بۆ فارسی: کەیوان غەفاری و سینا عومران
بۆ کوردی: تێکۆشەر خالید
هەژار بووم و ناچار بە واگۆنی پلە سێ گەشتم دەکرد، بەڵام سواری واگۆنی پلە دوو بووم. یەکەمین جار بوو کە گەشتەکەم بە نزیکەیی دوورودرێژ بوو، ئەو سەرنجەم هەبوو کە هیچ کاتێک بە واگۆنی پلە سێ یان پلە چوار گەشت نەکەم. لە تەنگیی واگۆنە پلە سێیەکان، کورسییە ساف و ڕزیوەکان، ڕێڕەوی باریکی نێوان واگۆنەکان، ئەو گەشتیارانەی هیچ کاتێک ڕووخۆش نەبوون، کە بە ناچاری گەشتیان دەکرد و خواردنەکانیان لە جانتاکانیان دەهێنایە دەرەوە، بێزارم. لە تابلۆ کۆن و پیس و هەڵواسراوەکانی سەر پەنجەرەکان، گڵۆپی کەمتینی هەڵواسراو بە سەقفە نزمەکانەوە، تەشتە گەورەکان، زەمیلە حەسیرییە ڕەنگزەردەکانی کچە خزمەتکارەکان، بلیتە کارتۆنییە قاوەیییەکان کە منیان دەخستەوە بیری کورسییە دارینەکان و دووکەڵی پایپی پیاوەکان بێزارم.
خراپترین شت گۆرەوییەکانی گەشتیارانە کە پووتەکانیان دادەنێن و نەعلی گەورە و ڕەنگاوڕەنگ لە پێ دەکەن. گۆرەویی کون-تێ-بوو و بۆگەن لە پێی کورتی بێزراویاندا، ناقۆڵا و نەتاشراو دەبینرێن. جاری وایە جلەکانی ژێرەوەشیان ئاشکرا دەبێت، کاتێک جانتاکانیان دەکەنەوە، ناتوانم نیگام لەوانە دوور بخەمەوە، لەبەر ئەوەی کە ئارەزووی سەیرکردنم نییە. بەڵام ئەوانە سادەترینیان کە لە ماڵەکەیاندا هەیانە، بە من هەڵدەگرن. کلێنکسی گیرفان، کیسە ئاوی گەرم، سێو و لالەنگییەکان کە لەو ناوە دەدرەوشێنەوە و دەستەیەک کەوچک و چنگاڵی نانخواردنی سەرنجڕاکێشی ڕووپۆش بە زیو دەبینم کە لەگەڵ ئەوەی بۆنی کاغەزی سمارتە دەدەن، دەنگ دەر دەکەن. لە هەموو ئەو شتانەی کە بەکاربەرەکان بە کاری دەهێنن بێزارم؛ سەرینی پڕ لە هەوای چەرم، میسواکی ناو پەرداخی شووشە، کە هاوشێوەی قاچی وشکەڵاتووە بە مووی زبرەوە. سابوونی ناو سندووقی زۆر گەورە کە ناوی کۆمپانیاکەی لەسەر هەڵکۆڵراوە و بە ئاگاداریینامەکەیەوە. تیانووسی ژمێریاری بە خشتەی سوور و شین کە دەڵێی بەستوویەتی، بوتڵگەلی بچووکی کۆنیاک کە بە باشی بە سەرەتەختە سەریان نراوەتەوە. گۆشەی زۆر بچووکی یادگاریی شیرەخۆرەکانیانن کە گەشتیار لە ماڵەوە هێناویەتی و هاتووە.
بە پێچەوانەوە عاشقی چەرمی وشک و قەیفەی گەرمی واگۆنەکانی پلە یەک، پۆستکاردی ڕەنگسەوز کە هەروەکو ئەوەی وڵاتانی دەرەوە لە هاوین و پشوووەکاندا، لوول، خانمانی زۆر تایبەت، کە سرووشتیان ئەوەیە؛ هەم ئەیانەوێت دڵبەر بن و هەم ڕێ بە کەس نادەن. بیرەوەرییەکانیان لەژێر تۆزی ئارایشتەکانیان شاراوەتەوە، بە چێژەوە تامی سوراوی لێوەکانیان دەکەن، کەرەستەی ئارایشتەکانیان لە چەرم و شووشە و پۆڵایە، سەرشانەکانیان کە بۆنی قژەکانیان دەدەن و کلێنکسی بچکۆلەی گیرفان کە هەر وەکو ئاڵا سپییەکانی ئاشتین. گەشتیارانی ڕەسەن هەموو شتێکیان دەشارنەوە، بەڵام گەشتیارە سادەکان هەموو شتێکیان ئاشکرایە. خانمی دەستخەڕۆکەر دەتوانێت من خۆشحاڵ بکات. ئێمە لەم ژوورەدا هاوبەشیی زۆرمان هەیە؛ مەبەست لە هاوبەشی، بۆچوونی یەکسان، هەر وەکو بێگانەکان بێدەنگ دەبین، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە بەرامبەر بێزارکەر، بێڕەوشت و تووڕەوتۆسنەکان ڕووبەڕووین.
هیچ کەسێک منی بە ڕێ نەکرد، ناچار نەبووم ماڵئاوایی لە کەس بکەم، یان بۆ کەسێک دەست ڕاوەشێنم و پێی بڵێم؛ خواحافیز. خاکم بە جێ هێشت، سەیرێکی گاڵتەجاڕانەی بوورجەکانم کرد. وێنەی گشتیی ئەوە، وەکو پۆستکارتێکی بێنرخ دەهاتە بەر چاوم. ئەو خانمەی کە هاوگەشتم بوو، سەیری دەکردم. ئەگەرچی بە ڕووخساری نەتدەتوانی تەمەنی دەستنیشان بکەیت، بەڵام دەیتوانی شتگەلی زۆر گرنگتری لێ تێ بگەیت: هەموو ڕۆژێک خۆی دەشوات، کرێم لە پێستی دەدات و ئارایشت دەکات. ئەو بە پارەیەک کە نە بە کارکردن و تەنانەت نە لە بێگانەکان بە دەستی هێناوە، دەژیا، بەرگدروویەکی باشیشە. سی، سیوپێنج یان چل ساڵەیە. وام بیر کردەوە کە لە چینێکی زۆر خانەدانی پایتەختە، هەر لێرە کە بەرەوڕووی دەڕۆم. گاڵتەکردن لەگەڵ ئەو دەتوانێت دڵخۆشکەر بێت. ئەو سەرقاڵی خوێندنەوەی گۆڤار بوو، باوێشکێکی دا و دەستی خستە سەر دەمی و سەری زمانی دوو جار لە لێوەکانی خشاند.
پاشان چووە دەرەوە. پارچەیەک لە کارتۆنی پاکەتی جگەرەم بە ژێر دەرکەکەدا هێنا و چاوەڕێ مامەوە تا بکرێتەوە. نەیتوانی دەرکەکە بکاتەوە. هەستام و دەرکەکەم کردەوە. ئەو خانمە کە بینی من چەندە کەوتوومەتە زەحمەتەوە. سەری هێنایە پێشەوە و وتی: «سووپاسی تۆ دەکەم»
من کە چاوەڕێی شتێکی لەم شێوەیە بووم، وتم: من سووپاسی تۆ دەکەم، دەترسام کە لەبەر ئەم دەرکە نەعلەتییە بڕیار بدەیت ژوورێکی دیکە هەڵبژێریت. خۆشحاڵم کە لێرە دانیشتوویت.
تۆنی دەنگم بە تەواوی جددی دەبیسترا و تێگەیشتم کە خانم سەبارەت بە وەڵامەکەی من سەری سووڕماوە و سەیرم دەکات تا تەمەنم دەستنیشان بکات. وتی: «تۆ هێشتا زۆر گەنجیت!»
وەڵامم دایەوە: «گەنجتر لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە» ئەگەر چی بە هیچ جۆرێک پیرتر نەهاتوومەتە بەرچاو، بە تەواوی لەبەر ئەوە، ئەمەم وت تا وەڵامێکی جیاواز لە تەمەن و ساڵم بدەمەوە.
خانم وتی: «تۆ چەند شانازی بە گەنجیی خۆتەوە دەکەیت!»
لە وەڵامدا وتم: «وەکو خانمێک» و بە جۆرێک سەیریم کرد کە ئەو بە گەنج و لەخۆبایی بناسێنم.
دواتر بۆم ڕوونکردنەوە کە بۆ پایتەخت دەڕۆم تا وانە بخوێنم، ئەوەی کە هەژارم، بەڵام لە واگۆنی پلە دوو دانیشتووم، چونکە بڕستی واگۆنی پلە سێم نییە.
ئەو وتی: «لەگەڵ ئەوەی کە من بە گەنج پەسن دەکەیت، بەڵام من کوڕێکی بە نزیکەیی پێگەیشتووم هەیە» کەمێک ترس کەوتە چاوەکانمەوە و سەیرم کرد، بەردەوام بوو: «سیانزە ساڵەیە و هیچ مامۆستایەکی نییە. ڕەنگە بتوانیت وانەی پێ بڵێیتەوە. لاموایە بێ ئەمسەر و ئەوسەر مامۆستایەکی باشی ئەدەبیاتیت»
بۆ ئەوەی کە سادە دەرنەکەوم وتم: «مامۆستای ئەدەبیات، زۆر باشە!»
– تۆ لەخۆباییت!
– بە دڵنیاییەوە نا!
– حەز دەکەیت وانە بە کوڕەکەم بڵێیتەوە؟
– «بە تەواوی ئارەزوومەوە» ساتێک بێدەنگی درووست بوو و پاشان زۆر لەسەرخۆ وتم: «تەنیا لەبەر تۆ»
خۆشبەختانە کاتێک کە بە ئارامیی ئەم ڕستەیەم وت. خۆر دەستی کردبوو بە ئاوابوون. تاریکیی سەرلەئێوارە مۆڵەتی دا کە لە خانمەکە نزیکتر ببمەوە، چونکە لە تاریکیدا پێویستت بە هیچ بیانوو و بەهانەیەک نییە، هەر وەک تەنانەت ڕووتبوونەوە تیایدا – و بەم شێوەیە بووم بە مامۆستای تایبەتیی.