شێرۆکە… دابان عەتار

١

 (حیکایەتی گاڵتەجاڕیی)

من شێری دارستانم، دەبووایە نەڕەم هەموو گیانلەبەرەکانی دیکە بتڕێنێ، تڕتڕتڕ…

بەڵام سەمای مەیمونئاسام هەموویان  دەخرۆشێنێ فڕفڕفڕ…

خوێنیان بە کوڵ دێنێ…

مەیمونەفەندی باوکم زۆر سەختەچییە. هەر لەوکاتەوەی بیردەکەمەوە تێگەیشتووم ئەو لە من جیاوازە و هیچ بە من ناچێت، بەڵام بۆچی من کوڕی ئەوم؟ ئەوەیان نازانم!

لە منداڵییەوە چیرۆکی سەیرم بۆ دەگێڕێتەوە; لەبارەی ئەوەوە چۆن خودا منی پێبەخشیون، بەردەوام ئەو چیرۆکەم بۆ دەگێڕێتەوە، گوێیەکانم بێزاربوون لەو هەمووە چیرۆکە پڕ لە سووکایەتییەی بە خۆم و بەدایکم دەکرێت، دایکێک، کە من لەژیانمدا نەمبینییوە، دایکێک بە گوێرەی قسەی بابەمەیمون ڕێک لە من دەچوو…

بیری دەکەم، هیوامە ڕۆژێک بیبینمەوە و ئەو هەمووە سووکایەتییەی باوکمی بۆ بگێڕمەوە، پرسیاری لەبارەی ڕاستییەتی چیرۆکی لەدایکبوونمەوە لێ بکەم…

“شێرۆکە قەشمەرۆکە، تۆزێک قونت تلوور بکە، سەما و قەشمەریمان بۆ بکە…

بابەمەیموون هەمووجارێک بەمجۆرە بۆم دەگێڕێتەوە:

لە دێرزەمانەوە بەرەبابی مەیموونان هەر بە پاشایەتی هێناویانە، دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە هەر لەدەستی ئەواندابووە، لەباوانمەوە ڕێوڕەسمی ڕادەست کردنی دەسەڵات بەوجۆرەبووە، کاتێک باوکە شا دەگەیشتە تەمەنێک متمانە بە کوڕەگەورەی بکات، کە شانشینەکەی بەباشی بەڕێوە ببات، بە ویستی خۆی و بەبێ زۆری تاجەکەی ڕادەستی کوڕە گەورە و بەهێزەکەیان دەکرد. ئەگەر کوڕە گەورە لەو ئاستی ژیری و هێزەدا نەبووایە باوکە شا چەندساڵێکی دیکە شایەتی دەکرد، تا کوڕێکی دیکە پێ دەگەیشت، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی پیران بڕیار لەسەر هێز و ژیریەکەی دەدرا و وەک پاشای نوێ هەڵدەبژێردرا. من خۆشبەختانە تاکە کوڕی باوکم بووم و ئەنجومەنی پیران هەر زوو بڕیاری گواستنەوەی دەسەڵاتیان بۆ من دا. باوکم چووە قۆناغی حەسانەوە، واتە قۆناغی پشتکردن لە سیاسەت و خۆ نقومکردن لە خۆشیەکانی دونیا. باوکیشم وەک عادەتی باوانی لەکاتی ڕادەستکردنی دەسەڵاتدا شێرێکی وەک دەربار و  قەشمەری دیوەخان پێشکەش کردم، تا ڕۆژانە بە خزمەت و گاڵتەجاڕییەکانی ئەو دەست بە حوکمڕانی بکەم. ئەو شێرەش دایکت بوو. بریا ئەوڕۆژەی ئەو نەفرەتە بووە هی من بەدەستی خۆم بمکوشتبا…

لە وڵاتی مەیموونستان چەندین ساڵ جارێک کاتێک نزیکدەبووەوە لە هەڵبژاردنی پاشای نوێ، دەبووایە پاشای کۆن وەک نەریتێکی ڕێز لێگیراوی باوان لەگەڵ سوپایەک لە ئۆقیانووسی ترسناکی حەقیقت بپەڕنەوە و لە سەرزەمینی ئەودیو شێرێکی قەشمەڕجار بەدیل بگرن و بۆ مەملەکەتی بگەڕێننەوە…

باوک لەو گەشتەی نێو ئۆقیانووسدا لەگەڵ چەندین دێوی چەندسەر و بەباڵ بەشەڕهاتووە، کە لەتوانای هیچ کەسێکدا نەبووە جگە لەئەو و جەنگاوەرە دلێرەکانی… ئەو ئۆقیانووسە پڕە لە چاڵی ڕەش کە تەنیا شارەزایان و سوارچاکانی پاشا دەتوانن لێیان دەرباز بن. هەرتەنێک بەرەو خۆیان کێش دەکەن، کە بەنزیکیاندا تێدەپەڕن، ئەگەر تەنێکیش دووربێت و نەتوانن لووشی دەن دێوەسوورەکانی بۆ دەنێرن تا بەدیل بیانهێنن. کەس نازانێت ئەو چاڵانە چین و چیان تێدایە، حیکایەتەکان تەنیا باسی ترسناکییان و ئەو زەبەلاحانەدەکەن کە لەوێ دەژین…

