شۆڕشگێڕ… ئێرنست هەمینگوەی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

کاتژمێر دووی بەیانی دوو هەنگاری ڕۆیشتنە ناو کۆگایەکی جگەرەفرۆشییەوە لە شەقامی پازدەیەم و شاڕێی گراند. دریڤیتس و بۆیڵ بە فۆردێک لە وێستگەی پۆلیسی سەر شەقامی پازدەیەمەوە ڕۆیشتن. هەنگارییەکان ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ پاشەوە لێخوڕی بۆ ئەوەی لە کۆڵانەکە دەری بکەن. بۆیڵ تەقەی لێ کردن و یەکێکیانی لەسەر کوشنەکەی دەرپەڕاند و ئەوی تریشیان لە سنوقی ئۆتۆمبێلەکەوە خستە خوارەوە. دریڤیتس کاتێک بینی هەردووکیان مردوون ترسا. گوتی، بە نەفرەت بیت جیمی، نەدەبوو ئەوەت بکردایە. ئەوە کێشەی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
بیڵ گوتی، ئەوان پیاوخراپن، وا نییە؟ ئەوان بێگانەن، وا نییە؟ چ نەفرەتییەک کێشە دروست دەکات؟
دریڤیتس گوتی، ڕەنگە ئەمجارە دەرباز بین، بەڵام چۆن زانیت بێگانەن کاتێک تەقەت لێ کردن؟
بۆیڵ گوتی، بێگانەن، دەتوانم لە دووریی میلێکەوە بیانناسمەوە.

لە ساڵی ١٩١٩ـدا لە ئیتالیا بە شەمەندەفەر گەشتی دەکرد، پارچەیەک قوماشی چوارگۆشەیی چەوری لە بارەگای سەرەکیی حزبەوە هەڵگرتبوو و بە قەڵەمێکی نەسڕاوەوە لە سەری نووسرابوو کە ئەم هەڤاڵە ئازاری زۆری کێشاوە لەژێر جەوری دەسەڵاتی سپییەکاندا لە بوداپیست و داوا لە هەڤاڵان دەکرێت بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی بکەن. ئەوەی لە بری بلیت بەکار دەهێنا. گەنجێکی زۆر شەرمن بوو و فەرمانبەرانی شەمەندەفەرەکە لە دەستەیەکەوە بۆ دەستەیەکی تر ڕەوانەیان دەکرد. هیچ پارەی پێ نەبوو، لە پشت مێزەکانەوە لە وێستگەکاندا خواردنیان پێ دەدا.
خۆشحاڵ بوو بە ئیتالیا. دەیگوت وڵاتێکی جوانە. خەڵکەکەی هەموو میهرەبان بوون. ڕۆیشتبووە زۆر شارۆچکە و مەودای زۆری بە پێ بڕیبوو و زۆر تابلۆی بینیبوو. کۆپیی تابلۆکانی گیۆتۆ و ماساچیۆ و پیێرۆ دیلا فرانچیسکای کڕیبوو و بە ڕۆژنامەی ئاڤانتی دایپۆشیبوون. حەزی لە مانتینیا نەبوو.
ڕاپۆرتێکی لە بۆڵۆنیا پێشکەش کرد و من لەگەڵ خۆم بردم بۆ ڕۆمانیا کە پێویست بوو بڕۆم بۆ ئەوەی پیاوێک لەوێ ببینم. پێکەوە گەشتێکی خۆشمان کرد. سەرەتای سێپتەمبەر بوو و وڵات زۆر خۆش بوو. ئەو مەجەڕی بوو، کوڕێکی باش و شەرمن بوو. پیاوانی هۆرتی شتی خراپیان بەرامبەر کردبوو. کەم باسی ئەوەی دەکرد. سەرباری ئەوەی لە هەنگاریا ڕووی دا، باوەڕی بە شۆڕشی جیهانی هەبوو.
پرسیاری کرد «ئەی بزووتنەوەکە لە ئیتالیا چۆنە؟»
منیش گوتم «زۆر خراپە.»
گوتی «بەڵام باشتر دەبێت. لێرە هەموو شتێکتان هەیە. ئێرە تەنیا وڵاتە کە هەموو کەسێک لێی دڵنیایە. ئیتالیا دەبێتە خاڵی دەستپێکی هەموو شتێک.»
من هیچم نەگوت.
لە بۆڵۆنیا ماڵئاوایی لێ کردین و سواری شەمەندەفەر بوو بۆ میلانۆ و ئینجا بۆ ئۆستا و بۆ ئەوەی لەوێوە بە پێ ڕاڕەوی شاخاوی بەرەو سویسرا ببڕێت. پرسیاری گرووپی مانتینیام لێ کرد لە میلانۆ. زۆر بە شەرمەوە گوتی ‹نەخێر›، حەزی لە مانتینیا نەبوو. من بۆم نووسی کە لە میلان لە کوێ نان بخوات، لەگەڵ ناونیشانی هەڤاڵان. زۆر سوپاسی کردم، بەڵام بیری لای بڕینی ڕاڕەوە شاخاوییەکە بوو. زۆر بە پەرۆش بوو کە هەتا کەشوهەوا باش بوو بپەڕێتەوە. لە پاییزدا چیاکانی خۆش دەویست. دواهەمین جار کە هەواڵیم زانی سویسرییەکان گرتبوویان و لە زیندانێکی نزیک سیۆن بەندیان کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *