قوتابخانە.. دۆناڵد بارتێلمی

باشە، هەموو منداڵەکانمان برد کە درەخت بچێنن. لە دواییدا وامان دانا کە ئەم بەشەی بەرنامەی فێرکاریی بێت تا تێبگەن کە ڕەگەکان چۆن کار دەکەن. دەزانیت، هەستی بەرپرسیارییەتی و چاودێری لە شتەکان و بەرپرسیارییەتی تاک دەدوێین. دەزانیت چی دەڵێم. هەموو درەختەکان وشک بوون. درەختی پرتەقاڵ بوون. نازانم بۆ وشک بوون. تەنیا وشک بوون. لەوانەیشە خاکێکی بێکەڵک و هیچی هەبووبێت. لەوانەشە ئەو نەمامانەی هێناومانن لە باشترین جۆرەکان نەبووبن. ناڕەزاییمان دەربڕی. باشە سی منداڵمان بۆ ئەوێ بردبوو. هەر یەکەیان نەمانێکیان هێنابوو تا بینێژن. سی دانە درەختیش وشک بووبوون. منداڵەکانیش هەموویان لە دارە وشکە قاوەییەکەیان دەڕوانیی. خەمهێنەر بوو.

لەوانەیە ئەوەندەش خراپ نەبێت جگە لەوەی کە بەر لە چیرۆکی درەختەکان مارەکانیش مردوون. بەڵام بیر دەکەمەوە کە مارەکان، باشە هۆکاری لەناوچوونی مارەکان ئەمە بوو. ئەگەر بیرت بێت بە هۆی مانگرتنەوە. ئیدی مەنجەڵی بووخار چوار ڕۆژ بێدەنگ بوو. باشە هۆکاری هەبوو. دەکرێت منداڵەکان تێبگەیەنین کە مانگرتن بووە. باوک و دایکی منداڵەکان مۆڵەتییان نەدەدا. ئەوان بەبەردەم مانگرتنەکەدا تێپەڕن. ئەوان دەیانزانی چی ڕوو دەدات و مانای مانگرتن چییە. کاتی کارەکە دووبارە دەستمان پێ کردەوە و مارەکانمان دۆزییەوە، ئەوان زۆر نائارام نەبوون.

باخە سەوزەکان بە هۆی ئاودانی زۆرەوە وشکبوونەوەیەکی زۆری تێدا بەدی دەکرا. هەندێک لەوانە بێئاگا کاتێک هۆشمان نەبوو، ئاوەکەیان بەڕەڵا کردووەتە دێراوەکانەوە، باشە، ڕاستیی نامەوێت ڕووداوەکە بە خراپەکاریی بزانم. ئەگەر چی بە مانای خراپەکاریی بیرمان لێ کردەوە یانی بە خەیاڵماندا هات. هۆیەکەیشی ئەوە بوو کە ڕێک بەر لەوە مشکەکان مردبوون و مشکگەلی سپی و دواتر مارمێلکەکان، ئێستا تێگەیشتوون کە نەدەبوو ئەوانە کە کیسە پلاستیکییەکە ئەملاو ئەولا پێ بکەن.

ئەڵبەتە چاوەڕێمان کرد ماسییەکانی ناوچە گەرمەکە بمرن. سەرسووڕهێنەر نەبوو. هەر چۆنێک سەیرت دەکردن بە پشتا دەکەوتنە سەر ئاوەکە. باشە لە ناو بەرنامە-وانەی ماسییەکانی گەرمەسێریشدا بوو. نەماندەتوانی کارێک بکەین. هەرساڵ هەمان بەرنامەمان هەبوو و دەبوو خێراتر لەوە ئەوە لە کۆڵ بکەینەوە.

تەنانەت مۆڵەتی ئەوەمان نەبوو تولەسەگەکان لەگەڵ خۆمان بهێنین. تەنانەت یەکێکیشیان، هەمان تولەسەگی کە خاتوو موردۆک ڕۆژێکیان لەژێر گەڵابەکەی کریستەیدەدا دۆزییەوە. دەترسا شۆفێرەکە دوای ئەوەی کە بارەکەی دادەگرێت، پانوپلیشی بکاتەوە. خستیە ناو جانتاکەی قوتابخانەیەوە و هێنای بۆ قوتابخانە. تولەسەگ بوو بە هیی ئێمە. سەگەکەم کە بینی وتم سوێند بە خودا گرەو دەکەم کە ئەم ئاژەڵە دە بۆ پانزە ڕۆژ بژی و دواتر. هەر ڕێک بە هەمانشێوە بوو. لە ڕاستیدا نەدەبوو بێتە پۆلەکەوە. سەرئەنجام هەندێک بڕیاریان دا: ناکرێت بە منداڵەکان بڵێین کە سەگیان نەبێت. ئەوان کاتێک سەگیان هەیە، کە لای قاچیاندا ئەمسەروئەوسەر ڕایدەکرد و قروسکەقرووسکی دەکرد. ناویان لێنابوو ئێدگار. ناوی من بوو. سەریان لەدوو دەنا و هاواریان دەکرد: “ئێدگار وەرە وەرە! ئێدگاری جوانکیلە!” هەمووشیانی دەناسی. دواتر هەموویان دەستیان بە پێکەنین دەکرد. ئارەزووی ئەو پلارتێگرتنەیان دەکرد. منیش پێم ناخۆش نەبوو. گرنگ نەبوو بەلامەوە سەر بخەنە سەرم. کولانەیەکی بچکۆلەیان لەلای کۆگای تەنیشت قوتابخانەکەوە بۆ درووست کردبوو. نازانم بۆچی مرد. لەوانەیە تای گرتبێت. لەوانەش ڤاکسینیان لێ نەدابێت. بەرلەوەی کە منداڵەکانم پێی بزانن لەوێ هێنامە دەرەوە. بەیانیەکان بە گشتیی چاوم دەبڕییە کۆگاکە. دەمزانی کارەکە بەمە دەگات. خستمە ئەستۆی کارگوزاری قوتابخانەکە.

دواتریش چیرۆکی ئەو هەتیوە بوو کە سەرپەرشتی ئەومان لە ڕێی بەرنامەی هاوکاریی بۆ منداڵانەوە وەرگرتبوو. هەر یەک لە منداڵەکان مانگانە بیستوپێنچ سەنتیان دەدا. بڕیارمان هەر ئەوە بوو. چیرۆکێکی خەمبارانە بوو. کوڕەکە ناوی “کیم” بوو و ڕەنگە لە دواهەنگاودا ڕەزامەندیمان لەسەر ئەو دابێت. شتێک هاوشێوەی هەموو شتەکان. هۆی مردنەکەی لە نامەیەکدا کە بە ئێمەیان دا ڕانەگەیاندبوو. تەنیا وتیان کە لە جێی ئەو منداڵێکی دیکە وەردەگرین و بارودۆخی ژمارەیەکی دیکەی منداڵەکانیان نارد. ئێمە کە لە ڕاستیدا دڵمان نەدەهات. منداڵەکانی پۆل بابەتەکەیان زۆر بە جدی گرت و وردەوردە بەو ئەنجامە دەگەیشتن کە ڕەنگە قوتابخانەکە ناڕێکیییەکی تێدابێت. من باشتر و خراپتریشم لێ بینیبوو. دوو دانە جەڵتەی دڵ، دوو خۆکوژیی و خنکانێکیشمان لە ناو ئاودا هەبوو و چوار کەس بە ڕووداوی شێلانی ئۆتۆمبێل مردبوون. مردوویەکی جەڵتەی دڵیشمان هەبوو. دایەگەورە و باوەگەورەی زۆریش مردن. ئەمساڵ لەوانەیە ڕووداوەکان قورستریش بووبن. یانی بەمشێوەیە دەهاتنە بەرچاو. سەرئەنجام  کارەسات ڕووی دا.

کارەساتەکە کاتێک هاتە پێش کە “ماسیۆ وەین” و “تۆنی ماڤرۆگۆردۆ” لەو شوێنەی باڵەخانەی فیدڕاڵیی لێ درووست دەکرا، سەرگەرمی یاری بوون. کۆتەرە دارەکانیان لە قوڵاییەکەدا کەڵەکە کردبوو. هەر وا چیرۆکەکە گەیشتبووە دادگا و باوک و دایکی منداڵەکان ڕایانگەیاند کە کۆتەرە دارەکانیان بە ڕێکوپێکی دانەناوە. من لە ڕاستی و ناڕاستیی ئەم چیرۆکە ئاگادار نیم. ساڵێکی نامۆیە.

ڕاستیی بیرم چوو کە ئاماژە بە چیرۆکی بێلی براندت بدەم کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پیاوێکدا لە ماڵەکەی لەگەڵ پیاوێکی دەمامکدار لە ماڵەکەیدا بە کێرد پارچەپارچە بوو.

ڕۆژێک لە پۆلدا قسەمان دەکرد. لێیان پرسیم چی ڕووی داوە. درەختەکان، مارمێلکەکان، ماسیی ناوچە گەرمەکان، تولەسەگ، باوک و دایکەکان، ماسیۆ و تۆنی بۆ کوێ ڕۆیشتن؟ وتم: “من، نازانم. من نازانم” ئەوان وتیان: “کێ دەزانێت؟” وتم: “کەس نازانێت” وتیان: “مەگەر مەرگ مانا بە ژیان دەبەخشێت؟” وتم: “نا ژیانە کە بە ژیان مانا دەدات.” دواتر وتیان: “ئایا مەرگ بەشێکی زانیاریی بنەڕەتیی نییە کە لەو ڕێیەوە ڕۆژبوون بە ئاڕاستەی.. “

وتم: “لەوانەیە بەمشێوەیە بێت.”

وتیان: “ئێمە حەزمان لێی نییە.”

وتم: “ئەوە ڕوونە.”

وتیان: “شەرمەزارکەرە.”

وتم: “با وابێت.”

وتیان: “دەکرێت لەگەڵ هێلین “یاریدەدەری مامۆستا” ئێستا دەستبازیی بکەیت تا ئێمە فێر ببین؟” ئێمە دەزانین تۆ هێلینت خۆشدەوێت.

وتم: “هێلینم خۆشدەوێت بەڵام ئەو کارانە ناکەم.”

وتیان: “ئێمە زۆر شتمان بیستووە بەڵام تا ئێستا نەمانبینیوە.”

وتم: “دەرم دەکەن، ئەم کارە بێ یەکودوو بۆ پیشاندان نییە.”

هێلین لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد.

وتیان: “تکا دەکەین، تکا دەکەین، ئەم کارە بکەن. ئێمە دەترسین پێویستە بە هەر نرخێک بێت پێی بگەین.”

من وتم ئەوان نابێت بترسن، هەرچەند خۆم زۆربەی جار دەترسم. پێم وتن کە بەهاکان لە هەموو شوێنێکن. هێلین هاتە بەردەمم و چەند جار ناوچەوانییم ماچ کرد. منداڵەکان شاگەشکە بوون. لە دەرکەکە درا. دەرکەکەم کردەوە. مشکێکی بیابانیی تازە هاتەژوورەوە. منداڵەکان لە خۆشیدا هاواریان لێ هەستا.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *