شەوان بێداری.. هێمن ئەمینی

 

دەس لە حەژمەتی حەز پەڕ لێدەدا و مشت لە حەیبەتی خۆشی نرکەنرکیەتی. لە دوا چرکەی پاش زرموکوت و سمکۆڵانی سەر پێخەفەکە!

شەو لە نیوە ترازاوە و تەمەن ژوور بیست و پێنجە. چاوەکانت گەرم داهاتوون و لەناکاو ژیلەمۆی حەزێکی ئاشنا دەتبووژێنێتەوە! چەند ئاشنایە!

پێڵوو وەڕەسە لە داخستن و کرانەوەی بێ پسان؛ هەمیسان، لێناگەڕێ تاسەی حەزی ئاشـنای شەوان بێدارانی شەو! چەندە کاری و بە ئێشە، برینی خۆڕاگری لە هەمبەر هەموو حەز و تاسەی شەوان بێدارانی شەو! بەس چ بکا کە وردیلە و بێ دەسەڵاتە لە شەڕی دەستەویەخەی دامرکاندنی حەز و شەوقی شەوان بێدارانی شەو.
خەو لە قەراغێکەوە ڕێی مێشک دەگرێتە بەر. بەشکوو بتوانێ تێزە تێزەی بدا و دان بە جەرگی سووتاوی بنێ!

-جەرگی سووتاوە؟
– ئەرێ. جگەر، سووتاوی ڕێی بێداریی هەموو ئەو شەوگارە سارد و سڕانەی ڕۆژگاری بێخەوییە!

چەندە فەقیر و بەستزمانە شەو!

کە تێ ناگا لە ئەجری گەورەی بێداریی شەو! ئاشـنا شارەزایە بە مەکر و فێڵی خۆ حەشاردانی خەو! خەو لە پێخەفی خەیاڵاتی شڕ و شپڕێوی هەموو شەوگارێکی ئەو! بۆ مەگەر ئێستا کاتی خەوە؟ ئەویش لە وەختانێک کە دەبێ بەخەبەر بیت بۆ هەنگامەی بیستنی سەڵای ڕاوننانی شەیتانۆکەکانی مێشکی خۆت؟! ئای کە ئەستەمە بێداری لە کاتی ژاوە ژاو و ناڵە ناڵی بێچووە گرینۆکەکانی شەوانی بێ خورد و خەو!

چەندە فەقیر وبەستزمانە خەو!

کە نازانێ خۆی مەڵاس داوە بۆ ڕاوەدوونانی نچیری بێ تانوپۆی شەوان بێقەراری خەو! هەمیسان حەز بەقەوەتتر سەر هەڵدەدا بۆ پەپکە خواردن بە دەور جەستەی لەڕ و لاوازی لەمێژ نەخەوتووی ئەم هەموو شەو بێدارییانەی شەو!

-ئاگات لێیە کاکی ئاشنا؟ چ مشتومڕێکە لە نیوە شەوی دووشەممە لە سەر سێشەممەی پیرۆز و موبارەکی شەونخوونی ئەمشەو؟!
– ئەوە سەیرە کە “خەو” چۆن هەر ڕاوەستاو و بەرقەرارە بۆ بەجێهێنانی واجیباتی شەو؟
-ڕەنگە بۆ بە لووتکە گەیشتنی هەموو حەز و تاسەی کۆکراوی شەوان و ڕۆژانی بێخەوی بێ.

بە دیار نەشئەی حەز، هەر پرسیارە بەردەوام بەرۆکی پێ دەگرێت. لەم ساتە وەختە نایابەدا، کەی مێشک هەڵگری ئەمانەیە؟ بە تایبەت کاتێک سکڵی دەروون بە سروەیەکی لای حەزی هەمیشە ئاشـنا، لەپڕێکدا دەگەشێتەوە!

“ئاخر چیت داوە لەوانە؟!”

ئەمەیە وەڵامی هەموو جارە. وەڵامی گوێڕایەڵی و کۆیلەیەتی حەز و تاسە. یا عادەت و ڕەسمی زەمانە؟

چەندە فەقیر و بەستزمانی تۆ!

لە نێو شەوەزەنگی فکر و خەیاڵاتی ئاشنادا؛ تاقە ساڕێژ، ڕەنگە ڕووناکی تەسویرێک بێ. ئەوەی لەم دونیایەدا هەر تەنها بە ئەمر و دەستووری تۆیە دادەییسێ. دەست و چاوت دێنە مەیدان! چەندە سڕکەرە ئەو هەستەی کە لە جیلوەی ئاسمانیی ئینسانێکی ئازا و ڕەهادا، تووند لە باوشی خۆی دەتگرێ! دەقە و چرکە تا دەڕوا بە نێو خۆیدا داتدەگرژێنێ. بست بە بستی لەشی دەپێوی. هەموو گیانت کەوتووەتە خورین و مێروولە کردن. تا دێت چاوت زیتتر و تووندتر دەقوونجێنی. وەک بڵێی باوەڕ بەم هەستەی خۆت نەکەی! لەم سەروبەندەدا پرسیارێک لە مێشکی جەنجاڵت دێتە ئاراوە! ناتەوێ بە وەڵامدانەوە بە پرسیاری بێ ڕێوجێی، چێژ و لەزەتی هەنووکەییت بە جارێ لە دەس بدەی! بۆیە بێ یەک و دوو کردن فەرامۆشی دەکەیتە پیشەت! چ دەرمانێکی باشە بۆ لەبیر چوونەوەی دەرد و ئازاری شەوان بێدارانی شەو. لە ژێردا تا تەپڵی سەرت، هەر مچوڕکەیە ئاوقەت دەبێ. لە تینوویەتیدا هەلاهەلاتە و هێشتا زوویە بۆ تێراوبوون لە کانیاوی سینگ و نێو پێی! لێفەکە دەکەیتە چەتری سەرت. دەترسی نەکا فریشتەئاسا، لە دیوانی پەروەردگاری جوانی، بۆ بەجێ هێنانی کاروباری دونیایی بانگهێشت بکرێت و بەجارێ لە بەر چاوت ون بێت!

دەنگێک بەئاگات دەهێنێ. باوکتە وەبەخەر هاتووە! بە قرخە قەرخی سینگ و مووشە مووشی لووتی دەزانی ئەوە. لەرە لەر لەشی دافەتراو و خەواڵووی لە ئاودەستەکە دەبینێتەوە! دەستەوستان لێفەکە لە سەرت لادەبەی تا بزانی کەی دەڕواتەوە بۆ ژوورەکەی.

چەندە فەقیر و بەستزمانە شەو!

گوێ قوڵاخ و وریاتر لە پێشوو. وەک ڕەسمی شەوان بێدارانی شەو! هێندە ناخایێنێ ماری یاخی دەروون چزووت لێ هەڵبستێنێ و تا مەنگت نەکا واز ناهێنێ؛ سەرخۆش دەبیتەوە. ئەمە ڕەسمی بەجێهێنانی شەوان بێدارانی شەوە!
ڕووناکی بەرچاوت، دەنگت دەدا کە ڕوو لە کزیم! وەئاگات دێنێ کە ئیتر دەس لە شێنەیی بوون هەڵگری! ئان و ساتێکە و تەواو. کەچی چەن ساعەتە سەرقاڵی و هیچ! کاتی دیاریکراو بۆ وەخەبەر هاتنت نزیکە و ژاوەژاوی نێو شار و هاڕەهاڕی هاتوچۆی ماشێنەکان، بۆ بژێوی ژیان؛ پێت دەڵێ پێویستە دەغڵی پڕ هەبێ، تاکوو بتوانی بمێنی بێدار، بە دیار شەو!
هێزی زیاتر دێتە گەڕ لە لایەن دەستی ڕاستی تۆ، بەڵکوو کارا بێت بۆ دەفعی خواستی سەرکەش؛ قانعی، چارت نییە، دەڵێی چی؟! بۆ حەسانەوەی شەو و ڕۆژێکی تر، چی هەیە باشتر و لەبەردەستتر، تیمارێکی تر؟

دەس لە حەژمەتی حەز پەڕت بۆ لێدەدا، مشت لە حەیبەتی نرکە بە ئاوت دەگەیێنێ! هەر هەموو ئەمانە تەنها بۆ تاوێکن؛ لە دوا چرکەی پاش
زرموکوت و سمکۆڵانی سەر پێخەفەکەت!
پشووت سوارە و ئاهـ و ئۆفت تێکەڵ بە بانگدانی سوبح بووە، فەلسەفەی هاتنەوەی ئاوی حەیات دەبێ چلۆن بێ لەم کاتە پیرۆزەدا؟ کەس سەری لێ دەر ناکات! بەشکوو ئەڵڵا؛ خوداوەندی گەورە و موتەعال، چارەیەک ببینێتەوە بۆ دڵی هەموو دەردەیارانی شەو!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *