پاسەکە بەژێر باراندا دەڕوات، منیش لەناو پاسەکەدام
ئەو ڕۆژە شەمەبوو، دەبوو بڕۆمەوە ماڵەوە، بۆ ئەوەی بتوانم وەک خوێندکارێک بگەم بە دەوام. پێشتر لە سلێمانیەوە گەشتبوومە دەربەندیخان، بەهۆکارێک لە دەربەندیخان لامدابوو. دوا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، لەژێر بارانێکی بەخوڕدا، لە گەراجی دەربەندیخان سەر پاس کەوتم بۆ کەلار. کورسیەکی چۆڵ لە تەنیشت کچێکەوە هەبوو، ئەوە بوو بە جێگەی من. دوو نەفەری تری مابوو، ئەوانیش هاتن و پاسەکە کەوتە ڕێ. پێشتر کتێبێکم دانابوو بۆ ئەوەی لە ڕێگادا بیخوێنمەوە. هەروا بە ناشارەزایی کتێبەکەم هەڵنەبژاردبوو، یەکەمین ژانری دڵخوازی من چیرۆکە، قەبارە و لاپەڕەکانی کتێبەکەش وایکرد من ئەوە هەڵبژێرم.
چیدی نەمدەویست کاتێک لە ئۆتۆمبێلدا دانیشتووم و بەدرێژای ڕێگاکە بێ کارم، پێشبڕکێ لەگەڵ شاخەکاندا بکەم، یانیش هەر جۆرە کارێکی تر، دەمویست بخوێنمەوە. چاکەتێکی درێژم پێبوو، لەسەر دەستم دامنابوو. کتێبەکەشم لەگیرفانی ناوەوەی چاکەتەکە هەڵگرتبوو، چاکەتەکەم لە باوەشمدا دانا. هەر ئەوەنەی پاسەکە لە دەرگای گەراجەکەوە دەرچوو و پێچی کردەوە، دەنگی کەوتنە خوارەوەی شتێک هات، من پێم وا نەبوو هی من بێت.
_واااای، ئەو مۆبایلە کەوتە خوارەوە.
ڕیزێک کچ کە لە دواوەی ئێمە دانیشتبوون، یەکێکیان وای گوت.
دەکرا ئەمانە کارەکتەری سەرەکی بوونایە لەم گێڕانەوەیەدا، چونکە وایانکرد جارێکی تر ئەو کتێبە بخوێنمەوە.
ڕووم وەرگێڕایە دواوە، بینیم کتێبەکەی منە.
کچەکەش کە لەوە دڵنیابووەوە، هەستم دەکرد پێی باشبووە موبایل نەبووە و کتێب بووە. لەوانەیە کتێب زیانی پێنەگات لە کەوتنە خوارەوەیەکی وادا، یاخود بەهەر جۆرێک باشتربێ لە کەوتنە خوارەوەی موبایلێک، بەڵام هەرگیز جوانتر نیە.
ویستی یارمەتیم بدات و بۆم هەڵبگرێتەوە، خۆم خێراتر نووشتامەوە و هەڵمگرتەوە. نازانم بۆ سوپاسم نەکرد، بەڵام ئیتر نەمکرد.
لەبیرم نەچووە کتێبەکەتان پێ بناسێنم، لەبیریشم ناچێت. “مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن” ئەوە ناوی کتێبەکەیە، بەختیاری حەمەسوور نووسیویەتی. کۆمەڵە چیرۆکێکی جوانە.
چاکەتەکە بەم شێوەیە جێگەیەکی زۆری داگیر دەکرد، لەلایەکی ترەوە کەمێک ڕۆشتبوو بە لای کچەکەدا و نەیدەهێشت بەدڵی خۆی دابنیشێت، ئاسوودەی لێ تێکد دەدا. چارێک نەبوو، خۆ پاس ماڵی باوکم نەبوو هەرچۆن بمەوێ هەڵسوکەوت بکەم، چاکەتەکەم لوول کرد و ئاخنیمە جانتاکەمەوە. چش لە جارێکی تر کەویکردن، ئاسوودەی گرنگە.
کچەی تەنیشتم هیدفۆنێکی لە گوێی نا و گۆرانیەکی پێکرد، نازانم چ جۆرە گۆرانیەک بوو، گرنگیش نەبوو بزانم، ئەوەی گرنگبوو دەنگی گۆرانیەکە زۆر بەرزبوو، بەڕادەیەک دەنگەکە دەهاتە دەرەوە. داوای ئەوەشم نەکرد کە دەنگەکە زۆرە و پێویستە کەمی بکاتەوە، خۆی هەستی بەوە کرد و دەنگەکەی کزکرد.
هەر لەسەرەتایی دەستکردن بە خوێندنەوەی کتێبەکە، نا هەر لە سەرەتای خوێندنەوە نا، هەر لەسەرەتایی سەرکەوتن بۆ سەر پاسەکە دەستیانکردبوو بە قسە. ئەمەش سەخت بوو بتوانی بە ئاسانی هاوهەنگاوی چیرۆکەکە بیت، تاکو لە پاسەکەش دابەزین هەر لە قسەکردن نەوەستابوون. گرەو دەکەم دوای دابەزینیش هێشتا بەشی سەفەرێکی دوورو درێژ قسەیان پێ مابوو.
چیرۆکەکە لای منەوە دەستی پێکرد، دەبوو بەهەر جۆرێک بێت خۆم لەگەڵ کەشی خوێندنەوەکەدا بگونجێنم، ژینگەی پاس و کتێبەکە گەلێک لەیەک دووربوون، تاکە شتێک کە هیوام پێ بوو باران بوو، تاکو بتوانم لەگەڵ کەشی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بیگونجێنم. هەر کاتێک بارانەکە خەریکبوو خۆشی دەکردەوە هیوام دەخواست ئەم تاکە هیوام لەدەست نەدەم.
باشە، من بەردەوام بووم. گەیشتمە ئەوەی چیرۆکنووسەکە لە شوێنێکدا دەڵێت:” کەوتنی بینراو، ئازارەکەی دووچەندەیە”. سەری پشت ڕاستکردنەوەم بۆ لەقاند. دەمتوانی تەنها تەرکیز بکەمە سەر ئەو شتە زۆر وردانە، چونکە لێرەدا ژاوەژاو و چەلەحانێ نەیدەهێشت دوور بڕۆم.
ئێستا ئەمتوانی پێبکەنم گەر لەم شوێنە نەبووبام، چونکە باسی پیاوێک دەکات پێڵاوەکانی بۆ گەورەیە، بەڵام پێنەکەنیم.
کاتێک بۆ دووەمجار کتێبەکەم خوێندەوە زانیم،
(من جارێکی تر لە پاسەکەدا، وەک کارەکتەرێکی چیرۆکەکە سەر پاس کەوتبووم، بۆ لەبیرم نەماوە نازانم).
بارانەکە خەریکبوو خۆشی دەکرد، ئەمجارە کۆتا دڵۆپەکانی ئەو ڕۆژە دەباری و بەر جامی پاسەکە دەکەوە. کچەکان جار جار پێدەکەنین و خوێندنەوەم دەپچڕا، هەر ئەوەش نا کوڕەکانی دوای دواوە، ئەوانیش هاتنە قسە. خەریکبوو دەگەشتین، چەن لاپەڕە لە کتێبەکە مابوو، دامخست و هەڵمگرت. دە بۆخۆتان هەر قسە بکەن.
ئەمڕۆ جارێکی تر ئەو کتێبەم هەڵگرتەوە، ئەو خوێندنەوەی پێشووم پێ باش نەبوو، جارێکی تر خوێندمەوە. زۆر لەسەری ناڕۆم، چێژێکی زۆرم لێبرد و ئەمجارە دەمتوانی کارەکتەرێکی باشبم بۆ چیرۆکەکە.