لە بانیۆدا.. ئێمی هیمپێڵ

دڵم- وامزانی وەستا. لەناو ئوتومبێلەکەدا دانیشتم و بە ئاراستەی خودا ڕۆیشتم. بە بەردەم دوو کلێسادا تێپەڕیم، کە لە پێشیاندا چەند ئوتومبێلێک پارک کرابوون. لە بەردەم سێیەمیادا وەستام، چونکە کەس لەوێدا ئوتومبێلی ڕانەگرتبوو.

پێش نیوەڕۆی ناوەڕاستی حەفتەیەک. لە ناوەندی ڕیزێکی درێژدا کورسییەکم دەستنیشان کرد. کەشیش و ڕاهیب جیاوازیان نەبوو. هەروەک کلێساکانی تر بێدەنگ بوو.

بیرم لە زەنگە لێدرراوەکان و لێدانەکانی دواتریشی دەکردەوە، کە پڕیان دەرکردم لە دڵەڕاوکێ. لەوێ، لەو کەشە ڕۆحانی و بێدەنگ نوورانییەدا، دانیشتم و گوێم گرت.

لە پشتی خانووەکەمدا، لەو ڕووناکییەی کە لە شووشەی جامخانەی بەرهەیوانەوە دەهات، دەوەستم و تەماشای دەرەوە دەکەم. لەبەر هەیوانەکەدا گوڵدانی گڵینی سوور هەیە، گوڵی میانا و کاکتۆسی میناتۆری تێدان. گوڵدانێکیان بەتاڵە. پان و تەختە، وەک تەشی ئاوی بەردەم باڵندەکان.

پشیلەکەم لای گوڵدانی پشت پەنجەرەکەوە وەنەوەز دەدات. قەپۆزە خۆڵەمێشییەکەی وەک باڵی پەپوولە نوکتەنوکتە و ڕەنگاوڕەنگە. ئەگەر پڵتۆک لە شووشەکە بدەم سەری بەرز ناکاتەوە. ئەم دەنگە، دەنگی خواردن نییە.

کە کچۆڵە بووم شەوان بە ئەسپایی لە ماڵ دەچوومە دەرەوە. لە پاڵ پەرژین و سێبەری درەختەکاندا خۆم حەشار دەدا بۆ ئەوەی نەبینرێم. دەڕۆیشتمە لای زەریاچەکە بۆ لای باڵەخانە تەواونەکراوەکان. یەکێک لە تاسەی جەبلەکانم دەبرد. تا کەنار ڕامدەکێشا. وەک ژێرپیاڵە تێیدا دادەنیشم. بەسەر لمی کەنارەکەدا تاسەکەم پاڵ دەنا بۆ ناو ئاوەکە و سەر ئاو دەکەوتین. بە ڕاکشانەوە سەوڵم لێ دەدا. تا چەند سەعاتێک هیچم نەدەبیست.

تەشی ئاوی بەردەم باڵندەکان بە هەمان شێوەی تاسەی جەبلەگرتنەوەیە.

لە بەردەم ڕووناکیی گڵۆپی حەمامەکەدا تەماشای نینۆکەکانم دەکەم. ترس وەک شەپۆلێک لە قووڵایییەوە بەرەو سەرەوە دێت. چەند حەفتە درێژە دەکێشێت تا بەرچاو دەکەوێت.

دەرگا دادەخەم و شێروانییەکە دەکەمەوە.

ڕاستییەکەی زۆرکات دەنگی نابیستی. ترپە شتێکە هەستی پێ دەکەی، تەنانەت ئەگەرچی بێدەنگیش بیت. هەندێک کات، شەوان دەنگی لەنێو جێدا دەبیستی. بەڵام دەزانم جێیەک هەیە دەتوانی باشتر لەمە دەنگی ببیستی.

ئەمە کارێکە دەبێت بیکەی. خۆت لەنێو بانیۆکەدا وێڵ بکەیت. خۆت بەرەو خوارەوە وێڵ بکەیت. لەسەر پشت ڕادەکشێیت و چاوەڕوانیت شەپۆلی ئاوەکە نەمێنێت. دوایە هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژیت و سەر دەبەیتە ژێر ئاوەکەوە و چاوەڕوانی گوێبیستی ترپەی دڵت دەبیت.

سەرچاوە:

صدای سوم، نوسیندگان نسل سوم امریکا _ احمد اخوت _  چاپ دوم _ نشر ماهی ١٣٩١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *