[highlight]
پیاوەکە خۆنووسێکی[1] بۆ خۆی کڕی بوو. دوای ئەوەی کە چەندین جار واژۆی خۆی لەسەر کاخەزێک کرد و پاشان پیتی یەکەم و کۆتایی ناوەکەی و هەروەها ناونیشانەکەی و دواتریش چەند هێڵێکی شەپۆلدار و ناونیشانی دایک و باوکیشی لەسەر هەمان کاخەز نووسی، کاخەزێکی تازەی هێنا، بە سەرنجەوە قەدی کرد و لەسەری نووسی: “ئەم شوێنە بۆ من زۆر ساردە.” و دواتر نووسی: “دەڕۆم بۆ ئەمەریکای باشوور.” دواتر وازی لە نووسین هێنا، سەری خۆنووسەکەی بەست، بە سەرنجەوە سەیری کاخەزەکەی کرد و بینی کە مەرەکەبەکە زۆر لەسەرخۆ وشک و تۆخ دەبێتەوە. فرۆشگەکە دڵنیایی پێدابوو کە ڕەنگی مەرەکەبەکە ڕەش دەچێتەوە. دواتر دیسان خۆنووسەکەی هەڵگرت و زۆر بە سەرنجەوە ناوی خۆیشی لە ژێرەوە نووسی: پاوڵ
دواتر تەنیا لە هەمان شوێن دانیشتبوو. کەمێک دوای ئەوە لە کاتێکدا بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ڕۆژنامەکانی سەرمێزەکە سەرقاڵ بوو، چاوێکی خێرای بە ئاگادارییە سینەماییەکاندا گێڕا، بیری لە شتێک کردەوە، تەپڵەکەکەی خستە لاوە، ئەو کاخەزەی کە هێڵی شەپۆلداری لەسەر کێشا بوو، دڕاند، مەرەکەبی خۆنووسەکەی بەتاڵ و دووبارە پڕ کردەوە.
بۆ چوونە سینەما ئیدی درەنگ بووبوو. ڕاهێنانی گرووپی کور تا کاتژمێر نۆ درێژەی دەکێشا، هێلدیگارد بە دڵنیاییەوە کاتژمێر نۆ و نیو دەگەڕایەوە ماڵەوە. پیاوەکە چاوەڕێی هێلدیگارد[2] بوو. تەواوی ماوەکە لە ڕادیۆ مۆسیقا پەخش دەکرا. پیاوەکە ئێستا ڕادیۆکەی کوژاندەوە.
کاخەزە قەدکراوەکە ئێستا لەسەر مێزەکە، ڕێک لە ناوەڕاستی مێزەکەدا بوو و ناوی پاوڵ لەسەری بە ڕەنگی سوورمەی تێر خۆی دەنواند. جگە لەوە لەسەری نووسرابوو: “ئەم شوێنە بۆ من زۆر ساردە.”
باشە کەواتە هێلدیگارد ئیدی وردە وردە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، کاتژمێر نۆ و نیو؛ ئێستا کاتژمێر نۆیە. بە دڵنیایییەوە نووسراوی پیاوەکە دەخوێنێتەوە و ئەبڵەق دەبێت. بێگومان باوەڕ بە چیرۆکی ڕۆیشتنی بۆ ئەمەریکای باشوور ناکات. لەبەر ئەوە دەڕوات کراسەکانی ناو کەنتۆرەکە دەژمێرێت، بە کورتیی دەبێت هەڵەیەک ڕووی دابێت.
دواتر بە دڵنیایییەوە تەلەفۆن دەکات بۆ “یانەکانی مەیخواردنەوە”
“یانەکانی مەیخواردنەوە” چوارشەممان داخراون. هێلدیگارد بە ئەگەرێکی زۆرەوە بزە دەیگرێت، یان نائومێد دەبێت و ڕەنگیشە بە دۆخەکە ڕازی ببێت.
بە دڵنیایییەوە چەندین جار بسکەکانی بە ئارامی لەسەر ڕووخساری لادەبات و بە پەنجەی برای تووتەی دەستی چەپی، بسکی لای چەپی لا دەبات و دواتر بسکی لای ڕاست و دواتر هێواش هێواش قۆپچەی پاڵتۆکەی دەکاتەوە.
پیاوەکە لە هەمان شوێن دانیشتووە بیر لەوە دەکاتەوە کە دەتوانێت نامە بۆ کێ بنووسێت. لەسەر برۆشووری خۆنووسەکە، چۆنیەتی بەکارهێنانی خۆنووسەکە جارێکی دیکە دەخوێنێتەوە: – بە هێواشی بە لای ڕاستدا بیسووڕێنە- نووسینە فەڕەنسییەکەشی خوێندەوە و نووسینە ئینگلیزییەکەشی بە نووسینە ئەڵمانییەکە بەراورد کرد، دووبارە سەرنجی خستەوە سەر نووسینەکەی، بیری لە بنەخورماکان کردەوە، بیری لە هێلدیگارد کردەوە.
هەروا لە هەمان شوێن دانیشت.
کاتژمێر نۆ و نیو هێلدیگارد هاتەوە و پرسی: “منداڵەکان خەوتوون؟” و بسکەکانی بە ئارامی لە سەر ڕووخساری لادان.
پیتەر پێکسڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، لە ساڵی ١٩٣٥ لە لوتسێغنی وڵاتی سویسرا لە دایک بووە. منداڵیی و لاوێتی لە شاری ئۆڵتێن بەسەر بردوووە. پاشان بڕوانامەی زانستی پەروەردەیی بەدەست هێناوە.
یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی ‘خاتوو بڵووم دەیەوێت ببێتە هاوڕێی شیرفرۆشەکە‘ لە ساڵی ١٩٦٤ بڵاو بووە و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ناوی ئەو لە دونیای ئەدەبیاتدا بکەوێتە سەر زمان.
لە دوای ئەوە تا ساڵی ١٩٨٥ کە دیسان دەستی دایەوە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان، زیاتر سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەوانیی و ڕاوێژیاری سیاسی بووە.
پێکسڵ وەرگری خەڵاتی ئەدەبیی گرووپی ٤٧ـە و ئێستا لە شاری سۆلۆتووغنی سویسرا دەژی.
[1] خۆنووس: قەڵەمجاف، پاندان
[2] Hildegard
سەرنج: سان سەلڤادۆر، پایتەختی وڵاتی سەلڤادۆرە
[/highlight]