لە ئاوكردن… ئەلیف شەفەق

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف 

 هەفتەیەك دوای بۆنەی شەوی سەری ساڵ بوو، تەلەكانی گلۆپە رازاوەكان هەر بەسەر درەختەكاندا شۆڕبوو بوونەوە و دەجوڵانەوە، ئەستێرە زیوینەكانیش پەنجەرەكانیان رازاندبووەوە، كاتێك ئەوان باڵندە مردووەكانیان دۆزییەوە. دەیان، یەكەمجار. پاشان زۆرتر. كۆی گشتی چوار هەزار و شەش سەت و بیست و هەشت بوو. چۆلەكەی حەفت رەنگلیە، چۆلەكەی رەنگ سەوز و چۆلەكە دەنگخۆشە جۆر بەجۆرەكانی تر- ئەو كۆچەرییانەی مەودایەكی دوور و درێژ دەبڕن بە سینگە ناسك و ژەنگیینەكانیان و چڕینی ئاوازە بەرزەكانیانەوە، وا لە ناكاو كۆتایی بە تەواوكردنی گەشتەكەیان هێنراوە.

 ئەفسەرە سلۆڤانییەكە كە باڵندە مردووەكانی دۆزیبووەوە، پیاوێكی ورد بە چاوە قاوەیییە كاڵەكانی و قژە ماش و برنجییەكەی. ناوی ماركۆ بوو. ئەو بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبوو لەو پۆستەی كاری دەكرد، ئەم سنوورە چیدیكە سنوورێكی راستەقینە نەمابوو، تەنها ئەنجامدانی چەند رێوشوێنێكی رووكەشیانە بوو بۆ كاغەز و پرۆتۆكۆل، بەڵام لە ئەوروپا تۆ هەرگیز نازانیت داهاتوو چی لە هەگبەی دایە- رێی تێدەچی سەرلەنوێ سنوورە كۆنەكان وێنەیان بكێشرێنەوە، دەكرێ سنوورە نوێییەكان بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو هەڵبگیردرێن؛ ئەو هەمیشە وای دەڕوانی، چونكە لەم كیشوەرە رابردوو هەر بەتەنها رابردوو نەبوو. لەم ئاواییە، مێژوو لەو خزم و كەسە بێزاركەرە دەچێت كە تۆ دەتوانیت سەردانی نەكەیت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت بەتەواوی دەستبەرداری بیت.

توانای بینینی چاوەكانی بەم دواییە تێكچوو بوو، كە لای كەس باسی نەكردبوو. نە لەلای هاوپیشەكانی، نە لەلای هاوژینەكەی. ئەو كێشەی لە خوێندنەوەی ژمارەی تابلۆی ئوتومبێلەكان نەبوو كە دەهاتن و دەڕۆیشتن؛ ئەوە مەودا كورتەكان بوون كە بینایی چاوەكانی ئەویان شەكەت كردبوو. بەمەش كاتێك یەكەمجار جەستە بێ گیانە بچووكەكانی بینی، كە بەسەریەكدا ریزكرابوون، هەر وایزانی یاری ئاگرین و شتگەلی رازێنەرەوەن.

ئەو رۆژگارێكی زۆر دوور بەر لە ئەمڕۆ دەستی بەسەر شت و مەكێكی قاچاخی هاوشێوەی ئەمەدا گرتبوو، ئەو كاتەی كە تەواو گەنج بوو بەشێوەیەك باوەڕی بەوە هەبوو كە دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گۆڕینی جیهان. لەناوەوەی قەفەسێكی داردا، ئەو كۆمەڵێك یەخەبەندیی ئەنتیكی و هێلكەی فابێرجێی دۆزیبوو بووەوە، زۆر بەجوانی لە چەند جێیەكی ناو قەفەسەكە رێكخرابوون، چەشنی گوڵە ئەستێرەكان لەنێو تاریكیدا شەوقیان دەدایەوە. ئەوە هەر زوو بەدەركەوت كە ئەو شتانە هی ژنی فەرمانڕەوایەكی ئاسیای ناوەڕاست بوون، فەرمانڕەوایەك خاوەنی ناو و ناوبانگێكی خراپ بوو بەهۆی زیندانیكردنی ئەو ركابەرانەی كە جێی چاویان تێدا هەبووایە، هەروەها بەهۆی بێدەنگكردنی میدیا و تێكشكاندن و راماڵینی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە رۆژئاوا پاداشت دەكرا لەبەرئەوەی هاوپەیمانێكی دڵسۆزی خۆیان بوو. دۆسییەكە دوابەدوای كرانەوەی هەر زوو داخرابووەوە. ماركۆ نە پاداشت كرا نە سزا درا، ئەمەش رەنگە دیوە هەرە نائومێد و پەستكەرەكەی تەواوی بەسەرهاتەكە بێت، ئەویش گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە تۆ كاری خۆت بە باشی بكەیت یان نا، شتەكان زۆر و كەم وەك خۆیان دەمێننەوە.

  بەمەش پێنج ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، دوا بەدوای تووشبوون بە جەڵتەی دڵ كە لاواز و بێ تاقەتی كردبوو، ئەو رەوانەی ئەم وێستگەیە كرابوو لەسەر سنووری نێوان سلۆڤێنیا و ئیتالیا. ئیشێكی ئاسانتر، ئەوهای پێ گوترابوو. كارێك كە قورساییەكی زۆری نەدەخستە سەر دڵی. ئەو دەیزانی ئەوە مانای چییە: ئەو هێدی هێدی ناچار بەوە دەكرا خانەنشین ببێت. ئەو رەنگە ئەوەی بەدڵ نەبوو بێت، ئەو تەنانەت بوو بووە نیوەی ئەو مرۆڤە جارانی خۆی، بەڵام چیدیكە نە ئەو كاتەی هەبوو بۆئەوەی توڕە ببێت نە ئەو وزەیەشی هەبوو. وەك زۆر شتی دیكەی نێو ژیان، توڕەبوونیش هونەر بوو. بۆئەوەی تێیدا باشتر ببیت، تۆ دەبووایە بەردەوام بووبایت لەسەر راهێنان و پراكتیكردنیدا.

بەدەر لەمەش، ئەو كچێكی هەبوو. سوزانا. تاكە منداڵی. بینایی چاوەكانی. خۆی و ژنەكەی حەزیان كردبوو كە منداڵی زیاتریان هەبێت بەڵام ئەو خۆزگەیان سەری نەگرتبوو. خۆشەبەختانە خەڵك وازیان لە پرسیارەكانیان هێنابوو، ئەمەش تاكە شتێكی باشی چوونە ناو تەمەنە. ئەو كاتە هیچ كەس چیدیكە حەزی زانینی ژیانی سێكسیت نابێت. وا بەباشتر دەزانن كە پێیانوابێت كە تۆ نەتبووە. سوزانا لە لەندەن دەژیا. خوێندكارێكی كۆلێژی ئیمپێریال. ماركۆ حەزی دەكرد بەدەنگێكی بەرز وا بڵێت و لە هەر دەرفەتێكدا زۆر باسی دەكرد. “كچەكەم وا لە ئینگلاند دەخوێنێت” ئەو ئەمەی بە هاوڕێیەكانی و كەسانی بێگانەش دەگوت. ” ئای لەو كچە زیرەكە!”

ئەو چاوەڕێی ئەوانی دەكرد پرسیاری لێ بكەن. ئینجا ئەوان پرسیاریان ئاراستە بكردبووایە یان نا، ئەو تێی هەڵدەداێی “سوزاناكەم لە كۆلیژی پزیشكییە. بەڵێ، بەڕێزم، ئەو لەوێیە”

ئەو قسانەی چەند بە شیرینی دەهاتە سەر زمانی. ئیمپێریال…پزیشكیی…لەندەن…لەو وێنانەی كە ئەو رەوانەی ماڵەوەی دەكردەوە، سوزانا لە پێش دیوارە كەرپووچیەكان یان گوڵەكانی نێو باخچەكان بزەیەكی خستبووە سەر لێوەكانی و هەندێكجاریش وێنە دەمبەخەندەكانی لە شەقامێكی چۆل لەگەڵ گروپێك لە هاوڕێیەكانی چركاندبوو. ئەوەندە شانازی بەو چركاندنانە دەكرد نەبێتەوە، بەڵام ماركۆ هێشتا حەزی دەكرد سوزانا بۆ چركاندنی وێنەكانی لە تەنیشت بیگ بێن یان پردی تاوەر یان پالاسی شاژن یان لانی كەم لە كن پاسێكی دوو قاتی سوور رابوەستابووایە. سیمبولگەلێكی پتەو و روون و ئاشكرا كە ئەو دەیتوانی پیشانی ئەوانی تری بدات.

بەمەش كاتێك كاروانی بوخارستی رووەو لەندەن نزیك نیوەی شەو گەیشتە ئەم وێستگە سنوورییە، ماركۆ یەكڕاست هەڵسایەوە سەر پێ، لە ئامادەباشی بۆ پشكنینی باری پاسەكە بەڵام هەروەها قسەكردنیش لەگەڵ شوفێرەكە، كە رەنگە ئاشنای ژیانی نێو شانشینە یەكگرتووەكان UK بێت.

لەژێر روناكییە كزەكەی گلۆپی شەقامەكە، ماركۆ بەپێ رووەو پاسە رەنگ سەوزە خاكیباوەكەدا رۆیشت، بۆ خوێندنەوەی روخساری موسافیرەكان. رەنگ زەرد، ماندوو، خەواڵوو، هەریەكەیان لەنێو جیهانە دابڕاوەكەی خۆیدا بوو. پیاوەكان لە چێشتخانەكان، هۆتێلەكان، وشككەرەوەی جل و بەرگ ئیش دەكەن. ژمارەیەكی كەمیان كریكاری بیناسازیین. ژنەكانیش، هەروا. ئیشی بەردەستی لە چێشتخانەكان، ئیش و کاری ناوماڵ و ئاگادار بوون منداڵ لەبەرامبەر بەدەستهێنانی شوێنی حەوانەوە و خواردن (نان و سك)، سەماكەری باڕ و یانەی شەوان دەكرد.

 ئەو ژنانەی فێری ئەوە بوو بوون كە لەسەر جیاوازییەكانی نێوانیان یەخەی یەكتری نەگرن و بەسەر یەكتریدا نەڕۆن، ژنانێك كە قسەی قۆڕ و بێ مانایان لە كەس قبوڵ نەدەكرد، ئەو ژنانەی كە منداڵەكانیان، كە هەندێكیان هەر ساوا بوون، بە دراوسێیەكانیان یان كەس و كارە بەتەمەنەكانیان سپاردبوو، بەپێدانی بەڵێنی ئەوەی كە هەموو مانگێك پارەیان بۆ رەوانە دەكەن؛ ئەو ژنانەی كە دڵەكانیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتبوو. هەر هەموو نەفەرەكانی ناو پاسەكە نەدەچوونە ئینگلاند. ژمارەیەكی زۆریان لەرێگا لە وێستگە جیاجیاكانی وەستان دادەبەزین. بەم چەشنە دەكرێ ئەوروپا بچووك یان گەورە بێت. سەماكەرێكی یانەیەكی شەوانە دەكرێ لە شەوێكدا لە ئەڵمانیا 400 یۆرۆ بەدەستبهێنێت، سەرباری ئەوەی هەندێ لە شەوەكان تووشتر و دڵڕەقانەتر بوو لەوانی تر. سەماكەرەكە بەو پارەیە دەیتوانی پێداویستییەكانی نیو دەرزەن لە كەس و كاری – دایك و باوك، خوشك و برا، كوڕی برا و خوشكەكانی دابین بكات. هەر یەك لەم موسافیرانە پشتیوانی تەواوی حەشامەتێك لە خەڵكیان دەكرد.

لە دواوەی پاسەكە ماركۆ سەرنجی كەوتە سەر گەنجێك، ژنێكی باریك، پرچە رەنگ قاوەییە سوورباوەكەی جوان و دڵگیرانە لەسەرەوەی سەری كردبووە كەزی. كچەكە دەبوو تەمەنی هەر نزیك تەمەنی سوزانا بوو بێت. لەوانەیە ئەویش خوێندكار بوو بێت، ماركۆ وای بیركردەوە، هەرچەندە دەشیزانی كە چەند زەحمەتە ئەمە رێی تێبچێت. ئەمەش شتێكە پێنەدەچوو سوزانا دركی پێكردبێت. بەوەی ئەو بەخت یاوەری بوو.

یەكشەممەی رابردوو كاتێك كچەكەی تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە كرد، هەروەك هەر كۆتایی هەفتەیەك تەلەفۆنی دەكرد، دەنگی پەشۆكاو دەركەوتبوو بوو. ئەو گوتی كە دۆخەكە قورسترە لەوەی ئەو بیری لێكردبووەوە. لەندەن خەرجی زۆر گران بوو، زیاتری دەویست.  

“لەوانەیە پێویست بەوە بكات بگەڕێمەوە. من دەزانم پارەكە بەش ناكات، باوكە. بیستم كە خەناوكەی دابیپرەت فرۆشتووە”  

وچانێكی درێژ بوو ئەو كاتەی لەوە دەچوو هیچ یەكێكیان توانای وتنی وشەیەكیشی نەبوو بێت. بەمەش ئەو بەمیهرەبانییەوە ئەوەی خستە سەر قسەكانی ( باوكە، من نامەوێ ببمە بارگرانی بەسەر تۆوە) 

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ماركۆی زۆر پەست كردبوو بەڕادەیەك كە ئەو هێشتا هەستی بەو كرژبوونەی نێو سینگی دەكرد كاتێك لە ئێستادا بیری لێدەكردەوە. ئاخر چۆن دەكرێ سوزانا ببێتە بارگرانی؟ روناكایی ژیانی ئەو. بەڵێ، ئەو دڵگران بوو بەوەی كە دەبوو ملوانكەكە بفرۆشرێت. ملوانكەكە لە شوێنی خۆیدا هی داپیرە گەورەی ژنەكەی بوو، كە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەی دواتر لە شەوانی ئاهەنگی چوونە نێو ژیانی هاوسەری دەگوازرایەوە.

ئەو دەیزانی ژنەكەی دڵی شكابوو بەوەی كە ئەو ملوانكەكەی وەك گەرەنتییەك بۆ ئەو كابرایە بردبوو كە پارەی بەقەرز لێوەرگرتبوو، بەمەش ژنەكەی هەرگیز بەتەواوی لێی نابورێت. ملوانكەكە شتێكی جوان بوو، سەرە خەناوكەیەك كە ماركۆ هاوشێوەكەی هەرگیز لە ژیانیدا نەیدیتبوو. پەپوولەیەكی قنگ باریك بە جەستەیەكی شینی یاقووتی، چاوە ئەڵماسی و باڵە سەوزە شینكارەكانی بەشێوەیەك جوان و ناسكە كە تۆ تاڕادەیەك چاوەڕوانی لە زیندەوەرەكە دەكەیت لە پێش چاوت بفڕێتە هەوا و گیزە گیزی لێوەبێت. میراتێكی ماڵباتیی كە لە دەست كۆمەڵكوژیی، ئەوجێ ئەوجێكردن، جەنگە جیهانییەكان، نازییەكان، برسێتی، هەژاریی رزگاری بوو بوو…كەچی ئێستا چیدیكە هی ئەوان نەمابوو.  

بەڵام سوزانا پێویست ناكات هیچ كام لەمانە كاری لێ بكات و بێ تاقەتی بكات. ئایا ئەو دركی بەوە نەكرد بەوەی كاری پزیشكیی ئەركی سەرشانی ئەوە لە ژیان، بەوەی ئەو جیاوازە لە دایك و باوكی، رووەو شتێك هەنگاودەنێت كە گەورەتر و باشترە لەوەی كە خەڵكی گوندەكەی یان موسافیرەكانی نێو پاسەكە روویان تێكردووە؟ رۆژێك دادێت- ئەوەندەش دوور نییە- سوزانا چارەسەری بۆ پەتایەك یان جەڵتەی دڵ یانیش شێرپەنجە دەدۆزێتەوە. ناوی لەنێو كتێبەكانی قوتابخانە دەنووسرێت، لەنیو رۆژنامەكاندا ئاماژەی پێدەكرێت، لەنێو وانەبێژییەكاندا رێزی لێدەنرێت. كاتێكیش ئەو رۆژە دێت، ماركۆ دەزانێت كە مەسەلەكە ئەوەی دەهێنا، هەموو ئەو ئیشە قورسانەی خۆی كردی، هەروەها هەموو ئەو ئیشانەی كە ژنەكەیشی كردی، هەروەها ئەو هەستكردنە بە خۆشییەی كە ماوەیەكی زۆر بوو نەیبوو لەنێو رۆحیدا گڕدەگرێت لە شێوەی یارییە ئاگرینەكان بەرامبەر تاریكی ئاسمان، ئەڵماسی رەونەقدار، بەردی بەنرخی رەونەقدار، یاقوت.

كاتێك ماركۆ سەركەوتە نێو پاسەكە ئەو هەستی بە بۆنێك لەنێو هەواكە كرد- بۆنی هێلكەی كوڵاو و گۆشتی بەراز، بنێشت و كەلەرم؛ بۆنێك ئەو تەنها دەیزانی بۆنێكی قورسە. سەفەركردن لە بوخارستەوە بۆ لەندەن 44 كاتژمێری دەخایەند. ئەمەش ئەوە بوو كە كۆمپانیاكان لەسەر ماڵپەڕەكانیان رایاندەگەیاند. لە راستیدا ماوەی سەفەرەكە زۆرتری پێدەچوو، لەسەر رێگاكە، كەش و هەوا و پێشهاتەكانی سەر سنوورەكان دەوەستا. هەندێكجار موسافیرەكان لەنێو خۆیاندا پارەیان كۆدەكردەوە بۆئەوەی بیدەنە بەرپرسەكان. بەرتیلدان، هەرچەندە وەك جاران ئەوها ئاسان نەبوو، بەڵام شتێكی ناباویش نەبوو. هەموو ئەم ساڵانە ماركۆ هەرگیز رازی نەبوو بوو بەرتیل وەربگرێت بەڵام ئەو دەیزانی كە هاوپیشەكانی، بەتایبەتی گەنجەكان، بەشێوەیەكی جیاواز لەو ئەو بیریان دەكردەوە.

“كەواتە تۆ بەنیازی بۆ ماوەیەك لە لەندەن بمێنیتەوە؟ ماركۆ پرسیاری لە شوفێرەكە كرد. ” پیاوێكی بەخت یاوەرتە. سوزانای كچم لەوێیە. ئەو لە كۆلێژی ئیمپێریال دەخوێنێت”

شوفێرەكە- پیاوێكی سەر رووتاوەی تێكچەقی بوو لە پەنجاكانی تەمەنیدا بوو- جغارەكەی داگیرساند و مژێكی قووڵی لێدا . شوفێرەكە بە سەرلەقاندنێكی بەئاستەمی بێ نەزاكەتانەوە وەڵامی دایەوە كە ئەوەی پیشان دا ئەو بەهیچ شێوەیەك ئەو بابەتەی بەلاوە گرنگ نییە یان ئارەزووی گفتوگۆیەكی كورتخایەنیشی نییە. ماركۆ هەوڵیدا هەست بە سوكایەتی پێكردن نەكات.

كاتێك سندوقی پاسەكە كرایەوە ماركۆ لە كنە خۆی وایدانابوو كە لە بە چاولێكردنێكی روكەشیانەی جانتا گەورە كەڵەكەبووەكان زیاتر هیچی تر نەكات. ئەو بەخێرایی تەماشایەكی كاغەزەكانی شوفێرەكە دەكات تاوەكو لە راستی و دروستیان دڵنیاببێتەوە و دواتر پاسەكە دەتوانێت رێگەی خۆی بگرێتەوە بەر، موسافیرەكان دەگەڕێنەوە نێو خەوە پچڕ پچڕەكانی خۆیان، یەك دوای یەك.  

شتێك رایگرت. هەستێكی سەیر لەنێو هەناوی. هەستكردنێك بە هۆشداری دان. 

ئەو بەگومانەوە لە جانتای شت و مەكەكان وردبووەوە. جاری وا هەیە ئەوان زانیارییان پێدەگات بەڵام ئەمجارەیان نا. هیچ شتێكی بە بەرگوێی نەكەوتبوو. هیچ هۆكارێكی روون و ئاشكرا لە ئارادا نەبوو تاوەكو وای لێبكات چاوی بكەوێتە سەر جانتایەكی قاوەیی چەرمینی گەورە و داوا بكات بیهێننە دەرەوە. بەڵام وایكرد. دڵی خێرا لێی دەدا وەكو ئەوەی بتوانێت شتێك ببینێت كە چاوەكانی نەیاندەتوانی بیبینن. ئەو هەنگاویك چووە پێشەوە، بە لەخۆوەزانین ئاراستەكرا هەستێك كە هێشتا نەمردبوو.   

ئەمە بكەوە

شوفێرەكە دوو دووكەڵی درێژی جغارەی لەنێو كونە لوتەكانییەوە هێنایەوە. ئەو شڵەژانی پێوە دیاربوو بەڵام تەنها چەند چركەساتێك بوو. بەهێمنی، بەهێواشی، ئەوەی كرد كە وتی. لە یەكەم نیگاتێگرتندا هیچ شتێكی نائاسایی لەنێو جانتاكەدا نەبوو. كراس و بلوزەكان. هەموویان بەرێك و پێكی لەسەریەك دەقكرابوون. لەوانەیە كەمێك زیاد لە پێویست بەشێوەیەكی رێك و پێك لەسەر یەك دانرابن.  

“دەتوانم ئێستا دایبخەمەوە؟” شوفێرەكە داوای كرد، پەشۆكاوییەك بەدەنگییەوە دیار بوو. 

بەڵام ماركۆ پێشوەختە دەستەوانەكەی لە دەست كردبوو. بەمەش زۆری نەدەبرد بۆئەوەی چاوە نهێنییەكەی نێو جانتایەكە بدۆزێتەوە. ئەمەش ئەو شوێنە بوو كە چۆلەكەكانی تێدا بوو. بەهۆی دارە بەكەتیرە سواغدراوەكان و تۆڕە تەمومژاوییەكانەوە گیرابوون، ئەوان بەدەم ئازارچەشتنەوە مردبوو بوون، بەتەڵەوەبوون و داهێزران و بڕست لێبڕانەوە، لە چاوەڕوانی دا دەبن هەتاوەكو هەر چاوەڕوانی دەمێنێتەوە. 

ماركۆ چۆلەكەیەكی جۆری فیڕنەگولەی هەڵگرت، سەراوژێر چەسپی كرد، و دەستی لە دەنووكی دا، كرابووەوە وەكو ئەوەی لەنیوەی رێگادا بێت بۆ چڕینی دوایین ئاوازیی. لەبەرئەوە ئەمە ئەوە بوو كە پێیان دەوت “خواردنە خۆش و نایابەكە”. لە هەردوو چێشتخانە سەرنجڕاكێش و چڵكنەكان بەیەكەوە بەدەست دەكەوت. بای ئەوەندە خەڵكانێكیش هەبوون كە ئامادەبوون پارەی زیاتر بۆ ژەمە خواردنێكی بەتام و چێژ بدەن كە هەردەم بەدەگمەن لە لیستی خواردنەكان دەنووسرا و تەنیا بۆ زەبوونە تایبەتەكان هەڵدەگیردرا. ساڵانە ملیۆنان بولبول و چۆلەكە دەنگخۆشەكان بەگشتی دەكوژرێن. بازاڕی رەش بۆ ئەمە هەیە، بازاڕێك بەخێرایی لە گەشەسەندن دایە.

گروپە مافیاكان هەر قازانجی بێ شوماری خۆیان دە كەن هەتا ئەو شوێنەی مەعمیلەكانەكانی چێشتخانەكان نەپرسن لەوەی ئەو خواردنەی نێو قاپەكانی بەردەمیان لە كوێوە هاتووە. چۆلەكە-كوشتنیش لایەنی گەشتیاریی خۆی هەیە، هەرچەندە كارێكی ناقانونییە. راوچییەكان لە فەیسبوك چاویان بەیەكتری دەكەوێت و یەكتری دەناسن، لە وەتسئاپ پەیوەندیی لەگەڵ یەكتری دەكەن، لەڕێی فڕۆكەوە بە گروپ دەچنە قوبرس، ماڵتا و رۆمانیا، ئەو وڵاتانەی كە شوێنی بەیەكگەیشتنی رێگای باڵندە كۆچەرییەكانن. راوچییەكان بە جانتا بەتاڵەكانیانەوە گەشت دەكەن، ئەو جانتایانەی زوو پڕ دەبێت لە تەرمە بچووكەكان. لەكاتی گەیشتنیان چەك و چەكە ئۆتۆماتیكی و تەقەمەنیەكانیان بۆ ئامادە دەكراوە، لەنێویاندا پاكێجی گەشتەكانیان هەیە. دەرچەگەلێك لەنێو یاساكاندا هەیە كە هیچ كەسێك بەلایەوە گرنگ نییە، جیاوازییەكان لە یاسا و رێساكان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر؛ هەروەها بەڕاستی، ئەم رۆژانە جیهان بە مەسەلەگەلێكی ئێجگار زۆرەوە سەرقاڵە كە تاریک و خەمناكن- بەشێوەیەك كێ كاتی ئەوەی هەیە یان خاوەنی بیركردنەوەیەكی ئازادە تاوەكو تیشكبخاتە سەر مردنی چەند چۆلەكەیەك؟  

” ئحم، ئەفسەر…دەتوانین قسە بكەین؟”شوفێرەكە پرسیاری كرد، بە ئارەزووكردنی لە خۆنزیككردنەوە لێی. زەردەخەنەكەی بەزۆرلەخۆكردن بوو. پاكتە زیویینیەكەی دەرهێنا و جگەرەیەكی پێشكەش بە ماركۆ كرد. 

ماركۆ سەری خۆی بادا. ” نا، سوپاس. شتێك نییە قسەی لەسەر بكەین. من دەمەوێت تۆ هەموو جانتایەكان بكەیتەوە.” 

“بەڵام ئەمە دوامان دەخات. زۆریش. تكایە ئەوە مەكەن. تەماشاكە، ئەم خەڵكە چاوپێكەوتنیان بۆ وەرگرتن لە ئیش هەیە. بەزەییەكت پێیاندابێتەوە. ئەوان ئەگەر لە كاتی خۆیدا نەگەنە ئەوێ ئەوا ئیشەكانیان لە دەست دەدەن.”

“بیانكەوە!”

لە چەند خولەكێكی كەمدا تۆپەڵی جانتاكان لەسەر شۆستەكە بەرزبوووە، بەناڕێكی بەسەریەكدا كەڵەكەكران. موسافیرەكان، شێوەی مەڕەكان لە كاتی گەردەلول و گێژاودا، لە كن یەكتری خڕبوونەوە و سەریان پێكەوە، لەسەر شۆستەكە ریزیان بەست، بەچاوی نائارامییەوە تەماشای دیمەنەكەیان دەكرد. هەر جارەی كە جانتایەك دەستنیشان دەكرا، خاوەنەكەی دەهاتە پێشەوە و دواتر بەهەلەكەسەما دەگەڕایەوە دواوە. هەندێك لە جانتاكان وەكو جەستە مۆمیاكراوەكان لە پلاستیك پێچرابوون و ئەمانە دەبوو بە مقسەت ببڕدرێن و بكرێنەوە. خاوەنەكانیان بەهیچ شێوەیەك بەمە خۆشحاڵ نەبوون، لەژێر لێوەوە هەر پرتە و بۆڵەیان بوو، لەپێش خۆیانەوە جنێویان دەدا. شت و مەكە كەسییەكانیش هێنرانە دەرەوە- وێنەی كەسە خۆشەویستەكانیان، یادگارییەكانی خێزانیی، خواردنی نێو سفرتاس، چاوەزار و شتە سیحرئامێزەكان، شۆرتی ژێرەوەی بەنەقش و نیگار و گۆڤارە پۆڕنەكان.

دواتریش چۆلەكە دەنگخۆشەكان. سەدان و سەدانیان.

دوای چەندین ساڵ لەم جۆرە كاركردنە، ماركۆ گەیشتبووە ئەو باوەڕەی كە ئەو خەڵكانەی سنوورەكان دەبڕن سەرباری ئاستەنگیە گەورەكان و شیمانەیەكی زۆری شكستهێنانیان ئارەزوویەكی بەهێز و نهێنیان تێدایە لەوەی ئەوانیش وەكو باڵندەكان بن- ئازاد، بێ كۆت و بەند. ئەگەر ئەمە راست بێت، كەواتە ئەی چی لەبارەی ئەو خەڵكانەی كە باڵندەكان دەكوژن تەنها لەبەرئەوەی كە دەتوانن وا بكەن؟ ئەوانە دەخوازن ببنە چی؟  

“باشە. ئێمە لێرە كێشەیەكمان هەیە. ئەم جانتایانە هی كێن؟”

“گەورەم، من نازانم.”شوفێرەكە چاوەكانی سوڕاند. “سەیركە، من لەگەڵ شت و مەكی دیكەوە سەرقاڵم. خەڵك هەندێكجار جانتاكانیان لەنێو سندوقەكە دادەنێن. ئەگەریش لێرە نین، ئەوە كەواتە لێرە نین. من چۆن دەتوانم بەردەوام چاوم لەسەر هەموو كەسێك بێت؟” 

ماركۆ لە شوێنی خۆی بە راوەستان مایەوە، لێوی خوارەوەی خۆی دەگەست. ئەو دەیزانی كە پیاوەكە هەرگیز پەیوەندییەكانی ئاشكرا ناكات. بەڵام ئەو دەشیزانی كە نامەبەرەكە لەناو پاسەكە دایە، یەك لە موسافیرەكانە، رەنگە ژنە گەنجەكە بێت بەو زەردەخەنە پاك و بێ بەرییانەی كە هەیبوو. دەكرێ هەر كەسێكی تر بێت. كاری سەرەكی ئەو كەسە ئەوە بوو كە دڵنیاببێتەوە لەوەی جانتاكان بەبێ كێشە گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست. هەموو شتەكان بەجوانی بەدوای یەكدا رێكخراون. هەر كەسێك ئەم چۆلەكانەی لەنێو ئەم سندوقەدا دانابێت ئەوە راوچییەكی تاك و تەنها نییە بەڵكو بەشێكە لە تۆڕێك. ماركۆ دەیتوانی هەڕەشەی هێشتنەوەی موسافیرەكان لەوێ بۆ ماوەیەك بكات و هەوڵبدات زۆریان لێبكات تاوەكو قسە بكەن، بەڵام ئەو چاوەڕوانییەكی زۆری لە گرتنەبەری ئەو جۆرە شێواز و رێگایە نەبوو. هیچ كەسێك نایەوێت خۆی تووشی سەرئێشە و گێژاو بكات لەگەڵ ئەو گروپە مافیایانەی لەنێو خاكی یەكێتی ئەوروپا چۆلەكە دەنگخۆشەكان دەكوژن.  

“گەورەم…،” شوفێرەكە وای وت، چینێك لە ئارەقە لەسەر نێوچەوانی شێوەی گرت. “من داوای لێبوردن دەكەم بۆ ئەم ناڕەحەتییە. من دڵنیات دەكەمەوە كە ئەمە جارێكی تر روونادات. تكایە، بۆ بەتەنگەوەهاتنتان.”

پیاوەكە زەرفێكی دروستكرد و لەسەرخۆ و بەئەسپایی پاڵیپێوەنا بۆ ناو دەستی ماركۆ.  

ماركۆ هەناسەی خۆی راگرت، هەستی بە قورسایی پارەكە كرد لەنێو لەپی دەستی. ئەو بیری لە سوزانا كردەوە. ئیمپێریال…خوێندنی پزیشكیی…لەندەن…زەردەخەنەكانی سوزانا لەنێو وێنەكان دا، هەندێك گەورەتر لە تەمەنی ئەو دەیاننواند. من نامەوێ ببمە بارگرانی بەسەر تۆوە.

ئەو بیری لە ژنەكەی كردەوە. ئەوان هەردووكیان زۆر گەنج بوون ئەوكاتەی كە هاوسەرگیرییان كرد، ئەوەش بۆ ئەوان ماوەیەكی تەواوی پێچوو تاوەكو هەریەكەیان توانی رەفتار و مامەڵەكردنە زبر و توندەكانی ئەویتر نەهێڵێت. ئێستا زۆر درەنگە بۆ خۆشەویستی، بەڵام ئەگەری ژیانێكی ئاسوودەتر لە بەردەمیاندا لە ئارادایە. 

لەناكاو ئەو لەخۆی پەست بوو. بۆچی ئەم هاوسۆزبوونە بەرامبەر بە باڵندەكان لەكاتێكدا ئێش و ئازار و چەرمەسەری و نادادپەروەرییەكی زۆر لە هەموو شوێنێك لە ئارادا بێت؟ بۆچی دەبێ ئەو، ئەفسەرێك لە وێستگەیەكی سنووریی مردوو، خۆی ناڕەحەت و بێ تاقەت بكات؟ بێگومان ئەو خەمناكە بۆ باڵندە دەنگخۆشەكان، بەڵام ئەو چی لە دەست دێت بۆیان بكات؟ ئەوان پێشوەختە رۆیشتوونە. چڕینی ئاواز و گۆرانی لە بەهەشتی باڵندە. ئەوە هەڵەی ئەو نەبوو. ئەگەر ئەو پارەكە قبوڵ بكات، ئەوا بۆ شتێكی باش بەكاریدەهێنێت. هیچی بۆ خۆی نابێت، تەنها بۆ ئەوانی تر دەبێت- بۆ كچەكەی و ژنەكەی. لەوانەیە ئەو بەمە بتوانێت یارمەتی هەندێ لە هاوڕێ كۆنەكانیشی بدات. 

هەرچەندە ئەو ساڵانێك بوو وازی لە جغارەكێشان هێنابوو كەچی پەشیمان بووەوە لە رەتكردنەوەی ئەو جگەرەیەی ئێستا. هاوكات شوفێرەكە تەماشای هەر جوڵەیەكی ئەوی دەكرد، هەوڵیدەدا گوازشتكردنەكەی بخوێنێتەوە.

ماركۆ قۆڵەكانی بەناویەكدا لەسەر سینگی تێپەڕكرد، زەرفەكە لە پشت دەستی چەپەی بزر بوو. تەقریبەن دەستبەجێ زەردەخەنەیەكی هیچ و پوچ، لەخۆڕازیبوونانە لەسەر روخساری شوفێرەكە دەركەوت، زەردەخەنەیەك كە وتی هیچ كەسێك نییە لەم جیهانەدا نەدەتوانرێ بە بڕە پارەیەك نەكڕدرێت. ماركۆ لە جێی خۆی رەقبووەوە. لەناوەوەی خۆیدا تەواو هەوڵیدا دانبەخۆیدا بگرێت بۆئەوەی شەقازللەیەك لە پیاوەكە نەدات. لەجیاتی ئەوە ئەو بەهێواشی قۆڵەكانی لەناو یەكتری هێنایە دەرەوە و زەرفەكەی بۆ گەڕاندەوە.

“ئەوەت بەردایەوە” ماركۆ وای وت.

دەموچاوی شوفێرەكە نزیكبووەوە. برۆیەكانی هاتنەوە كن یەكتری و نێوچەوانی گرژ بوو. “تۆ زیاترت دەوێت؟” 

“من پێتدەڵێم كە ئێمە چی دەكەین” ماركۆ وای وت، خۆی وا پیشاندا كە گوێی لە قسەكەی دوایی شوفێرەكە نەبوو. “ئێمە راپۆرتێك دەنووسین. ئەمە نابێت بەبێ راگەیاندن و بڵاوكردنەوە تێبپەڕێت. ئەوەش مانای ئەوەیە من تۆ لێرە بۆ ماوەیەك دەهێڵمەوە. ئێمە پێویستمان بە لێپێچینەوە لە تۆ دەبێت- هەروەها پرسیاركردن و لێپێچینەوە لە موسافیرەكانیش.”

بەڕەقی و توندی، شوفێرەكە لە شوێنی خۆی رەق راوەستا، ئاگری لە چاوەكانی دەباری. پاشان رووی خۆی وەرگێڕا و تفێکی کردە سەر زەوی، هیچ قسەیەکی نەکرد.

مارکۆ گوێی پێنەدا. ئەو هەستی بەراتەکانێکی نێو دڵی کرد کە شەوەزەنگێکی رێک وەک ئەم شەوەی بەبیرهێنایەوە، کاتێک ئەو کەل و پەلی قاچاغی دۆزیبووەوە کە هی خێزانی فەرمانڕەوایەکی ئاسیای ناوەڕاست بوون. بۆ یەکەمینجار دوای ساڵانێکی زۆر، ئەو هەستی بە هاسۆزی بۆ خودە گەنجەكەی خۆی كرد.

ئەو بەئاماژە بانگی هاوپیشەکانی کرد. لەو کاتەی ئەوان بەپێ رووەو پاسەکە هەنگاوی گەورەیان دەنا، مارکۆ لەسەر شۆستەکە دانیشت. رەنگە بڕیارگەلێکی گەورە، تیۆرییگەلێکی مەزن لە ژیاندا نەبن. بێگومان نا. لە ژیان تەنها ساتەوەختگەلێکی راگوزەر هەیە کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت بەئاسانی ئەم رێگەیە یان ئەو رێگەیە بگرێتەبەر، لای چەپی رێگاکە بگرێتەبەر یان لای راستی یانیش ناوەڕاستی. لەو ساتەوەختە کورتخایەنانەدا کەسایەتیمان و چارەنووسمان بەدەردەکەون. ئەوەش تەواوی ئەو شتەیە کە لە دواجاردا گرنگە و بەهەندوەردەگیردرێت. بڕیارگەلێک کە بەقەد باڵندە دەنگخۆشەکان بچوک و سادە و خاکیین، بەڵام دواجار بەقەد ئەوانیش بەهێز و کاریگەرن.

تێبینی: ناونیشانی چیرۆكەكە، لە ئاوكردن، لێرە بەمانای هەرزانفرۆشكردنی شتێك دێت.

سەرچاوە: https://spectatorworld.com/book-and-art/gone-song-short-story-elif-shafak/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also

ئێڤەلاین… جەیمس جۆیس

لەسەر پەنجەرەکە دانیشتبوو لە ئێوارەکەی دەڕوانی کە شەقامەکەی داگیر دەکرد. سەری بە پێچەوانەی…