سەرە بڕاوەکە… سائر زەعزووع

لە عەرەبییەوە: بەختیار خورماتوویی

شەش کورتیلەچیرۆک

١. سەرە بڕاوەكە

پاش ئەوەی سەریان بڕی، لە دەفرێکی ئاڵتوونیین پێشكەشیان كرد و پێیان وت هانێ بگرە، ئیتر ئەو بیرۆكانەی لەم سەرەدان سوودێکت پێ ناگەیەنن. سەری هەڵگرت و لە هەر کوێوە ڕۆشتبا خوێنەكەی بۆ سەر زەوی دادەچۆڕا. هەینێ دڵۆپەخوێنەکەی سنگی زەویی دەقڵیشاند، گوڵاڵەسوورەی لێ دەڕوا. شمشێرەكانیان هەڵگرت و بە گشت ئاڕاستەكاندا هەڵهاتن، دەستیاندایە بڕینی گوڵاڵەسوورەكان، هەر دەڕسکا و دەڕسکا و گشت شوێنێكی دادەگرت. بڕستی هەڵپساندنیان نەما. بڕستی هیچ شێتكیان نەما. بە دوایدا ڕایان كرد. سەریان گەڕاندەوە بۆ شوێنەكەی خۆی و پێیان وت: پێمان بڵێ چۆن ئەم گوڵە نالەبارە لەنێو ببەین؟ بەڵام ئەو هیچی نەگوت. پێ دەكەنی، ئەوانیش هەڵدەلەرزین، گوڵەکەیش هەموو جیهانی دادەپۆشی.

٢. ئاوێنە

 دەمێک بوو لەگەڵ ڕووخسارم سڵاومان نەگۆڕیبووەوە، تیژتێپەڕ دەمبینی، كاتێ لە ماڵ دەردەچووم یان كە ئێوارە دەگەڕامەوە. داچەکیو، پرزەم نەبوو لەگەڵی بدوێم لەوێ‌ بەجێی دەهێڵم سەیرم بكات، لەسەر ئاوێنە هەڵواسراوەكەی سەر دەرگە. دوێنێ‌ بڕیارم دا سڵاوی لێ بكەم. ماوەیەك وەستام و زۆر تەفرەنجەم دا، بەڵام هیچ لە دوولێوم نەکنیا، زۆر جیاواز دەینواند؛ تەنانەت خۆیشم نەمناسییەوە.

٣. چاوێلی کەللەسەرێک

کاتێ نیوەڕۆژی بۆ ئامادە دەكرد بە مێردەكەی گوت: ”تا ماڵئاواییم لێ نەکەیت، مەمرە.” بە دایكی گوت: ”تا ماڵئاواییم لێ نەکەیت، مەمرە.” ڕووخساری زەردهەڵگەڕا و چاوانیشی سوور، دەنگی نووساو و دەستەكانیشی زەردهەڵگەڕا. كوڕە بچکۆلانەکەى خۆی فڕێ داوە باوەشی، دووری خستەوە، هەناسەیەكی دا و خۆڵەمێش لە دەمییەوە فڕی، لیكی دەمی وشكۆ بوو، لە پەنجەرەوە هەوڵەقی دوور مابوو، گوێی لە دەنگێك بوو بانگی دەكرد. لاشە لاوازەكەی هەڵگرت و فڕی، نە كۆترێ بوو نە پەپوولە، كەسێكی نەبوو ماڵئاوایی لێ بكات. لەسەر شۆستەی وێستگەكە، هەمووان سەفەریان كردبوو، لەوێش لە عەرەبانەكەدا دایكی و مێردەكەی چاوەڕێی بوون و جارێك وێنەی مووشەكەكە لە خەیاڵی هەموویاندا هەر مابووەوە.

٤. ژنیش لە بەر پەنجەرە دەوەستێت.

لاوە كراس­سورمەییەکە پێشتر گوڵی پێشكەشی هیچ ژنێک نەكردبوو. کاتێ بەرەو ماڵیان هەنگاوی هەڵدێنا، ساتمەى دەکرد. چەند ڕۆژێك مایەوە و بەرنامەی بۆ قسەکانی دانا، بە درێژایی ڕێ بەردی دەژمارد و پەیڤەکانی دووپات دەكردەوە، وەك دەقێكە پیرۆز، نایەوێت بیری بچێتەوە. دەترسا زمانی لاڵ بێت، دەترسا سوپڕایزەكە بشێوێنێت. پلانی دادەنا چەپكەگوڵەكە لە پشتی بشارێتەوە و پاشان کاتێ دەرگەی بۆ كردەوە، پێشكەشی بكات، بەڵام کاتێ لە بەردەرگە وەستا گوێی لە دەنگی بوو، دڵخۆش بوو و دەیگوت: ”گوڵت بۆ هاوردووم، تۆ پیاوێكی چەن دلۆڤانی.”

٥. کپوکڕەکە

یەكەم بەوانی تری گوت: ”دەتوانم ئەو بەردانە بە تێسرەواندنێک وردوهان بكەم”.

دووەم گوتی: ”منیش دەتوانم بە دەستەكانم ئەو دیوارە بهەڕۆژێنم.”

سێهەم گوێی لێ دەگرتن و پێ دەكەنی، لەسەر كورسییەكەی هەستا و بەردەكانی بە یەك تێسرەواندن وردوهان كرد، دواتر بە دەستەكانی دیوارەكەی ڕاتەکاند و هەڕۆژانی، پاشان بێ ئەوەی ورتەی لێوە بێ، گەڕایەوە و لەسەر کورسییەکەی دانیشت.

٦. نامەیەكی بۆ بنووسە

هەر كات بمەوێت پێی بڵێم خۆشم دەوێی، گفتوگۆكە دەبڕێت و دەڕوات؛ چی بكەم؟

نامەیەكی بۆ بنووسە.

دایكەكە ئاوا مۆچیاریی كوڕەكەی كرد. دانیشت و بە درێژایی ئێوارە کۆشا نامەیەك بنووسێت و پەڕەكانی دەدەڕی، بێوچان دەینووسی و دەینووسی و شکستی ئەهانی. دەمەوبەیان دایكی ڕۆیشتە ژوورێ بۆ لای، بینی وەك خۆیەتی و نەفرەت و تف دادەبارێنێ، دایكی گەڕایەوە بۆ ژوورەكەی خۆی و سندووقێكی بچووكی دەرهێنا و وازى کرد، پەڕەیەكی قەدکراوی لێ دەرهێنا و پێی گوت: ”ئەم نامەیەی بۆ بنووسە، گەر ئەمە نەبا تۆش لە دایك نەدەبووی”.

* نووسەرێکی سوورییە و ئەم کورتیلەچیرۆکانەیم لەم سەرچاوەیەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردیی: گۆڤاری (الجدید)، ژمارە (٥)، حوزەیرانی ٢٠١٥

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…