باوکەشا لەگەڵ جەنگاوەرانی لە ئۆقیانووس پەڕینەوە و شێری گاڵتەجاڕیان بە پەلبەستراوی هێنایەوە بۆ کۆشک…

مەیموونپاشای باوک لە مەڕاسیمی ڕادەستکردنی دەسەڵاتدا دلێرانە شێری پەلبەستراوی وەک دیاری خستە ژێرپێم. منیش وەک مەیموونێک سەربەرزانە ئەو شەڕەفەم وەرگرت…

وەک پاشای نوێ فەرمانڕەوایی قەڵەمڕەویەکەم دەکرد. ڕۆژ بەڕۆژ مێژووی مەیموونان لەژێر دەسەڵاتی مندا پڕشنگدارتر دەبوو، تا ئەوکاتەی شێری قەشمەڕجار توانی بە فێڵەکانی دڵی من داگیر بکات و توانی زەفەرم پێ ببات.  ئێمە وەک مەیموون ڕەوتاری جددیانەمان هەبوو، بەڵام ئەو شێرە قەشمەرە بە نوکتە و سەما و تەڵەکە ژنانەکانی منی فریو دا. ڕۆژبەڕۆژ لە مەیموون خانی شاژنم، شاژنی جددی بێزاردەبووم و مەیلم بۆ گاڵتەوگەپ و نازو عیشوەکانی شێری خزمەتکارم دەجووڵا. ڕۆژ بەڕۆژ بەرانبەر عیشوە و نازەکانی لاوازتر دەبووم. کاتێک بەیانیان پەڕۆی لە نێوقەدی دەبەست و دەستی بە لەراندنەوەی سمتی دەکرد، دڵم لەگەڵیدا دەلەریەوە، کاتێک گۆرانی دەچڕی دەکەوتمە نێو دەریای خەیاڵانم. کاتێک نوکتەی دەگێڕایەوە و منداڵان یاریان بە کلکی دەکرد، گریان ئەوکی دەگرتم. حاڵەتێکی سەیرم هەبوو، لەجێی ئەوەی بە گاڵتەجاڕەکەم پێبکەنم، لەناخەوە دەکوڵام. ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر دەبووم و تووڕەهاتتر، تا ئەوەی جڵەوی هەوەسەکانم بۆ نەگیرا و ڕۆژێک ڕامکێشایە ژوورەوە، باوەشم پێ دا کرد و ئەوەی لە شکۆی مەیموونی شا نەدەوەشایەوە ئەو ڕۆژە ڕووی دا… لە دوای ئەو ڕۆژەوە بەرەبەرە زیاتر ئاڵوودەی دەبووم، دڵم زیاتر ئەوی دەویست…

بەرەبەرە لە عیشقەکەم ڕۆدەچووم، تا جارێک شاژنەمەیموون لەکاتی سەرجێیی منی لەگەڵ ئەودابینی، لە حەژمەتان خۆی لە بەرزترین شاخەوە فڕێدابووە خوارەوە… خزمەتکارەکەی هۆکاری خۆ هەڵدێرانی ئەوی بۆ ئەو گێڕایەوە، بەڵام من بەجۆرێک لە عیشقی ئەودا مەستبووبووم هەرشتێک ڕووی دابایە بەلامەوە گرنگ نەبوو…

شێرەی گاڵتەجاڕ سکیپڕ بوو. بەلەدایکبوونی تۆ نەهامەتی ڕووی لە شانشینی مەیموونان کرد، میرنشینانی کەمتیار کە لە دێرزەمانەوە دۆست و ژێردەستی ئێمەبوون، لێمان یاخی بوون و شۆڕشیان لە دژمان هەڵگیرساند. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕش دایکە ناپاکەکەی تۆ بوو، کە هەواڵی وردەکاریەکانی جەنگی بۆ کەمتیارە یاخییەکان دەگواستەوە. لە ڕۆژی دەستگرتن بەسەر کۆشکی شاهانەدا ئەو دوای ئەوەی زانی کەمتیاران فێڵیان لەویش کردووە و بەنیاز نین بیگەڕێننەوە مەملەکەتی خۆی، تۆی هەڵگرت و هەڵات، بەڵام خۆشبەختانە کەوتبووە ژێردەستی پاشماوەی سوپای شکستخواردووی ئێمەوە، هەر لەوێدا سکی ئەویان هەڵدڕیبوو و تۆیشیان بۆ من هێنابووەوە. داوایان کرد، تۆیش وەک پاشماوەی ناپاکی و شوومی بەدەستی خۆم بکوژم، بەڵام من تۆم وەک هێمای شەرمەزاری و گاڵتەجاڕی هێشتەوە تا منداڵانی ئێمە یاری بە کلکت بکەن و گەنجەکانمان بووزت پێوە بکەن…

٢

(جادووگەری حیکایەتان)

هەبوو نەبوو، شێرێکی گاڵتەجاڕی وەکوو من هەبوو، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی مەیموونزادەی بە شەهامەت. من مافی ئەوەم نەبوو گوێم لە هیچ شتێکی دیکە بێت جگە لەو حیکایەت و قسە پڕ لە سووکایەتیانەی مەیموونی باوک ڕێگەی دەدا گوێم لێیان بێت، ئەو حیکایەت و قسانەش من دەمبیستن جگە لە سووکایەتی بە من و سوولالەی شێرە گاڵتەجاڕەکانی باوانم شتی دیکە نەبوون. ڕۆژان هات و ڕۆژان ڕۆیی، ڕۆژێکیان مەیموونی باوک وەک عادەتی هەمیشەیی هەر بۆ چێژی خۆی منی سزادابوو، لەلای داری دەروازەی دارستانەکەوە قونەوتلوور پشتم لە دانیشتوانی ئەوێ کردبوو. هەر کەس بە دەروازەکەدا ڕەت دەبوو تفێکی لە کلکم دەگرت و دەچووە ژوورەوە… لەناکاو مەیموونێکی کەڵەگەت بە هەڵەداوان خۆی بە ژوورێدا کرد. لەبەردەمی مەیموونی باوک کەوتە سەر چۆک و دەستی بە پاڕانەوە کرد “گەورەیی بۆ مەیموونی باوک، فریای قەومەکەت بکەوە! مەیموونی جادووگەر، جادووگەری حیکایەتەکان، لە یاساکۆنەکان هەڵگەڕاوەتەوە و لە حیکایەتی باوانمان لایداوە. بەیتوبالۆری نوێ و پێچەوانەی یاساکانمانی داڕشتووە، ئێستا ڕایکردووە بۆ باکووری دوو ڕووبارەکە و لە بەرزاییەکانی ئەوێ وەک یاخییەک حیکایەتە نوێیەکانی بە دەنگی بەرز دەخوێنێتەوە…” ئەو قسانە لە ماوەیەکی کورتدا لە دەمییەوە دەرچوون، منیش لە نێوان قاچەکانمەوە کەلێنێکم کردبووەوە و تەماشام دەکردن. مەیموونی باوکم بینی، پەنجەی لەسەر دەمی دانابوو، بە دەستەکەی دیکەی ئاماژەی بۆ من دەکرد. شەقێک بە قونم کەوت، دوو مەیموون بنباڵمیان گرت و منیان ڕاکێشایە دەرەوە…

٣

(لەگەڵ وێنەی ناو ڕووباردا ڕاکردن)

ئەوە یەکەمجاربوو دەرەوەی ئەو کوخە ببینێت. هەتا چاوبڕکات سەوزایی بوو. یەکەمجاربوو باڵندە ببینێت بەسەر دارەکانەوە. جگە لەو کوخەی بە داری چڕووپڕ دەورەدرابوو لەگەڵ کۆمەڵێک مەیموون پێشتر هیچ شتێکی نەبینی بوو.  وایان تێ گەیاند بوو بوونی ئەو تەنیا لەو کووخەدا پارێزراوە و تەنیا دەشتوانێ ئەو کارانە بکات کە بۆیان داناوە. کارەکانیش بریتی بوون; لە سەماکردن، سەرمەقولات لێدان، کلکبادان، نوکتە و گۆرانی وتن. لەبری ئەو هەموو کارەی تەنیا گیایان پێ دەدا. ئەگەر رۆژێک بیتوانیبا مەیموونی باوک بهێنێتە پێکەنین پاداشتەکەی مۆزێک بوو، هەرچەندە مۆزیش لە دەمی ئەودا تامێکی لینج و ناخۆشی هەبوو، بەڵام هەموو تەقەڵایەکی دەدا ئەو مۆزە بەدەست بهێنێت تا کەمێک خواردنەکەی جیاوازبێت لە گیاخواردن…

دوای ئەوەی مەیموونی قاسید بەبێ چاوەڕێکردن بەوجۆرە لەبارەی مەیموونی جادووگەری حیکایەتەکان قسەکانی کرد، دوو مەیموون بن باڵیان گرت و ڕایانکێشایە دەرەوە…

چەند پرسیارێک لە مێشکیدا دروست بووبوون: بۆچی مەیموونی باوک بەو قسانەی ئەو قاسیدە هێندە شڵەژاو و ترساو بوو؟ جادووگەری حیکایەتەکان کێیە؟ لادان لە حیکایەتی باوان مانای چییە؟ لادان مانای چییە؟

لوورە لوورێکی زۆری گوێ لێ بوو، دوو پاسەوانەکە بەپەلە و بەبێ گوێدانە ئەو خۆیان بەژووردا کرد”گەورەم مەترسییەک بەرێوەیە!”  لەبەردەمیشیدا هەتا چاو بڕکا سەوزایی بوو… توانای بیرکردنەوەی لەدەست دابوو، بۆ ساتێک خۆی لەبیرکرد و بەغاردان ملی لە دارستان نا…

کاتێک بە ئاگا هاتەوە لەنزیک ڕووبارێکی دووروودرێژ خۆی بینییەوە، ترسی لێ نیشت. تێگەیشت لەوەی دەرفەتی گەڕانەوەی نەماوە، چونکە سزای ڕاکردن لە کووخی مەیموونی باوک سک هەڵدڕینە و کەوڵکردنە…

بە شەکەتی کەوتە سەر زەویەکە، دەمی لە ئاوەکەی بەردەمی نزیککردەوە، بۆ یەکەمجار خۆی لە ڕووبارەکەدا بینی، لە خۆی ڕاما کەمێک کشایەوە دواوە، هاتەوە پێشەوە، دەستی لە وێنەکەی ناو ئاوەکە دا، وێنەکە لە نێو شەپۆلی بازنەییدا تەڵخ بوو… بە قەراغی ڕووبارەکەدا ملی ڕێگەی گرتەبەر. چەند گیانلەبەرێکی لە دوورەوە بە دی کرد. خۆی لە نێو دارەکان شاردەوە و بە خشپە لێیان نزیکبووەوە، دوای ئەوەی دڵنیابووەوە ئەوانە مەیموون نین، بەرەو ڕوویان ڕۆیشت، تاوەکوو داوای یارمەتیان لێ بکات، بەڵام کاتێک چاویان بەو کەوت هەموویان بە ترساوی ڕایان کرد!

جێی پرسیاربوو “چی بووە هۆی ئەوەی لە شێرێکی قەشمەڕجاری وەک من بترسن؟” تا زیاتر بڕۆیشتبایە سەرسامی بەرانبەر شتەکانی دەورووبەری زیاتر دەبوو، ئەوەی لەدەرەوەی ئەو کوخە بەرچاوی کەوت زۆر جیاوازبوو لەو شتانەی لەناو ئەو کووخە بینیبووی و بیستبووی، لە قەراغی ڕووبارەکە بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن…

٤

(لادان لە حیکایەتی باو)

هەبوو نەبوو،  کەس لە شێر بەدەسەڵاتتر نەبوو، کەس لە مەیموونیش گاڵتەجاڕتر نەبوو، هیچ حیکایەتێکیش لە حیکایەتی نێو کوخی مەیموونستان ئەفسانەییتر نەبو… شێری بە دەسەڵات و دڕندە ئەوەی ویستی لەسەربووایە یاسابوو، ئەو لە سەرووی یاساوە دەینەڕاند و گۆشتی دەپچڕاند، نەڕەی ترسی دەخستە دڵی ژێردەستەکانییەوە. حیکایەتەکان هەموویان بەو شێوەیە بوون، تاوەکوو مەیموونی باوک ویستی تۆڵەی کوڕە کوژراوەکەی بکاتەوە، ئەو کوڕە تاقانەیەی بە دەستی شێری زاڵم کوژرا بوو…

سەرەتای تۆڵەکردنەوەکەی بە دروستکردنی حیکایەتەکانی دەست پێ کرد…

لە تێکڕای مەملەکەت ئەو حیکایەتانە وەک درۆو دەلەسە ناسران و مەیموونی باوک بە خەڵەفاو  و لە ڕێ لادەر ناسرا…

شێری پاشاش سزای لە سێدارەدانی بۆ باوکە خەڵەفاوەکە دەرکرد…

٥

(لەنێوان جادووگەری حیکایەتەکان و ترسی تەڵقیندراو)

دەبێ لەم بەشەدا شێری گاڵتەجاڕ بیر لە مێژووی خۆی و باوانی، مەیموونی پاشا، مەیموونی گاڵتەجاڕ، شێری پاشای دارستان، جادووگەری حیکایەتەکان و ترسی ناوەوەی بکاتەوە…

٦

لەم بەشەدا نابێ هیچ مرۆڤێک پێ بنێتە دارستانەکەوە

٧

لەم بەشەدا حیکایەتخوان پشوو دەدا و هەست بە ماندوویەتیش ناکات

…..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *