قاوەی ڕەش.. ئارمینوهی سیسیان

هێشتا دوو کاتژمێر مابوو. گەڕانەوە بۆ ماڵەوە سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، چونێکێ تا دەگەیشتم و پاشان هاتنەوەش کاتێکی زۆرم بەهەدەر دەچوو. لەم نێوەندەدا دەرفەتێکی فرە کەمم بۆ دەڕەخسا، تەنها ماندووبوونەکەییم بۆ دەمایەوە. بڕیارمدا بچم بۆ یەکێک لە کافێکانی ئەو نزیکانە. زۆر کەیفم پێ نایەت بە تەنیا بچم بۆ کافێ، وەلێ لەو بارودۆخەدا باشترین بژاردەبوو. یەکەمینجار بوو سەر بکەم بەو کافێیەدا. مێزەکان زۆر لە نزیک یەکترەوە ڕیزکرابوون و بە هیچ شێوەیەک قەشەنگ و دڵگیر نەدەهاتە پێش چاوم، وەلێ نەچوومە دەرەوە، چونکە یەکەم؛ ئەو دەوروبەرە کافێی دیکەی تیادا هەڵنەکەوتبوو. دووەم؛ لە ڕووم نەهات بگەڕێمەوە دواوە، چونکە ڕاستەوخۆ لە بەرامبەرم گارسۆنێک بە زەردەخەنەیەکی جوان و سەرنجبەرەوە سڵاوی لێ کردم و بە دەستی، هێمای بۆ ناو کافێکە کرد، بەو مانایەی بفەرموون! ڕەنگی ددانەکانیم زۆر بە ڕوونی بینی، سپی سپی بوون، یان ئەگەر وردتر بدوێم، سپیکاریی بۆ کردبوون.
بەڵێ! بە پێی فەرمایشتی گارسۆنەکە یان لە ڕاستیدا ڕەدوکەوتنی زەردەخەنەکەی پێ بە پێ ڕۆیشتم و لەو جێگایەی ئەو پێشنیاری کرد، دانیشتم. هەڵبەت خۆشم زەردەخەنەیەکی ڕەزامەندانەم لەسەر ڕووخسارم نەخشاند و تەلەفۆنەکەم لە جانتاکەم دەرهێنا تاکو نامە تەماشانەکراوەکانی دوێنێ و هەواڵ و پێشهاتە ناوخۆیی و جیهانییەکان بخوێنمەوە. بە پێی ئەو بەرنامەیەی لەو کاتەدا دامڕشتبوو، بە زەحمەت ڕاگەیشتم تاوەکو ئەوەش بخوێنمەوە.

– فنجانێک قاوە!

بەو زەردەخەنەیەی لەسەر ڕووخساری گارسۆنەکە نەخشا، پتر گەشبوومەوە.

– تاڵ یان شیرین؟

گەرەکمبوو بڵێم نە هێندە شیرین وەک زەردەخەنەکەی سەر لێوی تۆ و نە هێندە تاڵ چەشنی ژیان! وەلێ هەر زوو بە زمانێکی سادە بەرسڤم دایەوە:

– با ئاسایی بێت ( نە تاڵ نە شیرین).

گارسۆنەکە زەردەخەکەی کاڵکردەوە و ڕۆیشت. بەڵام بێ گومان دەگەڕایەوە.

نا! بە تەنیا دانیشتن لە کافێدا بەچێژ و لەزەت بەخشیشە، بۆچی تا هەنووکە بە پێچەوانەوە بیرمکردووەتەوە؟ تەنها خۆتیت لەتەک ئەندێشەکانت، نامەکان و خەبەرە تازەکانی دونیا. هەر خودی ئەمانە ماجەرایەک دەسازێنن چ جای ئەوەی کەسێکی دیکەش لەم نێوەندەدا پەیدابێت. ئەو کەسەی دیکە لە ئێستا و وەها بارودۆخێکدا بە تەواوی زیادە دەبێت. من دەڵێم بەم چەشنە چێژبەخشە و ناو بە ناویش شیاوی دووبارەبوونەوەیە.
فەرموون! وا قاوەکەشتان گەیشت. کتومت دڵخوازی منە؛ ڕەش نییە، بەڵکو قاوەیەکی تەواو ڕوونە. سەروەختێک کە لێوەکانم خەریکبوو هێدی هێدی قاوە دڵخوازەکەمیان تام دەکرد، دوو پیاو لە مێزی تەنیشت من نزیکبوونەوە. زۆر نزیکبوون لە منەوە، ئەوەندە نزیکبوون وەک ئەوەی لەسەر یەک مێز دانیشتبین، یان وەک ئەوەی بەرودوام لێ تەنرابێت. بەڵێ… دەتوانرێت چی بکرێت؟ قاوەخانە ماڵێکە بۆ هەموان.
هەمووکات شتەکان بە شێوەیەکی باش و خوازراو ناچن بەڕێوە، هەمیشە وا بیردەکەمەوە کە دەکرا ڕەوشەکە خراپتر بێت لەوەی کە هەیە، بۆیە لە پاشان هەلومەرجەکە قبوڵکراو دەبێت بۆم. لەم بارودۆخە تایبەتەدا لەبەر خۆمەوە مەزەندەم دەکرد؛ دەکرا چی لەمە خراپتر بقەومایە؟ دۆزیمەوە! دەکرا هاتبان و تکایان کردبا لەسەر مێزەکەی من دانیشن یان لە فنجانی قاوەکەی من بخۆنەوە. وەلێ ئەم شتانە لە هەمبەر ئەو گفتانەی کەمێک دواتر ناخۆویستانە بەر گوێم کەوتن، هیچ نەبوون.

– هان؟ چۆنیت؟
– دوێنێ باشتربووم.
– بۆچی؟
– دوێنێ دوو ئەپێندیکسم* هەبوو، وەلێ ئەمڕۆ یەک دانە.
– بڵێم چی؟ من یەک پزدان (منداڵدان)م هەیە.

کپی و بێدەنگییەکی سەرتاسەری. قاوەم دەخواردەوە. تا ڕادەیەک هەناسەی خۆمم ڕاگرت. بە کاوەخۆ سەرم لە مێزی تەنیشت خۆم نزیککردەوە تاکو دڵنیاببمەوە کابرا پیاوە، هەمان ئەو کەسەی کە گوتی من یەک پزدانم هەیە. بەڵێ، خۆیەتی، هاوکات ڕدێنیشی هەیە. نە دەتوانم نامەکان بخوێنمەوە نە خەبەرە تازەکان بەسەربکەمەوە. هەواڵەکان لە بەرامبەر ئەو قسانەی دەیانبیستم شتانێکی گرنگ و ئەوتۆ نین. سەرم پتر لە فنجانی قاوەکە نزیک دەکەمەوە و بەبێ پێڵو لێکنان لە شلی قاوەکە دەڕوانم کە ئێستا تەواو ڕەش دەچێتەوە. بۆنی سیگار هات بەسەرمدا، وام هەست دەکرد کە بۆنەکە لە کەللـەسەری منەوە دەردەچێت.

– بڕوانە. تۆ دەبوو سینگت مووی پێوەبێت.
– چاکم کردووە! دوێنێ.

ئاە! خودایە! وێڕای توانای خۆڕاگرییم لە هەمبەر هەڵچونە سێکسییەکان، واقم وڕمابوو. وەک ئەوەی یەکەم جار بێت لە بوونی ئەوان لەسەر ئەم زەوییە بازنەییە ئاگادار ببنەوە. سەرم پتر بەرەو فنجانی قاوەکە خوار کردەوە. ئەمێستا لەو قاوەیەی کە ڕەش دەچووەوە، سینگی تاشراو و پزدان و ئەندێشەگەلی نامۆی دیکەم دەبینی کە سەرئاوکەوتبوون. چیتر حەوسەڵەم نییە ئەم قاوە تاڵە بخۆمەوە، حاڵم تێک دەدات. کاشکی ئەو کوڕیژگە ددان-سپییە دیسان هاتبا و بەو خەندەیەی سەر لێوەکانییەوە لە تەنیشتم بمابایەوە. لەباتی ئەوە، کەسانی دیکە دێنە ژوورە، کەسانێک کە تەنها یەک ئەندامی سێکسی سروشتی و یەک ئەپێندیکسیان* هەیە، یان ئەو ژنانەی ڕدێنیان نییە، لەگەڵ سینگی تاشراو…

سەدای زەنگی تەلەفۆن دەگاتە گوێ.

– بەڵێ وا خەریکم دێم، دە یان پازدە خولەکی دیکە لەوێ دەبم.

تەلەفۆنەکەی داخستەوە.

– کیسەی زراویان بۆ هێناوم، باشتر وایە من بڕۆم.
– چاوەڕێکە، با حیسابەکە بکەم پێکەوە دەڕۆین.
لە کاتی بڵندبوون، کورسییەکەیان بەر کورسییەکەم کەوت. هەموو جەستەم کەوتە لەرزین.

یەکێکیان هەڵیدایە و وتی: ببورن. وەلێ من ئاوڕیشم نەدایەوە. هێشتا لە ناو هەمان ماجەرادا گینگڵم دەدا. نازانم ئاخۆ بەهۆی قاوەکەوە بوو یان شتێکی دیکە، وەلێ زۆر هەستم بە وەڕسی دەکرد.

گارسۆنەکە دەستبەجێ و بە فڕکانێ خۆی گەیاندە سەر مێزەکە تاکو فنجانی قاوەکان و تەپڵەکەکانی ئەوان لەسەر مێزەکە هەڵبگرێتەوە.

– پێویستتان بە هیچ نییە؟
– تکایە پەرداخێک ئاو، پێئەچێت حاڵم باش نەبێت.
– هەرئێستا. دەشێت بەهۆی دوکەڵی سیگارەوە حاڵتان تێکچووبێت. دوکەڵەکە ڕاستەوخۆ بەرەو لای ئێوەوە دە‌هات. ئەم پزیشکانە هەمیشە بۆ خوردنەوەی قاوە و بە ئاسوودەیی کێشانی سیگار، سەر دەکەن بەم قاوەخانەیەدا. دەڵێن لە شوێنی کارەکانیان ناتوانن سیگار بکێشن. لەم تیمارستانەی تەنیشت قاوەخانەکە.
سەرم وەک قەڵەم بەرزکردەوە، پشتم ڕێک و ڕاست بووەوە. لەو کاتەی گارسۆنەکە بە پەرداخێکی پڕ لە ئاوەوە گەڕایەوە، پتر لە ئەو (گارسۆن)، سەرشاربووم لە خەندە و شادمانی. چەندە ساکارن ئەو شتانەی بۆ دڵخۆشکردنی مرۆڤ پێویستن! بۆ وێنە تیمارستانێکی نزیک لە قاوەخانە و کاری نۆژداری تیایدا.

 

پەراوێز: *Appendix

سەرچاوە: https://nebesht.com

 

[highlight]ئارمینوهی بینجامین سیسیان، لە ١٦-١-١٩٦٨ لە یەریڤان لە ئەرمینیا لە دایک بووە. چیرۆکنووس و شاعیرە، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی ئەرمینیایە. مامۆستایە لە زانکۆی زانستی پزیشکیی یەریڤان.[/highlight]

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *