“مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن”ـی بەختیار حەمەسوور، ناوێک بۆ کۆمەڵەچیرۆکێکی مینیماڵ، دانانی ئەم ناوە تەنیا ڕێکەوت نییە و مەبەستیش لێی تەنیا ناوێک نییە بە بەرگی کتێبەکەوە، ئەگینا دەکرا ناوی یەکێک لە چیرۆکەکان بکرایە بەناونیشان. ناوی کتێبەکە و چیرۆکەکان پێکپەیوەستن، مێروولە وەک زیندەوەرێکی مینیماڵ و چیرۆکەکانیش وەک ئەدەبیاتی مینیماڵیزم. خودی ناوەکە پەیامێکە، پەیامێک پێمان دەڵێت دەکرێت بابەتە پەروایزخراوەکان بهێنرێنەوە سەنتەر و ببن بە کەرەستە بۆ ڕۆنانی چیرۆک. وەک ئاشکرایە پێشتر سوود لە زۆر بابەت وەرگیراوە بۆ دروستکردنی چیرۆک وەک: (عەشق، خۆشەویستی، نیشتیمان، خودا …)، بەڵام ئەوەی لە ئەدەبیاتی مینیماڵیزمدا جێی سەرنجە خۆپارێزییە لە شتی زیادە و درێژدادڕیی و گرنگیدانە بە کورتبڕیی و شته بچووکەکان، هەر وەک دروشمی سەرەکی مینیماڵستەکان: (کەمیش زۆرە) یان (بچووکیش جوانە.) ئەم کۆمەڵە چیرۆکەش پەیڕەوی هەمان بۆچوون دەکات وەک پیشاندانی کۆمەڵێک بابەت، کە دەکرێت لای زۆر نووسەر وەک شتی بێکەڵک و بێفەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت؛ (مریشک، پشیلە، دزینی هێلکە، زیخی ناو پێڵاو، پێ هەڵکەوتن، چای کیسە، ددان شۆردن، کڵاوخودە، پێی زل…) ئەمانە و زۆری تریش وەک ئەوەی نووسەر پێمان بڵێت گەر کەرەستەی ئەدەبیی بەهێزی وەک زمانێکی پوخت و گۆشەنیگایەکی گونجاوت هەبێت، ئەمانەش شایەنی ئەوەن ڕووناکییان بخرێتە سەر.
کتێبەکە بە نامەیەکی چێخۆف دەستپێدەکات بۆ براکەی، نامەیەک پێمان دەڵێت بۆ دۆزینەوە و بینینی جوانی پێویست ناکات هەمیشە ڕاستەوخۆ لە خودی شتکە بڕوانیت، بەڵکو دەکرێت لە دەوروبەری خۆمان بڕوانین و لە ڕێگەی پارچە شووشەیەکی شکاوەوە جوانیی مانگ جوانتر ببینین. ئەمەش هەمان پەیامی مینیماڵستەکانە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی شتە بچووکەکانەوە پەیامی خۆیان بگەیەن. کە خودی ئەم کتێبە و چیرۆکەکانی لەو چوارچێوەیەدان.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چیرۆکانە دروستکردنی وێنەیە لە ڕێگەی وشەوە، واتا نووسەر هەوڵدەدات لە ڕێگەی وشەوە وێنە دروست بکات و پێشانی خوێنەری بدات. لە گۆشەنیگای کەسی دووەمەوە گێڕەرەوە لە دەرەوەی ڕووداوەکان و وەک کامێرایەکی فۆتۆگرافی چرکەبەچرکەی ڕووداوەکان پێشانی خوێنەر بدات و خودی خوێنەریش ئەو هەستەی لا دروستبێت کە بەشدارە لە چیرۆکەکاندا و ڕووداوەکان لە پێشچاویدا ڕوودەدەن، نەوەک لە ڕێگەی پەرەگرافی درێژ و پێچەڵپێچ و وشکەوە شیکردنەوە بکات. زمان لەم چیرۆکانەدا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گەیاندن، زمان بەشێکی گرنگە لە خودی چیرۆکەکان، هەوڵدەدات لە ڕێگەی زمانێکی ڕوونی بێ گڕێوگۆڵەوە بە کەمترین وشە وێنەی ئەوەی ڕوو دەدات لای خوێنەر دروستبکات. زمان وەک مانگ لە ڕێگەی گێڕەرەوەوە ڕووناکیی بخاتە سەر مێروولەکان بۆ ئەوەی خوێنەر ڕۆیشتنیان ببینێت.
کارەکتەر لەم چیرۆکانەدا تەنیا و بێناوە، نووسەر نایەوێت ڕۆ بچێتە نێو کەسایەتیی کارەکتەرەوە و هەموو شتێکیمان پێ بڵێت، بەڵکو تەنیا دەیەوێت لە ڕێگەی پیشاندانی کارەکتەر و هەڵسوکەوتییەوە بیناسین، کە کارەکتەرێکی پڕ لە جووڵەیە و بەردەوام لە گەڕاندایە، لێرەوە بۆ ئەوێ، وەک ئەوەی بەدوای شتێکەوە بێت کە لێی ون بووە، لە کۆڵانەوە بۆ شەقام و بەرکەوتن لەگەڵ ئەوانی تر، لەوێشەوە بۆ چایخانە و لە چایخانەوە بۆ دزینی هێلەکەی ناو کولانەکان، ئەوەی لە دەوروبەری ئەم کارەکتەرە ڕوودەدات، دەیانبینێت بێ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئەم هەبێت یان ئەم کارگەریی لە سەر ئەوان هەبێت، لە پەراوێزدا سەرقاڵی ژیانی خۆیەتی بێ ئەوە هەوڵی فراوانکردنی ئەو بازنەیە بدات کە تیایدا دەژی یان لێی دەربچێت.
گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە گێڕانەوەی ڕاستەهێڵی نین، خاڵێک دانەنراوە بۆ ئەوەی چیرۆکەکان لەوێدا بگەن بە گرێچن و کۆتاییان پێبێت. بەڵکو لە گێڕانەوەی ژیانی کەسێک دەچێت لە ڕێگەی چەند چیرۆکی جیاواز و لە کات و شوێنی جیاوازدا، ژیانی کارەکتەرەکە هەر جارەو ڕووناکیی دەخرێتە سەر بەشێکی و جارجارەش لە ڕێگەی فلاشباکەوە ئاوڕ لە ڕابردووی کارەکتەرەکە دەدرێتەوە، ڕابردوویەکی تەمومژاویی لەناو فەزای جەنگدا، کە هەر جارەو لە ڕێگەی (پۆستاڵ، بلاجیکتۆر، کڵاوخودە، کوشتنی پشیلە، لوولەی تفەنگ) ئاماژە بە ڕوودانی جەنگ دەکات لە کات و شوێنێکی تردا. ڕابردوو و جەنگ وەک دەزوویەک بەنێو چیرۆکەکاندا ڕۆچوون و چیرۆکەکانیان پێکەوە بەستووەتەوە، دەکرێت ڕەنگدانەوە و کاریگەریی ڕابردوو و جەنگ لە ژیانی ئیستای کاراکتەریشدا بەدی بکرێت. لە کۆتاییشدا دەکرێت هەموو ئەم چیرۆکانه وەک یاریی پازڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هەر چیرۆکە و لە جێگەی خۆی دابنرێت و وێنەیەکی ڕوونتر و گەورە تری لێ دروست بکرێت.
سەرچاوە: مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن، بەختیار حەمەسوور، چیرۆک، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠١٥.