بێگومان دەستپێک لە هەموو دەقێکدا، یەکەم ئەڵقەی گرێدانی دەقە بە خوێنەر و یەکەم دەروازەی چوونە ناو دەقیشە لە دوای ناونیشان وەک ئاماژەیەکی گشتیی دەق. زۆر جار سیحری گێڕانەوەی ڕووداوێک لە سەرەتاوە، ئەو هەستە لای خوێنەر درووست دەکات، کە بە دوای ڕووداوەکاندا بچێت و کەمەندکێشی بکات. واتە لە سەرەتای دەقەوە، هەر تەنها گێڕانەوە یاخود سەرەتای باسەکان گرنگ نین، لەوە گرنگتر ئەوەیە چیرۆکنووس یاخود ڕۆماننووس، چەند دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دەستپێکەوە، خوێنەر بباتە ناو ڕووداوەکانی دەقەکە. گەلێک جار دەستپێکی دەقێک هەر لە سەرەتاوە ئەو تێڕوانینەمان بۆ درووست دەکات، کە بە دوای ڕووداوەکانەوە بچین. لە هەندێ دەقی چیرۆک و ڕۆماندا، دەستپێکی دەقەکە لە ڕووی سیحری گێڕانەوە و تەکنیکی داڕشتنەوە هێندە لاواز و ناهونەرییە، کە هەر لە سەرەتاوە خوێنەر درک بەوە دەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە چیرۆک و ڕۆمان نییە، بەڵکوو گێڕانەوەیەکی میللییانەی حیکایەتئامێزە و هیچ بنەمایەکی هونەری گێڕانەوەی چیرۆکی تێدا نییە. ئەگەرچی گێڕانەوە ڕەگەزێکی هاوبەشە لە چیرۆک و حیکایەتدا، بەڵام دواجار گێڕانەوە لەم دوو ژانرە لە ڕووی بوونیادی هونەرییەوە تەواو جیاوازن لە یەکتری. چونکە چیرۆک ژانرێکی ئەدەبیی هاوچەرخە بە بەراورد لەگەڵ حیکایەت و ئەفسانەکان. کە ڕەنگە مێژووەکەیان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە. ئەگەر چیرۆک بێ هەموو ئستاتیکایەکی زمان و دەربڕین، تەنها لە گێڕانەوەدا کورت بکەینەوە، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان چیرۆک و حیکایەتدا نامێنێتەوە. ئەوە ئیستاتیکای زمان و بینای هونەریی چیرۆکە، چێژی خوێنەوە بە خوێنەر دەدات نەک گێڕانەوە بە تەنها. چونکە ئێمە لە حیکایەت و ئەفسانەکانیشدا بەر گێڕانەوە دەکەوین، کەواتە بۆچی هەمان ئەو چێژەی چیرۆک و ڕۆمانێکمان لا درووست ناکەن؟.بێگومان ئەمە پەیوەستە بە هونەری چیرۆک و تەکنیکی گێڕانەوە کە دەبێ چیرۆکنووس زۆر وردبینانە درکی پێ بکات. چیرۆکی (دوایین شەوی مینا) یەکێکە لەو چیرۆکانەی، دەستپێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. خوێنەر کاتێ ناونیشانی ئەو چیرۆکە دەبینێت، بەر دەلالەتێکی پرسیارئامێز دەکەوێت، کە دوا شەوی مینا دەبێ چۆن بێت؟ چی ڕووی دابێت؟ ئەم دەستپێکە پرسیارئامێزە، خاڵێکە کە لێیەوە خوێنەر دەچێتە ناو ڕووداو و گێڕانەوەکان. لەو چیرۆکەشدا، خوێنەر لە دەستپێکی دەقەکە، ئەو پرسیارەی لا درووست دەبێت، کە مینا کێیە؟ دوایین شەو لە ژیانی ئەودا چی ڕووی داوە؟ ئیدی لێرەوە دەچینە ناو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە. مینا کە کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە، کەسێکی جووت ڕەگەزە (نێرەمووک). ئەم دۆخە بایۆلۆژییە، وای لێ کردووە لە ئاستی دەروونی، ڕۆحی و خێزانی هەست بە تێکشکاندنێکی گەورە بکات. ئەمەش، دۆخی ڕۆحی و سایکۆلۆژیی هەموو ئەوانەیە ک ەلەو جۆرە ڕەگەزە تێکەڵەن، بە تایبەتیش لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، پێچەوانەی کۆمەڵگەی خۆرئاوایی، کە ئەمە بەشتێکی ئاسایی دەبینن. ژیانی مینا، لە چوار دیواری ژوورێکدایە هاوشێوەی زیندانییەک. لە ماڵەوە ڕێگەی نادەن بچێتە دەرەوە، تەنها دەتوانێت جارجارە لە پەنجەرەی ژوورەکەوە سەیری دەرەوە بکات. ئەو باجی هاتنە بوونێک دەدات، کە دوور لە خواستی خۆیەتی. (مینا تا ڕۆژێک بەر لە مردنی ئاسمانی نەبینی، هەر وای دەزانی دونیا تەنها ئەو چەند ماڵەیە کە کەوتوونەتە قەدپاڵی ئەو شاخەوە). تاکە کەسێک دڵنەوایی بکات، کاکیەتی کە فێری خوێندنەوە و نووسینی دەکات. وەلێ مانەوەی مینا بەو دۆخە بایۆلۆژییە، هەمیشە بۆ ڕێحانەی دایکی مایەی شەرمەزاری و نەنگییە. بۆیە ڕۆژێک مەلا جەمیلی مەلای مزگەوتی گەورە، لەگەڵ ئاپۆڕایەک لە خەڵک هەڵدەکوتنە سەر ماڵی مینا و داوا لە کەسوکاری دەکەن بیکوژن. چونکە مانەوەی ئەو بوونەوەرە نامۆیە، مایەی نەهامەتی و ئاشووبە. ئەگینا بەر نەفرەتی خوا دەکەون، دڵۆپێک باران بە هۆی ئەوەوە نەباریوە. کاکی گەرچی ئەویش هاوشێوەی مینایە، وەلێ دیوە پیاوەکەی زیاترە بە پێچەوانەی مینا، کە دیوە ژنانەکەی زاڵترە، دژی مەلا جەمیل دەوەستێتەوە و بەرگری لە مینا دەکات، کە هیچ تاوانێکی نییە و خوا وەهای درووست کردووە. وەلێ ئەوان هەر سوور دەبن کە نابێ نێرەمووکێک لە گوندەکەیان بێت، چونکە بەر نەفرەتی خوا دەکەون. تا دواجار ڕێحانەی دایکی، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی مەلا جەمیل و داوا لە کاکی دەکات کە دەبێ (هەر ئەمشە و ئەو کارە تەواو بکات). واتا مینا بکوژێت. ئەمیش دواجار مینا لە ماڵ دەباتە دەرەوە لە چۆڵەوانییەکدا تفەنگێک دەنێت بە میناوە و دەیکوژێت. عومەر، گەرچی پەشیمانە لەو کارە و هەرگیزا و هەرگیز باوەڕی بەوە نییە مینا بکوژێت، وەلێ لە ژێر فشاری کۆمەڵگە، ڕێحانە، مەلا جەمیل، ئەو کارە دەکات. (مینا بە پێی خۆی بەرەو مەرگ دەکەوێتە ڕێ، بەرلەوەی فیشەکەکە بتەقێنم پەشیمان بووم، بەڵام تەقاندم و نام بە میناوە… تەنیا وشەیەک لە ژێر لێوەکانییەوە بە ئاستەم بیستم گوتی:عومەر). بەم جۆرە ژیانی مینا لە شەوێکدا کۆتایی دێت و خوێنی دەڕژێت. مینایەک کە تا مرد دەرەوەی نەبینی، کەسێکی ئاسایی نەبوو. لەو چیرۆکەدا، مینا نموونەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕووی بایۆلۆژی و جەستەییەوە هاوشێوەی ئەون. بە تایبەتیش لە کۆمەڵگە ئایینی و سوننەتی و دواکەوتووەکاندا. کە پیاوبوون بە هێمای ئازایەتی و گەورەیی و شکۆمەندیی دەزانن. بیرمان نەچێت ئەم جۆرە مرۆڤانە، کە دوور لە ویست و خواستی خۆیان درووست کراون و هاتوونەتە بوون، هەمیشە لە ترسی کۆمەڵگە، ناتوانن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن. هەمیشە بە مرۆڤێکی کەمتر لە مرۆڤی ئاسایی تەماشا دەکرێن. دەکەونە بەر شکانەوە، توانج، ئەتککردنی کەسی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت خێزانەکانیشیان بە شەرمەوە دەیانگرنە خۆ و تا بتوانن هەوڵ دەدەن ڕەگەزەکەیان بۆ ئەوانیتر ئاشکرا نەبێت. لە کاتێکدا، ئەوانیش هاوشێوەی هەر مرۆڤێکی دیکە، ئارەزووی ژیان دەکەن و دەیانەوێت بژین. تێمای ئەو چیرۆکە، یەکێکە لە جوانترین ئەو تێمایانەی کە کراوەتە بابەتی چیرۆکەکە. چیرۆکنووس، کەسایەتییەکی پەراوێزخراو، شەرمندە، تێکشکاو و نامۆی کردووەتە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. هەر ئەمەشە خەسڵەتی چیرۆکی جوان و سەرکەوتوو. چونکە یەکێک لە سیماکانی چیرۆک و ڕۆمانی سەرکەوتوو ئەوەیە، چەند شتە پەراوێزخراوەکان دەکاتە تێمای نووسین. ئەو شتانەی کە ڕەنگە بە لای زۆربەمانەوە بوون و نەبوونیان هیچ لە مەسەلەکان نەگۆڕێت و بە خەیاڵیشماندا نایەن. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، خەسڵەتێکی هونەریی دیکەی ئەم چیرۆکە ئەوەیە، کە کۆتاییەکی کراوەی هەیە. واتە چیرۆکنووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، خاڵێکی بۆ کۆتاییهێنانی گێڕانەوەکە دیاری نەکردووە. چونکە کاتێ مینا دەکوژرێت، بکوژی مینا دەڵێت: (گوێم لە دەنگێک بوو، کە لە دوورەوە بەرەبەرە نزیک دەبووەوە… وەرن دڵنیا بن لەم ڕێگەیەوە ڕۆیشتوون… بەم نزیکانە دەیاندۆزینەوە). لێرەوەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەشێ ڕووداوەکان لە دوای کوژرانی میناشەوە بەردەوامییان هەبێت. چونکە کەسانێک بە دوای ئەواندا دەچن و دەگەڕێن. بەمەش خوێنەر لە بەردەم بەردەوامیی گێڕانەوەی ڕووداوەکاندایە. دواجار دەڵێم، دوایین شەوی مینا، یەکێک بوو لە جوانترین ئەو چیرۆکانەی لە کۆی دەیان چیرۆک لەو ماوانەی ڕابردوودا، وەکو خوێنەرێک خوێندوومەتەوە. ئەمە دەڵێم، بەبێ ئەوەی چیرۆکنووسەکە بناسم و بینیبێتم.
*دوایین شەوی مینا، چیرۆک، نووسینی: تێکۆشەر خالید. ماڵپەڕی چیرۆک. chirok.net