فەرهاد چۆمانی: ئەم نەوەیە چیرۆک وەک پیشە، وەک ماهیەتی بوونیان نانووسن

بە چاوپۆشین لە گفتوگۆی دووروودرێژی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ جیاکردنەوەی ئەدەبیاتی گەنج و پیر، نەوەی کۆن و نوێ درووستە یان نا، بەڵام میللەتان، نەوە دوای نەوە نووسەر بەرهەم دەهێنن، ئەم نووسەرانە وەک چۆن لە بیرکردنەوە و نووسینیاندا جیاوازن، ئاواش قۆناغەکانی نووسینیان جیاوازە.

بەشی فەرهەنگی ئاژانس لە تەوەرەیەکی تایبەتدا بەشێک لە چیرۆکنووسە گەنجەکان لەسەر پرسی شووناس، خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان و خاڵە جیاکەرەوەکانیان لە نەوەی پێش خۆیان سەبارەت بە «چیرۆک» دەدوێنێت. لەم گفتوگۆیەدا، فەرهاد چۆمانی، نووسەر، ڕۆماننووس و وەرگێڕ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

پرسیار: چۆن دەتوانین خەسڵەتەکانی چیرۆکی ئەم نەوە نوێیە دیاری بکەین، ئایا ئەم نەوەیە گەیشتوونە شوێنێک لە چیرۆکنووسین کە توانیبێتیان بە هەندێ خەسڵەتی گشتیی هاوبەش بناسرێنەوە؟

فەرهاد: پێم وایە هونەری گێڕانەوە (چیرۆک- ڕۆمان) بە تەکنیک، زمان، شێوازی گێڕانەوە و تا ڕاددەیەکی زۆریش تێما پابەند دەبێت بە سەردەم و ئەو دۆخەی تێیدا دەنووسرێت، یاخود ئەو دەورانەی نووسەر لە ژیاندایە. بەڵام لەم بەشەی پرسیارەکەتدا (ئەم نەوەیە گەیشتوونە شوێنێک لە چیرۆکنووسین کە توانیبێتیان بە هەندێ خەسڵەتی گشتیی هاوبەش بناسرێنەوە؟) هەست بەو ناڕوونییە دەکەم کە «خەسڵەتی هاوبەش» گرفتی مانایی لە پەیوەندیدا بە خودی نووسین و  دیسپلینی نووسینەوە درووست دەکات. ئەگەر مەبەست لە ناسینەوەی ئەدگاری چیرۆک، ڕووخسار و ناوەڕۆک، یان هەر ناوێکی دیکەی لێ دەنێیت ئەوە بێت من پێم وایە ئەوە کاری ڕەخنەگر و ڕەخنەدۆزانە، ڕەنگبێ ڕەخنەگرێک بێت و یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکی و بوونیادییەکانی چیرۆکی کوردی لەم نەوەیەدا دەستنیشان بکات کە لێکچوونە لە ڕووی تێما و تەکنیک و هەژاری زمانە لە زۆربەیاندا. ڕەنگە بێت و بڵێ خەسڵەتی گشتی و هاوبەشی ئەم نەوەیە ئەوەیە هەموویان دەنووسن لە کاتێکدا چەندێک پێویست بوون، چونکە ئەوانی تر بە نزیکەیی هەمان شت دەڵێن. یان ئەوەتا بێت و ڕەخنەی ئەوە لە چیرۆکنووسانی ئەم نەوەیە بگرێت -کە خۆشم لەمەدا هاوڕام- چیرۆکنووسانی ئەم نەوەیە چیرۆک وەک پیشە، وەک ماهیەتی بوونیان نانووسن، ئەوان هێندەی ژمارەی خۆیان هۆکاری دیکەیان هەیە بۆ نووسین، کە هیچیان ناچنەوە سەر ماهیەتی نووسین و بەرپرسیارێتی بەرانبەر نووسین. بە ڕوونی ئەوە بەدی بکات کە چیرۆکی ئەم نەوەیە نە بە پاشخانێکی مەعریفی دەنووسرێت نە لێکەوتەی دونیابینی و ئەزموونکردنی ژیانە، هەروەها ئەو ئامرازە سەرەکییەش کە دەیانەوێ بە هۆیەوە بە خوێنەران بگەن -کە زمانە- شەقوشڕ و پڕ گرێوگۆڵە و وەک شێرکۆ دەڵێ: «بە زمانێکی بۆغرنجی ناو باو و بۆران…» دەنووسن. لەبەر ئەوە من خۆم لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەدزمەوە کە بڵێم خەسڵەتی گشتی چین، چونکە بڕوام بە خەسڵەتی گشتی و پۆلبەندی نییە، هێندەی بڕوام بە پڕۆسەی نووسینە وەک کردەیەکی تاک و تەنیا و خودی، کە دواجار ئەزموونی نووسەر، پاشخانە مەعریفی و ئەزموونەکەی ڕەنگدانەوەی دیار و بەرچاویان بەسەر دەقەوە دەبێت، کە ئەمەش بە دەگمەن لە دەقی ئەم نەوەیە بەدی دەکەیت.

پرسیار: چیرۆکی کوردیی ئێستا لە دیوە باو و کلاسیکییەکەی وەڕسووڕاوە، تەکنیکی گێڕانەوەی چیرۆک، زمان، خەیاڵ و بابەت گەشەی سەندووە؟

فەرهاد: ئەم دۆخەی ئێستا تێیدا چیرۆکی کوردی دەنووسرێت زۆر جیاوازترە لە دەورانی محەمەد مەولوود مەم و حوسێن عارف و کۆمەڵێک دەوران و چیرۆکنووسی دیکە. چیرۆکنووسان وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمیشدا گوتم هەوڵ دراوە پابەند و پەیوەست ببن بە دراوەکانی سەردەمی خۆیان، بە ژینگەی دەوروبەریان، بە ئێلێمنت و پێدراوەکانی ڕۆژگار و ڕەنگدانەوەی هەبێت لەنێو چیرۆکەکاندا، پێشم وایە وەرگێڕان لە ئەدەبی گەلانی دیکەوە موتوربەی باشی چیرۆکی کوردی کردووە -دیسان دەڵێم لە لای چەند چیرۆکنووسێک نەک بە گشتی و خەسڵەتی گشتی بێت- بۆ چڕکردنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێـم؛ چیرۆک تاڕاددەیەکی باش لە ڕووی تەکنیک، خەیاڵ و تێماوە لە دیوە کلاسیکییەکەی وەرچەرخاوە، بەڵام زمان تووشی پشێوییەکی ترسناک بووە، کە پێم وایە ئێرە شوێنی ئەوە نییە بە درێژی ماکەکانی دەستنیشان بکەین.

پرسیار: تۆ وەک چیرۆکنووسێک، لە نووسینی چیرۆکدا چ شتێک زیاتر ڕاتدەکێشێت و بایەخی پێ دەدەیت، تەکنیک، زمان یان بابەتی چیرۆکەکەت، بێگومان کە هەموویان ڕەگەزی گرنگن، بەڵام زیاتر لە ڕووە تەکنیکییەکەوە لە چیرۆک دەڕوانیت یان وەک بابەت و کەرەستە؟

فەرهاد: بە ڕاستی دەرچوون لە تەونی ئەم پرسیارە سەختە، چونکە ئەگەر بڵێم: کە گوتت چیرۆک، واتە هەموو ئەمانە بەیەکەوە، ئەمانە هەر کامیان پارچەیەکن لە ماکینەکە، ئەگەر هەر کام لەم تایبەتمەندییانە لە کار بکەوێت تەواوی ماکینەکە پەکی دەکەوێت. ڕەنگە تۆ بڵێی باشە بەڵام کامەیان؟ پرسیارێکی جیڕییە و لەگەڵ درێژکردنەوەی وەڵام دەکشێ، بەڵام چەند بکشێ من هەر دەڵێم چیرۆک هەموو ئەمانەیە. لەم ماوەیە هاوڕێیەکی چیرۆکنووسم، کە تازەکی لە شیعرەوە پەڕژاوەتە سەر چیرۆکنووسین -ئێستا ئەمە ئەتوارێکی باوی نێو ئەدەبی کوردییە، زوو لە ژانری خۆیان بێزار دەبن و ڕۆمانێک دەنووسن!- گوتی ئەم چیرۆکەم نووسیوە، بەڵام لەم چیرۆکە زیاتر گرنگیم بە زمان داوە. بەر لە خوێندنەوەی تەخمینم کرد چ چیرۆکێک دەخوێنمەوە! بۆیە ئەگەر تەنیا گرنگی بە زمان بدەیت ئەوان چیرۆکەکە بە کاراکتەر و خەیاڵ و وێناکارییەکەی ناوییەوە لەنێو پەیڤچنی و خوازە و وەسفێکی بێتام دەخنکێنی، ئەگەر گرنگییش بە تەکنیک دەدەیت چیرۆکێکی فلات و بێ ڕەهەند و وشک دەخوێنیتەوە وەک ئەوەی لەنێو ڕاڕەوێکی پێچەڵپێچی سارد و پڕ گەو و پیچدا بڕۆیت و بە هیچ کوێ نەگەیت.

پرسیار: ئەگەر چیرۆکنووس و چیرۆکێک پێشنیار بکەیت دوای ئەم چاوپێکەوتنە خوێنەران بیخوێننەوە، کام چیرۆکنووس و چ چیرۆکێکە؟

فەرهاد: ئەوە خراپە بکەم، ڕەنگدانەوەی ئەم دەستنیشانکردن و شیرەتپێدانەمان بۆ خوێندنەوەی یەک نووسەر بینی، کە لێکەوتەکەی ئەوە بوو هەندێک نووسەری لەنێو ئەدەبی کوردیدا کردنە بت و وای کرد خوێنەران نەتوانن تێیبپەڕێنن. نەتوانن چێژ لە خوێندنەوەی ئەو سەروەت و خەرمانە مەزنەی ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی کوردی ببینن. ئەگەر کارێکی وەهاش بکەم بەلەبەرچاوگرتنی هیوای ئەوەی هەر کەسێک بیخوێنێتەوە، خوێندنەوەی ئەو ببێتە دەلاقەیەک بە ڕووی دەیان چیرۆکنووسی دیکە، ئەوا دەڵێم: چیخۆف، هەر کام چیرۆکی بێت شایەنی خوێندەوەیە.

پرسیار: سەبارەت بە جیاوازیی ئەم نەوە چیرۆکنووسە نوێیە لەگەڵ نەوەی پێشوو چ قسەیەکت هەیە، ئەگەر بە کورتییش بێت دەتوانی چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی و زەق بۆ ئێمە شی بکەیتەوە؟

فەرهاد: ڕاستی بمانەوێ بە شێوەیەکی زانستی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەیە نەک وەڵامدانەوەکی ڕووت لە پرسیارێکدا، بۆیە ئەوەی من لێرە دەیڵێم ناچێتە نێو ئەم چوارچێوە زانستییە. بەڵام بە پێی خوێندنەوەی خۆم و بەرکەوتنی خوێنەرانەی خۆم وا دەزانم چیرۆکی هونەری کوردی نەوەی پێشووتر بە سەرێکەوە وەک شیعر پابەند بوو بەو دۆخەی کە نەتەوەی ئێمە لە باشوور تێیدا بوو، ناچار بوو ئەمیش شۆڕشگێڕی بێت، یاخود پڕ بێت لە خوازە و ڕەوانبێژی و دەلالەتی مانایی – لەم نەیەوەیەدا ئەمە نییە یاخود کەمتر بەدی دەکرێت. کە نییە مانای ئەوە نییە کێماسییە، هێندەی پەیوەستە بە دراوەکانی سەردەم و ئەو دۆخەی چیرۆکی تێدا دەنووسرێت. دیسانەوە بەو مانایەش نییە کە ئیتر زمان بە تەواوی لە دال و مەدلوول و خوازە و ماناکانی ئەودیوی وشە دابماڵدرێت و ڕووت بکرێتەوە. ئێستا وای لێ هاتووە زمانێکی بێ هەست و فەرهەنگێکی لاواز، ڕووت بە هەر مانایەک لە ماناکان وەری دەگریت کراوەتە زمانی نووسینی باو. دەڵێم باو بۆ ئەوەی مانای ئەوە بدات کە زمانێکی ڕۆژانە و خلیسک و مەسرەفگەرایانەیە، بە بێ ئەوەی لە ماهیەتی زمان بگەن. کتێبی هەندێک نووسەر دەکەیتەوە لە یەکەم پەرەگراف دەڵێی لەسەر ڕوو بەنێو درکەڵاندا ڕات دەکێشن و گرێوگۆڵی زمان ماندووت دەکات وێڕای ئەمە هەر لەگەڵ کردنەوەی کتێبەکە نووسراوە (کۆندۆم، دەسپەڕ، چی و چی… کە نامەوێ بنووسم) هەر دەڵێی بە تەڕی بەر ڕووت دەکەون! پێم وا نییە ئەوەی ناوی لێ نراوە بووێری نووسینی ڕووتی ئەمانە بن. داهێنان و بووێری چۆن بە یەکەوە موتوربە کراون؟ نازانم! دواتر چۆن چەمکی بووێریش لە هەرچی ڕەهەندی دیکەیە بەتاڵ کراوەتەوە و ئەم بێماناییەی تێ ئاخنراوە؟ دیسان نازانم!

لە لایەکی دیکەوە تاوەکو دەیەی هەشتاکان ئێتمۆسفیری چیرۆکی هونەری کوردی گوندی بووە و ڕووداوەکان زۆرجار لە گوند یاخود قەوارەیەکی بچووکی دانیشتواندا دەگوزەرێن – ڕەنگە یەکێک لە باشییەکانی چیرۆکی هونەری کوردیی نەوەی تازەی نووسەران ئەوە بێت چیرۆکیان هێناوەتەوە ناو فەزا ڕاستەقینەکەی خۆی کە شارە. زمان و دالەکانی لەنێوان ئەو دوو نەوەیەدا تاڕاددەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەندێکیان بە باری باشی و هەندێکیشیان بە باری خراپبوون و ناپەرپرسیارێتیدا… زۆر بار و ڕەهەندی دیکە هەن دەکرێ لە دەرفەتێکی تر تایبەت باسیان بکەین.

فەرهاد چۆمانی

یەکەم کتێبی: پەنجەکان شتێک دەڵێن -٢٠١٣

ساڵی ٢٠١٥ وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی «انگشتها چیزی می گویند» – شرارە رووحانی- مشق شب

٢٠١٦ رۆمانی مژاباد- جان دۆست

٢٠١٦ ڕۆمانی قیژە- فەرهاد چۆمانی

٢٠١٧ ژنانی نهۆمە بەرزەکان- کۆمەڵە چیرۆک حەلیم یوسف

٢٠١٨ سەحەر- کۆمەڵە چیرۆک- سەڵاحەدین دەمیرتاش

٢٠١٨ نائارامی- ڕۆمان- زولفو لیڤانەلی

٢٠١٩    ٩٩ موورووی پەرشوبڵاو- ڕۆمان- حەلیم یوسف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *