چیرۆک نێت
بە چاوپۆشین لە گفتوگۆی دووروودرێژی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی گەنج و پیر، نەوەی کۆن و نوێ درووستە یان نا، بەڵام میللەتان، نەوە دوای نەوە نووسەر بەرهەم دەهێنن، ئەم نووسەرانە وەک چۆن لە بیرکردنەوە و نووسینیاندا جیاوازن، ئاواش قۆناغەکانی نووسینیان جیاوازە.
بەشی فەرهەنگی ئاژانس لە تەوەرەیەکی تایبەتدا بەشێک لە چیرۆکنووسە گەنجەکان لەسەر پرسی شووناس، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان و خاڵە جیاکەرەوەکانیان لە نەوەی پێش خۆیان سەبارەت بە ״چیرۆک״ دەدوێنێت. لەم گفتوگۆیەدا، سیروان کەریم، چیرۆکنووس، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
پرسیار: چۆن دەتوانیت خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم نەوەی نوێیە دیاری بکەین، ئایا ئەم نەوەیە گەیشتووەتە شوێنێک لە چیرۆکنووسین، کە توانیبێتیان بە هەندێک خەسڵەتی گشتی هاوبەش بناسرێنەوە؟
سیروان کەریم: چیرۆک هەر دەیەیەک بە پێی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، تا ڕادەیەک خەسڵەتگیر و شکڵگیر دەبێ و لەو هێڵە باوە لا دەدات کە چیرۆکی پێش خۆی پێیدا تێپەڕیون، ڕەنگە ئەمە درەنگتر و خاوتر چیرۆکی کوردی بەرکەوتەی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا هەبووبێت. ئەگەر بەو مێژووە بچووکەی چیرۆکی کوردیدا بچینەوە، بە زەقی ئەو خەسڵەتانە دەبینرێن، کە تا ڕادەیەک مێژووی ساڵەکان بەرپرسن لەو باوییەتییە کە دەقەکانی تیا نووسراون. لە پاش ئەم نەوەیەش نەوەی دوای ئێمە، لەناو بۆتەی مێژووی دوای خۆیاندا بە فۆڕمێکی تر دەقەکانیان دەنووسنەوە. دەمەوێت بڵێم ئەم کرانەوەی ئەدەبیاتە دەستەمۆ نییە لە شوێنێکدا بووەستێت. یەکێک لە جوانییەکانی دەقی ئەم نەوەیە بە زمانی جیاواز دەنووسن و ئەمەیش کۆمەڵێک دەقی سرکی دروست کردووە کە هەندێکیان پێویستیان بە چەندجارێک خوێندنەوە هەیە. لەگەڵ ئەمانەیشدا بەشێک لەم نەوەیە بایەخ بەو پاژ و هێڵانە نادات کە چیرۆکی نوێ دەیەوێت، ئێستایش هەندێک لەم نەوەیە بڕوای بە پەیامی چیرۆک هەیە. بە بڕوای من ئەگەر چیرۆکنووس بە دوای پەیامدا گەڕا، ئەوا لە کتێبە ئاسمانییەکان و لە سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هەیە. ئێمە دەبێت تێڕوانینێکی ترمان بۆ چیرۆکی کوردی هەبێت، ناکرێت ئێستا دەق گرگن و بچووک بکرێتەوە و دەرخستە و مۆتیڤەکانی شەفاف و ڕوون نیشان بدرێن، بەو ئەندازەیەی شکڵێکی ڕیسالی و پەیامی هەبێت لە شێوەی وەحی و ئەم شتانە. ئەم نەوەیە قۆناغێکی باشی لەو مەعمەعەیە تێپەڕاندووە کە نەوەی پێش ئێمە کاری لەسەر کردووە و لەناویدا بووە وەک بازنەیەکی داخراو. یەکێک لە جوانییەکانی ئەم نەوەیە ئەوەیە نووسەرانیان حەز بە دەقی وەستاو ناکەن، لەم ڕووەوە ئەم نەوەیە هەنگاوێکی باشی ناوە کە جیاوازە لەگەڵ هەلومەرجەکانی دنیای نووسینی کلاسیکدا. زۆر بە کورتی چیرۆکی ئێستا خۆی بە فۆڕمێک مانیفێست دەکات، هارمۆنییەت و توانای خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ زەمەن و دەقێتیی دەقدا.
پرسیار: چیرۆکی کوردیی ئێستا، لە دیوە باوە کلاسیکەکەی وەڕسوڕاوە، تەکنیکی گێڕانەوەی چیرۆک، زمان، خەیاڵ بابەت گەشەی سەندووە؟
سیروان کەریم: هەموو ئەو بنەمایانەی کە چیرۆکی لەسەر بونیاد نراوە، گۆڕانکاریی گەورەیان تیا درووست بووە، چیرۆکی تازە ناتوانێت خۆی خەریک بکات بە کۆمەڵێک تایبەتمەندییەوە کە کۆن و پواون، کلاسیکییەت ئەو مۆرکە باوەی کە هەیبووە بە شکڵێکی تر لار بووەتەووە، جێگە و مەکانی لەقە بەرامبەر چیرۆکی تازە. چیرۆک ئەگەر پێشتر سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بووبێت، ئەوە ئێستا بونیاتی هاوسەنگی هەیە، خزمایەتییەکی باشی لەگەڵ هونەری سینەمادا هەیە، یان بونیادی بازنەیی، لە سەرەتادا گێڕەرەوە کۆتایی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە. چەندین گۆڕانکاریی تر لە ڕووی گێڕانەوە و زمانەوە بوونیەتیان هەیە، زمان ئێستا بە شکڵێکی تر جێگەی خۆی دەکاتەوە، یەعنی هونەرێکی تری لە چیرۆکنووس دەوێت، وەزیفەکەی جیاوازە لە زمان و زەمەنی ڕابردوو، کە چیرۆکی کۆن لەناویا بووە، چیرۆکی مۆدێرنە ناتوانێت خۆ خەریک بکات بە کۆمەڵێک بنەماوە کە مۆرکی کلاسیکییەتن. ئەمە ئەو قسەی ناتالی سارووتم بیر دەخاتەوە کە دەڵێ: « ئێمە ئەگەر بەو وەسفە کلاسکییەوە خۆمان خەریک بکەین کە نووسەرانی پێش ئێمە کردوویانە، کەواتە ئێمە تەنها لە جێگەی خۆماندا وەستاوین.» ئەم قسەیە لە زەمانێکی کۆندا گوتراوە، بۆ ئێستامان حەرام نییە گەر بڵێین چیرۆک لەو وێنە باوە هاتووەتە دەرەوە زمان دەوری شیعرییەت و وەسفی تیا بگێڕێت یان درێژدادڕی بکرێت لە گێڕانەوەدا، بە بڕوای من چیرۆکی ئێستا بە فۆڕمێک وەرسوڕاوە جێگەی دڵخۆشییە.
پرسیار: تۆ وەک چیرۆکنووسێک لە نووسینی چیرۆکدا چ شتێک زیاتر ڕاتدەکێشێ و بایەخی پێ دەدەیت، تەکنیک، زمان یان بابەتی چیرۆکەکەت، بێگومان کە هەموویان ڕەگەزی گرنگن، بەڵام زیاتر لە ڕووی تەکنیکییەوە لە چیرۆک دەڕوانیت یان، یان وەک بابەت و کەرەستە؟
سیروان کەریم: ڕەنگە تەکنیک لە سەرووی هەموویانەوە بێت. هەموو گۆڕانکارییەک لە دەقدا بەناوی جیاوازییەوە نابێتە تەکنیک، تەکنیک وردی و سەلیقە و دنیابینیی جیاوازی دەوێ. لە دەرەوەی تەکنیکیش ڕەگەزەکانی تریش ڕۆڵی گەورە دەبینن و پێگەیان هەیە و تێمای سەرەکیی چیرۆکن و تەواوکەری کوالێتیی چیرۆکێکی ڕاقین. من بۆ خۆم سەرەتا کێشەی بیرۆکەم هەیە، ڕەنگە دواتر ئیدامە بە فۆڕمی چیرۆکەکە بدەم. ڕێبازانی چیرۆکی نوێ قسەیەکیان هەیە دەڵێن: «بابەت گرنگ نییە، ستایڵ و فۆڕم گرنگن.» بۆ نووسینی چیرۆک بابەت پێش نووسینی چیرۆکەکە وەک کەرەستەیەکی خاو لە زەینی نووسەردا هەیە، ئەوە نووسەرە فۆڕم و شێوازی جیاواز بۆ بابەت هەڵدەبژێرێت. ئەم نیشاندانە هەموو ڕەگەزەکان دەوری تیا دەگێڕن، بەڵام تەکنیک ڕەنگە بۆ چیرۆکی ئێستا بناغەی هەرەمەکە بێت بۆ نووسینی چیرۆکی تازە خۆجێگەرەوە. ئەدەبی فەڕەنسی نوێ لە ئەنجامی ماڵوێرانیی جەنگەکانی دونیادا، گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بۆچوونی ئەدیبانی سەیر گۆڕی، ئەوان بڕیاریان دا ئەم کاولکارییانە بە شێوازی تازە و نوێ دەرببڕن و دوور بن لە تەقلیدگەرایی پشتر، ئالان ڕۆب گرێ پێی وا بوو شێوازی بەلزاکییانە ناتوانێت ناوەڕۆکی تازە دەرببڕێت. واتە ئەدەبیات بۆ ئەوەی تازە و نوێ بێت بیانوویەکی هەیە بۆ نوێبوونەوە، لە ئێستادا نابێت بڵێین نووسەران موعجیزەیان ئەفراندووە و چیرۆکیان گەیاندووە بە لووتکە، بەڵام هەنگاوێک نراوە بۆ دۆزینەوە و کەشفی هەندێک موعجیزەی نووسین، تا ڕادەیەک بە تۆخی هەست بەو دال و مەدلوولە دەکرێت، کە دەوران دەکەن بە دەوری موعجیزەکەدا.
پرسیار: ئەگەر چیرۆکنووسێک و چیرۆکێک پێشنیار بکەیت، دوای ئەم چاوپێکەوتنە، خوێنەران بیخوێننەوە، کام چیرۆکنووس و چ چیرۆکێکە؟
سیروان کەریم: سەخت و گرانە، بڕیار لەسەر چیرۆکنووسێک بدەیت، هەموویان دەخوێنمەوە و نەک جارێک، هەندێکیان چەندجارێک. پێوەرم بۆ خوێندنەوەی چیرۆکی نەوەی نوێ تەنها خوێندنەوەیەکی سەرپێیانە لە ئاستی هاوڕێیەتی و ئەو شتانە نییە، زۆرجار ئەم خوێندنەوانە سەر دەکێشێت بۆ ڕاگۆڕینەوە و تێبینیی ورد لەسەر ئاستی دەقەکان، بە تایبەت ئەو چیرۆکنووسانەی لێیانەوە نزیکم، من دڵخۆشم بەم نەوەیە و مەوهیبەیەک لە قەڵەمی هەندێکیاندا هەیە، کەم نا زۆر جێگەی دڵخۆشییە، حەتمەن لە پاڵ ئەمانەیشدا زبڵنووس و بازاڕینووسیش هەن و هیچ جێگەیەک ناگرن بۆ ئەدەبیاتی ئێمە.
پرسیار: سەبارەت بە جیاوازیی ئەم نەوە چیرۆکنووسە نوێیە، لەگەڵ نەوەی پێشوو چ قسەیەکت هەیە؟ ئەگەر بە کورتیش بێت، دەتوانی چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی و زەق بۆ ئێمە شی بکەیتەوە؟
سیروان کەریم: تا ڕادەیەک لەسەرەوە بە کاڵی وەڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە، ناتوانی دەستنیشانی زۆر تایبەت بکەی بۆ چیرۆکی ساڵانی ڕابردوو ڕێک بڵێین ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەم نەوەیە لەگەڵ نەوەکانی پێش خۆیدا. چیرۆکنووسانی حەفتاکان جیاواز بوون لەوانی پێش خۆیان، چیرۆکنووسانی ساڵانی نەوەد ئایدیاکانیان بە نەوعییەتێکی تر پەرە پێ دا، چیرۆکی ئایدۆلۆژی و چیرۆکی وەسفگەرایی لەپێناو زۆربڵێیی و ئیدامەدان بە گێڕانەوەی سفت و یەکڕوو، جۆرێک لەم نووسینانە بێ ئیزافە بوون بۆ خوێنەرانی ساڵانی ڕابردوو. بیرمان نەچێت نەوەی پێشوو نەوەیەکی بە هەڵپە بوون و هەر زوو بەرپرسیارێتیی زمانێکی تری جیهانییان لە پاڵ زمانەکەی خۆیاندا ئیدامە پێ داوە و خوێندوویانەتەوە پێی، ئەمە بەرپرسیارێتیی نەوەی پێشوو بووە لەپێناو گەیشتن بە هونەری گێڕانەوە، یان پەیوەندیی بە دەستکورتیی وەرگێڕان و نەبوونی دەزگاکانی چاپ و هەژاریی سۆشیال میدیاوە بووە؟ ئەم پرسیارە ڕەهەندی جیاواز هەڵدەگرێت بۆ گومانەکانی ئەم نەوە تازەیە…
بەرپرسیارێتیی پێشوەختە، ڕەنگە هەندێک جار واقعی نەخوازراو بیسەپێنێت بۆ ئەوەی پەلاماری زمانێکی تری جیهانی بدەیت، نەوەی پێشوو لەمەدا سەرمەشق بوون بە هەر هۆکارێک بێت. لەگەڵ ئەمانیشدا بەشێکیان نەیاتوانیوە لە گێڕانەوەدا سەردەمی گوند تێپەڕێنن.
نەوەی نوێ تا ڕادەیەک نەوەیەکی حازرخۆرە بەرامبەر گێڕانەوەی ئەدەبیاتی جیهانی، ئەم بەلێشاوی وەرگێڕان و دنیای سۆشیال میدیایە، هێڵێکی تۆخی درووست کرد، بۆ بەردەستبوونی ئەدەبیاتى جیهانی بە هەموو ژانرەکانیەوە، ئەم نەوەیە حازری خۆرە، بەڵام تەمبەڵ نییە! بیرمان نەچێت لە هەمان کاتدا نەوەیەکی بێخاوەنە! ڕەخنەگرەکانمان پێیان شەرمە لەسەر ئەم نەوەیە بنووسن، بەشێکیان تەنها مۆرکی هەندێک نووسەرن، مەفهوومەکە بۆ من زیاتر موریدگەرایییە و نووسینە لە پێناو پیاهەڵدان و گەورەکردندا، ئەم چەواشەکارییە زەرەری زۆری لە ئەدەبیاتی ئێمە داوە
سیروان کەریم
*دەرچووی پەیمانگای مامۆستایان بەشی وەرزش
*کتێبێکی هەیە بەناوی (ئیتر قیتارەکان ناگەن)
*بەدەستهێنانی خەڵاتی یەکەم لە بواری چیرۆک، لە یەکەمین فێستیڤاڵی شارەزوور بۆ شیعر و چیرۆک.
*بەدەستهێنانی خەڵاتی یەکەم لە بواری چیرۆک لە حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ.
*بەدەستهێنانی خەڵاتی یەکەم لە بواری چیرۆک لە بیستویەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ .