سەرنجدان لە پیاوێکی کراس‌ زەردی گوڵگوڵی

کۆمەڵەچیرۆکی “لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵگوڵیدا”ـی ئەنوەر عەرەب، کۆمەڵەچیرۆکێک لە بارەی گیرۆدەبوونی ئینسان، گیرۆدەبوونێک کاراکتەری ئەم چیرۆکانە ڕووبەڕووی گۆڕانی گەورە لە ژیانیان دەکاتەوە و دەستەوەستانیان دەکات لە بەرانبەر کێشەکان، ئەگەرچی هەوڵی چارەسەرکردنیش بدەن، بەڵام سەرکەوتوو نابن لە ئاست چارەسەری کێشەکاندا. دەست بۆ هەر چیرۆکێک ببەیت بەر کاراکتەرێکی گرفتار بە کێشەیەک دەکەویت، یەکێک گرفتار بە دەردی ناو و ناوبانگ و ترس لەوانی تر و نەخۆشی پارانۆیا، یەکێکی تر گرفتاری بەدگۆڕان و بوون بە بۆق، ئەوی تر گرفتار بە کاراکتەری نێو چیرۆکەکانی، کەسێکی تر گرفتاری ژیانی دووبارە و حەسرەتخواردووی قسەیەک کە لەسەر شەقام دراوە بە گوێیدا و ئەم لێی حاڵی نەبووە، یان گرفتاری ڕۆژی لەدایکبوون و ساغ نەبوونەوەی ڕۆژەکە. کەسێک فۆبیای جوونە حەمام… ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک گرفتن، گرفتگەلێک کە هەر لە دەستپێکی ئەم چیرۆکانەوە ڕوودەدەن و کاراکتەری چیرۆکەکان و خوێنەر بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن و دەبنە کێشمەکێشی چیرۆکەکان و خوێنەر لەگەڵ خۆیان دەبەن تاوەکوو دەگەن بە گرێچن. یان دەکرێت بڵێین ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، چیرۆکی دژەپاڵەوانن، کاراکتەری چیرۆکەکان توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانیان نییە، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکان دەبێتەوە، قەبارەیان هەرچەندێک بێت و هەرچۆنێک بێت کاراکتەرەکان گیرۆدە دەکات و لە کۆتاییدا لە خۆیدا نوقمیان دەکات.

گێڕانەوەی بەشێک لە چیرۆکەکان لە زمانی کەسی یەکەمەوەیە کە گێڕەرەوە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لە چیرۆکەکاندا هەیە، وەک چیرۆکی “ڕاوەماسی، کلک، دەڵێم دایە من لە چ ڕۆژێکدا لە دایک بووم، کەمپ…”. بەشێکی تری چیرۆکەکان گێڕەرەوە کەسی سێیەمە و تەنیا ڕووداوەکان، ئەوەی لە پێشچاووی ڕوودەدات، بۆ خوێنەر بە زەمەنی ئێستا دەگێڕێتەوە وەک “ناو، ئاغای میم، نەخۆشییە سەیرەکەی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، دیکتاتۆر، شەڕ، ئێوارانی پیاوێک”.

کاراکتەر لەم چیرۆکانەدا کاراکتەری کارتۆنی نین، نووسەر کاراکتەری نەکردووە بە دەمامک بۆ گواستنەوەی ڕای خۆی و خۆی لەپشت کاراکتەرەکانەوە حەشار نەداوە، یان وەک عەبدوڕەحمان مونیف دەڵێت: (نووسەر دەبێت دیموکراتخوازبێت لە کاراکتەر دروستکردندا، ئەگەر نا کاراکتەرێک دروستدەکات بە چەندین دەمامکی جیاوازەوە.) ئەنوەر عەرەبیش ئەو ئازادییەی داوە بە کاراکتەرەکان کە خۆیان بن و بەگوێرەی ڕەووتی ڕووداووەکان مامەڵە بکەن و ئازادبن، ئازادبن لەوەی چی بکەن و چۆن بیکەن. وەک ئەوەی “ئاغای ئیلخان” لە چیرۆکی (ناو)دا بژاردەی خۆکۆشتنی تاوتوێ دەکات. یان هەندێک جار کاراکتەری چیرۆکەکان خۆیشیان بەشدارن لەوەی چارەنووسیان لە چیرۆکەکەدا چۆن بێت وەک ئەوەی لە چیرۆکی “ئاغای میم” کاراکتەر نێو چیرۆکەکە دەیەوێت کۆتایی چیرۆکەکە بەو شێوازەبێت کە خۆی دەیەوێت. تایبەتمەندییەکی تری ئەم چیرۆکانە بە کاراکتەر بوونی نووسەر و ڕووبەڕوونەوەیەتی لەگەڵ کاراکتەری ناو چیرۆکێکدایە، وەک ئەوەی لە چیرۆکی “ئەنوەر عەرەب”دا ئەنوەر عەرەب و کاراکتەری چیرۆکەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. یان دستەوەستان بوونی نووسەر لە ڕەوتی ڕووداووەکانی چیرۆک و نائومێد بوون لە تەواو کردنی چیرۆک و هێنانی دوو هێڵی چەپ و ڕاست بەسەر چیرۆکدا وەک بەشێک لە فۆڕمی نووسین کە لە چیرۆکی “جوانەمەرگ” دەیبینین.

نووسەر لە بەشێک لە چیرۆکەکاندا سوودی لە بەرهەم و بیرۆکەی تر‌ وەرگرتووە، بەڵام سوودەوەرگرتنێکی تووتیئاسا نا، بەڵکو سوودوەرگرتنێکی هەنگئاسا کە لە خزمەت چیرۆکەکان و بونیادنانی چیرۆکی نوێدا بێت. لە کاتی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەدا وات بە خەیاڵدا دێت ئەم چیرۆکانە دووبارەن و لە جێگای تر و لە کاتی تردا ئەم چیرۆکانەت خوێندووەتەوە، وەک چیرۆکی “نەخۆشییە سەیرەکەی پڕۆفیسۆر ڕەحمان” و “جلی نوێی پاشا”، بەڵام بە بەردەوامبوون لە خوێندەوەو ڕۆچوونە نێو ڕووداوی چیرۆکەکان و لە کۆتاییدا جێ پەنجەی نووسەر بەتەواوی بەسەر چیرۆکەکەوە دەبینیت، نووسەر زۆر وەستایانە خوێنەر بۆ ئەو جێگایە ئاراستە دەکات، هەستی خوێندنەوەی بابەتێکی جیاوازی لا دروستبێت و نەک تەنیا جیاوازبوونی چیرۆکەکان، بەڵکو بشگات بەو دەرەنجامەی نوسەر ئەو چیرۆکانەی وەکو کەرەستەی خاو بەکار هێناوە بۆ بونیادنانی چیرۆکیکی جیاوازتر.

گێڕانەوەی بەشێکی زۆر لە چیرۆکەکان لە شێوەی گێڕانەوەی ڕاستە هێڵین، جگە لە چیرۆکی “دیدار” کە لە یەککاتدا دوو زەمەنی جیاواز دەگێڕێتەوە. وەک ئاشکرایە کات و شوێن لە چیرۆکدا مەودایان کورتە و لە چوارچێوەیەکی تەسکدایە و دەبێت نووسەر بە وریایەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، خۆی لە درێژدادڕی فرەوێژی و بابەتی لاوەکی بپارێزێت. هەر بۆیە ئەم چیرۆکانەش لە زەمەنێکی کورتی ژیانی کاراکتەرەوە دەستپێدەکەن و ژیانیان تا ئەو شوێنە دەدرێتە بەر ڕووناکی، کە لە خزمەتی چیرۆکەکاندا بن.

ئەگەرچی واقیعی ژیان و واقیعی نێو چیرۆک جیاوازن، چیرۆک بەرهەمی خەیاڵی نووسەرە و لە چیرۆکدا دەکرێت شتێک پێچەوانەی واقیع ڕووبدات، بەڵام ئەوە لێهاتووی نووسەرە وا لە خوێنەر دەکات باوەڕ بەوە بهێنێت کە لە چیرۆکدا ڕوودەدات، هەرچەند پێچەوانەی واقیعیش بێت. لە چیرۆکی “نەخۆشییە سەیرەکەی پڕۆفیسۆر ڕەحمان”دا هەر لە بۆگەنبوونی دەم و ددانییەوە تا بوون بە بۆقی پڕۆفیسۆر ڕەحمان، نووسەر لێهاتوانە توانیویەتی ئەو فەزا گونجاوە بخوڵقێنێت کە خوێنەر باوەڕ بە بەبۆقۆبوونی پڕۆفیسۆر بکات. یان لە چیرۆکی “کلک”دا، خوێنەر تێکەڵاوی ململانێی نێوان کاراکتەر و کلکە ڕوواوەکەی دەبێت و هەست بە هەبوونی کلێک دەکات بە پاشەڵی کاراکتەرەکەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *