سەرباری ئەوەی ئاغاکەت ژەنەڕاڵە پێی ڕابگەیەنە، خەڵک هیچ ‌‌‌حەوسەڵەیان نەماوە لە چاوەڕوانیدا، سەرقاڵی ڕابواردنە؟!).
ئاغای بوکین کۆکی و گوتی:
_ هەق بەو بەڕێزەیە! تۆ جەناب، هەندێ کات زۆر بێ نەزاکەتیت! ئاغاکەت ئەگەر کەسێکی بەجێ و شوێن بێت و سەروسیمایەکی پاكژ و ڕێکوپێکی هەبێت ئەوا دەبووایە بانگهێشتی ژوورەوەت بکردایە… بۆ نموونە بانگهێشتی ژوورەکەی خۆتت بکردایە یان….
ئیڤان بە زەردەخەنەوە بەرسڤی دایەوە:
_ کەسێكی گرنگ نەبوو گەورەم! ئەگەر بۆ ئەوە تەشریفی ‌هێنابایە کە ئێوە وەک بەڕێوەبەر یان شتێکی دیکە دایمەزرێنن ئەوا لەپێش دەرگا لە چاوەڕوانیدا نەمدەهێشتەوە…. گەرەکم بوو پێی بڵێم؛ ئاخر بەڕێز، کەسانی لە تۆ ڕێکوپێکتر و سەروسیما سەلارتر لە پێش دەرگاکە ماتڵ دەبن و ورتەورتیان لێوە نایەت…. کاربەدەست هەمیشە کولفەتچی ئاغایە، کەواتە دەبێت چاوەڕێبێت و پرتە و بۆڵەی لێوە نەیەت و سەوات و خوێندەوارییەکەی بە ڕووی ئەم و ئەودا نە‌هێنێت…! ئاغاش، پێشبینی ئەوە دەکات کە دەبوو بۆ ژووری پێشوازی بانگهێشتم کردبا!… لەم ڕۆژگارەدا دونیا پڕی کەسانی قۆشمەیە…
_ ئەگەر ئاغای ماسڵەڤ جارێکی دیکە پەیگیری کرد بۆ ژوورەکەی من ڕێنوێنی بکە…
ئاغای ماسڵەڤ، دەقیق کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ هاتەوە… ئیڤان بۆ ژووری کاری ژەنەڕاڵ ڕێنیشاندەری بوو… ئاغای بوکین بەرەو پیری هات و پرسی:
_ ئێوە بەڕێز، ئاغای کینت بۆ ئێرەی ناردوون؟ بە ناسینتان بەختەوەرم! فەرموون دابنیشن، لەسەر ئەم جێگایە نەرمترە… وەک بزانم چەند جارێک تەشریفتان ‌هێناوە… پێیان ڕاگەیاندووم، وەلێ، وەلێ ببەخشن، پێدەچێت لێرە نەبووبێتم یان سەرقاڵبووبێتم. فەرموون سیگار بكێشن ئەزیزم… ڕاستییەکەی من پێویستم بە بەڕێوەبەرێکە… لەگەڵ بەڕێوەبەری پێشتر نەسازاین و دانوومان پێکەوە نەدەکوڵا، نە من پێشنیارەکانیم لەبەرچاو دەگرت، نە ئەو سۆز و ڕەزامەندی لە من بەدی کرد. بە گشتیی دوو کەسی ناکۆکبووین… هاهاها… ڕاستی تا چەند شارەزایتان هەیە لەم کارەدا؟ تا ئێستا ئیدارەی ‌هیچ موڵکێکتان کردووە؟
_ بەڵێ، ساڵێک پێش ئێستا لە موڵکی کیرشمایەر بەڕێوەبەر بووم. موڵکەکانی ئەویان هەڕاج-فرۆش کرد و بەندە ناچار بێ کار مامەوە… هەڵبەتە شارەزایی کاریم نییە، وەلێ بەشی کشتوکاڵم لە ئەکادیمیای ( ترۆسکی) تەواو کردووە… لەو باوەڕەدام خوێندنەکەم تا ڕادەیەک بێ ئەزموونییەکەم قەرەبوو بکاتەوە.
_ خوێندەواری چی بەڕێز گیان؟ ئەركێکی وەک سەرپەرشتیکردنی کاری کرێکاران و چاودێریکردنی جەنگەڵەکان و فرۆشتنی بەرهەمی دانەوێڵە و ساڵی جارێک ئامادەکردن و دابینکردنی خەرجییەکانی زەویەکە پێویستی بە خوێندەواری نییە! ئەوەی بەڕێوەبەرێک گەرەکە هەیبێت چاوی تیژبین و زمانی درێژ و دەنگێکی بڵندە…
پاش ئەوەی ئا‌هێکی هەڵکێشا درێژەی پێدا:
_ هەڵبەت خوێندەواری زیانی نییە… باشە، بگەڕێینەوە سەر بابەتەکە، بۆ موڵکە بچووکەکەم کە دەکەوێتە ناوچەی (ئارلۆسکایا) دەتوانیت لە نووسین و هێماکانی ئەم نەخشانە کەڵک وەربگریت. خۆم هەرگیز پێ ناخەمە زەوییەکەوە و لە سەرەتادا دەست ناخەمە کاری بەڕێوەبردنی موڵکەکەوە… زانیاریم لەم جۆرە کارانەدا چەشنی زانیاری ڕاسپلیویڤە کە تەنها ئەوەی دەزانی خاک ڕەشڕەنگ و دارستان سەوزڕەنگە… مەرجەکانی دامەزراندن پێم وابێت هەمان مەرجەکانی بەڕێوەبەری پێشووترە، واتە ساڵی هەزار ڕۆبڵ و هاوکات ئاپارتمانێکی نیشتەجێبوون و خواردن و گالیسکە، لەگەڵ ئازادیی ڕەها!
ماسڵەڤ بیریدەکردەوە (چ پیاوێکی دڵنشینە!). ئاغای بوکین پاشی کەمێک بێدەنگی گوتی:
_ تەنها شتێک بەڕێز گیان… ببەخشە، شەڕ لە سەرەتاوە و ڕێککەوتن لە کۆتایی، لە کاتی بەڕێوەبردنی موڵکەکەدا، ئازادی ڕەهاتان پێ دەدەم، هەر کارێک دڵتان خواستی بیکەن، بەڵام بە تکا پڕکێشیی هێنانی کەسی نوێ مەکەن. خزمەتکار دەرمەکەن و لە هەمووشت گرنگتر ساڵانە هەزار ڕۆبڵە و تکایە زیادی مەکەن.
ماسڵەڤ لەبەر خۆیەوە ورتەورتێکی کرد و گوتی:
_ ببەخشە قوربان، لە فەرمایشتی کۆتاییتان باش حاڵی نەبووم…
_ ساڵی هەزار ڕۆبڵە و داوای زیاتر مەکەن… قبوڵمە ئەگەر زیادی نەکەیت چەرخی ژیانت باش ناچەرخێت، بەڵام لەو باوەڕشدام کە هەرشتێک سنوور و ئەندازەی خۆی هەیە، ئەزیزم! کەسی پێشووتر ئەوەندە ڕێژەکەی بەرزکردەوە کە تەنها لە شوێنی فرۆشتنی خوری مەڕ لە موڵکەکەمدا پێنج هەزار ڕۆبڵی زیادکرد… و بە ناچاری ئێمە لە یەکتر جیابووینەوە. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جلکی هەرکەس لە چاوی خۆیەوە پتر لە جەستەی هەرکەس لە جەستەی خودی خۆیەوە نزیکە، هەق بەو بەڕێزە بوو، وەلێ ئەوەش قبوڵکەن کەنارهاتن و تاقەتهێنان لەتەک ئەو بارودۆخەدا بۆ من گەلێ دژواربوو. کەوابێت لە یادتان بێت بۆ هەر ساڵێک هەزار ڕۆبڵ… زۆر باشە، دوو هەزار ڕۆبڵ وەلێ زیاتر نا!
ماسڵەڤ بە چاوی سوور هەڵگەڕاوەوە بڵندبوو و گوتی:
_ بەشێوەیەک بەرخورد لەتەک مندا دەکەن وەک بڵێی لەگەڵ فریودەر و کڵاوچیدا بەرخورد دەکەن!… ببەخشە، بەندە ڕانەهاتووم ئەم جۆرە پەیڤانە بشنەڤم…
_ ڕاست دەفەرموون. هەر جۆر ئارەزووی دەکەی… من بەرهەڵستی کاردانەوەتان ناکەم…
ماسڵەڤ شەبقەکەی هەڵگرت و گورج لە دەرگاکەوە چووە دەرەوە. پاشی ڕۆشتنی ئاغای ماسڵەڤ، کیژەکەی ئاغای بوکین هات و لە باوکی پرسی:
_ چی بووە باوکە؟ سەرەنجام بەڕێوەبەری نوێت دامەزراند یان نا؟
_ نا ئەزیزم! زۆر گەنج بوو… واتە… زۆر ڕاستکار(١) بوو…
_ ئەمە زۆر باشە! ئیتر چیت دەوێت؟
_ نا کیژی خۆم. لە خودام داخوازییە ئێمە لە دەست کەسانی ڕاستکار بپارێزێت!… کەسی ڕاستکار یان شارەزایی لە کاردا نییە یان سەرکێش و زۆربڵێ… گژۆژن. هیوادارم چارەیان نەبینم! ئەم جۆرە کەسانە دزیت لێ ناکەن، دزیت لێ ناکەن؛ وەلێ کاتێک دەگۆڕێن، ئیتر وەک پاروویەکی چەور و نەرم لە چنگیان گیر دەبیت و دەستبەتاڵ دەمێنیتەوە… نا ئەزیزم! لە خودام داوایە گرفتاری ئەم ڕاستکارانەمان نەکات!
کەمێک بێدەنگ و پاشان گوتی:
_ ئەمڕۆ پێنج کەس تەشریفیان هێنا و هەر پێنجیان وەک یەک… ئەمەش لە بەدشانسی ئێمە! وەک ئەوەی هیچ ڕێگەچارەیەک نەبێت جگە لەوەی بەڕێوەبەری پێشوو بۆ سەر کار بانگهێشت بکەمەوە.

 

تێبینی:
١_ ڕاستکار؛ کەسێک ئەرکی سەر شآنی بە باشی ڕاپەڕێنێت.

سەرچاوە:
1_ داستان کوتاه : ديوار اثر آنتوان چخوف | Prowl in virtual world – parsseh.com

2_ ديوار اثر آنتوان چخوف – پرسه

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *