سێ… ئەرسەلان چەڵەبی

خانمی ئاندێرسێن بە ئەسپایی هاتە بەر پەنجەرە، دەربیجەکەی کردەوە، دوو شەمی نیوە سووتاوی سەر پەنجەرەکەی هەڵگرت و بردیە چێشت‌خانە و لە زبڵدانی هاویشت، دەستی دایە قاوەسازەکە و بڕێک قاوەی بۆ خۆ تێکرد، کاپی قاوەکەی هەڵگرت و ڕۆشتەوە بەر پەنجەرە، لە سەر کورسییەکەی دانیشت و بە خێسە چاوێکی لە سەگەکەی کرد و گوتی:

_هەوڵ بدە لەمەولا کوڕ خاسە بیت، ناتوانم تا حەسارێشت بەرم، ئەوڕۆ بڕێک لەشم داهێزراوە، تازە حەوسەلەی دۆدی و بۆدی چوونە دەرەوەم نییە، ئەو هەوایە نەما، ڕێگای دوورت بەر حەسارێیە، ئەگەر خۆشت دوورتر چووی ئەوە کەیفی خۆتە، ون بی، تێت هەڵدەن، لەو شەقامانەی بمری لە حەسارێ واوەتەر نایەم، ڕەنگە هەر لە پەنجەرەوە بڕێکت بۆ بڕوانم، هاتییەوە ئەوە باشتر، نەشهاتییەوە خەمی تۆم تازە بۆ لە کۆڵ ناکرێت! جا بۆیە گەر بە قسەی من دەکەی قوون مەجووڵێنە و ئەگەریش زۆر وەڕەز بووی هەتا بەر حەسارێ بچۆ و بڕێک حەپە حەپ بکە و دواتر وەرەوە ژوورێ!”

سەگە قوت دانیشتبوو، چاوی لە چاوی خانمی ئاندێرسێن بڕیبوو، گوێی قوت ببوونەوە، جارێک چاوی لە لای ڕاستی دەکرد و جارێک بە لای چەپی، هەر جارەی دوو چرکەی دەخایاند، پاشان ڕێک چاوی لە چاوی خانمی ئاندێڕسێن دەبڕیەوە بۆ ماوەیەکی درێژ! کلکی ڕەپ کردبوون و بەولایدا و بەولایدا، نێوچاوانی خانمی ئاندێرسێن لە ناو پێلووی لەڕادەبەدەر ڕەشی سەگەکەدا دەدرەشاوە!

خانمی ئاندێرسێن قوونی لە سەر کورسییە بزووت و دەستی دایە کۆنتڕۆڵی تلویزیونەکە و چاوی بۆ هەواڵان دەگێرا، سەگە قوت بۆوە و شوێنی کەوت، خانمی ئاندێڕسێن تەخت لە سەر مۆبڵە خڕ و پان و پۆڕەکەی پان بۆوە!

سەگە گەڕاوە جێی خۆی و بۆی درێژ بوو و ملی داخست و بە زەحمەت و بە حاڵێکی ڕاستی کردەوە و چاوی لە پەنجەڕە بڕی، بڕێک سەری خۆی زۆرتر قوت کردەوە و چاوی لە لای ڕاستی کرد و دوای دوو چرکە ڕووی کردە لای چەپ و پاش دوو چرکەی تر ڕووی کردەوە پەنجەرە بۆ ماوەیەکی درێژ! تاو و ساو بوو، خۆر هاتبووە وەسەتی ئاسمانێ، لە ناو پێلووی لە ڕادەبەر ڕەشی سەگەدا دەدرەوشاوە!

سەر لە ئێوارە خانمی ئاندێرسێن چاوی سوور ببوون، وەک جاران گورج نەبوو، هەستایە سەر پێ و مۆبڵەی جێ هێشت و  ڕۆشتەوە بەر پەنجەرە، سەگە خەوی لێ کەوتبوو، ئەستێرە دەرکەوتبوون و شەو خەریک بوو باڵ بکێشێ بە سەر شار دا، خانمی ئاندێڕسێن چووە توالێت و پاش تاوێکی لە جێکەی خزی، پەتوەکەی بە خۆی دادا و چرای کووژاندەوە.

ڕۆژی دووهەم:

یەکەم تیشکی کازیوە کە بەشی ماڵی خانمی ئاندێرسێن بوو لە دەربیجەی پەنجەرەوە خۆی بە ژوورێ داکرد و وە چاوی سەگی نووستووی ناو هاڵەکەی ماڵی خانمی ئاندێڕسێن کەوت، تیشک هێدی هێدی دەبووە گەرما و لووتی سەگەی وە جووڵە خست، وەخەبەر هات و بڕێکی خۆ ڕاوەشاند، چاوێکی لە دەربیجەی پەنجەرە کرد و بۆ لای چەپ چاوی گێڕا و گەڕاوە بۆ لای ڕاست و گورج بەرەو چێشتخانەکە چوو، خێرایەکی هاتە دەرەوە و ڕۆشتە ژووری خانمی ئاندێڕسێن، چووە سەر پێخەفەکەی و بڕێكی بۆن پێوەكرد، چووە پاڵییەوە و زمانێکی بە لاڕوومەتی داهێنا، لە تەنیشتییەوە بڕێک ئۆقرەی گرت، لە سەر پێخەفەکە دابەزیە خوارێ، خانمی ئاندێرسێن هەڵنەستابوو، لە سەر گازرەی پشت بۆی خەوتبوو و لینگی لێک کردبوونەوە، گەڕاوە چێشتخانە و كلكی خێرا خێرا بادەدا، بینی بە هەموو شتێكەوە دەنا، دەهات و دەچوو، فێر ببوو دەرگاکە بکاتەوە، بە زار و دەستی کردیەوە و چووە حەسارێ، خێرا خێرا خۆی دەتەکاند، هێندێکی بین بە گوڵ و گیای ئەو ناوەوە نا و سەرێکی لە دەرکە چووکەکەی سەر کۆڵانێ بردە دەرێ، وەک شتێ غیرەتی بە خۆیەوە نا و چووە ناو کۆڵانێ، کۆڵان بێدەنگ بوو، سەگە ملی ڕێی گرت و هەتا سەری کۆڵان چوو، پاش تاوێکی ورتە ورتی خەڵک و ماتۆڕ و ماشێن لە سەگە نزیک دەبۆوە، سەگی خانمی ئاندێرسێن حەجمانی لێ بڕابوو، بەولایدا و بەولایدا، دەچووە ناو چیمەن و شینکایی باخچە و تەنیشت داران، خۆی دەگەوزاند لە بن گیا و بۆ ماوەیەکی باش لە ماڵ و مەزنزڵی دوور کەوتبۆوە، نزیک شەقام و قەرەباڵغی ببۆوە و گەیشتە بەر دەرگای سووپێڕ مارکێتێک، چاوی بە حەڵقەی بەستنەوەی سەگان کەوت لە بەر دەرکەی، گوێی قوت بوونەوە، لە پڕێکی دەورێکی داوە بۆ لای شەقام و تێی تەقاند، سووزووکییەکی سووری سەواری تێی سرەواند و دوو مەتر ئەولاتر فڕێی هەڵدا!

رۆژی سێهەم:

_سڵاو، من ناوم “ستینە”یە، ئێرە کۆمۆنی کۆپنهاگە، فەرموون

سڵاو، من ماری هاو، لە نەخۆشخانەی ئاژەڵانەوە پەیوەندی دەگرم، سێ ڕۆژ لە مەوبەر سەگێک لە شەقامی “موولێڤای” ماشین وەبەری دابوو، هیوایەک بە زیندووبوونی نەبوو، بەڵام باشترە و تەنیا ناتوانێ بڕوات، نوقستان بووە، هیچ نیشانێک، ناوێک بە ملی سەگەشەوە نەبووە هەتا سیحەبی ئاگادار کەینەوە، وێنەی سەگەکە بە ئیمەیل دەنێرین، ڕەنگە لە ڕیگەی بەشی پەیوەندیدارەوە بتوانین خاوەنەکەی ببیننەوە و ئاگاداری کەنەوە، دەنا مەجبوورین بیدەین بە ناوەندی پارێزگاری لە ئاژەڵان!

_سپاس بۆ ئاگادار کردنەوە، هەوڵی خۆمان دەدەین!

خانمی ستینە لە پاش دیتنی وێنەی سەگەکە دەستێکی بە زاریەوە و ناو و لە بن خۆوە گوتی: وای خودایە، ئەوە خۆ سەگەکەی خانمی ئاندێرسێنە، خێرایەکی دەستی دایە مۆبایلەکەی و زەنگی دا بۆ ماڵی خانمی ئاندێرسێن، بەڵام وەڵام نەبوو، ژومارەیەکی تری گرتەوە.

_ئەلۆ دایە، چۆنی؟ ئەرێ تۆ خەبەرت لە خانمی ئاندێرسێن هەیە؟

سڵاو ستینە، نا، بۆ؟

_سەگەکەی بەر ماشێن کەوتووە، سێ ڕۆژە، بە وێنەکەیدا ناسیمەوە، گەر چاوت پێی کەوت پێی بڵێ!

باشە

_ماڵاوا دایە!

ستینە دیسان تەلێفوونەی دەست داوە، بەڵام خانمی ئاندێرسێن وەڵامی نەبوو، جانتاکەی هەڵگرت و چووە نەخۆشخانەی ئاژەڵان، سەگەکەی وەرگرتەوە و بە سواری ماشێنەکەی بەرەو ماڵی خانمی ئاندێرسێن ڕۆیشت، گەیشتە بەر دەرگا و پاش ماوەیەکی لە دەرگا کوتان وەڕەز بوو و نیگەرانی دایگرت، تەلێفوونی بۆ پۆلیس کرد، پاش ماوەیەکی پۆلیس دیسان تەلێفوونی بۆ کردەوە، گوتی خانمی ئاندێرسێن کەس و کارێکی ئەوتۆی نییە، دوو کوڕێ هەیە لە نیویوۆرکن، مێردەکەشی دەمێکە مردووە، پاش تاوێکی پۆلیس هات، چوونە ژوور، بۆخاوێک دەهات، خانمی ئاندێرسێن دەنگی نەبوو، ستینە چووە ژووری خەوەکەی، دیتی خانمی ئاندێرسێن ماسیوە، بۆنی کردووە، چاوی دەرپەڕیون و قژی هاڵۆز بوون، وەک سیمی قاپشۆری لێ هاتبوو، هەر دوک لینگی کرابوونەوە و لە سەر گازەرەی پشتی درێژ ببوو، شاڵوارێکی رەشی گوشادی لەبەردابوو، کراسێکی سپی، دوو دوگمەی سەرەوەی کرابوونەوە، زاری داپچکڕابوو، دوو شەمی نیوە سووتاوە لە تەنیشت پێخەفەکەی داندرابوو، نەیدەتوانی ببزوێ، چاوی لە دەربیجەی پەنجەرەکە بڕیبوو، پۆلیس تەلێفوونی کردبوو بۆ ئامبوڵانس، خانمی ئاندێرسێن سێ ڕۆژ بوو مردبوو، دەنگی نوسقە نوسقی سەگ  و ئاژیری ئامبوڵانسەکە وێڕای یەک دەهات!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

تۆ چ جۆرە ئاژەڵێکیت؟… ئێتگار کێرێت

ئه‌م ڕستانه‌ی ئێستا ده‌یاننووسم له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بینه‌رانی ته‌له‌ڤیزیۆنی جەماوەریی ئه‌ڵم…